Ashti-Hawrami

شێرزاد شێخانی : خەیار فروشتنەکەی ئاشتى هەورامی بیست ملیاری پێژماردین .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دکتۆری پایەبەرزو شکۆدار جەنابی کاک ئاشتی هەورامی لەدانیشتنێکدا لەبەغدا پێی وترا ، کەوا دەرکردنی نەوت و بەبازارکردنی کارێکی ئاسان نیە ، ئەوبش لەوەڵامدا فەرموبوی ” لای ئێمە لەخەیارو تەماتە فرۆشتن ئاسانترە “. چەند جارێکیش بۆ سەلماندنی توانای کاسبیکردنی بەنەوتی هەرێمەوە شەکرێکی شیرینتری شکاند کاتێک لەکۆبونەوەیەکدا خۆی گییڤکردەوەو فەرموی : کەسێک لەو پسپۆرترو شارەزاتر و بلییمەت تر نەک لەکوردستان و جیهانیشدا نیە ، بەڵکو لەسەر مەریخیش بونی نیە . لێزانی ئەو برادەرەو شارەزایی لەکاسبیەکەی ئێمەی هێنایە سەر ساجی عەلی .
لەزمانی تورکمانیدا بەئاگر ئەڵێن : ئاتەش ، ئەم ئاشتیەی کە بەتەما بوو دونیامان بۆ بکاتە شامی شەریف و ئاشتی و سەقامگییری ئابوری لەکوردستانا بەرقەرار بکات ، لێمان بو بەئاتەش و خەریکە هەمو کوردستان ئەسوتێنێ بە حیزبی پارتیشەوە .. شوکر بۆ خوا سەرۆکی هەرێمو سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان و وەزیری پلاندانایش هەر لەپارتییە ، کەواتە دەسەڵاتی فیعلی بواری نەوت و بەرێوەبردنی هەرێم و پلاندانانیش لەم هەرێمە بەدەست پارتیەوەیە .. کەس باسی شەریک و جێگرانی ئەم دەسەڵاتدارانەم بۆ نەکەن ، چونکە بەگشتی لەوڵاتانی شەرقیدا ئەمانە دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نیە ئەگینا ئەوانیش بەو ئاگرەوە ئەسوتان .
کاک ئاشتی خەیارفرۆش کە پێنج ساڵ پێش ئێستا سوێندی خواردبو لەساڵی 2015 دا ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیل و بەشی مانگانەش لەداهاتەکەی لەناو زەرفێکا بنێرتە ماڵی هاوڵاتیانەوە ، ئێستا کەوا لەکۆتایی 2015 دا نزیک دەبینەوە هەرێمی کوردستانی بە 20 ملیار دۆلار قەرزار کرد ، بەمەش ئەبێ هاوڵاتیان هەم لەبەشە نەوتەکەی خۆیان خۆشبن ، هەم ئەگەر بەزەحمەتیشی نەزانن هاوکارییەکی کاک ئاشتیش بکەن بۆ ئەوەی ئەم قەرزوقۆڵە بداتەوە .
کارەساتەکە لەوەدا نیە ئەم قەرزە چون چۆنی ئەدرێتەوە لەکاتێکدا فەرمانبەرانیش چوار مانگ جارێک موچە وەرئەگرن کەبژیۆوی ماڵ و منداڵیانە . بەڵکو کارەساتەکە لەوەی داهاتویە ، چۆن چۆنی ئەم قەرزو قۆڵانە ئەدرێنەوە .
هەڵبەت هەمومان ئەزانین هیچکام لەبەرپرسانی پارتی کە ئەوە حەوت ساڵ زیاترە پارەی نەوت ئەدزن و سامانی میللەت ئەخەنە سەر حیسابەکانیانەوە لەدەرەوەی وڵات هیچکات ئامادە نین لەپارەی خۆیان بەشێکی بچوکی ئەم قەرزەش بدەنەوە ، هەرچەندە من پێموایە ئەگەر ئەوان عاقڵ بن و نەهێلن ئاشتی هەورامی سەری ئەوان بخوات ،، باشتروایە بەشێک لەو پارانەیان بهێننەوەو قەرزەکەی پێ سوک بکەن ، چونکە نە میللەت بەرگەی باجی زیاتر لەوەی ئیستا ئەگرێ ، نە بەغداش پارەمان بۆ ئەنێرێ ، یا خۆی ئەکات بەخاوەن ، نە وڵاتانی دونیاش ئامادەن لەبەرامبەر ئابورییەکی داتەپیوی وەکو ئەوەی کوردستان قەرزی نێودەولەتی بدەنە هەرێم ..
ولیزالیک ئەینەل مەفەر ؟
پێشبینی ئەکەم حکومەتە ناسک و نازدار و تازە پێگەیشتوەکەمان چەندین ئیجرائاتی قورستر بخاتە سەرشانی میللەت بە :
– زیادکردنی نرخی بەنزین جارێکی تر .
– زیادکردنی نرخی کارەباو کەمکردنەوەی ماوەی پێدانی بەماڵانەوە ، هەڵبەت بەئیستیسنای ماڵی مەسئولەکان ؟
– زیادکردنی رسوماتی فەرمانگە حکومیەکان بەکەرتی تەندروستیشەوە .
– راگرتنی سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.
– کەمکردنەوەی موچەخۆران بەدەرکردنی ژمارەیەکی زۆریان ، هەڵبەت بە ئیستیسنای کادیرانی حزبەکانیان .
– فرۆشتنی موڵکی حکومەت و هەراجکردنیان وەک ( زەوی و عەقارتی حکومەت ).
– زیادکردنی باجی سەر هاوردەکان بە شێوەیەک ئاگر بخاتە ناو بازارەوە .
– دانانی باجی گەورەتر لەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن ، بەمەش کارتی موبایل گرانتر ئەبێت لەوەی هەیە .
– هەوڵدان بۆ راکێشانی قەرزی نێودەوڵەتی بەشیوەیەک هەرێم بخاتە ژێربارێکی زۆر قورسەوە و ئاییندەی بخاتە مەترسییەوە.
ئەمانە مشتێکن لەخەرواری ناو هەگبەی حکومەتە نازدارەکەی هەرێم کە بەتەمابوو کوردستانمان بکاتە دوبەی ، بەڵام دەرکەوت ئەو دوبەیەی ئەوان باسیان ئەکرد ، گەڕەکی هیندی و پاکستانیەکانی ئەوێ بێت ؟
خوا مەحفوزمانکات رۆژانێکی گەڵێ رەشمان لەپێشە .. باقی وەلسەلام .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت