نەوزادی موهەندیس : داعش … زیانبەخشێكی بە سوود .

ئەوەی ئاشكرایە كە هەموو كارێك یان ڕووداوێك دوولایەنەی باش و خراپی هەیە و هەمیشە دەكرێت لە دوو ڕوەوە یان زیاتر تێڕوانین و تێگەیشتن بۆ ڕووداو و دیاردەكان یان كار و كردەوەكان بكرێت بەباش یان خراپ .
داعش وەك ڕێكخراوێكی توندڕەوی سەلەفی سونەی ئیسلامی ، كە دروستكراو و دەستكردی گەلێك دەزگای ئەمنی و جاسوسی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و هەریەكەیان بۆ مەرامێكی تایبەتی بەشێواز و میكانیزمی جیاواز پشتیوان و هاوكاری دەكەن، بەشێوەیەك كە لە ئێستادا بۆتە مارەكەی شێخ هۆمەر و خەریكە بەگەردنی خۆیانەوە دەدات .
داعش بەشێوەیەكی گشتی بۆتە مایەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی و هەموو دونیاش بەگشتی و هەموان بە دێوەزمە و دڕندە و تۆقێنەر لێی دەڕوانن بەدروشم و بە ئاشكرا و لەمیدیاكانەوە دوژمنایەتی خۆیانی بۆ دووپاتدەكەنەوە و بەڵێنی لەناوبردن و بچوككردنەوە و پوكانەوەی دەدەن ، بەڵام بەنهێنیش و لەڕێگای دەزگا جاسوسیەكانیانەوە هاوكاری و پشتیوانی مادی و مەعنەوی دەكەن .
بەڵام لەهەمان كاتیشدا داعش بۆتە هۆكاری قازانج و سوودگەیاندن بە حكومەتەكان و حیزب و سەركردەكان لە عێراق و كوردستان و ناوچەكە و دونیاشدا . بەشێوەیەك كە هەریەكەیان لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە سوودیان لە جەنگی دژی داعش بینیوە و مانەوەی داعشیش و سەرهەڵدانی بونەتە مایەی سوود و قازانج بۆیان ، هەربۆیەشە كە ڕێكخراوێكی توندڕەوی مەزهەبی و ئاینی لەناوجەرگەی دونیادا كە دەوڵەمەندە بەسەرچاوەكانی وزە لە نەوت و غازی سروشتی ساڵ بەساڵ بەهێزتر و ناوچەی دەسەڵات و قەڵەم ڕەویشی فراوانتر دەبێت و هەڕەشەش لە زلهێزەكان دەكات و بەكردارەكیش كاری تیرۆریستی خۆی گەیاندۆتە ناودڵی ئەوروپا لە فەڕەنسا و بەلچیكا و ئەڵمانیا و دەستی تیرۆریشی گەیاندۆتە ئەمریكا و هەڕەشە لە ڕوسیا و وڵاتانی تری ئیسلامیش دەكات لە پێشیشیانەوە شانشینی سعودیە .
گەر لە كوردستانەوە بڕوانینە سوودی هەڕەشەكانی داعش دەبینین كە :
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك حیزبێكی سیاسی گەورە و كاریگەری كوردستان و عێراق ، سەرەتا گەلێك سوودی وەرگرت لە سەرهەڵدانی داعش و ڕووبەڕووبونەوەكانی لەگەڵیدا ، چونكە داعش بوە هۆی كپبونەوە و خاوبونەوەی ململانێ‌ و ناكۆكیە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەموان لە سەركردایەتی و ئاڕاستە جیاوازەكان پێكەوە بە ژیری و دووربینی و حەكیمانە سەرجەم ناكۆكیەكانیان وەلاناو خۆیان تەرخان كرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش و دوورخستنەوەی مەترسی و هەڕەشەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان هەر لە خانەقینەوە تا جەلەولاو خورماتوو كەركوك و دبس و مەخمور و هەلێر و گوێر وخازەر و شەنگال . و بەمەش یەكێتی نیشتیمانی مەترسی دووكەرت بون و لێكجیابونەوەیەكی تری لێدووركەوتەوە و بەمەش داعش بوە ڕزگاركەری یەك و یەكگرتوویی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان .
پارتی دیموكراتی كوردستان ، هەرلەسەرەتاوە بە هۆی هەمئاهەنگی و هاوكاری و بونی پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بزوتنەوە و ڕەوت و كۆمەڵە سونە مەزهەبە عەرەبەكانی عێراق و هاوپەیمانی توركیا و لەڕێگەشیەوە سعودیە و قەتەر و ئیمارات و … هتد . چوە بەرەی داعش و سوودی لە داگیركردنی موصڵ و ئەو ناوچانە وەرگرت كە وەك ئاشكرا بوە داعش نەوتی ئەو ناوچانەی لەڕێگەی هاوكاری بازرگانانی ناوچەكەوە كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوە وەرگرتوە و نەوت بۆتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی داعش و درێژەدان بە دەسەڵات و هێز و مانەوەی . پارتیش هەم سوودو قازانجێكی زۆری كردوە لەو مامەڵەیەدا و هەروەهاش بەوەرگرتنی هاوكاری و یارمەتی مادی و مەعنەوی لە توركیا و سعودیە و قەتەر سوودمەند بوە و بۆتە هۆكاری زیاتر چەسپاندن و بەهێزبونی پارتیش لە سەر ئاستی حكومەتی هەرێم لەناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشداو پارتی خۆی كردە تاكە دەمڕاستی هەموو میلەتی كورد .
گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی ، قازانجی لە بوونی داعش بەوە كردوە كە دەسەڵاتی هەرێمی خستۆتە بەر مەترسیەوە و هەر ئەو هەڕەشەیەش بوو كە پارتی حكومەتێكی بنكە فراوانی پێكەوە ناو گۆڕان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جارانی بەشدار پێكرد و كردینیە شەریكێكی ڕەزا قورس و تەنها جێگر لە حكومەتەكەیداو ئەمانیش لەبەرامبەردا بەشداربوون لە تامكردن و چێژ وەرگرتن لە كێك و شیرینی دەسەڵاتدا .
هەرسێ‌ حیزبە ئیسلامیەكانیش سوودیان لە بون و سەرهەڵدانی داعش وەرگرت ، بەوەی كە داعش ڕووی ڕەش و توندوتیژی ئیسلامی پیشان هەمواندا و هەموانی گەیاندە ئەو باوەڕەی كە ئەم حیزبە ئیسلامیانە لە داعش باشترن و ڕای گشتی بەرەو لای ئەوان وەرگەڕاندەوە و تەنهاژمارەیەكی توندڕەوی ناو ڕێزەكانیانی ئاشكراكردو چوونە ناو داعشەوە ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەرسێ‌ حیزبەكە بەشێوەیەك لە شێوەكان خۆشحاڵبوون بەسەركەوتنەكانی داعش وەك بنەماو باوەڕێكی ئاینی .
بازرگانانی شەڕ لەكوردستاندا بەهەمان شێوە سوودوقازانجیان لە بون و بەردەوامی داعش وەرگرتوە و كەوتونەتە مامەڵە و بازرگانی نەوت و ئۆتۆمبێل و … هتد . و بەوهۆیەوە بە ملیۆنان دۆلاریان قازانج كردوە و پێشیان خۆشە ئەم دۆخە هەر بەردەوام بێت .
دەسەڵاتدارانی عێراقیش ، بەهۆی شەڕی داعشەوە هێندەی تر گەندەڵی و دزی و ڕاوڕووتەكانیان شاراوە بووە ، و بونە دەوڵەمەند و خاوەن سەروەت و سامانی زۆر، بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەكانیان چونكە شەڕەكان لەناوچە سونیەكاندایە و ماڵوێرانی و كاولكاریەكان تەنها بۆ سونەكانە و بەوهۆیەشەوە شیعەكان تونیوانە بچنە ناوچە سونەكانەوە و سونەی عەرەب لێكهەڵبوەشێنن و هێز و توانیان نەهێڵن .
حكومەتی توركیا ، سوودمەندی پلە یەكە لەناوچەكەدا لەبوونی داعش و بەردەوامبونی ، چونكە لەلایەك شەڕی كوردی ڕۆژئاوا و باشووری پێدەكات و لەلایەكی تریشەوە دەوڵەتی عێراقی شیعە مەزهەبی پێلاواز كردوە و لەولاشەوە دەوڵەتی بەعسی سوریاشی خستۆتە بەر مەترسی هەڵوەشان و ڕووخاندنەوە و مەترسیەكی داهاتوشە بۆ سەر ئێران و میسر ، كە هەموو ئەم كارانە و پشتیوانیەی بۆ داعش بە هاوكاری مادی سعودیە و قەتەریەكانن كە دوژمنی سەرسەختی مەزهەبی شیعەن لە سوریا و عێراق و ئێران .
زلهێزەكانی دونیاش بەتایبەتیش ڕۆژئاواییەكان و ئەمریكا ، قازانجێكی باشیان لەبونی داعش كردوە ، بەوەی داعش بۆتە هۆكای لێكهەڵوەشانی یەكڕیزی عەرەبەكان و دوورخستنەوەی شەڕ دژی ئیسڕائیل و كپكردنەوەی مەسەلەی فەلەستینیەكان و ڕێگە خۆشكردن بۆ هێنانی هێزی سەربازی و مانەوەیان لەناوچەكەدا و دەستگرتن بەسەر سەرچاوەكانی وزە لەنەوت و غازی سروشتی زۆر و زەوەندی ناوچەكەدا و دابەزینی نرخەكانیان لە بازاڕەكانی دونیادا و كارئاسانیكردنیش بۆ سەرخستنی پلانی دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ‌ بەهەڵوەشاندنەوەی وڵاتە گەورەكانی ناوچەكە و دابەشبونیان بۆ وڵاتانی بچوكی بێهێز و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان بۆ دەیان ساڵی تر .
بەم شێوەیە بون و درێژەدان بەمانەوەی داعش هەر هەڕەشە و مەترسی نەبوە بەڵكو لەیەك كاتدا هەموان هەریەكە بەپێی بەرژەوەندی خۆی قازانجی لە بون و سەرهەڵدان و شەڕی دژی داعش وەرگرتوە ، تەنها ئەوەی زیانی گەورەی پێگەیشتوە لە كوردستان و عێراق و سوریادا بەتایبەتی و بەگشتیش لەناوچەكە و دونیاشدا تەنها هاوڵاتی مەدەنی و بێتاوانە كە هەمیشە بونەتە قوربانی و سووتەمەنی و بەهەزاران ڕۆڵەی كورد و عێراقی و سوری بەهەموو نەتەوە و ڕەگەزەكانەوە شەهید و لەناوچوون و وڵاتیان وێران و كاولبوە و بونەتە كۆچبەر و پەناهەندەی وڵاتان و ڕێگای مەرگیان هەڵبژاردوە و لە ئاشتی و ئارامی بێبەش بونە . بەتایبەتیش كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی زلهێز و ناوچەییەكان و هەموان هەموو هێز و توانا و تەكنەلۆژیا سەربازیەكانیان بەسەر خاك و گەلانی ناوچەكەدا تاقیدەكەنەوە و لەولاشەوە خێر و بێری وڵاتەكانیان بەئاشكرا و بەنهێنی بەتاڵان دەبەن و گەلانی ئەم ناوچەیەش هەمیشە بەدواكەوتویی و هەژاری و نەخۆشی بەجێدێڵن .
لە كۆتاییدا،داعش بۆخۆی ئافەت و نەخۆشی و ماڵوێرانكەرێكی گەورەبوو بۆ هەموان گەر سەركەوتنی بەدەستبهێنایە و بیتوانیایە هێز و بازووی خۆی بسەپێنێتە سەر گەلانی ناوچەكە ئەوا بەدڵنیایی هەموانی دەگێڕایەوە بۆ سەدە تاریكەكانی ناوەڕاست، بەڵام خۆشبەختانە داعش تەنها بەهێز و بوێری و ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلاكانی كورد شكستیان هێنا و سەرەتای شكستیشیان لە كوبانێوە سەریگرت و تا ئێستاش بەردەوامە .
بەم شێوەیە چەندە داعش زیانی گەورەی گەیاندە كوردو كوردستان ، بەڵام لەولاشەوە بوە هۆی زیاتر ناساندنی كورد و مەسەلەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیاش و بووە هۆی دروستبونی پشتیوانی گەورە و بەهێزی دونیا بە چەك و تەقەمەنی و یارمەتی و كۆمەكی مرۆیی و سیاسی و سەربازی بۆ كورد ، كە هیچ كات كورد بەهێندەی ئەم قۆناغەی خەبات دۆست و پشتیوانی نەبوە ، هەروەكو چۆن كارەساتی كیمیاویبارانی هەڵەبجە چەندە بەسوێ‌ و پڕ ئازار بوو بۆ كورد بەڵام ئەنجامەكەی ناساندن و گەیاندنی مەزڵومیەتی كوردیش بوو بەهەموو دونیا و كورد و مەسەلەكەی سوودی گەورەیان لێكرد . كە ئومێدەكانی بە ئایندە و هەنگاونان بەرەو بنیاتنان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بەهێزكردوە و لە ئێستادا دۆست و دوژمنان پێیان وایە كە دەبێت نەتەوەی كوردیش لەم ناوچەیەدا ببێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەی و سەربەخۆی خۆی و ئەو غەدرە مێژوویەی كە پێش 100 ساڵ لەكورد كرا بەداگیر و دابەشكردنی لەسەری هەڵبگیرێت و نەخشەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و سنورەكان گۆڕانكاریان بەسەردا بهێنرێت بەقازانجی كورد .
بۆیە داعش زیابەخشێكی بە سوود بوە و هەموان سوودیان لێبینوە وەك وتراوە (( رُبَّ صارە نافعە)) .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies