ئاراس فەتاح : پارادۆکسەکانی جوانناسیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مرۆڤ دەتوانێت شاعیرێکی دڵناسک بێت ، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە جەلاد .

هه‌مو کولتورێک‌و هه‌مو قۆناغێکی مێژویی پێوەرو بەهای تایبەتی خۆی بۆ جوانیی هه‌یە کە دەشێت بۆ ئەوانی تر جێگای سەرسوڕمان‌و قبوڵنەکردن بێت . لەزۆرینەی کولتورە دێرینەکاندا کەلـلەسەری قۆقزیی جوانترین فۆرمی سەر بو . هه‌ر لەمنداڵییەوە سەر بەشێوەیەک دەپێچرایەوە کە لەپێشەوە چاو دەردەپۆقیی‌و لەپشتەوە فۆرمی قۆقزیی وەردەگرت . لای هه‌ندێک گروپیش لەبری ئەوەی فۆرمی سەر بەرەو دواوە دەرپۆقێت ، بەرەو سەرەوە لولدەکرا . بەپێی لێکۆڵینەوەکان پێدەچێت ئەم کردەیە سیمبۆڵێک بوبێت بۆ خۆجیاکردنەوەی رەگەزەکان لەیەکتر یان پایەی گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵەیەک لەیەکتر . ئەو قۆقزییەی سەر کە ئێمە لەمڕۆدا بەناشرین‌و بەزیانبەخش دەیبینین ، بۆ ئەو سەردەمەی چەندین کولتوری مرۆڤایەتی لەئەفریقاو ئاسیاو ئەمریکای کۆن‌و باشوری ئەوروپا ، ئێستاتیکای جوانیی‌و دەسەڵاتی پێکدەھێنا .
لەئیمپڕاتۆرییەتی قەیسەریی چیندا لەسەدەی حەڤدەهه‌مەوە تاوەکو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ، شکاندنی پاژنەی ژنان‌و بچوکردنەوەی پێیان بۆ١٧سانتیمەتر ، پێوەری کامڵی جوانیی بو و وەکو بەهایەکی جوانناسیی بۆ بەژنی ژنان هه‌ژمار دەکرا . ئەم پێوەرە ئێستاتیکییەی پیاو بۆ جوانیی ژنان ، پابەند بو بەئازارێکی بێپایانی خانمان کە خۆی لەخانەی کردەی ئەشکەنجەداندا دەبینییەوە وەک بەرهه‌مھێنانی جوانیی . پرسی سەرەکییش لەم جوانییەدا ، پرسی دەسەڵاتی پیاوە بەسەر ژندا لەڕێگای بەخشینی فۆرمێک لەجوانیی کە جەستەی دەشێوێنراو نەیدەتوانی بەئاسانی هاتوچۆبکات‌و بەمشێوەیەش لەژێر کۆنترۆڵی پیاودا دەھێڵرایەوە . ئەم شێواندنەی جەستەی ژنان دواپلەی جوانیی سەردەمی خۆی بو ، وەھمی کۆمەڵایەتیی ئەوەی دروستدەکرد کە تۆ کەسێکی ئاسایی نیت‌و لەوانی تر جوانتریت‌و لەگروپەکانی تریش باڵاتریت .
لەسەردەمانێکدا ژنی سمتئەستورو گۆشتن دواپلەی جوانیی بەرجەستەدەکردو پاشان ناوقەدباریکیی‌و بەژن – قەڵەمیی جێگەی گرتەوە . لەدونیای سەرمایەدارییشدا کە گەورەترین بەرهه‌مھێنی پێوەری جوانییە لەناو بازاڕدا ، دەبینین هه‌ڵبژاردنی خانمان بۆ نمایشی جلوبەرگ بەپێی بەژن‌و باڵاو قورسایی جەستەیانەوە دەستنیشاندەکرێن . کچان لەبەر چەند گرامێک کێشی زیاتر ، وەکو نماییشکەری جلوبەرگ وەرناگیرێن . هه‌ر ئەمەشە وادەکات کە خۆلەڕکردن ببێت بەکردەیەکی ھێستریائاسای کۆمەڵایەتیی بۆ گەیشتن بەجوانیی ئیدیاڵ . لەمڕۆشدا نەشتەرگەریی جەستەو دەموچاو بوە بەدیاردەیەکی بەربڵاو بۆ دۆزینەوەی نەمریی جوانیی‌و پیرنەبون .
بچوکترین‌و سادەترین شت لەفەلسەفەی جوانناسیی فێربین ئەوەیە کە جوانیی ڕەهانییە ، بەڵکو پێوەرێکی کۆمەڵایەتی بەرهه‌مھێنراوە کە لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەوی تر لەکەسێکەوە بۆ ئەوی تر گۆڕانی بەسەردا دێت‌و بەهاو پێوەرەکانی دەگۆڕێن . ئەوەی بۆ من جێگای تێڕامانە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئێستاتیکاو دەسەڵاتە. کاتێک گوتارێک لەدایکدەبێت کە خەمی ئەوەیەتی لەدونیای ئێمەدا ته‌نها باس لەناشرینییەکان دەکرێت‌و جوانییەکانمان بیردەچێتەوە ، دەبێت لەخۆمان بپرسین ئەم گوتارە لەکوێی هاوکێشەی ستراتیژی دەسەڵاتێکی پەنهانەوە قسەدەکات . چۆن خۆی دەکات بەدەسەڵاتێکی ئێستاتیکی‌و پێمادەڵێت ئەوەی ئەوانی تر باسی لێوەدەکەن ، ناشرینکردنی جوانییەکان‌و وێرانکردنی عەشقی ژیانە .
ئاشکرایە کە ھونەرو زمان دەتوانن پێوەری جوانییمان هه‌ڵگێڕنەوەو ناشرینییەکان بەجوانییەک داڕێژن کە شایستەی قبوڵکردن بن . لەھونەری وێنەکێشان ، لەموزیک‌و فۆتۆگرافی، لەفیلمدا ئەم دەستکاریکردنە دەبینین . لەتابلۆی رۆژی قیامەتی میشێل ئەنجیلۆوە کە وێنەی شەیتان‌و رۆحە بەدەکان بەجوانترین شێوە نماییشدەکات ، تاوەکو دەگاتە فیلمی خوانە گەورەکەی مارکۆ فێرێری ، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە جوانیی چەندە دەتوانێت ناشرین بێت ، یان بەپێچەوانەوە. تابلۆکانی ڤان کۆخ لەسەردەمی خۆی جێگای مەسخەرە بو ، کەچی پاشان دەبێت بەقوتابخانەیەکی گەورەی ناو ھونەر، دۆخی کاندنسکیش لەڤان کوخ باشتر نەبو. دیارە نمونەکان زۆرن ، بەڵام لەدونیای ئێمەدا جەوهه‌ری پرسیارەکە ئەوە نییە کە ناشیرینییەکانی دونیای سیاسەت وامان لێدەکات جوانییەکان نەبینین ، بەڵکو ترسنۆکیی نەبینینی ناشرینییەکان وامان لێبکات هاوکێشەکە هه‌ڵگێڕینەوەو بڵێین بۆ نایەڵن جوانییەکانی ژیان ببینین، بۆ دەبێت هه‌ر باس لەناشرینییەکانی جیهان بکەین . جوانییش دەتوانێت دەسەڵات بێت ، دەسەڵاتێکی ناشرین‌و نامرۆڤانە دژ بەژن‌و کۆمەڵگا، وەکو لەو نمونانەی سەرەوەدا بینیمان .
سەیرنییە لەکاتی جەنگیشدا باس لەعەشق‌و جوانیی بکەیت ، بەڵام زۆر سەیرە باس لەناشرینییەکان نەکەیت . باسکردنی جوانیی لەناو دەسەڵاتێکی ناشریندا ، ڕزگارکردنی جوانیی نییە لەقەڕەباڵغی ئەوانەی باسی ناشرینیی دەکەن ، بەڵکو بەجێھێشتنی ناشرینییەکان‌و ھێشتنەوەیانە وەکو خۆی ، بەڵام بەفۆرمێکی ئێستێتیکیی .
لەرۆشنبیریی ئێمەدا سەروکارمان لەگەڵ گوتارێکی نوێدا هه‌یە کە بەجوانی دەوێرێت ، بەڵام جورئەتی بینینی ناشرینییەکانی نییە . ئێمە چی لەجوانییەکانی وڵاتێکی نائینسانیی‌و ناشرین بکەین ، کاتێک جوانییبینین تیایدا ئازایەتیی نەوێت . لەھیچ وڵاتێکی ستەمگەردا رێگە لەوە نەگیراوە باس لەجوانی‌و عەشق بکەیت ، بەڵام رێگە لەوە گیراوە باس لەناشرینییەکانی ژیان‌و دەسەڵات بکەیت ، یان باس لەکوشتنی عەشق بۆ ژیان بکەیت . من لەشوێنێکی تردا سەبارەت بە بەعسیزم باسم لەوەکردوە کە تۆتالیتاریزم ناھێڵێت مرۆڤ بەئاسایی‌و سروشتیی بمرێت ، بەڵکو دەیکوژێت . بۆیە کاتێک سیاسەت بەهاکانی مردن بۆ دۆخە سروشتییەکەی خۆی دەگێڕێتەوە ، دەستبەرداری ئەوەدەبێت کە ئینسان بکوژێت . لەدیکتاتۆرییەتدا جوانییبینین لەناو ناشرینییەکانی ژیاندا ئازایەتییەکی گەورەی ناوێت . دیکتاتۆرێک نادۆزینەوە رێگە لەوەبگرێت تۆ شیعرو رۆمان لەسەر جوانی بنوسیت ، گۆرانی بۆ عەشق بڵێیت ، بەڵام رێگەت نادات باس لەکوشتنی عەشقی ژیان‌و جوانکردن‌و باشترکردن‌و بەئینسانییکردنی ژیان بکەیت ، رێگەت نادات سەردەشت عوسمان مافی ئەوەی هه‌بێت تەنانەت خەونیش بەخۆشەویستیی لەگەڵ ئەمیرەیەکی خێزانی سیاسیی وڵاتەکەیدا ببینێت ، باس لەکوشتنی کاوە گەرمیانی بکەیت کە منداڵەکەی بێبەریدەکرێت لەوەی باوکی بۆنی بکات .
قسەکردن لەسەر ناشرینییەکانی دونیای ئێمە کوشتنی جوانییەکان نییە ، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ناشرینییەکانی دەسەڵاتێک کە خۆی بەجوان دەبینێت . مرۆڤ دەتوانێت بەباسکردنی جوانی ناشرینییەکان بشارێتەوە ، بەڵام ناتوانێت بەباسنەکردنی ناشرینییەکان جوانییەکان کە رۆژانە دەپلیشێنرێنەوە ، رزگاربکات .
لەسەردەمی بەعسدا ساڵانێک لەبەرکردنی جلی ڕەش قەدەغەکرابو ، چونکە سیمبۆڵی پرسەگرتن بو بۆ یاخیبوان ، کەچی ئەمڕۆ مۆدێلە . دانانی ریش بەهه‌مان شێوە سیمبۆڵێک بو بۆ شۆڕشگێڕبون دژ بەستەم ، کەچی لەمڕۆدا ریشدانان بوە بەسیمبۆڵێک بۆ سەلەفییەت .
ئەوەی بۆ من لەناو گوتاری رۆشنبیریی ئێمەدا جێگای سەرنجە ، سەرهه‌ڵدانی فۆرمێکە لە ” سەلەفییەتی رۆشنبیریی ” کە لەرێگای دژایەتیکردنی کردەی سیاسەت‌و بەناوی تەقدیسکردنی جوانیی‌و عەشقی ژیانەوە پرسەی تیۆریی بۆ باسکردنی ناشرینییەکانی کۆمەڵگاو سیاسەت داناوە . ئەم سەلەفییەتە رۆشنبیرییە تاکڕەهه‌ندییە بەیەک ستراتیژو بەیەک نەفەسی سەلەفییەتی دینیی کاردەکات‌و قسەدەکات کە گوایە سیاسەت کاری ئێمە نییە ، چونکە سیاسەت جگە لەکوشتنی جوانیی‌و بەها باڵاکان ھیچی تر بەرهه‌مناھێنێت . سەلەفییەتی دینیی پێماندەڵێت کاری ئێمە سیاسەت نییە ، بەڵکو دیندارییە کە لەدوادەرئەنجامدا قبوڵکردن‌و پاراستنی وەلی ئەمرە بەهه‌مو ناشرینییەکانییەوە . سەلەفییەتی رۆشنبیرییش پێمان دەڵێت کاری ئێمە باسی سیاسەت نییە ، بەڵکو جوانی‌و عەشقە بەهه‌مو ناشرینییەکانی دونیای ئێمەوە . هه‌ردوکیان لەرێگایەکدا یەکدەگرنەوە ، ئەویش نەفرەتکردنە لەسیاسەت‌و نەبینینی وەک کردەیەک کە دەتوانێت پۆزەتیڤ بێت ، ژیان بپارێزێت‌و جوانیی‌و عەشقی ژیان دروستبکات . راستە سیاسەت لەدونیای ئێمەدا ناشرینە ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە خودی سیاسەت ناشرینە . ئەم هاوکێشەیە بۆ مۆبایل‌و تەلەفیزیۆن‌و چەرخیش راستە .
کاتێک رۆشنبیرێکی دینیی وابزانێت کە جەهه‌نەم ته‌نها رەهه‌ندێکی ئاسمانیی هه‌یە ، ئەوە ته‌نها ناشرینییەکانی شەیتان دەبینێت ، بەڵام شەیتانەکانی سەر زەوی نابینێت کە جەهه‌نەمیان ھێناوەتە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی‌و کولتوریی‌و سیاسییەکانمان . تۆ دەتوانیت خواداکەی خۆت خۆش بوێت ، چونکە جگە لەشەیتان پەریشی دروستکردوە ، بەڵام دونیا بەته‌نها لەنێوان شەیتان‌و رەحماندا دابەش ناکرێت ، هه‌روەکو چۆن چەمکی ژنبونیش لەباسکردنی جوانییەکانی پاکیزەبون‌و ئیرۆتیکی سۆزانییەکانی ناو ئەدەبدا بەرجەستە نابێت . کۆمەڵگاو مرۆڤ زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە لەنێوان تۆتالیتاریزمی دوفاقەیی رەش‌و سپی‌و باش‌و خراپ‌و سەرمایەداریی‌و سۆسیالیزمدا دابەشبکرێت . کێ دەتوانێت تەفسیری دەقاودەقی ئەوەمان بۆ بکات کە فاشیزم بۆچی لەئەڵمانیای سەرمایەداریی دروستدەبێت‌و لەئینگڵتەرەی سەر بەهه‌مان سیستەمی ئابوری سەرهه‌ڵنادات ، کێ دەتوانێت قوڵایی ئەوەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بۆسنییەک‌و سێربییەک تاوەکو دوێنێ هاوسێی یەکتربون ، ئاوی باخەکانی یەکتریان دەداو یەکتریان خۆشدەویست ، کەچی سبەی دەبنە دوژمنی یەکترو یەکدی دەکوژن . چ بوئسێکی فیکرییە کە تۆ تەماشای یەکێتی‌و گۆڕان‌و پارتی‌و ھێزە ئیسلامییەکان وەک یەک بکەیت ، هه‌مویان بخەیتە ناو چوارچێوەی تیۆرییەکی فاشییانەوەو کێشەی سەرۆک بەلاتەوە بێمانا بێت ؛ پێمان بڵێت کێ حوکمدەکات بابیکات ، چونکە دونیای ئێمە هه‌روابووە ، سەدان ساڵە بونیادێکی تۆتاڵ بەڕێوەی دەبات‌و بائێمەش کاتی خۆمان بەم سەفسەتەیەوە نەکوژین ، عەقڵی سیاسیی خۆمان خانەنشینبکەین ، تاوەکو جوانییەکانی خۆمان نەدۆڕێنین .
گرفتەکە لەوەدایە بەپێشمەرگەیەک بڵێیت بۆچی بۆنی باران ناکەیت‌و بۆ لەمانا ئێستاتیکییەکەی ناگەیت ، ئەم توانایە ته‌نها بۆ جوانناسەکان مۆنۆپۆل بکەیت‌و ئەوە نەزانیت کە باران لەسەنگەردا دەشێت ببێت بەنەعلەتییەک‌و چیدی بۆنی خۆڵی تەڕی دوای باران ئەو جوانییەی نابێت کە تۆ لەکاتی ئاساییدا پڕ بەسییەکانت هه‌ڵیدەمژیت . مرۆڤ دەتوانێت شاعیرێکی دڵناسک بێت ، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە جەلاد ، دەتوانێت وەکو هایدگەر فەیلەسوفێکی بونگەرا بێت ، بەڵام لەڕویی ئایدیۆلۆژییەوە نازی . مرۆڤ دەتوانێت نوسەرێکی گەوەرە بێت‌و باسی عەشق‌و جوانیی ژن بکات ، بەڵام لەگەڵ ژنەکەیدا سێکسیستێکی عەیارە٢٤بێت . مرۆڤ دەتوانێت دیکتاتۆر بێت‌و ماچی منداڵیش بکات . ئەمە چ پارادۆکسێکە لەوە نەگەیت کە جوانیی‌و ناشرینیی چەندە دەتوانن نەفی یەکتر بکەن ، ئەوەندەش دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن‌و لەناو یەکتردا بتوێنەوە .

سەرچاوە – ئاوێنە

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت