یوسف عزەدین رەئوف : نامە یان نیمچە نامەیەک .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆ ……………………… ؟!

بۆ ئەوەى ریتمى دنیاى هێمنانەى ئێوە نەشێوێنم ، ناچارم لە ناخى خۆمەوە ، زۆر بەکپى ، خامۆشانە ، تەنانەت لەدەرەوەى دنیاى دەنگەکان ، بڵێم : ئەم کاتەتان باش ؟!…
دەشزانم گەورەترین گرفتى ئێمە لەوەدایە هیچ کاتێکمان نییە باش بێت ، نەشیاوە باشى لەساتەوەختەکانى ئەم زەمەنەدا ببینینەوە .
دوا نامەتان زۆر کارى تێکردم و ویستم لەڕێى ئەم نامەیەوە بگەینە یەک و پێکەوە رێگەى سەفەرێکى سەیر و سەمەرە بگرینە بەر ، بەڵام سەفەر بۆ کوێ ؟.
با وادانێین لەڕێى خەیاڵ و وێنە زەینییەکانمانەوە سەرەتا دەگەینە لاى ” ئەمیل سیۆران “، ئەو نووسەرە سەیرەى کەدەڵێت : من ماکبێسم .. دیارە لەخۆڕا وا ناڵێت و وەک خۆى دەڵێت : من خۆم بەماکبێس بەراورد دەکەم هەرچەندە کەسم نەکوشتوە ؟ . بەڵام لەناوەوە هەڵگرى هەمان ئەو چەشنە ژیانەم کە ئەو تێیدا ژیاوەو ئەوەى کە ئەو گوتویەتى منیش دەتوانم بڵێم . ئەم نووسەرە دەستبەردارى زمانى زگماکى خۆى بوو لەنووسینداو دەستیدایە نووسین بەزمانى فەڕەنسى ، وەک دەڵێت : نووسین بەزمانێکى بیانى ئازادبوونە ، رزگاربوونە لەڕابردوو .
دیارە ئەوەى کە دەمانکوژێت ، یادەوەریى و ساتەوەختەکانى رابردووە بەهەموو شێوەو شکڵەکانییەوە ، بەهەموو دەنگ و سەداو وێنەو دیمەنەکانییەوە ، چونکە رابردوو هەمیشە ئەو شوێنەیە ، ئەو زەمەنەیە کەئێمە تێیدا دۆڕاوین ، چونکە ئیدى ئەو شوێن و زەمەنانەمان لەدەستداو لەدەستدانى شوێن و زەمەنیش یەکێکە لەکارەساتە گەورەکان.. ئیدى هێدى هێدى بەتەمەنتر و بەتەمەنتر دەبین و لەویش موسیبەت تر مەرگە، مەرگێک کەناخۆشترین ساتى بۆگەنکردنمانە، چوونە ژێر گل و راکشانى ئەبەدیمانە ، نەبینین و نەبیستن و هەستنەکردن و لەدەستدانى هەموو شتەکانمانە .. ئیدى بۆ هەین و ئاستەمە کەس لەحیکمەتى بوونمان حاڵى بێت ، وەک سارتر دەڵێت : هیچ مانایەک لەوەدانییە کەبژین و پاشان بمرین ؟ .
بێگومان لەم دنیایەدا گەڕان بەشوێن هیوادا زەیفێکى گەورەیە ، خۆ هەڵخەڵەتاندنێکى بێ وێنەیە ، ئێمە بەتەواوى نغرۆى عەبەسێکین کەناوى ژیانە .
بابچینەوە بۆ لاى ئەمیل سیۆران ، ئەم نووسەرە لەماوەیەکى ژیانیدا کاتێک لەشوێنێکدا دادەنیشت کورسییەکیشى بۆ شکسپیر” دادەناو چاوەڕێى هاتنى دەکرد ، تەنانەت جارێکیان بەگژ برادەرێکى خۆیدا چۆبووە کەویستبووى لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت ، کەتایبەتە بە شکسپیر ، تەنانەت بەتووڕەیییەو گوتبووى : تۆ شکسپیرى ؟ .
رەنگە هەبێت پێى وابێت کەلەوانەیە ئەو پیاوە شێت بووبێت ، بەڵام ئەو زاتە یەکێکە لەبیرمەندە بەتواناکان و ئەوەى کەکردوویەتى تەنها لەوەوەیە کەئەو کەسێکى یاخییەو قایل نییە بەهیچ پێودانگێکى تەقلیدى و ئەمەش لەبونیادى پسکیۆلۆژى ئەو پیاوەدا مەوجودەو لەیەکەمین کتێبیدا بەچەشنێک هێرشى کردە سەر مەسیحییەت ، کەسەرەتا بەئاستەم پاش رەفزکردنى کتیبەکەى لەلایەن دەزگاکانى بڵاوکردنەوەوە ، شوێنێکى چنگ کەوت بۆى چاپ بکات ، لەکتێبەکەیدا باس لەزۆر شت دەکات لەهەموویان سەیرتر باسکردنێتى لەحەزى خۆى بۆ لەباوەشگرتنى راهیبەکان و زۆر شتى تر کەکەم کەس هەن بتوانن خۆیانى لێبدەن ، بەتایبەت کەخودى ئەو لەخێزانێکى ئایین پەرەوەرى مەسیحیدا گەورەبووە، بەڵام هیچ کاتێک بەیەقینەوە نەیڕوانیوەتە ئەوەى کەلەبارەى ئایینەوە دەگێڕدرێتەوە.
هەوڵدانى بەردەواممان بۆ ئازادبوون ، وتەیەکى “بودا “م بیردەخاتەوە کەدەڵێت : ئازادبوونى تەواو بەواتاى ئازادبوون لەهەموو رزگارکاران دێت .
ئێمە لەنێو بێدەنگییەکى فیساگۆریى زۆر سامناکدا دەژین ، لەزەمەنى کوژران و لەخاچدانى خەیاڵ و میسۆبییەتدا دەژین .. ناچارین بڕوانینە هەلوەسەى هەموو ئەوانەى لەدنیا تێناگەن ، ئەگەر خەون بینینمان سەرەتاى وە ئاگا هاتنەوەمان بێت ، ئەوە شوێنێک نەماوە خەونى تێدا ببینین ، هەوڵدانى ئێمە بۆ نزیک بوونەوە لەو مەجهولەى کەدەمانەوێت ، گوتەیەکى غەزالى – یم بیردەخاتەوە کەدەڵێت : لەدواى هەموو نزیکییەکەوە نزیکییەکى تر هەیە ، گەیشتنە دوا پلەکانى نزیکیش مەحاڵە .
سەبارەت بەزۆرێک لەتێکست و نووسینە جددییەکان ، ئەگەر لەسەرەتاشدا وەک گەمەیەک هاتبێتنە پێش چاو ، بەڵام رەنگە دواجار دەرئەنجامى ئەو گەمەیە بۆ نووسەرەکەى زۆر تراژیدیى بووبێت ، دەسەڵاتدارێکى بەڕەچەڵەک مەغۆلى متەسەوفى وەک ” دارا ” کاتێک کتێبى بەیەکگەیشتنى موحیتەین ى نووسى و لەدوو توێى کتێبەکەیدا داواى یەکبوونى ئایینەکانى کردو گوتى لەبنەڕەتدا هیندۆسییەت و ئیسلامییەت یەکن ، نەیدەزانى هەر خودى ئۆرانزیپ” ى براى خۆى کە کەسێکى سەلەفیى ئیسلامى بووە ، لەسەر ئەو کتێبە دەیکوژێت و پێش کوشتنیشى بۆ ریسواکردن و رەجمکردنى بەڕووت و قووتى لەسەر فیلێک بەنێو شاردا دەگێڕێت .
پێوەندى نووسین و خوێن رژان پێناچێت چارەسەرێکى هەبێت ، بەتایبەت لەمڕۆیەکدا کەزەمەنى باڵادەستبوونى ” فەنەتیک ” ـەکەکانە ، وەک ” پیرکینیسۆن ” دەڵێت : فەنەتیک دۆگماتیکە ، فەنەتیک – کەکان تیۆریى و ئایدیۆلۆژیا و بیرو بۆچوونى خۆیان پێ راستە .. ئەوانە جاهیلن .
ئیدى لەنێو جەهلى چەندینى وەک ئەواندا هەین و دەژین ، نووسین یەکێکە لەو نهێنییانەى کەسانا لێى حاڵى نابین و رەنگە نەزانین بۆ دەنووسین ؟ گەرچى هەن دەزانن بۆ دەنووسن ، وەک ئەم نووسەرە تەقلیدییە مەغریبییەى کەناوى سەعید ئاحبات ” ـە و سەبارەت بەکردەى نووسین دەڵێت : نووسین لەبەرانبەردا خۆشەویستى خەڵکیت پێدەبەخشێت ، دەبێتە مایەى زیاد بوونى هاوڕێکانت و جوانى نووسینیش لەمەدایە . دەبێت چەند نووسەرى ئاوا لاى خۆمان هەبن و ئاوا لەنووسین حاڵى بووبێتن ؟ ئەمە تەنها تێڕوانینى ” سەعید ئاحبات ” نییە ، هەن گەرچى دەرینابڕن ، بەڵام نووسین هۆکارێکە بۆ گەیشتنە ئامانج و دەسکەوتێکى شەخسى ، یان تەنها هۆبیی و هەوڵدانە بۆ شوێن داگیرکردن ، هەوڵدانە بۆ بوونە ناو و زۆر شتى تر .. دیارە ئێوەش پێتان وایە تێڕوانینێکى ئاوا بۆ نووسین ، سەقەت و نوقسان و ئیفلیجە ، بەو پێیەش ناشیرینە وەک هەر ناشیرینییەکى دیکەى ئەم دنیایە .
خوان رۆلفۆ ” بۆچوونێکى جوانى سەبارەت بەخۆى هەیەو ، دەڵێت : زۆرجار وابیر دەکەمەوە کەمن نیم . ئەم نووسەرە پاش نووسینى کۆردیلیرا ، کاتێک زانى ئەو جددیەتەى تێدا نییە کەئەو مەبەستییەتى و بەتێڕوانینى خۆى جوان نییە ، تێکستەکەى دڕاند و ئیدى زانى لەبەردەم دەرکەیەکى کڵۆم دراودایەو چیدى هیچى دیکەشى نەنووسى . بەڵام لاى ئێمە گرنگ نییە نووسەر چى دەنووسێت . گرنگ ئەوەیە تا دوا نەفەسى ژیانى بەردەوام بێت و ئیدامە بەناوى خۆى بدات ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو شەڕ لەسەر پێشەنگێتى خۆشى بکات و هیچ کاتێکیش ئامادە نەبێت لەسەر ئەو عەرشە وەهمییەى کەئەو پێى وایە تەنها خۆى بۆى هەیە لەسەرى دابنیشێت بێتە خوارەوە . هەوڵدانى میکاڤیلییانە بۆ پاراستنى ناو ، نەرجسیەت تێپەڕدەکات .. کەسێک ئەگەر جدیەتییەکى هەبووبێت لەنووسیندا ، ئەوە باش دەزانێت دەبێت لەڕۆژگارێکدا بۆخۆى رابوەستێت ، نەک پاش خڵەفانیشى هەر بەردەوام بێت .
لەکاتێکدا سەرقاڵى نووسینى ئەم نیمچە یان هاوشێوە نامەیەم گوێشم لەسترانێکى باربارا کارلۆتى یە ، کەیەکێکە لەو ستران بێژە فەڕەنساییانەى حەزم بەگوێبیستى دەنگێتى ، ئەم هونەرمەندە پێش ئەوەى هۆنراوەى گۆرانییەکانى بنووسێتەوەو دواتریش ئاوازیان بۆ دابنێت ، هەر ئەوەندەى بیرۆکەکەى بەخەیاڵدا هات سەرقاڵى نیگارکێشان دەبێت و پاشان هەر خودى ئەو نیگارانە دەکاتە سەرەتاى ئەوەى کەدواتر لاى ئەو دەبێتە گۆرانى ، ئەم جۆرە جدییەتە لەکارکردندا سەرسامم دەکات .
دەبێت ئەوەش بڵێم هەر وەک چۆن پاش تەواو بوونى گۆرانییەکانى باربارا کارلۆتى ” هیچ هەست ناکەم کەتەواو بووە ، ئاواش پاش تەوابوونى ئەم هاوشێوەى نامەیە ، یان نیمچە نامەیە ، هەست ناکەم تەواو بووە ، راستیەکەى بیرکردنەوە لەتەواو بوون نیگەرانم دەکات ، بۆیە وای دادەنێم کەئەمە یەکەمین بەشى نیمچە نامەو هاوشێوە نامەیەکى درێژەو من لەمڕۆدا هەر ئەوەندەم پێنووسرا ، بەهیواى بەردەوام بوون و پێک گەیشتنەوەیەکى دیکە لەگەڵ ئەم کۆپلە شیعرییەى بیکیت ” ـدا جێت دەهێڵم :

بچۆرە ئەوێ و کۆتایى بێنە
بەڕۆژێکى خۆش
لەوێ تا ئەم کاتەش نەبووە
هێندەى کەبگوترێت
لەکوێ ببێت ، باببێت
چ کاتێک بێت ، باببێت

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت