ئەنوەر ڕەشید : دەست لە کار کێشانەوەی سەرجەم حکومەتی هەرێم تووشی شۆکی کردم .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دەست لە کار کێشانەوەی بەرپرسێکی دەرەجە دە لە هەرێم ئەچێتە خانەی مەحاڵەوە ، چجای لوتکەی هەرەمەکە ، لە کاتێکدا هەموو سامانی نەتەوەیی و خودی نەتەوەکەش بە حەڵاڵ و زوڵاڵی خۆیان ئەزانن و بەردەوام لە سێبەری ئاغایەکی دەرەکی ( بە مەرجی دوژمنایەتی کورد ) ئەبنە کوێخایەک و بە موختاریش ئەیژەنن بەو مەرجەی کوێلەو مەسینە هەڵگرەکانیان پاسەوان و رەشە خەڵکەکەش وەک سەپان و کرێ گرتەیان ببینن . بۆیە لەو کەشە قێزەوەنەدا ئەبێ دەست لەکار کێشانەوە ( بە خواستی خۆیان ) تەنیا خەونێک بێت ، بۆیە منیش نایکەم بە مەتەڵ و هەر لە سەرەتاوە ئەڵێم : لە خەوما .
لە خەوما سەرجەمی حکومەتی هەرێم رژابوونە سەر شەقامەکان و ئاشتی هەورامی بە رەحەتیەکی زەبەلاحی نەوتەوە لە ریزی پێشەوەی خۆنیشاندان (ببورن خۆ پیشاندان) ـەکە بە گەورەیی دروشمی ( میللەت بڕۆ نامانەوێی ) بەرز کردبوەوە ، خەڵکانیش لەمبەر و ئەوبەری شۆستەکانەوە بە سەرسوڕمانەوە سەیریان ئەکردن و هیچی خراپییان لە خۆیاندا شک نەئەبرد ، ئەی بۆچی حوکمەت لێیان بێزارە ؟ ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان نارەزاییشیان دەربڕیبێ هەر سەرسام بوون بەوەی ، حکومەتێک ئەوەندەی دوژمنی ناو خۆی هەبێ چۆن جورئەت ئەکات بە بێ پاسەوان بێتە سەر شەقام ؟ .
ببورن خەوەکەم پاشوپێش خست ، ئیتر وایە خەوە ، ئەوەندە بە پەلە یەت و ئەڕوا جەمسەرەکانیت بۆ لە یەکتر نادرێتەوە ، تەنانەت بیریشم نەماوە ، خەونەکەم رەش و سپی بوو ، یان رەنگاوڕەنگ ، بەهەرحاڵ پێش خۆ خۆپیشاندانەکە ، حکومەت کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان بۆ رۆژنامەوانە بیانیەکان ( بیانی بە مانای تورک و پەراوێزی تورک ) رێکخست و بە هاوکاری مۆسیقایەکی خەمبارەوە کە ئاوازدانەری ( سروودی زێڕە ) ئەیژەنی ، سەرۆکی حکومەت بەچرپە بەوەی تەنیشتی وت ( هەموو شتێک ئامادە کراوە ؟ ) ئەویش سەری ئەرێنی بۆ لەقاند ، ئینجا سەرۆکی حکومەت زۆر بە ویقارەوە وتی : من و سەرجەم حکومەت بڕیارمدا ( نەک بڕیارماندا ) دەست لە کار بکێشینەوە ، هەر ئەوەندەی وت و دنیا شڵەقا ، بێژەری تیڤیەکان بە گریانەوە هەواڵەکەیان ئەگواستەوە و پیاوانی خۆیان بە هەزارەها رژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی ( ئێوە دەست لەکار بکێشنەوە ، خۆمان ئەسوتێنین ) ئەیانزیقان ، بۆیە سەرۆک بە ئاشتی هەورامی وت ، مادەم بڕیاریانداوە خۆیان بسوتێنن نەوتیان بۆ دابین بکە ، بەڵام ئاشتی رازی نەبوو ، وتی قوربان درۆ ئەکەن نەوتەکە ئەفرۆشنەوە . لەو مشتومڕەدا بوون رۆژنامەنووسێکی گەنج ( کە دوایی زانیان بە پیلانێکی دەرەکی دوژمنکارانە رەوانەی ناو هۆڵەکە کراوە ) پرسی : باشە ئێوە دەست لەکار کێشانەوەکەتان ئەدەن بەکێ تا قبوڵی بکا ؟ هەرێم ئەوە سێ ساڵیشەسەرۆکێکی یاسایی نیە ، پەرلەمانیش ئاشبەتاڵیان پێ کراوە ، ئیتر کێ قبوڵی ئەکات ؟
ئای لەوەی ئەو پرسیارە خوڵقانی ، دنیا شێوا ، کۆمەڵێک دەمامکداری رۆحسووکی پەپوولەئاسا رۆژنامەنووسە گەنجەکەیان برد تا بۆی رون بکەنەوە کە سەرۆک نەک هەر یاساییە ، بەڵکو دەستورییش ئەبوو ئەگەر دەستورمان هەبوایە ، ئێستاش دەستەکە هەیە و تەنیا ( توور ) ەکە ماوە تا بیکەن بە دەستوور . کوڕەیان پەلکێش کرد و کوڕەکە بووبە من و منیش بووم بەو ، کە چاوم بەوشوێنە کەوت ، پڕ بوو لە کەرەسەی روونکردنەوەی ئەو پرسیارانە ، ژوورەکەم ئەناسیەوە ، کاتی خۆی ئەو ژوورەم لە شاری دیوانیە دیبوو ، بۆیە لەترسا بە ئاگا هاتمەوە و هەموو گیانم لە ئارەقا نوقوم بوو ، هێشتا خەوەکە بەری نەدابووم کە تارماییەکی ترسناک بەرۆکمی گرت و وەک بە تاوانێکەوە گیرابم دوژمنکارانە و بە توڕەییەوە وتی :
تارمایی : ها ئەفەنی .. ئەتەوێ خەوی خیانەتکارانە ببینی و بێ سزا لێی دەرچیت ؟
من : ئێ خۆ خەو بوو من گوناحم چیە ؟
تارمایی : ئاخر ئەگەر بەو خەیاڵەوە نەنوستیتایە ، ئاوا خەوی گێرەشێوێنیت نە ئەدی ، گوایە نازانی لەسەر گێڕانەوەی خەو کێمان بێکەس کوژ کرد ؟ تازە تۆش چویتە ریزی ئەوانەی بەدەم خەوەوە دوژمنایەتی حکومەتە ساواکەمان ئەکەن … بنوو… بنوو .. ئەمجارە خۆمان خەوەکانت بۆ دیاری ئەکەین .
ئیتر هەر ئەو خەوە بووم ، لەو خەوە نەگریسەوە ئارامم لێ بڕاوە ، ئاسودەییم لێ تەرە بووە ناوێرم بخەومەوە ، هەر خەو بچێتە چاوم ، دەمامک پۆشەکان ئەمبەن بۆ شوێنی رۆژنامەنووسەکە ، ئێستا هەموو ئامێرەکان ئەناسمەوە ، بەردەوام لەبەرچاومن ، نامەوێ بنووم ، بەڵام بۆگەنی ناخی دەمامک پۆشەکان لە لووتمایە و هەراسانیان کردووم و لێم نابنەوە .
راستە من خەوم لێ حەرام بووە ، بەڵام کە بیریشی لێ ئەکەمەوە ، ئەگەر ئەوان لە بێ حەوسەڵەییا دەست لە کار بکێشنەوە ناهەقیان نیە ، ئەوە بۆ چارەکە سەدەیەکە دزی ئەکەن ، بەردەوام خزمەتکاری دوژمنانی نەتەوەکەمانن ، مناڵی کورد لە خوێنی خۆیا ئەگەوزێنن و خەڵاتی بکوژەکانیان ئەکەن ، سامانی سروشتیان بە تاڵان ئەبەن ، موچەیان نادەنێ، کارەبا نیە ، ئاو نیە ، دەرمان نیە ، نەخۆشی هەیە ، چاوسوور کردنەوە هەیە ، مردن هەیە . بەڵام خوا هەڵناگرێ ئەم میللەتە نابزوێ ، ئاخر ئەوان بۆیە ئەوانە ئەکەن تا فێری خەبات و راپەڕینمان بکەن و ئێمەش مێش میوانمان نیە ، ئیتر ناهەقیانە لەجێی ئەوەی گیرفان یان دەست لە کار بکێشنەوە بڵێن : میللەت بڕۆ نامانەوێی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت