ئەنوەر قادر رەشید: پەیامی بینەرێک بۆ شانۆکاران بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم پەیامە داواکاریەکی رەوای بینەرانە وەک لایەنێکی گرنگی هەر نمایشێکی شانۆیی، بۆیە رەچاو کردنی خواستی بینەران ئامانج و ئاواتی هەر شانۆکارێکی جدیە، بۆیە منیش ئەمەوێ لەم نامەیەدا پێت بڵێم: من وەک بینەرێکی شانۆ چیم لێت ئەوێ و تۆ کەی ئەتوانی خواستی خۆت بە چێژی منی بینەرەوە ببەستیتەوە.
ئەوە کاری من نیە پێت بڵێم بە کام ستایل کار بکەیت و کام رێباز هەڵبژێری و چۆن بیر بکەیتەوە، چونکە ئەگەر هەموان بە یەک ئاراستە بیر بکەینەوە و بە یەک چاو لە شتەکان بڕوانین، ئەوە هەموو ئەبینەوە بە کۆپی یەکتر و دەرفەتێک بۆ داهێنان و چێژ وەرگرتن نامێنێتەوە.
تۆی شانۆکار بەر لە هەموو شتێک ئەبێ بەهرەی هونەریت تیا بێ، هەموو کتێبی دنیات وەک هاردی کۆمپیوتەر تیا خەزن کرابێ و بێ بەهرە بیت، دەرهێنانی یەک دیمەنی شانۆیی بەچێژت پێ ئەنجام نادرێ. کاتێ ئەو بەهرەیەشت تیا بێ و پاشخانێکی رۆشنبیریی هەمەلایەنەی لەگەڵدا نەبێ، رەنگە بتوانیت یەک نمایشی جوان بەرهەم بهێنی کە بەردەوام لەهزرتا پەنگی خواردبێتەوە و لەگەڵ خۆتا نەشونمای کردبێ، کە لەو خولیایەش خاڵی بوویتەوە ئیتر ئەگەیتە ئەو بەربەستەی لە داهێنان وشکت ئەکاتەوە، بۆیە من روی دەمم لە بەهرەمەندە رۆشنبیرەکان ئەکەم و تەنیا ئومێدم بەوانە بتوانن شانۆ لە هزرما بچەسپێنن و شانۆ بکەنە کەلتور.
تۆ تەنیا کاتێک ئەتوانی من بهێنیتە هۆڵ یان هەر جێیەکی نمایش، کە خۆت بزانی چیت ئەوێ و لەگەڵ خۆت راستگۆ بیت، دیدی خۆت راستگۆیانە و داهێنەرانە بخەیتە چوارچێوەی بەرهەمەکەتەوە و منی بینەر راکێشیتە دنیا جوانەکەی خۆتەوە. من کاتێک رۆمانێک ئەخوێنمەوە لە خەیاڵی خۆمەوە کاراکتەر و شوێن و روداوەکان وێنا ئەکەم و تیایانا ئەژیم، بەڵام کاتێک دێمە نمایشەکەی تۆ، بەو نیازەوە دێم کە روداو و کاراکتەر و شوێن لە دیدی هونەری ئێوە و بە فەنتازیای داهێنەرانەی ئێوەوە ببینم و چێژ لە دید و توانای هونەریتان وەرگرم.
ئێمە ئەزانین تۆی دەرهێنەر فشارێکی زۆرت لەسەرە، نە دراماتۆرگێک هەیە بە مانا زانستیەکەی کە زوربەی ئەرکەکان لە ئەستۆ بگرێ، هەر وەک چۆن لەو وڵاتانەی شانۆ بەشێکی سەرەکی خۆلیای هاوڵاتیانە و شانۆ نەک تەنیا هونەر ، بەڵکو زانست و پیشە و بازرگانیشە و لە زوربەی ئەو وڵاتانەش بەشی شانۆی زانکۆکان ناویان (زانستی شانۆ) یە نەک هونەری شانۆ، هەروەها ئەزانین ئەو ئەکتەرانە زۆر نین کە بتوانن خواستەکانی تۆ وەک خۆی بەرجەستە بکەن، ئەزانین لە هەڵبژاردنی دەقەوە بۆ هەڵبژاردن و مەشقی ئەکتەر و دیزاینی دیکۆر و ئێکسسوار و روناکی و پلانی نمایش و ریتم و …. هەمووی لە ئەستۆی خۆتە، بەڵام ئیتر ئەوە قەدەری تۆیە لە وڵاتێکدا کە شانۆ تیایدا نەبووە بە کەلتوور و نەبووەتە پێداویستیەکی رۆحی و رۆشنبیری و وا جێگیر نەبووە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی کەلتوریمان.
بەڵام منی بینەر پێویستم بە داهێنانی ئێوەیە لەسەر شانۆ، هەر وەک چۆن ئێوە پێویستتان بە منی بینەرە لە هۆڵی نمایش. ئەگەر ئێوە راستگۆ بن لەگەڵ هونەرەکەتان، منی بینەر و وەرگریش بە قەبارەی راستگۆییتان پشتگیریتان ئەکەم و مەرجەکانیشم بۆ پاڵپشتیتان تەنیا ئەوەندەیە بەرهەمی بەچێژم پێشکەش بکەن و شانۆ لە بوونی کەلتوریما جێگیر بکەن.
لەکۆتایی پەیامەکەشما ئەمەوێ دڵنیات بکەمەوە کە پاش نمایشەکەت، ئەگەر شتێکت لە هەست و هزری مندا جێ نەهێشتبوو، ئەوە هەرچیەکت نمایش کردبێ و چی ناو لێ ئەنێی بینێ، بەڵام لای منی بینەر ئەوە شانۆ نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت