yusf

یوسف عزەدین رەئوف : کورتە راڤەکارییەک سەبارەت بەنووسین .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

بۆ راڤەکردنى لایەنێکى خودى نووسین وەک گەمەیەکى دالەکان ، ئەمە جگە لەهەوڵدان بۆخستنە رووى هەموو ئەو نهێنى و پەنهانانەى کەپاش گەمەى نووسین بەهەموو جوداکارى و جیاوازییەکانەوە لەنێو دەقدا خەفەو شاراوەیە ، خۆدان لەگەمەیەک کەقەولە پێوەندییە سروشتى و ئاساییەکانى مابەینى شتگەلێکى دیاریکراو یان نادیاریکراو تێکبدات ، قەولە دەستکارى پێوەندى نێوان نزیکبوونەوە و تەبابوونى رەگەزەکان بکات و ئەو چەمکانە هەڵبگێڕێتەوە کەتاکڕەهەندانە سەیر دەکرێن و چەندین شتى دیکەش . بۆیە کاتێک باس لەکردەى نووسین دەکەین دەبێت ئەوە لەپێشچاو بگرین ، کە خۆمان لەقەرەى کردەیەکى ناجێگیر و پڕ گومان دەدەین .
سەرەتا بۆئەوەى زۆر پەلنەهاوین ، دەکرێت کەمێک لەو پێوەندییە بدوێین کەزمان و ئاخافتن لەگەڵ نووسین هەیانە ، یان بەپێچەوانەوە ، ئەگەر کۆڵەکەیەکى سەرەکى نووسین زمان بێت ئەوە خودى زمان لەبگرەو بەردەو پێکدادان و ململانێدایە لەگەڵ ئاخافتن . یەکێک لەو پرسیارانەى کەهەردەم بۆتە جێى خواس و باس ئەوەیە کە ئاخۆ زمان و ئاخافتن کامیان پێش ئەویتریان دەکەوێت ؟ یان گرنگى و کاریگەرى هەریەکێکیان لەسەر ئەویتریان تا چ ئاستێک بڕ دەکات ، یان پێوەندى ئاخافتن بەنووسینەوە و چەندین پرسیارى دیکە کەدیارە تاوتوێکردن و پەى پێبردن و پرسیارکردن لەبارەیانەوە بەشێکە لەبەرایى ئەو کردەیەى کەپێی دەگوترێت نووسین .
کاتێک ئاخافتنى گوتاربێژێک راستەوخۆ بیرکردنەوەو مەبەستى کەسەکە دەگەیەنێت لەوەى کەپێش وەخت مەبەستى بووە بیڵیت . بەڵام ئەمە لەنووسیندا وانییە و دەبێت بزانین نووسین چەند لەگەڵ دەربڕینى ناوەکى نووسەر دێتەوە یان چەند لێى دوورە ، لەنووسیندا ئاخافتن نائامادەیە ، بەڵام کاتێک دەڕوانیتە ئاخافتن بەتایبەت لەدەربڕینی گوتارێکدا دەبینیت بەنووسینەوە بەندەو نموونەى لێدەخوازێ و بەو شێوەیەش نووسین لەنێو ئاخافتندا خۆى دەپارێزێت تەنانەت لەهەندێک حاڵەتدا خۆى بەرهەمدێنێتەوەو ئاخافتن دەکاتە شتێکى لاوەکى ، رەنگە ئەمانەو زۆر شتى تر ئەگەر رووکەشیانە تێیبڕوانین ، بەچەشنێکى تر بێنە پێش چاومان . بەڵام ئەوەى کەپێویستە لێرەدا بگوترێت ئەوەیە کە بەبێخۆدان لەهەموو ئەو گێرمەو کێشەیەى کەلە ئاستى جیاجیا و جۆراوجۆردا زمان و ئاخافتن و نووسین پێکەوە گرێدەدات ، یان جیاوازییەکانى نێوانیان دەخاتەروو ، سەربارى زۆر شتى تریش کەپەیوەستە بەنهێنى و پەنهانەکانى ئەوانەوە ، ئاستەمە بەشێوەیەکى راشکاوانە و روون بتوانین باس لەکردەى نووسین بەگشتى و خودى نووسینى نێو ژانرە ئەدەبییەکان بکەین .
رۆلان بارت ” سیستەمى ریزکردنى دەفرەکانى نانخواردنى لەخوانێکى دیاریکراو بەئاخافتن و دابونەریتى خوانەکەشى بەزمان داناوە و بەپێچەوانەى دى سۆسێر ” سیمۆلۆژیاى کردۆتە بەشێکى زانستى زمان ، چونکە بەبۆچوونى ئەو ئێمە لەهەموو جۆر و چەشنێکى ئاماژەکاندا زمان دەدۆزینەوە و هەر بەڕاى ئەویش تێکست سوود لەچەمکى زمانى تاکەکەس وەردەگرێت .
بەڵام ( جاک لاکان ) بەچەشنێکى تر مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات ، پێیوایە نەست تەنها شوێنى غەریزەکان نییە ، بەڵکو شوێنێکى تایبەتیشە بۆ ئاخافتن و زمان و بەڕاى ئەو خودى نەست زمانێکەو بونیادى خۆى هەیە .
راشکاوانە دەتوانین بڵێین پێوەندى زمان و ئاخافتن و نووسین ، پێوەندییەکى ساکار و سادە نییە بەڵکو تابڵێیت ئاڵۆزە . بۆ نموونە کاتێک تێورییەکى نووسراو دەچێتە نێو رایەڵەکانى ئاخافتنەوە و قسەو باسى لەسەر دەکرێت ، یان کە دەبێتە گوتار و لەزمانى گوتاربێژەکانەوە دەخرێتە روو ، بۆى هەیە زۆر لەتێکستە نووسراوەکە دووربکەوێتەوە و رەنگە لەگشتاندنیدا سەتحیبوون و سادەییەکى ترسناک لەخۆبگرێت ، یان ببێتە شتێکى سامناک و زۆر جیاواز لەوەى لە تێکستە نووسراوەکەدا هاتووە ، چونکە ئاخافتن ناتوانێت بەدەر لەخۆسەپاندنى بەسەرگوێگردا ئیدامە بەخۆى بدات . ئەو ئیختیارەى کە گوێگر هەیەتى زۆر جیاوازترە لە ئیختیارى خوێنەر ، ئاخافتن لەکەشێکى خووڵقێنراودا بەڕێوە دەچێت و زۆرتریش زیاد لەکەسێک ئامادەگى دەبێت . بەڵام خوێندنەوە کارێکى تاکەکەسییە و خوڵقاندنى کەشەکەش پەیوەستە بەخودى تاکەکەسێکەوە کەخوێنەرە ، لەهەر کاتێکدا کەمەبەستى بێت دەتوانێت دەستى لێهەڵبگرێت و هەر کاتێکیش کەبیەوێت دەتوانێت بچێتەوە سەرى .
هەندێک لەدەقە ئاینییە نووسراوەکان سەربارى کۆنییان ، ئاسان لێ تێنەگەیشتنیان ، زۆرى میتافۆر و سەجع و پەرەگرافى عەجایب و وشەو دێڕى سەیروسەمەرە و ئەو هەموو راڤەو تەئویل و شرۆڤەیەی کەبۆیانکراوەو بۆیان دەکرێت ، ئەوەندەى لەنێو دووتوێى دەق و زمانى نووسیندا بمێننەوە رەنگە بەو شێوەیەى کەدێنە نێو ئاخافتن و لەمیانەى گوتارو وەعزەوە دەخرێنە روو ، ترسناک نەبن . هەر بۆ نموونە کاتێک دەڕوانینە ئەزموونى میستیکى و سۆفیستیکیانەى سۆفییەکان ، تا ئەو ئاستەى نەهاتۆتە نێو ئاخافتنەوە و لەنێو دنیاى پەنهان و نهێنییەکاندا هەڵدەسووڕێت ، نەبۆتە هیچ گرفتێک و مەرجەعە شەرعییەکان دەستیان نەداوەتە دژایەتى کردنى ، بەڵام کاتێک بۆتە بابەتى ئاخافتن و قسەو لەدنیاى بوونى وەک ئەزمونێکى تایبەت ، یان نووسراو هاتۆتە دەرێ ، تووشى پێکدادان و رووبەڕووبوونەوەیەکى سەخت بۆتەوە ، کە زیاتر بەکوژرانى زاتى موتەسەویف و موریدانى کۆتایى هاتووە . ئەگەر حەللاج بەنموونە بهێنینەوە دەبینین تەنها لەبەر ئەوە ناکوژرێت کە کتێبێکى وەک تەواسین ” ى نووسیوە ، کتێبێکى تەنها دە لاپەڕەیى کەهەموو تەسەورە تەقلیدییەکانى ئایین سەراوژێر دەکات ، بەتایبەتیش لەبەشى ” تاسین ئەلئەزەل و ئەلئیلتیباس ” دا توانیویەتى تراژیدیاى ئیبلیس لەروانگەیەکى زۆر جیاوازەوە بخاتە روو ، شایانى باسیشە ئەم نووسینەى حەللاج یەکێکە لەو نووسینە ناوازەو دەگمەنانەى کە بەئاسانى خۆى بەدەستەوە نادات و رەنگە ئاستەمیش بێت بەسانایى بهێنرێتە نێو زمانى ئاخافتنەوەو سادەبکرێتەوە ، پەنهان و تەمومژێکى تێدایە کەدەتوانێت پارێزگارى لە پێکهاتەى نووسینەکە بکات ، وەک ” ولیەم ئەمبسۆن ” یش دەڵێت : تەمومژاوى بوون سەنگینە مادەم پشتگیرى ئاڵۆزکردنى بیرۆکە دەکات .
جا سەیرە ئاخافتن و قسەى کەسانێکە کەدەبنە گەواهیدەرى لادانى حەللاج لەشەرعى ئیسلام ، یان خودى ئاخافتنەکانى حەللاج و کەشفکردنى نهێنى ئەزمونەکەیەتى لەرێى وتووێژ و گوتنەوە ، کە دەیگەیەنێتە ئەو چارەنووسە تراژیدییە ، ئەمە جگە لەکەشفبوون و دەرکەوتنى راوبۆچوونەکانى بەتایبەتیش وەک لەهەندێک سەرچاوەدا ئاماژەى پێدراوە دەرحەق بەکردەى حەجکردن . ناشکرێت ئەو راستییە لەبەرچاو نەگرین ، کەخودى ئەفسانەى حەللاج تا ئەو ساتەى دەبێتە نووسین لەنێو ئاخافتندا دەمێنێتەوەو خۆیدەپارێزێت ، دواتر دەبێتە بابەتى شیعرى عەتار و ئیبن ئەلخەیر و رۆمى و حافیزى شیرازى و ئەوانى تر ، واتە وەک ئەفسانەیەک باڵایى و تۆکمەبوونى خۆى لەنووسیندا دەدۆزێتەوە .
بەزاڵکردنى ئاخافتنیش مۆنۆسێنترالیزم بەرقەرار دەبێت . هەر بۆیە تەنها رێگەیەک کە کڵێسا دەیخاتە پێش گالیلۆ ” ئەوەیە کەپەشیمان بێتەوە لەتێزەکەى ، واتە بەبەرچاوى خەڵکییەوە بڵێت زەوى بەدەورى خۆردا ناسووڕێتەوە و تێورییەکەى خۆى بەدرۆ بخاتەوە ، دیارە گالیلۆش وادەڵیت و لە مردن رزگارى دەبێت ، لێرەدا دەبینین ئەو حەقیقەتە زانستییەى کە گالیلۆ پێى گەیشتبوو پێویستى بەئاخافتن و وەعز نەبوو ، پەشیمان بوونەوەى خودى خاوەن تێورییەکەش هیچى لەمەسەلەکە نەگۆڕى . لە روویەکى تریشەوە کە دەڵێین قسەکردن و ئاخافتن ، مەبەستمان ئەودەنگەیە کە لەنێو نووسیندا بوونى نییە . ژاک دریدا ” یەکێکە لەو بیرمەندانەى کەهەوڵى بەرجەستەکردنى نەبوونى دەنگ و بێدەنگى لەنووسیندا داوە یان بابڵێن پەى پێبردووە ، تەنانەت لاى ئەو نووسین دەبێتە یەکەمین تێرم و هەوڵى دۆزینەوەى نووسینەوەى پێش ئاخافتن دەدات ، لەروانگەیەکى تەفکیکییەوە هەموو پێودانگە مەییوو و راوەستاوەکانى پێشووتر دەخاتە ژێر پرسیارەوەو هەوڵ دەدات زمانێک بونیادبنێت لەدەرەوەى ئەلگۆى نووسینى فۆنیمى و ئەو چەشنە نووسینەى لەنێو ئاخافتندا دەردەکەوێت ، ئەوەى کەئەو کردى دژایەتییەکى بەرچاو بوو لەگەڵ بوونى سێنتەرالیزمى میتافیزیکى ، کەخودى رۆژئاوا بەپێى ئەم میکانیزمەیە تا ئەم ساتە وەختەش بەڕێوە دەچێت .
ژاک دریدا ” پێى وایە کەدەبێت نووسین لەنووسەرەکەى ئازاد بکرێت تا رەهەندە دەلالى و مەعریفییەکانى بکەوێتە روو ، بێگومان دەبێت کار بۆ کۆتایى هێنان بەو بێدەنگییە فیساگۆرییە بکرێت کەبەبێ پرسیارکردن ئەوەى پێى دەگوترێت قبووڵیەتى . ئەمە جگە لەوەى کەدەبێت بڕوانینە بوونى مرۆڤ لەدەرەوەى نووسین ، زمان ، تەنانەت ئاخافتنیش و لەلایەکى تریشەوە پێوەندى زمان و ئاخافتن و نووسین لەگەل دنیادا بخەینە ژێر پرسیارەوە و بەپێچەوانەشەوە . دەبێت هەوڵبدەین لەپێوەندى زمان بەتوندوتیژییەوە و پێوەندى توندوتیژى بەزمانەوە تێبگەین ، ئەمە جگە لەتوندوتیژى زمانى نووسین وەک ” ژاک دریدا ” توندوتیژى لەنووسینەکانیدا دەباتەوە بۆ پێکهاتەى زمانەوانى زمانى فەڕەنسى و بەکاربردنى ئەو زمانە لەلایەن ئەوەوە . لێرەوە ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان ئەوە بەپێویستى دەزانم گوتەیەکى رۆماننووس ” ئیبراهیم ئەلکەونى ” بەنموونە بهێنمەوە کەدەڵێت : ئێمە ئەو شتانە دەبینین کە نابێت ببینرێت و ئەو شتانەش نابینین کەدەبێت ببینرێت . لەمیانەى ئەم گوتەیەوە لایەنێکى ترى کردەى نووسینمان بۆ دەردەکەوێت دیارە بەسەرجەم ژانرەکانییەوە ئەویش بینین و نەبینینە ، بینین و نەبینیش لە ئاخافتندا یان نووسیندا لەرێى زمانەوە گوزارشتى لێدەکرێت و ئەمیش بۆ خۆى لایەنێکى جەنجاڵى ترى پرۆسێسى نووسینە . ” ئۆڤید ” شاعیرێکى رۆمانى بووەو لەسەردەمى ئیمپراتۆر ” ئەگستس ” دا ژیاوە سەبارەت بەنووسین دەڵێت : نووسین وەک سەما وایە لەنێو تاریکیدا ، ئەمە جگە لەوەى کەدەڵێت : نووسینەکانم ئەشکەنجەیاندام ، ئەم شاعیرە یەکێکە لەو نووسەرە بەدبەختانەى کەبەچەشنێکى زۆر نالۆژیکى تاوانبارکرا بەوەى کە هۆکارى تێکشکانى سوپاى رۆما بەرانبەر بەبەربەرەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ بوونى شیعرە ئیباحییە سێکسییەکانى ئەو ، هەر بۆیە شار بەدەرکراو دوورخرایەوەو نێردرایە شوێنێکى دوور لەمەدەنیەت ، تا مردیش نەیانهێشت بگەڕێتەوە . لێرەوە جارێکى تر دەتوانین ئەوە ببینینەوە کاتێک نووسین دێتە نێو ئاخافتنەوە بەدەر لەکاریگەرى راستەقینەى ، هەردەم کەسانێک هەن دەتوانن لەمیانى ئەوەى کەدەگوترێت تەسەوورى زۆر شتى تر بکەن ، شیعرەکانى ئۆڤید لەوجۆرە نووسینانە نەبوون تەنها لەنێو دنیاى نووسیندا بمێننەوە یان تایبەت بن بەخوێنەرێکى دیاریکراو ، بەڵکو لەسەر زارى خەڵکى بوون و بەتەواوى چووبوونە نێو ئاخافتنەوە .
بۆ ناساندنى هەر ژانرێکى ئەدەبى ، پێموانییە راستبێت بەپێى پێودانگ و تێڕوانین و کڵێشەسازییەکى تەقلیدى و حازر بەدەست پەلبهاوین بۆ وەڵامدانەوەى ، یان هەوڵ بۆ دۆزینەوەى پێناسەى ئیتمۆلۆژى و جۆرەکانى ترى پێناسەکان بدەین . رەنگە من وەک خۆم نەمەوێت بزانم ئاخۆ نووسین بەگشتى دەیەوێت چیبکات ، پەراوێزەکان دەنووسێتەوە ، راستییەکان دەڵێت یان هەر شتێکى تر . رەنگە نەمەوێت هەر وەک چۆن تەسەوور و تێڕوانینێکى ئایینى لەپشت هەموو ئەو دنیابینییە میتافیزیکییەى کەدەبێت لەوێوە بڕوانێتە میتۆد و پرەنسیپى ئایینەکەى ، کەچى دێت و هەموو ئەو دنیایە بچووک دەکاتەوە یان بابڵێین کورتى دەکاتەوە و لەنێو کۆمەڵێ دابونەریت و چەشنى جلوبەرگ و سیمگە و سیمبۆل و بونیادى پەرستگەکان و ئێکسسوارەکانى نێویدا جێى دەکاتەوە . رەنگە نەتوانم هیچ ژانرێکى ئەدەبى کورت بکەمەوە یان بچووکى بکەمەوە ئەمە سەربارى ئەوەى من جێگیرییەک لە کایە ئەدەبییەکاندا نابینم ، ئەدەبیات دنیایەکى شڵۆق و ناجێگیر و گۆڕاوى هەیە تەنها بەناو هێنان و ئاماژە پێدان ناگەینە مەغزاى ئەوەى کەلە قووڵایى ئەدەبیاتدا دەگوزەرێ ، تەنانەت ناوهێنانى ژانرێک بەناوێک و ئەویتر بەناوێکى تر جێى مشتومڕە ، کێیە بەحیکایەت دەڵێت حیکایەت و بەچیرۆکیش چیرۆک ، یان بۆ واى پێدەگوترێت .
کاتێک گوێبیستى حیکایەتە سەرزارەکییە ناوازەکان دەبین ناکرێت سەرسام نەبین بەکارێک کەسەرچاوەى یەکەمین گێڕانەوەى نادیار و ونە ، دەنگو سەداى گێڕەڕەوە بەراییەکانى نەزانراوە ، دەبینیت لەو کاتانەدا چۆن دواى زنجیرە گێڕانەوەى یەک لەدوای یەکى ئەو جۆرە حیکایەتانە دەکەوین ، بەچەندین شێوە تەسەوورى یەکەمین کەس دەکەین کەگێراِویەتییەوە ، حەز دەکەین بزانین لەسەرەتادا فڵانە حیکایەت چیبووە ، بۆ گوتراوەو دەیان پرسیارى تر کەبەدەر لەویستى خۆمان بەمێشکماندا دەگوزەرێت . مانەوەى ساڵانێکى دوور و درێژى ئەو حیکایەتانە لەدەرەوەى نووسین پرسیارمان لادروست دەکات ، تەنانەت هەیانە بەئاسانى لەنووسینەوەیدا ، خۆ بەدەستەوە نادات ، مەبەستم لەو جۆرە نووسینەوەیەیە کەوەک چەشنێک لە گواستنەوە لەنێو دنیاى ئاخافتنەوە بۆ دنیاى نووسین بەکاردەهێنرێت . ئەو دەمە رەنگە ئەو چەشنە نووسینەوەیە بیکاتە شتێکى تر ، لەکاتێکدا بەدەماو دەمکردن و سەفەرکردنیان لەشوێنیکەوە بۆ شوێنێکى تر بەچەندین شێوە گۆڕدراون و هەر دەشگۆڕێن ، بەبێئەوەى بزانین چەند گۆڕدراون یان چەندى تر لەداهاتوودا دەگۆڕدرێن ، یان هەندێ حیکایەت بەچەشنێک ماونەتەوە کەزۆرجار گومان دەکەین هیچ گۆڕانێکى بەسەردا هاتبێت . لەهەمووشى سەیرتر ئەوەیە زۆرێک لەم حیکایەتانە پاش نووسینەوەیان سیحرى یەکەمجارى خۆیان لەدەست دەدەن و رەنگە لەروانگەیەکى میتافۆرییەوە بمرن ، زۆرجار دەگەینە ئەوەى کەرەنگە ئەم حیکایەتانە خۆیان لەبنەڕەتەدا نووسرابێتن و ئێمە بەنووسینەوەیان نووسینى یەکەمجار و بنەڕەتى ئەوانمان تێکدابێت ، بۆیە لەخۆڕا نییە “دریدا ” بەشوێن نووسینى بەرایدا دەگەڕێت ، ئەو نووسینەى دەکەوێتە پێش نووسینەوە . هەست دەکەین زۆرێک لەو حیکایەتانەى کەماونەتەوە بەشێکن لە رۆحى راوییەکانى ، یان رۆحى حیکایەتەکان بوونەتە بەشێک لەرۆحى راوییەکان . حیکایەت و گێڕانەوە سیحرو تەلیسمى تایبەت بەخۆیان هەیە ، ئەتمۆسفێر و تۆپۆگرافیاى تایبەتیان هەیە ، هەمیشە ئەوانن نەک هەر زەمەن وەک ئێمە لێى حاڵیبووین تێپەڕدەکەن ، بەڵکو دەتوانن نەفی بکەن و بیسڕنەوە ، دەتوانن ئەوداڵى گەڕانمان بکەن ، خۆشییەکى بێ کۆتامان پێ ببەخشن ، تەنانەت لەگەڵمان بدوێن ، یان وامان لێبکەن لەگەڵیان بدوێین .
عەقاد ” دەرهێنەرى فیلمى” پەیام ” لەچاوپێکەوتنێکیدا باس لەوە دەکات چۆن لەدوا بەشى فیلمەکەیدا ، ئەو بەشەى کە پەیامبەر دوا وەسیەت و وتەى خۆى بەموسڵمانان رادەگەیەنێت ، نەیتوانیوە هەموو ئەو خەڵکە پێکەوە بخاتە گریان تا بەڕێکەوت لەیەکێک لەبازاڕەکاندا حیکایەتخوانێک دەبینێت کەبەتەواوى لەکاتى گێڕانەوەى حیکایەتەکانیدا گوێگران سەرسام دەکات و لەناخەوە دەیانهەژێنێت ، هەر بۆیە لەگەڵ ئەو حیکایەتخوانە رێک دەکەوێت لەرێى گێڕانەوەوە ئەو ژمارە زۆرەى ئەکتەران پێکەوە بخاتە گریان ، دیارە وەک لەفیلمەکەدا دیارە ئەو حیکایەتخوانە چ توانایەکى هەیە و بەبێ ئەویش هەرگیز ئەو بەشەى فیلمەکە هێندە تراژیدى نەدەبوو . لەکاتێکدا حیکایەتخوانى بێتواناو حیکایەتى ناشرین و بێپێز ، دەرفەتى مانەوەیان نییە و رەنگە نەشبووبێت و نەشبێت . بەڵام چیرۆکنووسى بێتوانا و چیرۆکى ناشرین و بێ پێز هەبوون و دەشبن ، لێرەوە زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە تەنانەت پێ بزانین یا نەزانین گەیشتووینەتە خاڵێکى زۆر کریتیک لە جیاوازى ئەو دوو دنیایە ، دنیایەک کەناچارى گوێگرتنت دەکات و دنیایەک ئەوەى دەیەوێت بیڵێت تێکستى نووسراوەو خوێنەر ئیختیارى خوێندنەوە یان نەخوێندنەوەى هەیە ، لە حیکایەتدا حیکایەتخوان بوونى هەیەو بەبێ ئەو حیکایەت چێژى خۆى لەدەست دەدات ، واتا ئەگەر کەسێکى بێتوانا لەهونەرى گێڕانەوەدا بیگێڕێتەوە حیکایەتەکە سیحرو تەلیسم و جوانییەکانى خۆى لەدەستدەدات ، کەچى لە چیرۆکدا خوێنەرە خۆى لەمیانەى خوێندنەوەوە چیرۆکەکە لەزەینیدا بەرجەستە دەکات و بەشێوەیەک لەشێوەکان نووسەر غائیبە و دەبێت غائیبیش بێت . رۆلان بارت ” دەق دەکاتە بنەماى سەرەکى لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەى ئەدەبى ، بیۆتیکا ” کارى بەوە نییە نووسەر مەبەستى چی بووە و بیرى لەچی کردۆتەوە . بارت ” لەکتێبى” پلەى سفرى نووسین ” دا ئاماژە بەنووسینەکانى هێمنگواى و ئەلبێر کامۆ دەدات لەو رووەوە کەهەوڵدانێکن بۆ نزیک بوونەوە لەنووسینى سپى یان نووسین لەپلەى سفردا ، چ وەک سادەیى و چ وەک نزیکردنەوەى نووسین لەبێلایەنى و خەفەبوون و خامۆشى ، بەڵام دیارە ئەمەش مەحاڵە چونکە خودى ئەو جۆرە نووسینانەش دەبێتە شێوازێکى نووسین ، ناشکرێت تەسەوورى نووسین لەدەرەوەى شێواز و فۆرمێکى تایبەتدا بکەین . روودانى کردەى نووسینیش لەکایەو مەودایەکى زەمەنیدا ئیشکالێکى ترە ، بەواتاى پەیوەست بوونى بەمێژوویەکى دیاریکراوەوە ، مێژوویەک کەخۆى جێگەى پرسیارە . فاسکیز ” دەڵێت : لەکاتێکدا ئەگەر پێوەندى نێوان چەشن و جۆرە جیاجاکانى کۆمۆنیتە یەک لەدواى یەکەکان لە رەهەندى زەمەندا ، لەپێوەندییەکانى گردکردنەوەو کەڵەکەبوون زیاتر نەبێت ، ئەوە هیچ جۆرە پێوەندییەکى راستەقینە لەنێوان ئەو کۆمۆنیتانەدا بوونى نامێنێت و لەگەڵ نەمانى ئەو پێوەندییانەش مێژوو بوونى نامێنێت . مێژوو ناشرینترین پانتاییەکە کەناچارین لەبارەیەوە بدوێین یان ئاماژەى پێبدەین ، گەرچى وەک خۆى بوونێکى سەربەخۆى نییە ئەوە ئێمەین دەستنیشانى دەکەین ، تەنانەت زۆرجار بۆى دەگرین ، شانازى پێوە دەکەین ، بیرى دەکەین و زۆر شتى تر . سەیرم لەو نوووسەرانە دێت مێژوو بەو چەشنە دەبینن کەهەیە ، واتە هەبوونێک کەلەدووتێى بەڵگەنامەو کتێب و دەستنووس و شوێنەوار و شتەکانى تردا ماوەتەوە ، پێم سەیرە کەسێک بەڕاستى پێى وابێت بۆ نموونە ” سەلاحەدینى ئەیوبى ” پیاوچاکە ، ئازایە ، قارەمانە و دەیان شتى تر ، بەڵام نەزانێت ئەم پیاوە دەرئەنجامى نەدانەوەى خاچێکى مەسیحییەکان کەموسڵمانەکان لەشەڕدا دەستیانکەوتبوو ، بووە مایەى سەربڕینى سێهەزار کەسى موسڵمان کەلاى مەسیحییەکان دەستبەسەربوون ، بەبێئەوەى هیچ باکى پێى هەبێت . بەلامەوە سەیرە کەسێک پێى وابێت سمکۆى شوکاک سەرکردەیەکى راستەقینەى بزوتنەوەى ناسیۆنالیستى کوردە ، وەک ئەوەى کتێبەکانى مێژوو بەئێمەى دەناسێنن ، بەڵام نەزانێت ئەم پیاوە شارێکى کوردنشینى وەک مەهابادى فەرهودکرد ، پێچەوانەى هەموو داب و نەریتێکى میواندارى ” مار شەمعون ” ى میوانى کوشت و چەندین نموونەى تر کەتەنها لەچەتە دەوەشێتەوە ، موزەیفى مێژوو یان زەیفى نووسینەوەى کتێبەکانى مێژوو لەرادەیەکدایە کە جێگەى پێکەنینە ، ئەگەر بڕوانینە هەندێک لەو کتێبە مێژووییانەى ئێستا لەقوتابخانەکانى هەرێمدا دەخوێندرێت ، دەستکاریکردن و هەڵگێڕانەوەى زۆر رووداوى نزیک دەبینیتەوە ، جا چجاى ئەو رووداوانەى کە ساڵانێکیان بەسەرداچووە ، ئەمە جگە لەوەى جیاواز لە کتێبەکانى مێژووى هەموو دنیا ، هەر کەسایەتى و زاتێکى سیاسى کەئاماژەى پێدراوە ، بەتایبەت میرەکان بەوەسفى ئازایەتى و مەردایەتى و پیاوچاکیان دەستى پێکردووە ، زۆر گەڕاوم لەیەکێک لەو کتێبە مێژووییانەى خۆماندا پیاوخراپێک ببینمەوە ، یان هەر هیچ نەبێت لایەنە نێگەتیفەکانیانم بکەوێتە بەرچاو ، بەڵام چنگم نەکەوت ، هەرچى میرو بەگ و ئاغا و شێخ و سەرۆک خێڵ و هۆز و تیرەمان هەبووە و هەیە هەمووى پیاوچاکبوون . جا ئەدەبێکیش کەلەمڕۆدا هەیە ، بەشێکى کەمی نەبێت ئەگینا زۆربەى نەیتوانیوە سنوورى ناشرینییەکانى مێژوو تێپەڕ بکات . بەڵکو هەر بەریتمى ئەو ناشرینییەو دووبارەکردنەوەى ئەوەى کەهەیە هەوڵى خۆسەپاندن دەدات . هەر بۆ نموونە رۆمانى بەفر ” ى ” ئۆرهان پامووک ” یەکێکە لەو رۆمانانەى کەتەجاوزى مێژووى سەردەستى پێناکرێت و ناتوانێت بەپێچەوانەى شەپۆلەکانەوە مەلەبکات و دەتوانین بڵێین توانى ببێتە یەکێک لەنووسینە ئەدەبییە ناشرینەکانى دنیا . بۆیە لەخۆڕا نییە نووسەرانى وەک کافکا و بۆرخیس ، هەموو ئەوەى کەپێشتر هەیەو زانراوە لاى ئەوان تووشى وەرچەرخان دەبێت دەگۆڕدرێت ، سەبارەت بە ناجێگیرى شوێن وکات ، مێژوو ، زەمەن و تەوزیفکردنى لەنووسیندا دەتوانین لە چیرۆکەکانى بۆرخیس – دا بەروونى بیبینینەوە . رەنگە بۆ ناسینى چیرۆک پێویست بێت پاش ” ئێدگەر ئالن پۆ ” بگەڕێینەوە بۆ لاى بۆرخیس ، ئەوکات زۆر شتمان بۆ کەشف دەبێت ، بەو پێیەى تەکنیکێکى لوغزئامێز و گرێچنێکى دووبارە بۆوەى ناکۆتا بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانى سەرسامى بەرانبەر بە بوون و زیندەگى ، جدییەتى ئەو نووسەرە لەنێوەندى ناماقووڵى و نالۆژیکى شتەکاندا هەوڵدانێکە بۆ رامکردنى ئاستەم ، یان سەلماندنى ئاستەم ، سەیرە نووسین ببێتە هەوڵێک بۆ سەلماندنى مەحاڵ و ئاستەم ، بگرە شتێکى جوانیشە بەتایبەت ئەگەر خۆت بدەیت لەئەرگۆمێنتە جەوهەرییەکانى ئیشکالییەتى سروشتى جیهان و مەعریفەو زەمەن و خود و زۆر شتی تریش . دەتوانین بڵێین هەموو ژانرە ئەدەبییەکان بەدەر لەماهییەت و پێناسە و پێودانگە تەقلیدییەکان ، بۆ خۆیان پرسیارن ، بۆ دەبێت هەبن ، یان تا کەى دەبن و دەگەنە کوێ . ئاخۆ دەکرێت پۆلێنبکرێن و جیابکرێنەوە ، یان ئەگەر لەروانگەیەکى لاکان – ییەوە تێیى بڕوانین ئاخۆ داواکاریین ، دیارە نەک وەک تێرکردنى هەندێک پێداویستى ، بەڵکو وەک هێماکردنێک بۆ چەشنێک لەئامادەبوون و ئامادەنەبوون ، ئەگەر نەڵێین لەبنەڕەتدا ” بانگکردنى ئەویترە ” ەو گەڕانە بەشوێن خۆشەویستیدا ، یان تۆ بڵێى بتوانین بڵێین نوسین حەزە ، دیارە وەک هیگڵیش سەبارەت بەحەز دەڵێت : حەز حەزێکە لەحەزى یەکێکى دیکە ، بەماناى حەزکردن لەدانپێدانانى کەسێکى دیکە . یان ئەمانە هیچیان نین و شتێکى ترە ، هەر بۆ نموونە وەک لاى ” سارتر ” بۆ دەربڕینى قێزەو لاى ” کامۆ ” هیچى و لاى ” بیکیت ” بێهووددەیى .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت