وریا باقر : ڕوانینێک لەگەڵ هەتا چاو بڕبکات تاریکى ـی فەرهاد مستەفا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کچە شیرینەکەم هەمیشە حەزى بە ژنەڤتنى ئەو چیرۆکە کورتانەیە کە لە گێڕانەوەیەکى خێرادا خۆیان دەدەن بەدەستەوە . بە خواستى ئەو بێت ، دەبێت لە گێڕانەوە ڕانەوەستم : بابەچیرۆک !.
ئەرێ بەڕاست سحرى چیرۆک لە چیدایە کە دەتوانێت خۆى لە ژانرەکانى دی جیا بکاتەوە ؟. ئەفسوونى چ شێواز و کام گێڕانەوەیەیە وەرگر دەخاتە ژێر کەوێڵى خۆیەوە و نەهێڵێت دەستبەردارى بێت ؟. دەکرێت بڵێین خاڵى جەوهەریی چیرۆک و ڕۆمان ئەوەیە کە ئەوکارەکتەرانەى دەردەکەون لەناو ڕۆماندا زۆرجیاوازن لەوەى لە چیرۆکدا ئامادەییان هەیە ، وەکچۆن بونیادى ( کات و شوێن ) یش بە هەمان جۆر ڕیتمێکى جوداى هەیە. ئەز ، چون خوێنەرێک هەمیشەچیرۆکەکانى شێرزاد حەسەنم بیرناچێتەوە ، هێشتا لە ڕووکارى زەینمدا یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانى ناو کۆمەڵەچیرۆکى ( گوڵى ڕەش ) کە باسى ئەو کۆمەڵە گەنجە دەکات کە لەگۆمەکەدا مەلەدەکەن یەکێک لەگەنجەکان دەڵێت : ( بەلهاریزیا چى حیزێکە ، تائێمەنەخۆش بخات ) هەر ماوە . دەکرێت بڵێین خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانى ڕۆمانى نوێ ، بەجۆرێک لە جۆرەکان کارکردن بێت لەسەرتێکشکانى ( کات و شوێن ) بەنمونە دەکرێت ڕۆمانەکانى ( بەختیار عەلى و یوسف عیزەدی ن) لەبەرچاو بگرین . چیرۆک سەرنج ڕاکێشترە ، بەڵام ڕۆمان قوڵترو فرە ڕەهەندە ، فراوانتر کار لەسەر خەیاڵ و ئەندێشەدەکات . دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کەچیرۆک لە ئەندێشەو خەیاڵ ، خاڵى بێت . بۆ سەلماندن و دروستى ئەم ڕوانینە هەڵوێستەیەک لەسەر بەرهەمێکى نوێى ( فەرهاد مستەفا ) ئەکەین ، نزیکەى (70) چیرۆکى کورتە ولە دوو توێى 124 لاپەڕەدایە . کە ماوەیەک لەمەوبەر بەناوى ( هەتاچاو بڕبکات تاریکى ) کە لە لایەن ناوەندى هونەرى ئەندێشە وە بڵاوکرایەوە .
لاى خۆمەوە لەگەلڕ خوێندنەوەى چیرۆکە خێراکانى فەرهادمستەفا و بەرکەوتنمان لەگەلڕ ئەو هەموو کایە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و فەرهەنگییەوە کەخراونەتە ڕوو و بروسکەیی تێدەپەڕن ، خەسڵەت و ئاراستەکردنە ڕەخنەییەکانى ( محمد ماغوت ) م بیرکەوتەوە. زیادەڕۆیی نابێت بڵێین ئەو ئاسا بەئاشکرا هاوار دەکات و بەشمەینەتى ئەو ژیانەمان بە ڕوودا دەداتەوە لەچى سەردەمێکى قات و قڕى ویژداندا دەژین ، ژیان چەند بێماناکراوە. دەسەڵات و یاساوڵەکانى ، چلۆن ژیان و هەناسەیان لێ قۆرخ کردووین
لێکچونى ( فەرهادمستەفا ) و ( محمد ماغوت ) لەشێوەى کارکردنیاندا نییە ، بەڵکو لەشێوەى دەربڕینیاندایە هەردووکیان بەیەک ستایل دەنوسن هەردووکیان یاخین لەناعەدالەتى و بێویژدانى ، هەرچەندە یەکیان چیرۆکنوس و ئەوى تریان شاعیرە بەڵام لە واتاوەزۆرنزیکن لەیەکەوە ، دەڵێن ئەگەرکەسێک شاعیربێت هەمیشە چیرۆک وڕۆمان دەخوێنێتەوە ، بەڵام کەسێک چیرۆکنوس یان ڕۆماننوس بێت هەمیشە شعر دەخوێنێتەوە ، هەرچەندە فەرهادمستەفا چیرۆکەکانى ڕیتمى شعرییان هەیە و ئاوازى شعرى خەسڵەتێکى ئاشکراى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەیە .
لە خوێندنەوەى چیرۆکەکانى ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ، هەستدەکەین سەرجەم چیرۆکەکانى لەچەند دەستەواژەیەکى گرێیاوى پێکهاتووە ، کەهەر ڕستەیەکى گرێ وابەستەى ڕستەیەکى ترى گرێى دواى خۆیەتى لەهەندێک حاڵەتدا ( بکەر ) جۆراو جۆرە کە نایناسیتەوە بەهەمان شێوە یەکێتى ( فەرمان ) یان زۆرى ( فەرمان ) هەیە کەئەمەش شێوازێکى تایبەتى فەرهاد مستەفایە . بەمانایەکى دى کۆى ئەم چیرۆکانە کارکردنە لەسەر دەسەڵات، دژوارى ژیان ، دابەشبوونێکى ناڕەوایی پێگەکان .
خاڵێکى سەرنجڕاکێشێکى دیکە هاتنە ناوە و خستنە ڕووى کارەکتەرى ئاژەڵى و ئاخاوتنى ئاژەڵەکانە . هەڵبەت ئەم تەرزەش مێژوویەکى دوورى هەیە و لاى گەلێک نووسەر بەکار هاتووە . زۆر جار هەڵبژاردنى ئەو کارەکتەرانە بە خاترى دەمامک و ڕیتمێکى ڕەمزى خراوەتە ڕوو. لە لاى فەرهاد پشیلە ئامادەیی هەیە . هەڵبەت پشیلە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا نە خزاوەتە خانەى گڵاوى و خۆلێ بەدوورگرتنەوەوە ، نە ئەوەندەش پایەى مەزنە بە خەمى میاوە میاوەکەیەوە بێین. هەر وەک بڵێین نە ئاشنایە و نە ئەغیار .
خاڵێکى دیکە کە هەڵوێستەى دەوێت و دەکرێت ڕەش بینى فەرهادى پێبناسینەوە ( مردن ) ە ، مردن بەهەمو جۆرەکانییەوە مردن هەموشتێکى لا تاریک کردووە. تەنانەت ناونیشانى کتێبەکەى ( هەتا چابڕبکات تاریکى ) هەڵگرتووە . کتومت غەمگینیەکەى محەمد ماغوت : ( هەمیشە تامردن لەگەڵ هەمووکێشە دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە) .
پێشتر لێدوانێکى کورتى فەرهادم بینیبوو کە ئاماژەى بەوەدابوو چیرۆکەکورتەکانى هاوشێوەى فۆتۆیەک ( گرتەیەک ) بێت ، ئەمەش هەمان قسەى شاعیر محمد ماغۆتە کەدەڵێت ( شعرەکانى منیش وێنەییە ) وەک خۆى دەڵێت : ( گسک لێدەر هێزى لەدەستدایە، کوێر هێزى لەبیستندایە ، منیش هێزم بریتییە لە وێنە ) *، نوسەرى چیرۆکەکە بۆ هەریەکێک لەو چیرۆکانە بەزوومى کامێرەکانى نووسین چیرۆکەکانى بەرهەم هێناوە ، منیش وام بەپێویست زانى هەڵوێستە لەسەر چەند چیرۆکێکى بکەین .

خۆم لەسەفەرێکى بازنەیدا
کورتەى ئەم چیرۆکە ( ئیغتراب ) ە . نامۆ بوونى مرۆڤ بە خودى خۆى . بە مانایەک لە لای فەرهاد دەگاتە لوتکە . هەربۆیە ئەندامەکانى جەستەى دەیانەوێت لێى جیاببنەوە و لەدەستى هەڵبێن .
گوێچکەم هاوارى کرد : لێمبکەرەوە
دەستم : بمپەڕێنە
چاوم : دەرم بێنە
قاچم : بمقرتێنە
بەخۆمم وت : “جێم بێڵە” ل2
زمانەقرتاوەکان
لەم چیرۆکەدا فەرهاد پێمان دەڵێت .. ئەوە کوشتن و کوشتارە بە پشتاوپشت پێمان دەگات . لێمان دەپرسێت ئەرێ مێژووى دەسەڵاتدارەکان هەمان مێژووى ئازاردانە و تەنیا شێوازى ئەشکەنجەیان جودایە ؟. دەسەڵات بە تەنیا ژیانى مرۆڤەکان قۆرخ ناکات . مێژووش بە ئارەزووى ئەوان دەنووسرێتەوە . ئەو پێمان دەڵێت .. مێژووەکان درۆمان لەگەلڕ دەکەن و نایانەوێت ناوى ئەوانە بنووسرێنەوە کە لە ئاستى زەبر وزەنگەکاندا بڕوایان بەوە هەیە ئیکسیرێک بدۆزنەوە تا خەڵک بە ئاگاه بهێننەوە ، تا ئەو پرسیارانە دروست بکەن .. ئەم ئەشکەنجەدانە بۆ ؟.
چەند کۆمێتێک بەدیوارى زیندانەوە
ئەم چیرۆکە بێ دەرەتانى و دەستەپاچەیی کۆمەڵێک کارەکتەرى نەناسراومان پێ ئاشنا ئەکات . کۆدى ئەم چیرۆکە ناونیشانەکەیەتى . فەرهاد پێمان ناڵێت : زیندانییەکان کێن ! بۆچى زیندان کراون ؟ چەندێ لە زیندان دان !. ئەو پێمان دەڵێت گەر مرۆڤەکان وەک زیندانییەک لە کایەى ژیان ڕۆلڕ دەبینن ، زیندانى کراو ، چەند بارە زیاتر لە ژیان مەحرومن . بێجا نییە کە یەکێک لەکۆمێنتەکانى زیندانییەکاندا بڵێت : ( لەهیچم کەم نییە ………. جگەلەژیان) ل5 . لە هەمان چیرۆکدا دەڵێتەوە : ( من گلێنەم ناتوانێت ڕێ بکات ) . کەواتە مرۆڤى ئێمەژیانى دەوێت بەمانافراوانەکەى نەک بەماناى مردن و ژیان ، چونکە ئەوە پێویستى خوداوەندە . وەک محمد ماغوت دەڵێت ( مردن دۆڕاندنەگەورەکەنییە ، دۆڕاندنەگەورەکە بریتییە لەوەى لەناوماندادەمرێت ، کەچى هێشتاخۆمان زیندووین ) ل140.
ساڵیادى خەونەکانى ئیمپراتۆر
محمد ماغوت دەڵێت ( ئەى بەرگدوورەکان ، کفنێکى پانو پۆڕم دەوێت بۆخەونەکانم ).
لێ .. لە کن فەرهاد ، ئیمپراتۆر لە خەون دەترسێت .. نەک لە خەونى هاوڵاتییەکانى لە خەونى خودى خۆیشى . ئاخر شەوێک لە خەونیدا دەبێتە زیندانێکى مەملەکەتەکەى خۆى . ئەو لە خەونەکەیدا هێشتا ئازار نەدراوە ، بە تەنێ ڕووبەڕووى ژوورێک کراوەتەوە. ئەو دەبێت چارەیەک بدۆزێتەوە . بە تەنیا خۆى فریاى بکوژى و کوشتار ناکەوێت . ئەو کۆمەک بە پیاوەکانى دەکات، تا بە هانایەوە بێن و بەشداربن ( پزیشکى ئەفسوناوى دڵنیابوونى دووپات کردەوە دروست ، لە31 ى مانگەوە خەونى نەبینیی …… لەباتى خۆى وەزیرى ناخۆ تەماشاى دەکرد ، پێشتر بەشێک بوو لەوەزارەتى چەنگ لەجێگەى ئەو دەیژەنەڤت . بڕیاردرا خەون یاساخە ، هیچ کەس بۆى نییە خەون ببینێت ، سەرپێچى کەریش بەسزاى ڕەواى خۆى دەگەیەنرێت )ل10.
جەنگ
(جەنگ هات ، بەتەنیا سەرۆک لەناو وێنەکەیدا پێدەکەنى ) ل11. کورترین چیرۆکى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەى فەرهادە . هەمووان بەدەست ماڵ وێرانییەوە دەناڵێنیین ، کەچى سەرۆک پێدەکەنێ . ئەوەى لە جەنگ دا دەبێتە قوربانى ، تەواوى جڤاتە نەک سەرۆک و هاوماڵەکانى !.
چەند مەسجێک بۆ فریشتەى ڕاپۆرت نوس
کێ بیرى لەوە کردۆتەوە جارێک لە جاران بیەوێت قسە لەگەڵ فریشتەکانى سەرشانى بکات . ئەوە ئێمەین هەر لە منداڵییەوە گۆشکراوین دوو فریشتە لە سەرشانمانە و تەواوى ڕەوتار و باس و خواسەکانمان ڕیکۆرد دەکەن . کارەکتەرى ئەم چیرۆکە لە لوتکەى نائومێدى دایە و دەیەوێت لە ڕێگەى ئەو ڕاپۆڕتانەى ڕۆژانە لە سەرى تۆمارکراون ، چەند بیرەوەرییەکى بیربکەوێتەوە کە خۆى فەرامۆشى کردوون یان ناچیزەیی ڕۆژگار لە بیرى بردوونەتەوە ( بەر لە خانەنشینبوونت ….
دەخوازم دۆسیەکەم نیشان بدەیت
کێ ناڵێت بیرەوەرییەک نادۆزمەوە
پەژارەیم بسڕێتەوە ؟ل12.

پیتەمرۆڤ
فەرهادى چیرۆکنووس پێمان دەڵێت .. دەسەڵاتدار و سەرۆکەکان توانا ڕوحى و ئەندێشەى مرۆڤەکانیش بە موڵکى خۆیان دەزانن . لە هێنانە ئاراى فەرمانڕەوایەکى ستەمکارى وەک کوڕى موعتەسیم بیللا .. کە ئەو دەم شعر قودسیەتى هەبووە و خەلیفەکان نەیانتوانیوە لە عۆیە بێن و درهەم و دەسەڵاتى نەیتوانیوە شعرى پێببەخشێت .. دێت بۆ بێ بایەخى و شکاندنى شکۆى شعر پەنا بە تاوانێک دەبات کە بە گەمەیەکى داداى دەچوێنێت . فەرمانى داوە کەتەواوى کۆیلەو دیلەکانى لەگۆڕەپەناکەدا بۆ کۆبکەنەوە پاشان فەرمانى دا ( ئەو پێنجەیان یان ئەو چوارەیان یان ئەوسێیەیان بخەن پاڵیەکتر . ئەگەر وشەیەکى واتاداریان پێک بهێنایە وەک وشەى یەکەم ڕادەوستێنرێت ، خۆئەگەر پیتەمرۆڤێکیش زیادبووایە ، فەرمانى دەدا ئەو پیتە بسڕنەوە ، ڕاستتر لەملى بدەن باشتر وششەکان بخزێننە پاڵیەکتر ) ل14_ 15. مرۆڤ کەئەم دیمەنانە دەبیستى ئەوساتێدەگات ڕێزگرتن لە مرۆڤ و بایەخى خوێنى مرۆڤ چەندە هیچ و کەم بایەخە . مرۆڤ گەر گەمژەنەبێت زۆر بە ئاسانى لە بەهاى خوێنى خۆى تێدەگات ، بونى مافى مرۆڤ چەندە پێکەناوییە کەبانگەشەى بۆدەکرێت لەزۆربەى شوێنەکانى دنیا .
چیرۆکى من و مریم
چیرۆکنووس لەم چیرۆکەدا باسى ئەو پەیوەندیانە دەکات کە بە تەنێ شەهوەت کۆیان دەکاتەوە . ئەو پێمان دەڵێت کە پەیوەندییەکان خاڵى بوون لە خۆشەویستى و لەسەر بنەماى تەگە و بەرانى ڕوویدا . چ زوو چ درەنگ دەبێت لایەکیان پایدۆسى لێبکات .
مریەم .. بەپێخاوسى دەڕوات
وەختایەک بنى قاچى نەرم وەک باڵى پەپولە
نینۆکى پەنجەکانى پڕ لە تریفەى ئەستێرە .
مانگ لەجەستەیدا خۆى حەشاردابوو.ل16
ڤیزا بەمۆرى ماچ
چەندێ ئەستەمە هەنگاونان و سەفەرکردنت سنووردار بێت . ئەوان بیرت دەخەنەوە لە هەموو جێگەیەکدا، ئێمە ئامادەیمان هەیە. ئێمە گوێمان بۆ دیوارەکان دروستکردووە . چەند بێتامە کە شۆفێر جاسوس و جەللادى سەرنشینەکان بێت ، وەک فەرهاد بۆى وێناکردووین . دواتریش تا کۆیلەییت بسەلمێنیت ( دەبێت ماوەیەکى زۆرلەو نۆبەدرێژەداچاوەڕێ بکەیت . تادەگەیتەنابەردەمى وینەى ناو شوشەبەندەکە ، دادەبەزێت لەئاستى وێنەکە هێدەدەچەمیتەوە تالێوەکانت دەگاتە ئاستى پێڵاوە بریقەدارەکانى .. ئەگەر ماچێکى شووشەبەندى ڕوکارى شووشەبەندەکەبکەیت ، بێ شک ژەندرمەکە دەنگى ماچەکەت دەژنەفى (دەبیستى ) زومى چاودێرى کردنەکەش دڵسۆزیو گوێرایەڵیت دەسەلمێنى )ل19.

گرتەیەک لەفیلمى دووبارە ژیان
فەرهاد لەم چیرۆکەدا پێمان ئەڵێت.. سەرۆکەکان ئێمە دروستمانکردن . ئێمە وەک خوداوەند لێیان دەڕوانین. کێ ناڵێت سەرۆک کەسێکى ترسنۆک نییە ؟! ئەوە نییە لە سەر جۆگەلەیەک تواناى پەڕینەوەى نییە ؟ ئەوە گەمژەکانە نەک دەبنە بەردەبازى پەڕینەوەى . بەڵکە شانازى بە بەردبوونى خۆیانەوە دەکەن . ( لەپێشى پێشەوە ڕێ دەکات کەمێک بەلاى ڕاستدا دەلەنگێ ئێمە لەدوایەوە بەلاى ڕاستدا دەلەنگێین ، چەند لێپرسراوێکمان هێندە لار دەبنەوە تائەوەى بەتەنیشتیدا دەکەون )ل36.
کەنیزەیەک لەماڵى میر
گەمەیەکى جوانە لەگەڵ وشەدا . چونکە (با) دەنگى هەیە نەک ڕەنگ ، فەرهاد بەدبەختى کەنیزەیەکمان بۆ دەگێڕێتەوە . ڕووت و قوتە . هیچى لەبەردانییە. ئەو چاوەڕوانە ئاخۆ جەنابى میر کەوتۆتە خرۆش و ئاڵهاى سێکسى. کەنیزەکان ئامێرێکن بۆ بەتاڵکردنەوەى میرەکان . کاتێکیش دەبێت ئەو ئامێرە ببزوێت کە جەنابى خاوەن شکۆ ئەو مەیلەى هەبێت :
( کراسێکم لەبەردایە لەڕەنگى با.
پێى دەڵێم ” خاوەن شکۆدەتوانم بێمەژوورەوە ؟” )ل37.
باوکە
ئەم چیرۆکە تێکەڵەیەکە لەبڕێک دەستەواژە و چەمک کەهەمویان لە مۆتیڤى ( باوک ) دا کۆدەبێتەوە . ئەگەر ئەم کۆمەڵە دەستەواژەیە بخەنە بەردەستى تۆ ( پشیلە ، ئۆتۆمبێل ، مردن ، جنێودان ، مێش ، چاو چنۆک ، ژنێکى عەبابەسەر ، حەپەسان ) دەتوانى چ گێڕانەوەیەکى هونەرى لێ دروست بکەى ؟ .
بەڵى جرج بەخێو ناکرێت
کورتەى ئەم چیرۆکە باسى بوونە برغویەکە لە ناو ئامێرە گەورەکەى دەسەڵات . هێندە برغووەکە جێگەى شایستەى هەیە کە بتوانێت کارەکانى خۆى بە ئەنجام بدات . ئەوەى دەبێتە ڕێنومایکەرى برغووى تازە کە بەهەڵەدا چوون یان وەک فەرهاد دەڵێت .. گەوجانە سۆزى مرۆڤبوونى زیندوو بووەوە، ئەوە سەرى بە فەتارەت دەدات. دەسەڵات خۆى لە ناوى دەبات و ڕەحمى بۆى نییە .
کچێک لەفرمێسک
بەهەمان شێوە ئەم چیرۆکەش لە وێناى کچێکى زیندانکراوەوە پێمان ئەڵێت .. لە لاى دەسەڵاتى دیکتاتۆرى گرنگ نییە تۆ چیت و بایەخى تۆ چەندە. گرنگ ئەو وێناکردنەیەیە کە دەسەڵات بەرانبەر تۆ هەیەتى و بە چ چاوێک لێت دەڕوانێت . تۆ ئەبێت باجى ئەوە بدەیت کە ڕاستبوونى ڕوانینى ئەو دەربکەوێت .

پیاسەى نێو چڵپاو

کارەکتەرى ئەم چیرۆکە کەسێکى پەراوێز خراو و کوشتەى خەیاڵ و وەهمى دۆنکیشۆتانەیە ( داواى پاڵتۆکە لەدایکم بکەم ، دایکە ساڵانێکە بەجێى هێڵاوم … دواى باوکم ) ل47 . ئەو لە گەرماى مانگى هاویندا ڕۆژەکانى تەمەنى لە لا دەبێتە زستان و بەجۆرێک هەست دەکات کتێبەکانیشى سەرمایانە . بە فەنتازیابوونى ئەم چیرۆکە هەر ئەوەندە نییە دیستۆیڤسکى بڵێت ئێمە لە گیرفانى پاڵتۆکەى گۆگۆڵەوە سەرمان دەرهێناوە . ئەو داواى لێدەکات خۆى پێگەرم بکاتەوە. ئەو کە بە خەیاڵێکى زستانیانەوە دێتە دەرێ، هوهاى لێدەکەن . ئەوان پرسیان بۆ مەینەتییەکانى نییە ، تەنانەت خۆشەویسترین هاوەڵى نایەوێت وەک هاوڕێى شێتێک لە قەڵەم بدرێت . دەخوازێت چى زووترە بگاتە ماڵەوە .
گەمەیەکى پووچ
کەواتە ژیان گەمەیەکە هەردەبێت ڕۆژێک مرۆڤەکان بکەونە خوارەوە درەنگ و زووى کەوتووە ، محمد ماغوت دەڵێت ( هەمیشە تامردن لەگەڵ کێشە دۆڕاوەکانماندا دەمێنمەوە ) فەرهادیش دەڵێت : ( لەهەرلایەکەوە مرۆڤ بکەوێتەخوارەوە بەرلە خاوەنگازینۆکە هاواردەکەین دۆڕایت . چەندکەسى دى دۆڕان) ل49.
ئێوارەیەک لەجەنگ
دیسانەوە لەم چیرۆکەشدا فەرهاد پێمان ئەڵێتەوە کە جەنگ هات ، ئێمە ئەبینەوە بە پشیلەکان و لە تەنەکە خۆڵى دەسەڵاتدارەکان دا تروسکەى ئومێد و تێربوون دەبینین . تەنانەت دەگەینە ئەو سنوورەى جێگە بە پشیلەکان لێژ بکەین و کاتێکیش پشیلەکان لە ئێمەیان تێپەڕاند ، لەباتى ئەوەى ئێخەى هەڵگیرسێنەرى جەنگەکان بگرین ، قسە و زوخاومان ئاراستەى ئەوانە دەکەین لە خۆمان دەستەپاچەترن .

مردووى بێگۆڕ
هەندیکجار نوسین و قسەکردن لەناوت دەبەن ئەگەر ئەونوسینە لەسەر حەق ودەرخستنى ڕاستى بێت نەک هەردەکوژرێت بەڵکو گۆڕەکەشت دیارنییە لەکوێیە وەک ( کتێبى مرۆڤ کوژ ) . محمد ماغوتیش دەڵێت : بۆئەوەى شاعیرێکى مەزن بیت ، دەبێ ڕاستگۆبیت ، بۆئەوەى ڕاستگۆبیت ، دەبێ ئازادبیت . بۆئەوەى ئازادبیت ، دەبێ بژیت . بۆئەوەى بژیت ، دەبێ بێدەنگ بیت .

شەوێک لەخزمەت فەرماندەى مەزندا
فەرماندەى مەزن لەقومارێکى سەیردا بەشەوێک دووشار و شارۆچکەیەک و پەنجاگوندى دۆڕان ، کەچى پاسەوانەکانى چواردەورى لەباتى کوشتنى فەرماندەکەیان ، خیانەتیان لەنیشتیمانکردو هەمویان وتیان ( پایەدار ، تۆبمێنیت ، وڵات دروست دەبێتەوە ) ل114 .
بەبڕواى من فەرهاد مستەفاو محمد ماغوت لەم چیرۆکەدا بەتەواوى لەیەک نزیک دەبنەوە ، ئەمە ڕێک ئەو دەمەیە کە محمد ماغوت بە حەسرەتەوە دەڵێت : خیانەت لەنیشتمانەکەم دەکەم .

هەتا چاوبڕکات تاریکى
بۆئەوەى قەدرى ڕوناکى بگرى دەبێت بەتاریکییەکى سەختدا تێپەڕى ، نەک لەبەر ئەوەى بەڕوناکى ڕازى بیت بەڵکو لەبەر ئەوەى بزانیت چۆن مامەڵەى لەگەڵدابکەیت . هەرچەندە کتێبەکەى دەستت سپى بێت بەڵام ناتوانى لەتارکیدا بیخوێنیتەوە . ناونیشانى ئەم چیرۆکە بۆتە ناونیشانى کتێبەکەى ( هەتا چاو بڕبکات تاریکى ) لەتاریکیدا هەندێک شت هەیە نرخ و بەهاى خۆى هەیە . بوونى تاریکى سەلمێنەرى ڕووناکییە ، بەڵام پێدەچێت نوسەرى ئەم کتێبە بەومانایە هێنابێتى کە ژیانى ئێستەى مرۆڤەکان یان ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى کورد جێگەى دڵخۆشى نییە ، بەیەکداهاتنى قەیرانەکان و ئاڵوزکردنى ژیانى ڕۆژانەى تاک لەکوردستان واتلێدەکات یەک مەتر پێش خۆت نەبینیت ، نەزانیت ئایندەى ئەم هەرێمە بەرەو کوێ دەڕوات . بۆیە منیش دەیڵێمەوە : ( هەتاچاوبڕبکات تاریکى ) .

**********************
1- ( هەتاچاوبڕکات تاریکى ) ى فەرهادمستەفا ، چاپخانەى تاران ، چاپى یەکەم 2015، ناوەندى هونەرى ئەندێشە .
2- محمد ماغوت پیاوێک لەشعرو یاخیبوون ، وەرگێڕانى هەورامان وریاقانع ، چاپخانەى سەردەم ، چاپى یەکەم 2015، دەزگاى سەردەم .
* تێبینى/ ئەم نوسینەم پێشکەشى ڕۆحى شەهیدى شاریک (بڕیار حسن) کردووەلە سەیدسادق، دووساڵ بەسەر شەهید بونیدا دەڕوات و تائیستاش هیچ لەگۆڕنییە.تەنهابڕیار نەبێت بۆخۆى خەوتووە بەئەسپاى.چونکە نزیکییەک هەست پێدەکەم لە ناوەڕکى ئەم کتێبەو جۆرى شەهیدبوونى کاکە بڕیاڕ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت