نەبەز گۆران : نان و قسە .
ئەوە هیچ بیركردنەوەییەكی دروست نیە ، نانی خەڵك بكەیت بە دوو لەتەوە و ، سكیان بگوشیت و بێیت قسە بكەیت و ناوی بنێیت چارەسەریی سەرتایی ! ناكرێت لەسەر گوشینی ژیانی خەڵك ، چارەسەری شكستەكانی حوكومەتێكی شكستخواردوو بكرێت .
هێشتا بۆ هیچ كام لە لیژنەكانی چاودێری ، رووننیە ، داهاتی ناوخۆ چەندە ، بۆشیان رووننیە داهاتی سنوورەكان و ، داهاتی نەوت چەندە . هەرچی لە میدیاكانەوە دەیبیستن ، لەلایەن هەركەسێكەوە بێت ، جگە لە ژمارە ریزكردن و جگە لە دەرخستنی تنۆكێك لە مەركانەیەكی پردا ، هیچی دیكە نیە .
ئەو گەلە كۆمپانیایەی حیزب و ، پیاوانی حیزبە هەیانە ، نە باجیان لەسەرەو ، نە كەسیش دەتوانێت لە داهاتەكانیان بپرسێتەوە . سەرباری ئەوە، كۆمەڵێك نازانم ناویان بینێن چی؟! ( توتی ، پیسخۆر ، بنكڕخۆر ، دەنگی ناشاز ، ژینگە پیسكەر و … هتد .) سەرقاڵی ئەوەن شەوانە بە روخسارە ناشیرینەكانیانەوە ، لە میدیاكاندا خۆیانبكەن بە ناو ماڵەكاندا و ، باسی خۆ بەرێوەبردن و پلانی حوكومەت و ئەو جۆرە رستانە بكەن ، كە ژینگە پیس دەكەن .
ئەگەر پلانی حوكومەت ، شاردنەوەی داهاتی باڵادەستەكان و حیزب بێت و ، بێت لە پشت ئەوەوە بە لەتكردنی نانی خەڵك خۆی بەرێوەببات ، لەگەڵ ناو هێنانی ئەم حوكومەتە ، دەبێت چاوەرێی ئەوەش بكەین نەفرەتێك لەلایەن خەڵكەوە ببیستین .
ناراسترین قسە ئەوەیە ، حوكومەت بێت بە هاوڵاتییەكانی خۆی بڵێت : دان بەخۆتاندا بگرن ، ئەو پارەیەی لای ئێمەیە پاشەكەوتە .
ئەمە واتای ئەوەیە بڵێیت : خەڵكە بەرێزەكە ، ئەوەی بردومانە لێیگەرێن . ئەوەشی لەمەولا دەیبەین هەر لێیگەرێن . پێویستە ئێوە ئەوە بزانن ، ئێمە بەشی خۆمان بردوە و دەیشیبەین ، لەمەولاش لە بەشەكەی ئێوە لە تێك لە نانەكە دەبەین ! تكایە دان بەخۆتاندا بگرن !
ئەمانە ئەو جۆرە بیركردنەوە جەهەنەمیانەن ، چەشنی یاریكردنێك بە ژیانی خەڵك ، لە زمانی ئەوانەوە دەدرێن بەگوێی خەڵكدا ، كە قسەكانیان و خۆیان ، وەك نەخۆشییەك بوونەتە بیماری بۆ ئەم هەرێمە .
( فیلمێك هەیە ناوی : ( پیانۆ ژەن ) . ئەم فیلمە لەسەر هۆڵۆكۆستە . ئەوكاتەی خێزانە جولەكەكان كۆدەكرێنەوە ، پێش ئەوەی بیان نێرن بۆ كەمپ بۆ لەناوچوون . دەیانبەنە ناو گەرەكێكی داخراوی گەمارۆ دراوەوە . لەو گەرەكەدا بۆیان نیە بچنە دەرەوە و كەسیش بۆی نیە نانیان بۆ بهێنێت . ئیدی برسیەتی دەست پێدەكات . خێزانی كورە پیانۆژەنەكە دەست دەكەن بە ئیشكردن تا نانێك پەیدابكەن . براكەی كتێب هیچ نازانێت ناچار كتێب دەفرۆشێت .
رۆژێك دەچێت بۆلای لێی دەپرسێت : چەند كتێبت فرۆشتووە ؟
براكەشی دەڵێت : یەك دانە !
لێی دەپرسێتەوە بۆچی ؟
براكەی دەڵێت : ئاخر خەڵك برسیەتی ، نانی دەوێت ، دیستۆفسكی ناوێت .
ئەم دیمەنە ، لە دیمەنی ئێستا دەچێت ، بەڵام بە فۆرم و دونیابینیەكی ترەوە . خەڵك ئێستا نانی دەوێت ، كەچی لێرە لەبری دۆزێنەوەی نان بۆ خەڵك ، لە نانەكەی خۆشی لەتێكی لێدەخۆن و قسەی بۆ دەكەن! قسە شوێنی نانی گرتووەتەوە !
ئەگەر ئەم كوردی باشورە ، لەبری ئەو هەموو قسەیەی دەیكات ، كەمێك بیری بكردایەتەوە ، هەڵبەتە چارەنووسێكی دیكەی هەبوو . لەم هەرێمەدا هیچ شتێك هێندەی قسە زۆرنیە . نازانم چ تاقەتێكیان هەیە كە دەتوانن ئەو هەموو قسەیە بكەن !
ئەوە سەردەمانی پێشتر ، كاتی ( ئاغاو دەرەبەگ ) ـەكان . كاتێك ئاغاكان دەیانزانی دیوەخانەكەیان خۆراكی كەمی تیاماوە ، باجەكەیان لەسەر جوتیارەكان زۆرتر دەكرد . گەرمی دیوەخانەكان بە رەنجی سەرشانی جوتیارەكان بوو . كەچی جوتیارەكان لەبری ئەوەی بیربكەنەوە ، ئەو رەنج و مەینەتیە لەسەر خۆیان كەم بكەنەوە ، كە لەلایەن ئاغاكانەوە درابوو بەسەریاندا ، باسی ئەوەیاندەكرد ، جەنابی ئاغا قسەی زۆر موهیم دەزانێت !
رێك وەك ئێستای ئەم حوكومەتەی ئێمە و خەڵكەكەی !
– تێبینی : خوێنەری بەرێز … نووسین و قسە دوو جیهانی جیاوازن . لانیكەم نووسین بیركردنەوەی تێداییە . پاشان ئەركی ئەوانەیە كەم قسە بكەن و باش بیربكەنەوە ، كە خۆیان بە بەرێوەبەری ئەم مەملەكەتە دەزانن .
س ـ فەیسبوکی نوسەر
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت