نەبەز گۆران: كابینەیەكی پەككەوتە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتای كابینەكە، كاتێك رانتە سیخورەكە دەسەڵاتەكەی وەرگرت، لەڕێگەی میدیاكانییەوە، لەرێگەی ستایشكەرانەوە، وەك رزگاركەری كێشە بوونیادییەكان ناسێنرا. ئەو حیزبانەش بەژداری كابینەكەیان كرد، كەوتنە دەسماڵباشی بۆی، هەر هەموویان پێكەوە تەنها لەروكەشدا سەیری كابینەكەیان دەكرد و، بنەوانی كێشەكانیان نەدەبینی. هەر ئەمە وایكرد، بەماوەیەكی زۆركەم، دەركەوت كابینەكە بە تەواوەتی پەكی كەوتووە و، هیچ میدیایەك و هیچ حیزبێكی بەژداربوو، بە سەفسەتەكانی ناتوانێت چارەسەری نەخۆشی ئەم لاشە گەورەیە بكات.
دۆخی ئەم كابینەیە، سەرنجم دەباتە سەر كتێبەكەی مێژوونووسی یۆنانی هیرۆدۆت لە كتێبەكەی خۆیدا، لەو فەسڵەی باسی مێژووی بابل ییەكان دەكات، دیمەنێكی سەرنج راكێش دەگێڕێتەوە. دەڵێت: ” لە سەردەمی بابلییەكان، هێشتا پزیشك وەك پیشە نەهاتبووییە ئاراوە، بۆیە لەناوەراستی شاردا سەكۆیەك دروستكرابوو، سەكۆكە پێیاندەوت سەكۆی نەخۆشەكان. هەركەس نەخۆشێكی هەبووایە دەیهێنا لەسەر سەكۆكە دادیدەنا. ئەم نمایشكردنی نەخۆشە بۆ ئەوەبوو، خەڵكی ناوبازاڕەكە و رێبوارەكان نەخۆشەكە ببینن و، بزانن چ جۆرە نەخۆشییەكی هەیە، بەپێی ئەو زانیارییە مێژووییەی هەیانبوو لەسەر جۆری نەخۆشەكە، چارەسەرەكەیان بە خاوەنی نەخۆشەكە دەوت، ئیدی هەندێك لەنەخۆشەكان پێشوتر نەخۆشی لەو جۆرە روویدابوو، چارەسەریش لای خەڵكی دۆزربابووییەوە و چارەسەرەكەیان بە خاونەكەی دەوت، هەندێكیشیان نەخۆشییەكەیان تازەبوو، هیچ كەس زانیاری لەسەری نەبوو، بۆیە بە نائومێدی دەگەڕێنرایەوە ماڵ، تا بمرێت.”
ئەم دیمەنە هەمان دیمەنی ئەم حوكومەتەیە. حیزبە بەژداربووەكانی كابینەكە، بەتایبەتی حیزبە بچووكەكان (ئەوانەی شاگەشكە دەبن بە دوو پۆستی حوكومی و لەخۆشیا دەمیان پاندەكەنەوە.) لەسەرەتادا بەبێ‌ ئەوەی نەخۆشەكە بناسن، لەرێگەی سەفسەتە چییەكانیانەوە، هەمووچارەسەرێكیان دەخستە روو. پاشان كە تێگەیشتن ئەم نەخۆشە تەنها لەیەك لاوە نەخۆش نییە، ئێستا سەری خۆیان كزكردووە و زۆر بڵێكانیان هیچ ناڵێن. ماوەتەوە سەر ئەو میدیا رانتخۆرەی، لەسەر داهاتی میللەت دەژی و لەناو دونیای سیخوریدایە، ئەو میدیایە لە پێناو ئەو موفتخۆرییەی لەسەری دەژیت ناچارە بەرگریی لەم كابینە تێكشكاوەی رانتە سیخورەكە بكات.
كابینەكە تەنها دوو شتی ماوە، دروستكرنی دۆخی سایكۆلۆژی شێواو بۆ كۆمەڵگە لە رێگەی زمانی رانتخۆرەكانەوە، لەگەڵ هێزی میلیشاییی حیزبی. ئەم دوو كۆڵەكەیەی بەكاردەهێنێت بۆ داپۆشینی پەككەوتنەكەی خۆی. كابینەكە هێندە لاواز و بێ‌ پڕۆژەبوو لەیەكەم رۆژی دروستبوونی پەتاكەوە، موفلیسبوونی خۆی راگەیاند. ئەو پڕە پارانەش لە ناوەندەوە دێن، بەتایبەتی موچەی فەرمانبەران، لەلایەن كابینەكەوە یاریی پێدەكرێت و شەڕێكی سایكۆلۆژی گەورە لەگەڵ موچەخۆراندا دەكات. ئێستا شەڕەكەی گشتیگرتركردوە و هەوڵدەدات بەبیانووی پەتاكەوە، كە (هیچ بنەمایەكی نییە لەم هەرێمەدا) لەگەڵ سایكۆلۆژیای كۆی گشتیدا بكەوێتە شەڕەوە. رەنگە بۆ هاوڵاتییان ئیدی پێویست بەوە نەكات چاوەڕێی فەرمانی ئەم كابینەیە بن تا بچنەوە سەر ئیشوكاری رۆژانەی خۆیان، ئەركی هاوڵاتییانە دەرگای دوكان و بازارەكان بكەنەوە و، گوێ‌ لەو رانتخۆرانە نەگرن، چونكە دۆخێكی سادیسی لەناو كابینەكەیە، چێژ دەبینێت لە ئازاردانی سایكۆلۆژی خەڵك.
كابینەكە نە توانای موچەی هەیە، نەتوانای دروستكردنی بازار، نە توانای دامەزراندن و دۆزینەوەی كار. لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر بیانوی زۆر كۆمیدیدا، دەیەوێت فریوی هاوڵاتییان بدات. میدیای موفتخۆری نەوتاویش، لەگەڵیدا دەستو پەنجە نەرمدەكات و بەهەمان شێوە هەوڵی ئەوەدەدات، پەككەوتنەكەی كابینەكە بشارێتەوە. ئەشێت رانتخۆرەكان ئەو باڵۆنەی پڕیانكردبوو لە هەوا و وێنەی رزگاركەریان بۆ دروستكردبوو، ئیدی نەتوانن لەوە زیاتر دەست بە باڵۆنەكەوە بگرن و، كەمێك لەوە تێگەیشتبن كابینەكە هێندە لاواز و نەخۆشە، لەو نەخۆشە دەچێت هیچ كەسێك و هیچ ڕێبوارێك ناتوانێت تەواوی نەخۆشییەكەی دەستنیشانكات.
ئێستا لەسەر سەكۆكە نەخۆشێكی گەورەمان هەیە. نەخۆشێك تەواوی خانەكانی دەرد دەكەن، پیسخۆرە، دەوری پڕە لە مشەخۆر، دامەزراوەكانی قورس و بێكارن، خۆی خستوەتە دۆخێكی باركراوی گەورەوە، قەرزی لەسەرە، حیزب و میلیشیاكانی بوونەتە بخۆری، هیچ چارەسەرێكی نەبۆخۆی نە بۆ كۆمەڵگە پێنییە. لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لەرێگەی زمانێكی ئایدۆلۆژییەوە هەوڵی ئاوەژوكردنەوەی راستییەكان بدات، واتە هێشتا نایەوێت ماهییەتە بەتاڵەكەی خۆی بناسێنێت.
كابینە پەككەوتووەكە، كۆبوونەوەكانی زۆرترن لە كارەكانی. بۆ ماوەی مانگێك لەرێگای پەتایەكەوە كەمێك نمایشی كرد تا سیمای خۆی بەجۆرێكی تر دەرخات، ئەمما هەرئەوانەی لەو ماوەیەدا ستایشیانكرد زۆر نابات پەشیماندەبنەوە و سیما راستەقینەكەی دەردەكەوێتەوە. لە شەڕێكی ئایدۆلۆژی و سایكۆلۆژیدا دەژیت، چ لەگەڵ خۆی چ لە گەڵ دەرەوەی خۆی. متمانەی بەتەواوەتی دابەزیوە بۆ ساتی خۆی. بەشێكی زۆری خەڵك بڕوایان بە قسەو بەڵێنەكانی نەماوە. ناچاریشە فەنتازیای ئابووری سەربەخۆ شكست پێبهێنێت و بە تەواوەتی بگەڕێتەوە باوەشی ناوەند، لەهەموو حاڵەتێكدا ئەوەش چارەسەری نەخۆشییەكانی ناكات، چونكە دەردەكانی لەناو بونیادی خۆیدان.
پوختەكە ئەوەیە: لە بنەوانەوە نەخۆشییەكانی بنبڕنەكرێن، بەم شەكەتییەوە تا شوێنێك دەڕوات. نەخۆشەكەی سەر سەكۆكەمان، گەرچی نمایش بكرێت، دەردەكانی لەوە زیاترن بەزانیاری رێبوارەكان چارەسەر بكرێت. ئەودەنگە دەنگكەرە بەرێزانەی ناو حیزبە بچوكەكانی بەژداربووی ناو كابینەكە، كە پێشتر شیوەنیان بۆ چاكسازییەكەی دەكرد و خۆیان بۆ دەڕڕنی، وابزانم ئیتر بێدەنگ بوون. چاوەڕوانیكردنی كابینەی لەم جۆرە، كە بتوانێت ئیدارەیەكی دروستی كۆمەڵگە بدات، جۆرێكە لەو فەنتازیا هۆڵیودییەی لەناو فیلمە ئەنیمەیشنەكاندا دەیبینین. (لەبارەی ئەركی پەرلەمانی موچە قەبەوە، هیچ ناڵێین، چونكە هۆڵی بوكەشوشەكان بۆماوەیەك داخراوە، بە پێی بڕیاری قایمقامییەت دوای نەمانی مەترسی پەتاكە، لەگەڵ كردنەوەی چایخانەكان ئەویش دەكرێتەوە.باشتر كە داخراوە، چونكە لەم سەردەمەدا زۆرترین قسە لەسەر دۆخی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكان، هەر ئەوانە دەیكەن موچەیەكی قەبەیان هەیە، دونیای شاشەكان بووە بە دونیای موچە قەبەكان بۆ سەرئێشاندنی خەڵك، كاتێك یەكێكیشان دەردەكەوێت و قسەدەكات، هێندە ئاستیان نزمە بۆ ماوەی حەفتاو دوو كاتژمێر ئاستی هوشیاری دادەبەزێت بۆ خوار سفر.)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت