میران محەمەد : کێ ده‌بێت واز بێنی ؟

له‌هه‌ر کونجێکی پڕ که‌رامه‌تی ئه‌م جیهانه‌دا ، کاتێ‌ حکومه‌تێك له‌ هێنانه‌دی ئه‌رك و به‌ڵێنه‌کانی شکست دێنێ و وڵاته‌که‌ی ده‌خاته ‌ قه‌یرانه‌وه‌ ، ده‌سبه‌جێ سه‌رۆك و ئه‌ندامه‌کانی ده‌س له‌کار ده‌کێشنه‌وه ،‌ یان تڕۆده‌کرێن و حکومه‌ته‌که‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ . به‌ پـێـیی ده‌ستور و سیستمی وڵات ، بۆ چاکسازی و ڕه‌وانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و هێنانه‌وه‌ سه‌ر سکه‌ی وڵاته‌که‌ ، حکومه‌تێکی نوێ داده‌مه‌زرێت . خه‌تابار و گه‌نده‌ڵ و تاوانبارانیش ڕاپێچی ‌دادگاکان ده‌کرێن و به‌ سزای ڕه‌وای خۆیان ده‌گه‌یه‌نرێن .

له‌م هه‌رێمه‌ کاول بووه‌ی مه‌ڕ خۆمان نه‌بێت ، که‌ حکومه‌ته‌که‌ی له‌ باتی هه‌وڵدان بۆ خۆش گوزه‌رانی خه‌ڵك و پێشخستنی وڵات هه‌ر له‌ پێشبڕکێی قه‌یران دروستکردندا بووه ‌. قه‌یرانی داهاتوی هه‌رده‌م له‌وه‌ی پێشوتری مه‌زن تر و جه‌رگبڕتر بووه‌ . که‌چی‌ هێشتا حکومه‌ت هه‌ر حکومه‌ته‌ و سه‌رۆك و ئه‌ندامه‌کانیشی تا دێت مل قه‌ویتر و ده‌م درێژتر ده‌بن. له‌ باتی خه‌جاڵه‌ت باری و ده‌س له‌ کار کێشانه‌وه‌‌، خه‌ریکی داڕشتن و په‌یڕه‌وکردنی پلانی وه‌ره‌سکردن و کۆڵ پێدان و نان بڕین و برسی کردن و دورخستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانن له‌ خاك و ئاوی نیشتمانیان . له‌ بری ئه‌وه‌ی خۆیان واز بهێنن به‌ته‌مان واز به‌ خه‌ڵکه‌ داماوه‌ خێر نه‌ دیوه‌که‌ بهێنن !

هاوکێشه‌یه‌کی زۆر قورسه‌ . بڵێی ئه‌م هه‌له‌ش ئه‌و به‌ناو سه‌رٶك و مه‌رۆك و به‌رپرس و مه‌رپرس و سیاسی و میاسیه معجزانه‌ بۆیان بچێته ‌سه‌ر و خه‌ڵکه‌که‌یان بۆ له‌ خشته‌ ببرێته‌وه‌ و ئه‌م گوژمه‌ش به‌ ئاغایه‌تی له‌سه‌ر ته‌ختی حوکم و ده‌سه‌ڵات بله‌وه‌ڕن و هاوڵاتیانیش به‌و برسێتیه‌ سه‌ر شۆڕانه‌ به‌ کۆیله‌یی و خزمه‌تکاری دیوه‌خان و سوته‌مه‌نی ئاگری شه‌ڕه‌کانیان بمێننه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی دانه‌وه‌ی باجێ هه‌ڵه‌کانی داهاتوشیان بکه‌ن؟

 

ئێستا پرسیاره‌ گرینگه‌که‌ بۆ هه‌موان له‌وه‌دایه‌ :

ئه‌مجاره‌ کێ ده‌بێت باجه‌که‌ی بدات و واز بێنی ؟ گه‌لی چه‌واشه‌کراوی زیان به‌رکه‌وتوو یان حکومه‌تی تاڵانچی شکست خواردوو ؟

 

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies