نەوزادی موهەندیس : ئەو دوو پرسیارەی كە هەموان چاوەڕوانی وەڵامەكانیانین !

لە 23 حوزەیرانی ساڵی پارەوە هەرێمە ئارامەكەمان ڕووبەڕووی شڵەژانێكی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی توند بۆتەوە ، ئەویش بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان لە سەر چۆنێتی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە بەڕەسمی وادەكەی لە 19/ئابی 2015دا تەواو دەبوو ، ئەم كێشەیە هێندەی تر قەیرانی داراییەكەی سەر هەرێم و میلەتەكەمانی قوڵتر كردەوە كە لەسەرەتای ساڵی 2014وە بەدەستیەوە دەمانناڵاند و بەغداد بەشە پشكی 17% هەرێمی لە بودجەی عێراق نەدەنارد و ئەمەش بوە هۆی نەتوانینی هەرێم لە پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و تا ئێستاش ماوەی 2 ساڵ زیاترە ئەم قەیرانە داراییە بەرۆكی گرتوین و مانگ بە مانگیش توندتر و سەختر دەبێتەوە. و حكومەتی هەرێمیش تا ئێستا كە نەیتوانیوە 6 مانگ مووچە بدات دەستەوستان وەستاوە و چاوەڕوانی موعجیزەیەكە كە دەربازی بكات .

هەموان قەیرانە داراییەكەمان بە زۆر و بەخەفەتەوە قبوڵ بوو چونكە وامان دەزانی حیزبی دەسەڵاتدار و قۆرخكاری جومگە گرنگەكانی هەرێم لە سیاسەت و ئابوری و نەوت و دەزگاكانی هەواڵ و پاراستن بەڕاستی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ڕادەگەیەنێت و هەموان وتمان با مووچەكانمان بە قوربانی دەوڵەتە سەربەخۆكەمان بێت ، بەڵام دەركەوت ئەویش تەنها بۆ دەسكەوتی حیزبی و موزایەداتی سیاسی بوو . ئیدی لەو ڕۆژەوە مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم و نوێكردنەوە و ڕەتكردنەوەی میلەت و كۆدەنگی سیاسی و میلی لە هەرێمدا كردە دووبەرەی دژ بەیەك و چەندین تاوان و ناو وناتۆرەی سەیر و نامۆیان بۆ یەكتر دروستكرد و هیچ لایەكیان نەرمیان نەدەنواند و نەیانتوانی زاڵبن بەسەر ویستە كەسی و حیزبیەكانیاندا و نەتوانرا سازانێكی گشتگیری نیشتیمانی سازبدەن و هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن ، لەكاتێكدا هەرێم و عێراق و ناوچەكەش لەسەر سكەی گۆڕانكاری گەورە و مەترسیدار و چارەنوسسازدان و هەموان خەریكی خۆڕێكستنەوەی ناوماڵی خۆیان بون تەنها كورد نەبێت كە خەریكی ماڵ وێرانكردن و ململانێی ناڕەوای ناوخۆیی بوون . كار گەیشتە ئەوەی كە پەڕلەمان پەك بخرێت و حكومەت هێندەی تر لاواز ببێت بە ناردنە ماڵەوەی وەزیرەكانی گۆڕان و و پەكخستنی پەڕلەمانیش . و ئەوەی كە ئاواتی دوژمنان بوو هاتە دی و تا ئێستا ماوەی زیاتر لە 4 مانگە هەرێمەكەمان هەرێمێكی بێ‌ پەڕلەمان و بێ‌ حكومەت و بێ‌ سەرۆكێكی شەرعیە و ئاسۆی گەیشتن بەچارەسەرەكانیش ڕوون و ئاشكرا نین .
لەماوەی ئەم جەڕەیانەدا لەهەموو كۆڕ و كۆبونەوەیەكی سیاسی و میلی و تاكەكەسی و ناو بازاڕ و … هتد . هەمیشە دوو پرسیاری زۆر گرنگ دەكرێت و كەسیش ناتوانێت وەڵامێكی ڕاست و دروستی دەسبكەوێت ، ئەو دوو پرسیارانەش بریتین لە :
یەكەم : دەربارەی هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ، كە بۆچی بێدەنگ و هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرا و یەكلاكەرەوەی نیە و ناتوانێت بە ڕووی هەژموون و دەسەڵاتی پارتیدا بوەستێتەوە ؟
دووەمیش : دەربارەی هەڵوێستی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە 17/9/2015وە بەناوی نەخۆشیەوە چۆتە دەرەوەی وڵات و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و لەو ماوەی 5 مانگەشدا بۆچی یەك وتە و گوتار و لێدوان و بەرنامەی ڕانەگەیاندوە بۆ چارەسەرو هێوركردنەوەی دۆخەكەی هەرێم ؟
بەڕای من هەردوو پرسیارەكە لە جێگەی خۆیدایە و مافی هەموانیشە بپرسن، چونكە لەلایەك دۆخەكە وادەخوازێت كە دەستپێچشخەری و هەڵوێستێكی خەمخۆرانە و لێبڕوانە و دڵسۆزانەی بۆ بنوێنرێت و لەلایەكی تریشەوە پرسیارەكان و ڕەخەنەكانیش بۆ یەكێتی و كاك نەوشیروانیش تەواو لەجێگەی خۆیدان چونكە هەم یەكێتی و هەم كاك نەوشیروانیش دوو هێز و كەسایەتی بەهێز و كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستانن و گەر بیانەوێت بە باش یان خراپ دەتوانن بارودۆخەكان بگۆڕن و هەڵوێستەكانیان جێگەی بایەخی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشن. بۆیە ناكرێت ئەو دوو هێزە لەم بارودۆخەدا خاوەنی هەڵوێستێكی ڕوون و بوێر نەبن و ئەوبێدەنگیەش نەشكێنن .
تایبەت بە یەكێتی ، هەموان دەزانین كە هێزێكی گەورە و كاریگەرو خاوەن نفوزی سیاسی و ئابوری و سەربازی و جەماوەری گەورەیەو هەر ئەو نفوزەشی وایكردوە كە حساب بۆ یەكێتی بكرێت لەهەموو مەسەلەكاندا ، بەڵام بەداخەوە لەبەر ململانێ‌ ناوخۆییەكانی خۆی ناتوانێت بڕیارێكی كۆنكرێتی بدات و هەموانیش دڵخۆش بكات و ڕزگاریان بكات لە چاوەڕوانی و دوودڵی و ڕاڕایی ، یەكێتی هەموو چاوەكان و هەموو چاوەڕوانیەكان و هەموو ڕووناكیەكانی بۆلای خۆی كەمەركێش كردوە بەڵام بەداخەوە لەئاست ئەو چاوەڕوانیەدا نەبوە ، لەگەڵ ئەوەی كە زنجیرەیەك هەوڵی بێوچانیدا لەنێوان هەموو لایەكاندا و گەرەكی بوو بە هەڵوێستێكی بێلایەنانەوە بۆ چارەسەرەكان هەنگاو بنێت و نەبێتە تەرەفێك دژی ئەوی تر ، چونكە دەیزانی كە دۆخەكان زۆر ناسكە و بەرگەی دابڕان و لێكترانێكی تر ناگرێت ، بەڵام نە جەماوەری میلەتەكەمان و نە زۆرینەی بنكەی جەماوەری یەكێتیش و نە سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیش ئەم هەڵوێستەی یەكێتیان بەدڵ نەبوە و ناڕازیشن .هەرچەندە سەر زارەكی دەڵێن هەڵوێستی یەكێتی حەكیم و وشیار و خەمخۆرانەیە ، بەڵام هەموان گەرەكیانە كە یەكێتی لە جیاتی هەمویان دژی پارتی و سیاسەتەكانی بوەستێتەوە و سنورێك بۆ تاكڕەوی وملهوڕی و حساب بۆنەكردن و پاوانخوازی دەسەڵاتی دابنێت و تەنانەت هەندێك لایەن پێیان باشبوو كە یەكێتی بیگەیەنێتە دوو ئیدارەیی و تەنانەت شەڕی ناوخۆش،چونكە هەموانیان باش ئەو ڕاستییەیان دەزانی كە تەنها یەكێتیە بەو هێزو نفوزەیەوە دەتوانێت پارتی بوەستێنێت و پارتیش تەنها ترسی لە هێزی یەكێتیە و نایەوێت لەگەڵ یەكێتیدا بەتەواوەتی تێكی بدات و خۆی هێندەی تر تەریك و بێپشتیوان بكات . بەڵام یەكێتی نەدوای خواست و ویست و سۆزەكانی ئەوان كەوتوو نە ڕێگەشی دا پارتیش ئەوەی دەیەوێت بۆی بچێتە سەر و بەم شێوەیەش یەكێتی نەبوە پاشكۆی ڕاوبۆچونەكانی دژە پارتیەكان و نەبووشە پاشكۆی پارتی و دوای بكەوێت ، بەڵام بە ئێستاشەوە هەموان چاوەڕوانی هەڵوێستێكی بوێرانەتر دەكەن لە یەكێتی كە هەر ئەمەش بەقازانجی مەسەلە و چارەسەریەكان و دەسكەوتی حیزیی و جەماوەری یەكێتی و میلەتەكەشمان دەشكێتەوە .
تایبەت بە هەڵوێستی بەڕێز كاك نەوشیروان و بێدەنگیەكەی ، بەهەمان شێوە كەوتۆتە بەر ڕەخنە و گلەیی دۆست و دوژمنانیشی و هەموان چاوەڕوانی دەستپێشخەریەكی سەركردەیەكی مەزن و كاریزما و ڕابووردوو پاكیان لێدەكرد كە لەبەر بەرژەوەندی و لەپێناو میلەت و دۆزینەوەی چارەسەر دەبوو هەڵوێستێكی جدی و مێژوویی بنواندایە و هەموانی لەم چاوەڕوانی و دوودڵیە ڕزگار بكردایە و تەنانەت ماوەی 5 مانگیش و لەم دۆخە ئاڵۆزەدا وڵاتی بەجێنەهێشتایە و بزوتنەوەی گۆڕانیشی بێ‌ سەر نەكردایە و نەیخستایەتە پێگەی یەكێتیەوە كە بەداخەوە بێ‌ مام جەلالی پێوە دیاربوو و دیاریشە لەبەر نەخۆشی و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا .
بۆیە هەڵویست و كاردانەوەی كاك نەوشیروان زۆر گرنگ و هەستیارە و بە ئێستاشەوە بێت دەبێت چارەسەكان هەر لەلای ئەو جوامێرەوە بێت ، چونكە دەركەوت نە كاك مەسعود و نە پارتی وەكو سەركردەی حیزبێكی گەورە نەیانتوانی كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەن .
لەئێستاشدا و دوای توندبونەوەی هەڵوێستەكان و قوڵبونەوەی قەیرانە داراییەكان و برسیكردنی بە بەرنامەی جەماوەر و زیادبونی توڕەیی و بێزاری هاوڵاتیانیش لەم دەسەڵات و حكومەتە ، هێندەی تر هەموان چاوەڕوانی وەڵامی ئەو دووپرسیارەن لە یەكێتی و كاك نەوشیروان چونكە باش دەزانن كە تەنها ئەو دوو هێزە دەتوانن ئارامی و ئاشتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە بپارێزن كە چارەنوسی ئێستا و ئایندەی میلەتەكەمانی پێوە بەندە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies