شه‌ریف هه‌ژاری : مه‌سعود به‌رزانیی و خه‌رمانی حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كورد .

ماوه‌یه‌كه‌ میدیا حیزبییه‌كانی پارتیی دیموكراتی كوردستان و هه‌ندێ میدیای بێ لایه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی شرۆڤه‌ی مێژوویی و واقیعییانه‌ بۆ مه‌سعود به‌رزانی بكه‌ن ، ئه‌وا ته‌واوی تێكۆشان و دبلۆماسییه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌ خودی مه‌سعود به‌رزانیی و پارتیی دا بچووك ده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر میدیاكانی پارتی وه‌ك میدیای حیزبی ( ناپرۆفیشنال و لایه‌نگریخوازانه‌ ) وا بكه‌ن ، ئه‌ی میدیا به‌ناو ئه‌هلیی و رۆژنامه‌نووسه‌ سه‌ربه‌خۆكان بۆ وا ده‌ڵێن؟ بێ گوومان چونكه‌ مه‌عریفه‌ی مێژوویی پێویستیان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌لسه‌نگاندنی پرسه‌ سیاسییه‌كان له‌ مێژو و دە‌ستكه‌وت و قوربانیدان و تێكۆشانه‌كان وردبنه‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ ڕاستگۆییانه‌ و بێ لایه‌نانه‌ مه‌سعود به‌رزانی وه‌ك خۆی هه‌ڵ سه‌نگێنن نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك هی ئه‌و بێت .

ئه‌و دبۆماسیه‌ت و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا كورد به‌ ده‌ستی هێناوه‌ و مه‌سعود به‌رزانیی حاڵی حازر به‌ده‌ستیوه‌یه‌تی ، ئه‌وا به‌رهه‌می ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن و حه‌ق نییه‌ میدیای ( به‌ناو ئه‌هلی ) وا بزانن خه‌لك ناهوشیاره‌ و بابه‌ته‌كه‌ ته‌نها ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ خه‌رمانی مه‌سعود به‌رزانیییه‌وه‌ بۆ كورد .
1 – دبلۆماسیه‌تی دانسقه‌ی قاسملوو بوو كه‌ كوردی لای زۆرینه‌ی ولاتانی ئه‌وروپیی و ئه‌مریكای لاتین و ولاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ناساند ، ته‌نانه‌ت جارێك له‌ كاتی پێشوازیكردنی مه‌سعود به‌رزانی له‌ بێرنارد كۆشنێری (وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی فه‌ره‌نسا ) ، ئه‌وا به‌ ئاشكرا بێرنارد كۆشنه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو ، هه‌روه‌ها هاتنی كنسوله‌كانی وه‌ك فردریك تیسۆ و هه‌نێكی تر هه‌ر به‌رهه‌می ئه‌و دبلۆماسیه‌ته‌ن .
2 – به‌رهه‌می تێكۆشانی یه‌كێتیی له‌ خه‌باتی شاخ دا ، كه‌ جه‌نگاوه‌رترین هێزی باشوری كوردستان بوو ، وایكرد هه‌ندێك له‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌دی بێن و ئێستا میدیا ناپرۆفیشناله‌كان به‌ مولكی مه‌سعود به‌رزانی بزانن . راسته‌ یه‌كێتیی له‌ پاش سالی 1991 ه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا زیاتر كه‌وته‌ به‌ره‌ی ئێرانه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ سوودی پارتی شكایه‌وه ‌. چونكه‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ پارتی له‌ ئاستی نێوده‌وله‌تیدا خۆی تێ خزاندووه‌ ئه‌وا به‌ره‌ی سه‌ركه‌وتو و زاڵی جیهانین . به‌ڵام خۆ ناكرێت میدیای ئه‌هلی ئه‌و گیانفیداییه‌ی تێكۆشانی یه‌كێتیی له‌ شاخ دا باس نه‌كات و هه‌مووی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ مه‌سعود به‌رزانیی و ئێستاوه‌ !! ته‌نانه‌ت ئێستاش هه‌ر به‌ ته‌نها پارتیی نین شه‌ری داعش ده‌كه‌ن ، بگره‌ یه‌كێتیی و هێزه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و په‌كه‌كه‌ش ده‌وری هه‌ره‌ سه‌ره‌كییان هه‌یه‌ و ، گه‌ر ( یه‌كێتیی و هێزه‌كانی تری باشوری كوردستان و هێزه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان و په‌كه‌كه ‌) نه‌بووایه‌ ئه‌وا ئایا پارتی به‌ره‌گه‌ی داعشی ده‌گرت و ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ ئه‌هاتنه‌ كایه‌ كه‌ ئێوه‌ی ڕۆژنامه‌نووس به‌ هی مه‌سعود به‌رزانی بزانن !! ئا ئه‌مه‌یه‌ وا ده‌كات رۆژنامه‌نووس پڕۆفیشناڵ نه‌بێ و به‌ پێی یه‌ك ڕووداوی ڕۆژانه‌ بڕیار بدات .
3 – ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشوری كوردستان به‌رهه‌می گیانبازی ده‌یان ساڵه‌ی حیزبی دیموكراتن بۆ ناساندنی پرسی كورد و شۆرشه‌ چه‌كدارییه‌كانیان و ، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می 25 ساڵ خۆڕاگری ئه‌و حیزبه‌یه‌ له‌ باشوری كوردستان دا بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی باشور تێك نه‌چێت .
4 – ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشور، به‌رهه‌می تێكۆشانی كاریگه‌ری په‌كه‌كه‌ و ناسینی هێزی گیانبازی جوولانه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كانی په‌كه‌كه‌ یه‌ له‌ باكوری كوردستان له‌ دیدگای جیهانی ده‌ره‌وه‌وه‌ ، نه‌ك به‌ ته‌نها ده‌ستكه‌وتی مه‌سعود به‌رزانی بێت .
5 – ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ دبلۆماسییانه‌ی باشور، به‌رهه‌می ده‌یان جینۆسایدی وه‌ك هه‌له‌بجه‌ و شه‌نگال و كۆبانێ و له‌ سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دی پێشه‌وای كورد و هه‌زاران شه‌هیدی په‌تی سێداره‌ و ده‌یان جینۆسایدی گشت به‌شه‌كانی كوردستانه‌ كه‌ دونیای هوشیار كرده‌وه‌ له‌ ئاست ده‌یان پاكتاوكردنی نه‌ژادی كه‌ دژ به‌ كورد كراون و ده‌كرێن ، نه‌وه‌ك ته‌نیا به‌رهه‌می دبلۆماسیه‌تی مه‌سعود به‌رزانی بێت .
6 – ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ ، به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌ندان ساله‌ی ده‌یان ئینستیتۆی دیاسپۆرایه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆییانه‌ ( كورد ) به‌ دونیا ده‌ناسێنن ، وه‌ك ئینستیتۆی كورد له‌ پاریس ، كه‌ ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كه‌ی پارتیی و نێچیر بارزانی هیچ هاوكارییه‌كی ئینستیتۆی كورد له‌ پاریسیان نه‌كرد ، ناچار تێكۆشه‌رێكی وه‌ك كه‌ندال نه‌زان تكای ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئینستیتۆكه‌ دانه‌خرێت ، له‌به‌ر نه‌بوونی هاوكاری دارایی بۆ كاروباره‌كانی ئینستیتۆیه‌كه ‌.
كه‌وابوو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشور : به‌رهه‌می دبلۆماسیه‌ت و تێكۆشانی ڕێبه‌رێكی بێ هاوتا و بیرمه‌ندی كورد دکتۆر قاسملوو ، تێكۆشانی مه‌لا مسته‌فا ، گیانبازی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ، تێكۆشانی مام جه‌لال ، ده‌یان جینۆسایدی وه‌ك هه‌له‌بجه‌ و شه‌نگال و كوبانێ و ده‌رسیم ، هه‌زاران شه‌هیدی كوردستان ، چه‌ندان ئینستیتۆی سه‌ربه‌خۆی ناسێنه‌ری كورد به‌ جیهان ، تێكۆشانی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌، خه‌باتی یه‌كێتیی و سۆشیالیست و شوعیی و دیموكرات و په‌كه‌كه‌یه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها هی مه‌سعود به‌رزانیی و پارتیی بێت . چونكه‌ ئه‌وپه‌ڕی ناڕه‌وایه‌تی ئه‌وه‌یه :‌ ته‌له‌فزیۆنی به‌ناو ئه‌هلی و ڕۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ ته‌نها بكاته‌ هی مه‌سعود به‌رزانی ، به‌ڵكوو حه‌قیقه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌یه ‌: قاسملووی بیرمه‌ند شه‌هیدكرا و ئۆجه‌لان له‌ گیانبازی زیندانه‌ و مام جه‌لال نه‌خۆشه‌ و مه‌سعود به‌رزانیش چووته‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌وان خۆی وێنا ده‌كات !