شەریف هەژاریی : گه‌ر گۆڕان و یه‌كێتیی وریا نه‌بن ، ئه‌وا پارتیی دۆخه‌كه‌ بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كێش ئه‌كات .

كاریگه‌رترین هۆكار كه‌ پارتیی داشی سواره‌ و جه‌زبی به‌شێكی به‌رچاوی كۆمه‌ڵگای كوردی و پارچه‌كانی تری كوردستانی كردووه‌ : گوتاری درووستكردنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردییه‌ ( ئیدی پڕوپاگه‌نده‌ش بكات یان راست ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌یه‌ ) ، به‌ڵام پێموایه‌ به‌و گوتاره‌ تا ئاستێكی زۆر گۆڵی له‌ یه‌كێتیی و به‌تایبه‌ت له‌ گۆران كردووه‌ .

نایشارمه‌وه‌ و زۆر به‌ ڕوونی ئه‌یڵێم : ئه‌گه‌ر پارتیی ئه‌م ئه‌جێندایه‌ی راست بێت یان نا ئه‌وا تاكه‌ كه‌س كه‌ كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ ! كۆمه‌ڵێك دۆست و هاوڕێ ئه‌یانه‌وێت نه‌وشیروان مسته‌فا وتی : ئاسمان سوره‌ ، ئه‌وا یه‌كسه‌ر بڵێی ئه‌شهه‌دوبیلا ڕه‌نگی ئاسمان وه‌ك خوێنه‌ .

پێموایه‌ كاك نه‌وشیروان هۆكاری (پیربوون)ی بێت یان (كه‌سانی نادلسۆز) كه‌ پارتیی و یه‌كێتیی له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ڕواندبێتیان ئه‌وا تووشی هه‌ڵه‌ی ده‌كه‌ن یان خودی خۆی له‌م كه‌یسه‌دا هه‌ڵه‌ ئه‌كا و پێویسته‌ ڕه‌خنه‌ی بنیادنه‌ری لێ بگیردێت.

 پرسیار ئه‌وه‌یه‌ : بۆ زۆرێك له‌ خه‌لكی كوردستان پشتیوانی گوتاری ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات ‌؟ چونكه‌ ده‌ریایه‌ك خوێنیان ڕژاندووه‌ و به‌سه‌ده‌ها هه‌زار شه‌هیدیان داوه‌ ، ئێستا چۆن كاك نه‌وشیروان ئه‌توانێت قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵك بكات ( بۆ ته‌كتیك بێت یا بۆ ئه‌وه‌ی فشاربخاته‌ سه‌ر پارتی ) كه‌ وه‌ك دوێنێ ڕایگه‌یاندووه‌ : ( نامانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك درووست بكه‌ین كه‌ له‌ ئاینده‌ دا ببێته‌ به‌ندیخانه‌ بۆ هاولاتیان ) .

ئه‌م قسه‌یه‌ واته‌ نامانه‌وێت ده‌وله‌تێكی كوردی دروست ببێت كه‌ مه‌سعود به‌رزانی ڕایگه‌یه‌نێت .

كاكه‌ ئه‌م لێدوانانه‌ %100 هه‌له‌یه‌ و هه‌مووی له‌ قازانجی پارتیی و زویربوونی خه‌لكه‌ له‌ گۆران ، چونكه‌ خۆ ناكرێت كاك نه‌وشیروان بابه‌تی دروستبوونی ده‌وله‌تی كوردی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ڕكه‌به‌رایه‌تی نێوان خۆی و مه‌سعود به‌رزانی .

له‌م كه‌یسه‌دا ، من به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌ران بیره‌كه‌مه‌وه‌ و پێموایه :‌ مه‌سه‌له‌كان ڕكه‌به‌رایه‌تی شه‌خسین له‌ نێوان مه‌سعود و نه‌وشیروان دا . هیوادارم ئه‌م تێڕوانینه‌م هه‌له‌ بێت ، به‌لام وای ئه‌بینم‌ : مه‌سعود كه‌ به‌ نایاسایی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ ئه‌وا ئه‌زانێت كه‌شوهه‌وای ده‌وله‌تی كوردی ئاماده‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌یه‌وێت بیكاته‌ مولك و تاپۆی خۆی و وازناهێنێت .

به‌هه‌مان شێوه‌ : نه‌وشیروانیش دركی هه‌یه‌ كه‌ دۆخ گوونجاوه‌ بۆ ده‌وله‌تی كوردی ، كه‌چی له‌ ڕقی ئه‌وه‌ی مه‌سعود نایاساییه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا ، ئه‌وا ئه‌یه‌وێت له‌ تۆله‌ی ئه‌وه‌دا هه‌نگاوی نه‌رێنی بنێت و گه‌ل ساردبكاته‌وه‌ له‌ ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی .

پێموایه‌ و بۆچوونه‌كه‌شم به‌ مه‌نتیق ئه‌زانم كه‌ : هه‌م مه‌سعود خۆسه‌پێنه‌ و به‌وردی حساب بۆسه‌نگی نه‌وشیروان ناكات له‌سه‌ر گۆره‌پانی كوردستان ، هه‌م نه‌وشیروانیش ئینكاریی و وتاری حه‌ماسی تێدابووه‌ و تێدایه‌ . ئه‌گینا گه‌لێكی خوێناوی وه‌ك ئێمه‌ی كورد بۆ ببێته‌ قوربانی نایاسایی بوونی مه‌سعود له‌ پۆسته‌كه‌یدا و خۆسه‌پێن بوونی ، بۆ ببێته‌ قوربانی گوتاره‌ ساردكه‌ره‌وه‌كانی بابه‌تی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ ؟

سێ ساڵه‌ ده‌یانجار له‌ بابه‌ته‌كانم دا نووسیومه‌ : با مه‌سعود و هێرۆ و نه‌وشیروان ڕێك بكه‌ون و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ ڕاگه‌یه‌نن و ، به‌سه‌ چیتر ڕه‌نجی خوێنی شه‌هیدانی هه‌موو به‌شه‌كان به‌فیڕۆ مه‌ده‌ن .

پێشموایه‌ : مه‌سعود به‌رزانی ئه‌گه‌ر یه‌ك مسقال خۆسه‌پێنی كه‌م كاته‌وه‌ و نایاسایی بوونه‌كه‌ی خۆی له‌ یاد بێت ، ئه‌وا هه‌ر كاتژمێرێك بیه‌وێت ئه‌توانێت به‌ ناوبژیوانی كه‌سانێكی وه‌ك (د.مه‌حمود عوسمان و هتد) سه‌ردانی هیرۆ ئیبراهیم و نه‌وشیروان مسته‌فا بكات‌، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی مه‌سه‌له‌كان چاكتر نه‌بوون ، ئه‌وا من وه‌ك ( شه‌ریف هه‌ژاری ) هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌م به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌ بووه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ .

كه‌وابوو : یه‌كێتیی و گۆڕان ئه‌بێت ئه‌وه‌یان له‌ یاد بێت كه‌ هه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن به‌ناوی كۆمه‌لگای مه‌ده‌نییه‌وه‌ بكه‌ونه‌ دژایه‌تی گوتاری ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی و به‌هی پارتیی و مه‌سعودی بزانن ، چونكه‌ چه‌ند ده‌ربڕینێكی ئه‌م دواییانه‌ی كاك نه‌وشیروان له‌ خزمه‌ت ستراتیژی جه‌ماوه‌ریی چاكسازیخوازی كوردستان دا نییه‌ .

نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌گه‌ر ورتر و ستراتیژیتر بێت ئه‌وا ئه‌توانێت بیر له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی بكاته‌وه‌ دوای راگه‌یاندنی ده‌وله‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ . پێموایه‌ ئه‌و كات زۆر كه‌شه‌كه‌ گونجاوتره‌ و ، یه‌كێتیی و پارتیش ناتوانن هه‌ر به‌ بیانووی دروستكردنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردییه‌وه‌ ( وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌یكه‌ن ) ئه‌وا خه‌ڵك گوێ ڕایه‌ڵ بكه‌ن و خه‌ڵك لێیان قبووڵ بكات !

نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌بێت ورتر ئه‌وه‌ بزانێت به‌ره‌ی گوتاری ئێران به‌ره‌ی دۆڕاوه‌كانه‌ له‌ ستراتیژ دا و ، با به‌ ئاسانی خۆی نه‌خاته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌ر ته‌كتیكێك و سیاسه‌تێكی ڕۆژی ئه‌وا ستراتیژی خۆی بسووتێنێت !

له‌ یادیشمان نه‌چێت ڕاسته‌ پڕاوپڕ پارتیی گه‌نده‌ڵ و كۆیله‌كاره‌، به‌ڵام خۆ گۆڕانخوازان و چاكسازیخوازان هه‌قیشیانه‌ پبرسن : كاك نه‌وشیروان تۆ له‌ ڕێكه‌وتنت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی تا ئێستا چ هه‌نگاوێكی چاكسازیت مه‌یسه‌ر كردووه‌ بۆ گه‌لی به‌شمه‌ینه‌تی كورد! ؟ یان گه‌ره‌نتی چییه‌ !؟ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆران ناتوانێت وه‌ك پارتێكی سه‌ربه‌خۆی چاكسازیخواز ته‌كتیك و ستراتیژی خۆی هه‌بێ و كاریان له‌سه‌ر بكا و تاكه‌ی كات كووشتن به‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ل ئیسلامیه‌كان پاشان پارتیی و ئینجا یه‌كێتیی !؟ ئه‌م تێڕوانینه‌م‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌فه‌س كورتی نییه‌ له‌ كایه‌ی سیاسیی ، به‌لكوو په‌یوه‌ندی به‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ گۆران ناتوانێت وه‌ك پارتێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌كتیك و ستراتیژی هه‌بێت !؟

خۆ ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا وابیركاته‌وه‌ جارێ با یه‌كێتیی بخاته‌وه‌ ژێر چنگی خۆی و سود له‌ فه‌راغی نه‌بوونی سكرتێری یه‌كێتیی وه‌رگرێ و ببێته‌ سكرتێر ، ئه‌وا ئه‌گه‌ر پلانێكی واشی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت دور نییه‌ كه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ ده‌ست نه‌چێت و سبه‌ینێ شه‌ڕی حه‌شدی وه‌حشیشمان ڕووبه‌ڕوو نه‌كرێته‌وه‌ ، چونكه‌ ئێستا ولاتانی دراوسێ به‌ گروپی ڕوێنراو شه‌ڕی گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوری كوردستان ئه‌كه‌ن هه‌تا ڕاسته‌وخۆ توركیا یان ئێران بێته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌ !  چ گه‌ره‌نتیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌م كات كووشتنه‌ له‌ كیس نادرێ !؟

یه‌كێتیی و گۆڕان ئه‌گه‌ر وریا نه‌بن ئه‌وا پارتیی به‌ گوتاری دروستكردنی ده‌وله‌تی سه‌ربه‌خۆ ( ڕاست بكات یان پڕوپاگه‌نده‌ ) سوودمه‌ند ئه‌بێ و ، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی و گۆڕان زوو نه‌گه‌نه‌ فریا پارتیی هه‌ر له‌و ڕێیه‌وه‌ گۆڵی تر ئه‌كات .

هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ بڕوای منه‌ : نابێت هیچ مرۆڤ و سه‌ركرده‌یه‌ك بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی لۆژیكیی و هه‌ڵسه‌نگاندنی بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییانه‌وه‌ بۆی !