محه‌مه‌د به‌رزی : میوانه‌که‌ی سه‌رۆک .
ڕۆژێکی خۆشی به‌هار ، دکتۆر که‌ریم لە ئەمەریکاوە گه‌یشته سلێمانی و هاوڕیێ یه‌کی خۆشه‌ویستم یاوه‌ری بوو . هه‌ر هه‌مان ڕۆژ یه‌کترمان ناسیی و به ڕوویه‌کی گه‌ش و زمانێکی زۆر شیرینه‌وه ووتی : ناوم که‌ریمه ، کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانم و زیاتر له چل ساڵه له ئه‌مه‌ریکادا ده‌ژیم و بڕوانامه‌ی دکتۆرام له بواری ئابوری‌دا هه‌یه و ده‌مێکه چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی ئابوری گرنگم بۆ ئه‌م کوردستانه ئازیزه‌ی خۆمان ئاماده‌کردووه ، ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا به دیداری جه‌نابی سه‌رۆک شادبووم و باسی ئه‌و پڕۆژانهم بۆ کردووه ، جه‌نابیان به‌و پڕۆژانه سه‌رسامبوون و حه‌زیانکرد بێم بۆ سلێمانی ، جا ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگێشتی به‌ڕێزیان لێره‌م و خوا یاربێت سبه‌ینێ ده‌چمه خزمه‌تی و به درێژیی باسی هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ ده‌که‌م ، که دڵنیام کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری ئه‌م نیشتمانه جوانه‌مان دەبێ … ئێمه‌ش به دڵ هیوا و ئاواتی سه‌رکه‌وتنمان بۆ خواست . پاشان حه‌زیکرد پیاسه‌یه‌ک به ناو شاردا بکه‌ین . یه‌که‌م جێگا که سه‌رنجی دکتۆر که‌ریمی ڕاکێشا کارگه‌ی جگه‌ره بوو ، بۆیه ووتی : ئه‌رێ ئه‌م کارگه‌یه به تووتنی خۆماڵی کارده‌کات ؟ . هاوڕیێکهم له وه‌ڵامدا ووتی : ده‌مێکه تووتنی خۆماڵیمان نه‌ماوه و ئه‌م کارگه‌یه‌ش بیست ساڵی ته‌واوه کارناکات و فه‌رامۆشکراوه ..
دکتۆر ئه‌م وه‌ڵامه‌ی به‌لاوه سه‌یر بوو بۆیه ووتی : ده‌ی باشه خۆ تووتنی کوردستان باشترین تووتنی دنیایه ، ئیتر هۆکاری ئیشنه‌کردنی دەبێ چیی بێ ؟… ئێمه‌ش ووتمان هۆکاره‌که‌ی لای حکومه‌ته و تۆش سبه‌ینێ سه‌رۆک دەبینی ، که هه‌ر هه‌موو حکومه‌ت به ته‌نها له خۆیدا کۆبۆته‌وه و دەتوانی ئه‌و پرسیاره‌ی لیێ بکه‌یت .. ئه‌ویش ووتی : دڵنیابن باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی بۆ دەکه‌م ، چونکهژیانی هه‌زاران هه‌زار ماڵه جوتیار و کرێکاری کورد به‌م کارگه‌یه‌وه به‌ستراوه ، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی جموجۆڵێکی گه‌وره‌ش دەخاته ناو بازاڕه‌وه … دوای ئه‌م قسانه ڕوومانکرده سه‌رچنار و به‌کره‌جۆ . له‌سه‌ر جاده‌که‌ی به‌کره‌جۆ و له دووره‌وه کارگه‌ی شه‌کری بینی و داوای‌کرد دابه‌زین تا ته‌ماشایه‌کی بکات . هه‌ر که ڕاوه‌ستاین ووتی : ئه‌ی ئه‌م کارگه گه‌وره‌یه کارگه‌ی چییه ؟.. منیش ووتم : ئه‌مه کارگه‌ی شه‌کره .. ئنجا پرسیاریکرد : ڕۆژانه چه‌ند ته‌ن شه‌کر ده‌ردەکات ؟.. له وه‌ڵامدا ووتم : له ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی هه‌شتاوه یه‌ک کیلۆ شه‌کری ده‌رنه‌کردووه و ئه‌مڕۆش کراوه به گۆڕه‌پانی یاریی و هۆڵی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ ..
ئه‌م قسانه وا دکتۆریان نیگه‌رانکرد ماوه‌یه‌ک حه‌په‌سا ، ئنجا ووتی : ئه‌ی له کاتی خۆیدا به‌چیی کاریده‌کرد ؟.. هاوڕیێکهم وه‌ڵامی دایه‌وه : ئه‌م کارگه‌یه وا دروستکرابوو له ساڵیکدا دوو مانگ له‌سه‌ر چه‌وه‌نده‌ر کاربکات و ڕۆژانه دوو هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بکات به دوو سه‌د و نه‌وه‌د ته‌ن شه‌کریی سپی ، واته له‌و دوومانگه‌دا پێویستی به سه‌دوبیست هه‌زار ته‌ن چه‌وه‌نده‌ر بوو . کاتێک وه‌رزی چه‌وه‌نده‌ریش بەسەردەچوو حکومه‌تی به‌عس شه‌کری خاوی له وڵاتی کۆباو به‌رازیله‌وه بۆ دەهێناو سپی دەکردهوه ، ڕۆژی وا هه‌بووه له شه‌کری خاو پێنج سه‌د ته‌ن شکری سپی ده‌رکردووه‌و نزیکه‌ی هه‌زار کرێکار و فه‌رمانبه‌ر کاریان تێدا کردووه ، ئه‌مه جگه له‌و جوتیارانه‌ی لە زەوییە بە پیتوبەرەکەتەکەی شارەزوردا سه‌رقاڵی چاندنی چه‌وه‌نده‌ر بوون .. ئه‌م قسانه وا دکتۆر که‌ریمی په‌ستکرد دەتووت ته‌ورێکی تیژ به‌ر ڕۆحی که‌وتووه .. بۆیه ووتی : سبه‌ینێ که له‌گه‌ل جه‌نابی سه‌رۆکدا کۆبوومه‌وه باسی گرنگی ئه‌م کارگه‌یه‌ی بۆ دەکه‌م و پێشی دەڵێم : ناکرێت کارگه‌یه‌کی وا بکرێت به گۆڕه‌پانی یاری و هۆڵی گۆرانی ، به‌ڵام دەکرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت و بکرێت به کارگه‌ی تر . پاشان به‌ره‌و سلێمانی گه‌ڕاینه‌وه و له به‌رده‌می سایلۆکه‌دا گردێکی زۆر گه‌وره گه‌وره‌ی گه‌نمی بینی که له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که‌ی ڕۆکرابوو .. گورج پرسیاریکرد : ئه‌ی باشە ئه‌و هه‌موو گه‌نمه بۆ ئاوا ڕۆکراوه ؟ . ئێمه‌ش ووتمان : ئه‌و سایلۆیه‌ش سیی ساڵه ته‌واو نه‌کراوه و له‌به‌ر نه‌بوونی جێگا ، ساڵانه گه‌نمه‌که‌ی ئاوا له‌سه‌ر زه‌وی ڕۆ دەکرێت .. ئه‌ویش ووتی : ئاخر چۆن ئه‌و هه‌موو گه‌نمه جوانه له ناو قور و لیته و باران و سه‌گ و پشیله و ته‌یر و توردا ڕۆدەکریێ… ئێمه‌ش ووتمان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش لای حکومه‌ته و جه‌نابیشتان سبه‌ینێ له‌گه‌ڵ حکومه‌تدا کۆدەبنه‌وه و دەتوانن باسی ئه‌مه‌شیان بۆ بکه‌ن .. دکتۆر که‌ریمیش ووتی : دڵنیابن هه‌ر وا دەکه‌م … که سایلۆکه‌مان به‌جێهێشت کاک که‌ریم هیچ شه‌وق و ڕووناکییه‌ک له ڕوویدا نه‌مابوو .
به‌یانی دکتۆر که‌ریم به په‌رۆشه‌وه تهلهفوونی بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆک کرد و پیی ووتن : من دکتۆر که‌ریمم ، میوانی سه‌رۆکم و له‌سەر خواستی خۆی لە ئه‌مه‌ریکاوه هاتووم ، جا تکایه ئه‌مڕۆ چ کاتێک بێم بۆ دیده‌نی ؟ . له وه‌ڵامدا پییان ووت : ئه‌مڕۆ سه‌رۆک کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده عه‌ره‌به‌کانی عیراقدا هه‌یه و ناتوانێت که‌س ببینێت .. ڕۆژیی دوایی دکتۆر که‌ریم هه‌مان داوای له‌و نووسینگه‌یه کرده‌وه ، ئه‌وانیش ووتیان : ئه‌مڕۆش ناتوانێت که‌س ببینێت ، چونکه سه‌رقاڵی ڕێکه‌وتنه ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتییه .. به کورتی پێنج ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ک تهلهفوونی دەکرد و هه‌ر ڕۆژه‌ی به بیانوویه‌ک ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه دروست نهدەبوو . ڕۆژی شه‌شه‌م له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ ئه‌و نووسینگه‌یه بکات ، تهلهفوونی بۆ ئێمه کرد و به دڵ ووتی : تکایه حهزدەکهم بتان بینم . کاتێک گه‌یشتینه لای ئاگر له چاوه‌کانی دەباری و به ته‌واوی بێ هیوا بوو بوو ، ئنجا داوای‌کرد سه‌ردانێکی بازاڕ بکه‌ین به نیازی ئه‌وه‌ی قاتێک جلی کوردی بکڕێت و ووتی : زۆر ده‌مێکه حه‌زم له به‌رگێکی کوردییه و دەمهوێت له ئاهه‌نگه‌کانی نه‌ورۆزی ئه‌مه‌ریکادا له‌به‌ریان بکه‌م ..
چووین بۆ بازار و کاتێک ئه‌و هه‌موو قاتانه‌ی بینی به به‌رده‌می دوکانه‌کاندا هه‌ڵواسراوبوون ، ده‌مووچاوی تۆزێک گه‌شایه‌وه و ووتی : به‌رگدروی سلێمانی ده‌ستوپه‌نجه ڕه‌نگینن و کاتی خۆی باوکم زۆر حه‌زی له‌و به‌رگانه دەکرد ، که به‌ده‌ستی وه‌ستا شاره‌زاکانی سلێمانی تەواودەکران.. ئێمه‌ش ووتمان : ئه‌و به‌رگانه به ده‌ستوپه‌نجه‌ی به‌رگدروی سلێمانی نه‌کراون ، به‌ڵکو قوماشه‌که‌ی و کون و قۆپچهکانیشی به دروستکراوی له وڵاتی چینه‌وه هاتوون .. به‌م قسه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نه‌بوو دکتۆر که‌ریم شێت نه‌بێ ، ئنجا ووتی : ئه‌ی به‌رگدرووه ده‌ستڕه‌نگینه‌کانی ئه‌م شاره چی‌یان لێ به‌سه‌رهاتووه ؟ . ئێمه‌ش وتمان له بێ کاری زیاتر دەبێ چی‌یان لێبهسهرهاتبێ . دکتۆریش سه‌رێکی له‌قاند و ووتی : له‌م شاره‌دا دیمه‌نی وا دەبینم تا سه‌ر ئێسقان ئازارم دەدات ، باشه که‌س هه‌یه وڵاتی خۆی ئاوا وێران بکات ؟.
پاشان ووتمان دەتوانی سبه‌ینێ که له‌گه‌ڵ سەرۆکدا کۆبوویته‌وه باسی کێشه‌ی بهرگدرووهکانیشیان بۆ بکه‌یت ، دکتۆر که‌ریم وا ئاسمانی له‌به‌رچاو تاریک بوو بوو دەتووت ئه‌هریمه‌ن به کوته‌کێکی قورس له کاژه‌ڵاکی سه‌ریداوه و به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ک بکات ، یان قاتێک بکڕێت ، به دڵێکی شکاوه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ ئوتێل . بۆ به‌یانییه‌که‌ی له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌له‌فون بۆ نووسینگه‌ی سه‌رۆک بکاته‌وه ، ڕووی له فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی کرد ، له فرۆکه‌خانه‌ش تووشی خه‌مێکی گەورەتر بوو ، کاتێک له ڕیزدا وه‌ستابوو و چاوه‌ڕوانی کێشانی جانتاکه‌ی دەکرد ، فه‌رمانبه‌رێکی به‌رده‌می ترازووه‌که به به‌هانه‌ی قورسیی جانتاکه‌ی داوای سێسه‌د دۆلاری له دکتۆر کرد .. ئه‌ویش وه‌ک بروسکه له سه‌ری دابێ ڕاچڵه‌کی ، بۆیه و ووتی : له ئه‌مه‌ریکاوه تا ئێره هاتووم ، نه جانتاکه‌م قورس بووه و نه دۆلارێکیان لیی وه‌رگرتووم و نه له سلێمانیش کراسه شڕێکم کڕیوه . فه‌رمانبه‌ره‌که گوێی لیی نه‌گرت و سوور بوو له‌سه‌ر داواکه‌ی ، پاشان دکتۆر ووتی : من میوانی سه‌رۆکم . فه‌رمانبه‌ره‌که بە بزه‌یه‌کی گاڵتە ئامێزەوە ووتی : کاکی خۆم جانتاکه‌ت قورسه و ئه‌مه فه‌رمانی حکومه‌ته و ئێمه جێبه‌جێی دەکه‌ین …
لیره‌دا ئێمه‌ش گورج چووین به هانای دکتۆره‌وه ، ئنجا سێسه‌د دۆلاره‌که‌ی بۆکرا به سه‌د دۆلار . دکتۆر که‌ریم به‌م داشکاندنه وه‌ک شێتی لێهات و هه‌موو تووکی له‌شی هه‌ستا و به تووڕه‌ییه‌وه به فه‌رمانبه‌ره‌که‌ی ووت : جا ئه‌گه‌ر به ڕاستی جانتاکه‌م بای سێسه‌د دۆلار قورسه ئاخر چۆن چۆنی دەیکهی به سه‌د دۆلار ؟ . ئێمه‌ش تۆزێک دکتۆرمان هێورکرده‌وه و هێنامانه‌وه سه‌رخۆی ، به‌ڵام تا سه‌ر مۆخ نیگه‌ران بوو . پاشان به‌ر له ڕۆیشتنی به دڵێکی شکاوه‌وه ووتی : نیازم وابوو خزمه‌تێکی که‌می وڵات و میلله‌ته‌که‌ی خۆم بکه‌م ، به‌ڵام کاتێک ناوه‌رۆک گه‌نده‌ڵ دەبێت ، ئه‌وا کهللـەی پڕ له پڕۆژه‌ی خۆڕایی که‌ریم و هه‌زاره‌های وه‌ک که‌ریم به‌های کهللـەیهکی پووت ناهێنێت و نه‌شم دەزانی ئه‌م وڵاته ئه‌وه‌نده کاول و وێرانه … ئای له‌و کاته‌دا چه‌ند جه‌رگم ژانی دەکرد بۆ ئه‌و میوانه زانایەی سه‌رۆک ، که نهیدەزانی چۆن چۆنی له ته‌ریقیدا شکستی خۆی داپۆشێ ، به درێژایی ئه‌و شه‌وه درێژه‌ش له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانیدا تلم دەدا و نه‌مدەزانی خه‌مه‌کانی دکتۆر که‌ریم قورستره ، یان خه‌مه گه‌وره‌کانی ناخی ئێمه .
- Latest Posts by محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts