محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوستن بریتییە لە پشوویەکی کاتی، سەرلەنوێ جەستەی منداڵ چالاک و بارگاوی دەکاتەوە، قەرەبوی وزەی جوڵە و ئەو وەرزشانەش دەکاتەوە، کە لە ڕۆژدا لە دەستی دەدات. ئەو زانیارییانەش دەپارێزێت، کە بە درێژایی ڕۆژ فێری بووە. بە تایبەتی لە کاتی خەوی خۆش و قووڵدا، کە چاویان بەخێرایی ناجوڵێنن. بەمەش وزە بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە و ئەو هۆڕمۆنانە دەردەکات، کە بۆ گەشەی مێشکی زۆر گرنگ و بە سودن و نیشانەی تەندروستییەکی زۆر باشن. بە پێچەوانەشەوە کەم خەویش بەرگریی لەشیان لاوازدەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان دروستدەکات. بێگومان هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ کاریگەریی خراپی کەم خەوی لەسەر مرۆڤ کردووە ، دەرکەوتووە ڕێژەی لە منداڵاندا زۆر زیاتر بووە. چونکە جەستە و مێشکیان هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان . بە گشتیش 25٪ بۆ 30٪ ی منداڵان تووشی کیشەی کەم خەوی دەبن، بەڵام دەکرێت لە ڕێگای کرداری ئاساییەوە چارەسەربکرێن. جا لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا کراون، ماوەی نوستنی منداڵان بە پێی تەمەنیان دەگۆڕێت و پێویستە بەمجۆرەی لای خوارەوە بێ:
1- منداڵی تازەی لە دایکبوو تا یەک ساڵ ( 0 – 1 ) پێویستی بە 16 کاژمێرە.
2- منداڵی ساوا ( 1 – 2 ) ساڵ، پێویستی بە 11 بۆ 14کاژمێرە.
3- منداڵی پێش قوتابخانە ( 3 – 5 ) ساڵ پێویستی بە 10 بۆ 13 کاژمێرە
4- تەمەنی خوێندن ( 6 – 13 ) ساڵ پێویستی بە 9 بۆ 11کاژمێرە.
5- هەرزەکار ( 14 – 17 ) ساڵ پێویستی بە 8 بۆ 10 کاژمێرە.
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت هەندێک منداڵ یەک، یان دوو کاتژمێر زیاتر، یان کەمتر لەو ژمارانەی سەرەوە بخەون. ئەمەش بەندە بە هۆکاری بۆماوەیی و فەسیۆلۆجییەوە. جا ئێستا با بزانین دایکان و باوکان دەبێ چی بکەن، تا بە درێژایی شەو بە دیار منداڵەکانیانەوە ڕۆژ نەکەنەوە و چۆن یارمەتییان بدەن، بێ گریان و هەرا و زیقوهوڕ، شەوێکی هێمن و ئارامیان بۆ دابین بکەن و خەوێکی خۆشی ئاسایی بیانگرێتە باوەش و ئارامی بدات بە جەستەیان.
1- ژوری نوستن شوێنی پشووی نوستنە، هەر بۆیە پێویستە نیوکاژمێر پێش خەوتن، لە ژوورەکەیدا کۆمپیتەر و تەلەفزیۆن بکوژێنرێنەوە و هەموو ئەو شتانە لاببرێن، کە سەرنجی منداڵ ڕادەکێشن وەك: پەرتووک و یاریی منداڵان و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و بە تایبەتیش ئەو یارییانەی ڕووناکی دەبەخشن.
2- پێویستە هەموو شەوێک منداڵ ڕابهێنرێت لە کاتێکی دیاریکراودا بخەوێت. بە هەمان شێوەش لە بەیانیاندا لە کاتێکی دیاریکراودا لە خەو هەڵبستێت. ئەگەرچی لە هاویندا ڕەنگە تۆزێک قورس بێت پابەندبن بەو کاتە دیاریکراوانەوە، بەڵام تـا دەتوانیت هەوڵبدە پابەندی ئەو کاتانە بێ.
3- دڵنیابن، کە منداڵ بە شێوەیەکی ڕیک و پێک و لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ژەمە خواردنەکانییان دەخۆن و وەرزشیش دەکەن.
4- بەرگی نوستن لەبەربکەن و ددانەکانیان پاک بشۆن.
5- باشترین کات بۆ ئەوەی منداڵەکەت بخەیتە جێگاکەیەوە، ئەو کاتەیە، کە خەواڵووە، نەک زەقەی چاوی بێت، یان نوستبێت و بیخەیتە جێگاکەیەوە. بەمەش خۆیان فێردەبن کەی بخەون. پاشان ئەگەر منداڵانی پێش تەمەنی خوێندنگا لە نیوەشەودا هەستان لە خەو، ئەوا بیانخەنەوە سەر جێگاکەی خۆیان. باشتریش وایە کۆرپە لەسەر جێگای خۆتان نەخەوێنن. چونکە نووستنی کۆرپە بە تەنیشت دایک و باوکێوە مەترسی مردنی لە ناکاوی کۆرپە زیاد دەکات.
6- بۆ ڕێگرتن لە ڕووناکی پەردەی تاریک بۆ ژوورەکەی بەکاربهێنە. ئەگەر لە تاریکیش ترسا، گڵۆپی کزی شەوانەی بۆ دابگیرسێنە. هەوڵبدە پلەی گەرمایی ژوورەکەی کەمێک لە کاتی پێش نوستن فێنکتر بێ. پاشان ژوورەکەی لە دەنگە دەنگ بپارێزە. یان بۆ ڕێگرتن لە دەنگە دەنگی دەرەوە، ئامێری ژاوە ژاو ( Sound Machine ) ی بۆ بەکاربهێنە.
7- ئەگەر منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی نەخەوت، یان لە نیوەشەودا هەستا لە خەو، هەڵی مەگرە، هەوڵبدە بە دەنگێکی شیرین و هێواش، یان بە دەست لێدانێکی ئەسپایی ئارامی بکەیتەوە. خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لە گریان، لەوانەیە برسی بێت، یان پێویستییان بە گۆڕینی دایبی بێت. بە خێرایی و هێمنی کێشەکەی چارەسەربکە و زووش ژوورەکەی بەجێبهێڵە. دیارە نابێ ئەوەش لە بیربکەی، ئەگەر لە کاتی نوستندا منداڵ پرخە پرخی کرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات. چونکە لەوانەیە کێشەی هەبێت، یان هۆکاری وەستانی هەناسەی بێت لە کاتی خەوتندا.
8- کاتێک منداڵی ساوا، خوشک، یان برایەکی نوێی لە دایک دەبێت، یان ددانی تازەی دەردەچێت. یان شوێنێکی ئازاری دەبێت، یان تووشی سەرما و هەڵامەت و هەوکردنی گوێچکەکانی دەبێت، ئەوا هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خەوی منداڵەکە دەبێت.
9- پێش نووستن دووربکەرەوە لە پێدانی ژەمە خواردنی قورس و کافاین و ئەوانەی شەکریان تێدایە. ئەگەر پێویست بوو، خواردنێکی سووک و تەندروستی بۆ ئامادە بکە. چونکە کێشی قورسی منداڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی کەم خەوی. خەوی خۆش و ئاساییش، قەڵەوی بە ڕێژەی 36٪ کەم دەکاتەوە.
10- تارمای ( کابوس ) ی شەوانە بۆ منداڵانی بچووک ترسناکن. چونکە بە زەحمەت جیاوازی دەکەن لــە نێوان ڕاستەقینە و ئـەوەی ڕاستەقینە نییە. زۆر جار بە هۆیەوە لە خەو خەبەریان دەبێتەوە و لەوانەیە دەست بە گریان و هاوار هاوار بکەن، خۆ ئەگەر چەند جارێکی کەم ئەم حاڵەتە دووبارە بۆوە، منداڵەکــە هێوربکەرەوە و زۆر بـــە ئەسپایی بیخەرەوە نـــاو جێگاکەیەوە. ئەگەر هاوارکردنیشی نەما، ئەوا وازی لێبێنە و خەبەری مەکەرەوە و جێگای ترس و دڵەڕاوکێ نیە. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتە بە زۆری دووبارە بوونەوە و لە ڕۆژدا خەواڵویکرد، ئەوا باشتر وایە سەردانی پزیشکی منداڵان بکات.
11- قسەکردن لە کاتی خەوتندا کیشەیەکی تری منداڵە، کە بە زۆری لە سووکەخەودا ڕوودەدات. هەر بۆیە پاکوخاوێنی کەشوهەوای خەوتن، دۆخی قسەکردن لە کاتی خەوتندا کەمدەکاتەوە، هەرچەندە حاڵەتێکی مەترسیدار و زیان بەخش نییە، بەڵام ئەو کەسانە بێزار دەکات کە لە هەمان ژووردا نوستون.
12- لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵەی بۆ ماوەی پێنج شەو لەسەر یەک، لە کاتژمێرێکی خەوتن بێبەش بێ، زیاتر توڕەدەبێ و لە پۆلدا کەمتر سەرنج دەدات و بە باشیش لە وانەکانی تێناگات. چونکە لەم حاڵەتەدا تەنها بەشێکی مێشکی لە کاتی خەوتندا گەشەدەکات. ئەوەی شایانی باسە لە زانکۆی ماسەچوسسی ئەمریکادا توێژینەوە بۆ ئەو منداڵانە کراوە، کە تازە فێری وشەی نوێ کراون و پاش ماوەیەکی کەم خەویان لێخراوە، دەرکەوتووە 80٪ ی وشە نوێکانیان لە بیردا ماوە. بەڵام ئەو منداڵانەی نە خەوتون، تەنها 30٪ ی وشەکانیان لە بیردا ماوە و لە تاقیکردنەوەکانیشدا نمرەکانیان بە ڕێژەی 10٪ کەمتر بووە لە چاو ئەو منداڵانەی خەویان لێخراوە. ئەمەش پێمان دەڵێ خەو زۆر گرنگە و دەرمانی زیرەکی و فێربوونە و پێویستە منداڵان زووتر و زیاتر بخەون. جا تکایە ئەم خاڵە بە هەند وەربگرن.
13- زۆر گرنگە ڕۆژانە منداڵ بە بەردەوامی بجوڵێت و وەرزش بکات. تا وزەی شارراوەی لەشی لە کاتی خەوتندا کیشەی بۆ دروست نەکات. بۆیە پێویستە هاوکاری بکەیت بەردەوام ئەو چالاکییانە بکات. بەڵام کارێکی وا مەکە لە پەلوپۆبکەوێ تا شەوانە باشتر بخەوێت. زۆرجار شەکەت و ماندووبوونیان خەو لە چاویان دەتارێنێ و سەرئەنجامیش خەویان زەحمەتر دەکات.
14- نوستن یارمەتی مێشک دەدات زانیاری نوێ ئاڕاستەی بیرگەی منداڵ بکات، لە ڕێگای کردارێکی گرنگەوە، کـە ناودەبرێت بــە چەسپاندنی بیرەوەری ( Memory Consolidation )، یان برەودان بە بیرتیژی. جا کاتێک سود لە ماوە بە نرخەکەی نوستن وەرناگیرێت، دەمارەکانی مێشک ناتوانن وەک پێویست ئەو هاوکارییە بکەن و ڕێژەی بیرچوونەوەیان بەرزدەبێتەوە.
15- شتنی منداڵ پێش کاتی خەوتن زۆر گرنگە، چونکە کاتێک منداڵ بە ئاوێکی تۆزێک گەرم دەشۆرێ و لە گەرماو دێتەدەرەوە، پلەی گەرمایی
جەستەی کەمێک دادەبەزێ. ئەم دابەزینەش یارمەتی دەدات باشتر بخەوێت. توێژینەوەکانیش ئەویان دەرخستووە، دابەزینی یەک پلەی گەرمایی لەشی منداڵ، کارێک دەکات زووتر خەوی لێ بکەوێت و لە شەویشدا کەمتر خەبەری بێتەوە. سەرباری ئەوەی هەموو پیسییەک لە لەشی دەکاتەوە، کە بە درێژایی ڕۆژ پێوەی نووساوە. پاشان هەموو شەوێک دووبارە بوونەوەی هەمان خۆشتن و دانشتن بە بەردەوامی، منداڵ ڕادەهێنێت، کە کاتی چوونە ناو جێگاکەی نزیکە. سەرباری ئەمانەش پێویستە دایک گرنگی بە خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکەی بدات. چونکە چیرۆک یارمەتی منداڵ دەدات هەست بــە ئارامی بکات و سەرئەنجامیش بـە قـووڵی بخەوێ.
16- ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێکران و هێشتا منداڵەکە نەخەوت، یان زۆر بە گران خەوت، ئیتر ئەوە کاتی ئەوەیە سێ و دووی لێ نەکەیت و سەردانی پزیشک بکەیت، تا هۆکارەکەی بزانیت. یان دەربارەی ئاستی: زیرەکی و زەین کوێری و وریایی و ڕەفتار و بزێوی و بیرکردنەوەی لە پۆلدا، داوای هاوکاری لە مامۆستاکەی بکەیت. لەوانەشە تەمەڵی و کیشە و گرفتی فێربوونی، یەکێک بێ لە هۆکارەکانی کــــەم خـــەوی.

تێبینی:
1- ئامێری ژاوە ژاو: بریتییە لە ئامێرێکی بچوک لە ژوری منداڵی ساوادا دادەنرێت و بەردەوام دەنگێکی وەک ژاوە ژاو دەردەکات و ڕێگا لە دەنگە دەنگی دەرەوەی ژوورەکە دەگرێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ خەوتن دروستدەکات. دایکەکەش دەتوانێ لە ژوورەکەی خۆیەوە و لە ڕێگای مۆنیتەرێکی بچووکەوە بەردەوام چاودێری منداڵەکەی بکات.
2- بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت