محەمەد بەرزی: دوو ســەردەمی جـیــاواز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕۆژی 23 ی ئابی ساڵی 1921 دا دەوڵەتی عیراق دادەمەزرێت و شارەکانی باشوری کوردستانیش دەبن بە بەشێکی ئەو وڵاتە. جا دوور لە سیاسەت، ئەگەر لە ڕۆژی دامەزراندنی عیراقەوە تا دروستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 1992دا ، ناوبنێین سەردەمی ژێردەستی . لە دوای ساڵی 1992 وە تا ئەمڕۆش بە سەردەمی ئازادی، ئەوا بە دڵنیاییەوە لێکچوون و جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان ئەو دوو سەردەمانەدا هەیە. بۆ نموونە لە ساڵی 1921 وە تا ساڵی 1950 عیراق بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسییەوە وەک: کۆدەتای بەکر سدقی و کوژرانی مەلیک غازی و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووهەم، کەمی داهاتی نەوت بە هۆی قۆرخکردنی لەلایەن کۆمپا بیانییەکانەوە و نەبوونی سەرچاوەی داهاتی تر، پاشان بێ توانایی و نەشارەزایی وەزیرەکان و بوونی دزی و گەندەڵی و خزم خزمێنە و داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی و دابینەکردنی نان و کار و ئارامی بۆ خەڵکی، ڕێک وەک سەردەمی ئازادی ئەمڕۆی خۆمان بووە، دارێکیان لەسەر بەردێک دانەناوە. خۆیان زگیان تێربووبێ، ئیتر کەسیان بە خەیاڵدا نەهاتووە. هەر بۆیە وڵات هیچ جۆرە پێشکەوتن و بوژاندنەوەیەکی بە خۆیەوە نەبینییەوە. لە ساڵێکدا داهاتی تاکە کەسێک تەنها 30دینار بووە، کە ئەوکاتە بریتی بووە لە 84دۆلار، ئەمەش نیشانەیە، برسێتی و هەژاری و بێکاری بڵاوبووە و هاوڵاتییان بە کولەمەرگی ژیاون. سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک: ئاوی پاک و کارەبا و پەروەردەوە، کە لەو سەردەمەدا 90٪ ی هاوڵاتییانی هەموو عیراق نەخوێندەوار بوون.
دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ساڵی 1950 دا، دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کەسانی دەسپاک و دلسۆزەوە و سەرەتایەک دەبێ بۆ بەخۆداچوونەوە و چاکسازی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نوێی ئابوری، بە تایبەتی پاش بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و بیرکردنەوە بۆ بەکارهێنانی داهاتەکەی بۆ ئاوەداکردنەوە و بوژاندنەوەی وڵات، هەربۆیە لە ڕۆژی 7ی نیسانی ساڵی 1950دا ئەنجومەنێکی ئاوەدانکردنەوەیان دامەزراندووە، کە لە کەسانی پاک و شارەزای بوارەکانی: ئابوری و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بیناسازی و پەروەردە و تەندروستی و نیشتجێبوون پێکهاتووە، بۆ هەڵسەنگاندنی توانا ئابوورییەکانی عیراق و داڕشتنی بەرنامەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی سەرتاسەری عیراق بێ جیاوازی. هەموو داهاتی وڵات خراوەتە ژێر دەستی لیژنەکەوە و دەسەڵاتدارانیش دەستییان نەخستۆتە کارەکانییەوە. واتە ئەو لیژنە شارەزایە بووە بە عەقڵی بوژاندنەوەی وڵات. یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەنجومەنەکە ڕێگرتن بووە لە دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی گشتی. پاشان ئەو پڕۆژانەیان دەستنیشانکردووە، کە ڕاستەوخۆ پەیوندییان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئابوریی و پەروەردەوە هەبووە. بێگومان بەر لە دامەزراندنی ئەو پڕۆژە زۆر گەورە و گرنگانە، توێژینەوەی زۆر ورد و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو لایەنەکانییان کراوە وەک: توانای دروستکردنییان لە ڕووی ئابورییەوە. حسابی تێچوون و ڕەخساندنی ژمارەی هەلی کار و تواناکانی ناوخۆ بۆ بەگەڕخستنیان. جۆری تەکنەلۆژیا و خواستی بازاڕ لەسەر بەرهەمەکانیان .. ڕێژەی سود و قازانجیان .. کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردەکردن لە بازاڕەکانی دنیای دەرەوە .. پاشان دیاریکردنی شوێنی لەبار بۆ دامەزراندنی پڕۆژەکان و دابینکردنی ئاو و کارەبا و هۆکارەکانی گواستنەوە و بودجەی پێویست بۆ کارمەندەکانییان. جا لێرەدا تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر پڕۆژەکانی شاری سلێمانی، کە زوربەیان پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی ئەو لیژنە مەزنەیە، کە لە سەردەمی ژێردەستی دا تەواو کراون:
1– لە ساڵی 1957 دا و لە پێناوی چارەسەکردنی کێشەی گەورەی نیشتەجێبووندا، بڕیاردراوە تا ساڵی 1960 ( 25 هەزار ) خانووی نیشتەجێبوون لە هەموو عیراقدا دروستبکرێت، لە ساڵی 1960دا و لە کۆی ئەو ژمارەیە ( 302 ) خانووی ئیسکان لە سلێمانیدا لەسەر موڵکی گشتی و بۆ بەرژەوەندی گشتی بە هەموو پێویستییەکانییەوە، وەک: ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی بەسەر کرێکار و فەرمانبەراندا دابەشکراون بە قیستی درێژخایان، تەنها بۆ یەک چرکەش پێویستییان بە تەپە تەپ و چەڕەدووکەڵی موەلیدەیەک نەبووە تا ژیان و خەو و خۆراکییان لێ تاڵ بکات. پاشان پێشنیارکراوە تا ساڵی 1980 ژمارەی خانووەکانی ئیسکان لە هەموو عیراقدا بگاتە ( 400 هەزار ) خانوو.
2– لە ساڵی 1957 دا مەلیک فەیسەڵی دووەم کارگەی چیمەنتۆی سەرچناری کردۆتەوە.
3– لە ساڵی 1959 دا بەنداوی دوکان تەواو کراوە، بۆ گلدانەوەی ئاو و چارەسەکردنی کیشەی ئاو و کارەبا و ڕێگرتن لە لافاو .
4– لە ساڵی 1961 دا بۆ هەمان مەبەستی پێشوو، پڕۆژەی بەنداوی دەربەندیخان کراوەتەوە.
5– ڕاکیشانی هێڵی کارەبا لە دبسەوە بۆ سلێمانی.
6– لە ساڵی 1961 دا کارگەی جگەرە کراوەتەوە، پاشان بەشی پوختەکردن و ترشاندنی تووتنیش دروستکراون و بوونەتە دوو بەشی گرنگ و سەرەکی ئەو کارگەیە. سەرباری دروستکردنی پڕۆژەی نیشتجێبوون بۆ کارمەندکانی.
7– لە ساڵی 1971 دا دەستکراوە بە دروستکردنی کارگەی شەکر، بە توانای 290 تەن شەکری سپی لە ( 2000 ) تەن چەوەندەر لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ پڕۆژەی نیشتجێبوون بۆ کارمەندەکانی.
8– لە ساڵی 1984 دا دروستکردنی کارگەی جلوبەرگ.
9– دروستکردنی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە ( 1980 – 1985 ) .
10– دروستکردنی کارگەی ئاوی بانیخێڵان و کۆکاکۆلا لە ساڵی هەشتاکاندا لە دەربەندیخان.
لە دواجاردا و بۆ ئەوەی باسەکەمان زۆر درێژ نەبێ، تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر لایەنە چاکەکانی یەکێک لەو پڕۆژانەی سەرەوە، کە کارگەی جگەرەی سلێمانییە. ئاشکرایە پێش دامەزراندنی، ئەگەر جوتیارێک ساڵانە ( 100 ) کیلۆ تووتنی بەرهەمهێنابێ و بە هەزار حاڵ لە بازاڕی ناوخۆدا بۆی فرۆشرابێ، ئەوا لە دوای دامەزراندنی کارگەی جگەرەوە توانیویەتی بە خواست و ئارەزووی خۆی بڕی بەرهەمەکەی بەرزبکاتەوە، چونکە زانیویەتی ڕەنج بە خەسار نابێ و لایەنێک هەیە هەموو بەرهەمەکەی لێ وەربگرێت. پاشان وەرگرتنی بەرهەمەکانیش بە پێی جۆر و چاکی تووتنەکان بووە. ساڵانە لە وەرزی تووتندا لیژنە تایبەتییەکانی کارگەکە سەردانی هەموو گوندەکانیان کردووە و تووتنەکانیان پشکنیوە، ئەو تووتنەی جۆرەکەی باش بووبێت، پارەی زیاتری بۆ دیاریکراوە. بەمەش جوتیار هەوڵی داوە باشتر خزمەتی بەرهەمەکەی بکات. هەر بۆیە دوای دروستکردنی ئەو کارگەیە ئەوەندە ڕێژەی بەرهەمهێنانی تووتن بەرزبۆتەوە، لە پێویستی کارگەکە زۆر زیاتر بووە و دەوڵەت توانیویەتی ساڵانە بڕێکی ئێجگار زۆری هەناردەی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپای بکات و داهاتێکی زۆری بۆ بگەڕێتەوە، هەر بۆیە ساڵی وا هەبووە ئەو کارگەیە ملیۆنەها دۆلاری قازانج کردووە، کە بەشێک لەو قازانجەشی دابەشکراوە بە سەر کارمەندکانیدا. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر کارێکی وایکردووە، ژیانێکی شایستە و سەربەرزانە بۆ جوتیاران مسۆگەر بکات و لە برساندا وەک سەردەمی ئازادی ڕووت و نەدار و بێ بژێوی گوندەکانییان چۆڵ نەکەن و بە کەساسی و گیرفانی بەتاڵەوە بەرەو شارەکان کۆچ نەکەن. بەڵام بە داخەوە لە سەردەمی ئازادیدا و بێ بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی گشتی و داهاتە زۆرەکەی، دەرگاکانی دادەخرێن و لە شارەکەدا هەزاران هەلی کار وەک گەڵای پایز دەوەرێنن. لە جیاتی ئەو هەزاران کەسەش، تەنها چەند بازرگانێک لە هاوردەکردنی جگەرەدا سوودمەند دەبن. پاشان جگە لە بەنداوەکان یەک لە دوای یەک هەموو پڕۆژەکانی سەردەمی ژێردەستی، یان داخراون، یان کراون بە باڵەخانە. ئاخر کارگەیەک لە سەردەمی ژێردەستیدا و لەسەر موڵکی گشتی دامەزرابێ، کەی ڕەوایە لە لایەن کەسێک، یان چەند کەسێکەوە بکرێت بە باڵەخانە و هەزاران هەلی کار لە میلاکی ئەو شارەدا بسڕێتەوە. پاشان بۆ دەبێ لە جیاتی بنیاتنانی خانوی ئیسکان و ئەنوای هەژاران، ئەو هەموو باڵەخانانە لەسەر موڵکی گشتیی بەرزبکرێنەوە، بەبێ ئەوەی توێژینەوەیەک کرابێ بۆ بڕی ئاو و کارەبا و ژمارەی گرێچییەکانی ناو شارەکان، کە پێویستییان بە یەکەی نیشتجێبوونە. بێ ئاگا لەوەی زوربەی دانیشتووەکانی ئەو باڵەخانە هەوربڕانە، کورد نین و مەترسی گەورن لەسەر ئاسایشی هەرێم و هۆکاری سەرەکین بۆ کڕینی ئاو و هەوا و خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان و زۆر بە ئاسانیش هەرێمەکەمان بخەنە سنوری ماددەی سەدوچلەوە. جا 32ساڵی تەواوە، ئەو سەرکردانەی لەو جۆرە لووتانەیان نییە بۆنی نەهامەتی پێش ڕوودانی بکەن، لە کاتی لاوازی عیراقدا و لە تەلارە بەرزەکانەوە، چییان بۆ ناوچەکانی ماددەی سەدوچل کردووە، ئەو کاتەش هەر ئەوەیان بـۆ هەرێم پێدەکرێت و دەستمان لە بنی هەمانەکە دەردەچێت.
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم: دەبوو لە یەکەم ڕۆژەوە حکومەتی هەرێم، بە تایبەتی لە سەردەمی برێمەری حاکمی عیراقدا، کە پارە وەک خۆڵ ڕژابوو، کوردیش قورسایی تەواوی خۆی هەبوو، ئەنجومەنێکی ئاوەداکردنەوەی هاوشێوەی ئەنجومەنەکەی سەردەمی ژێردەستی، لە کەسانی دانا و زانای دەستپاک دروستبکردایە، لە جیاتی تاڵانکردنی ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە، ئەو پڕۆژە زۆر گرنگەیان تەواو بکردایە، کە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و ( 1500 ) مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا. پاشان دەستیان بە هەموو پڕۆژەکاندا بهێنایە و چەند پڕۆژەیەکی تریان بخەستایەتە سەریان، لە ئەنجامدا نە گوندەکان چۆڵ دەکران، نە بێکارێک دەما و نە بیست ساڵ دەرگای دامەزراندن بە ڕووی هاوڵاتیاندا دادەخرا، ئەو کاتەش سەنگ و قورسای و هەژموونی هەرێمش لە چاوی عیراق و دنیای دەرەوە و هاوڵاتییەکانیدا گەورەتر دەبوو. ئێستاش نەچووە بچێ، دەسەڵاتداران دەتوانن بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە و ئازایانە ئەو هەنگاوە بنێن، کە بە دڵنیاییەوە هەنگاوی وا نانێن. چونکە تەنها قیڕیان لە باڵەخانەی سەر موڵک و ماڵی گشتی بەلاش و سامانی قۆرخکراوی نەوت و باج و کامێرای چاودێرییەوە گرتووە، وا دەزانن ئەوانە نیشانەی پێشکەوتنن، بێ ئاگا لەوەی پایەکانی وڵاتی پێشکەوتوو، بریتین لە پێشکەوتنی بوارە گرنگەکانی وەک: پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و داهێنان و توانای بەرهەمهێنان و ئاستی بەرزی ژیانی هاوڵاتییەکانی، نە بندیوارێکی کڵاولاری تیابێ، نە دەستێش لە کەس پان بکاتەوە بــۆ مـــووچــەی کارمەندەکانی.!

٢
تێبینی: لە ڕۆژی 19/ 7/ 2022 دا لە سایتی وتاری کورددا، بابەتێکم لەسەر پڕۆژەکانی ئەنجومەنەکە لە هەموو عیراقدا بڵاوکردۆتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت