ڕەسوڵ بۆسکێنى: گەلى دڵسۆز و سەرکردەى بێخەم.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى نەتەوەى کورد ئەوەیە، خەڵکى کورد سەرکردەکانى خۆیان خۆش دەوێ، ڕێزیان لێ دەگرن و بەدڵسۆزى و شانازیەوە شوێنیان دەکەون، لەپێناوى سەرۆکى خۆیاندا گیانى خۆیان فیدا دەکەن، هێندە دڵسۆزى سەرۆک و بەرپرسەکانى خۆیانن تاڕادەى مردن خۆى لەپێناوى دا بەخت دەکات، چەندین جار ئەوەمان بیستووە و بینیومانە، سەرەڕاى مەترسى و نەهامەتیەکان، بۆ سەرۆکەکانیان خۆیان بەرەو ڕووى مەرگ کردۆتەوە، لەو بارەیەوە شەرەفخانى بدلیسى دەڵێت: کورد لەچاو دراوسێکانى هەژار و نەدارن، هەرگیز گازەندە لەبەختى خۆیان ناکەن، لەپێناوى سەردار و مەزنى خۆیان دا بەگیان و دڵ گیانبازن و بەتێکڕایى هەموویان لە قارەمانى و ئازایەتى و بەجەرگى دا لەلاى ژوورووى هەموو کەسێکەوەن، کوردەکان ئاکارێکى ناپەسندیان کەهەبێ هەر ئەوەندەیە کەسیان سەر بۆکەس ناچەمێنێ و هەروەک تاکە تاکە بیر لە سەربەرزى خۆى دەکاتەوە، تێکرا بیر لە سەربڵندى تێکڕایى ناکەن و پشتى یەک ناکرن و نابنە یەک.

دەربارەى دڵسۆزى کوردەکان بۆ سەرۆکەکانیان ڕیچ لە گەشتنامەکەى دا دەڵێت: لە ڕاستى دا پابەندى کوردەکان بەسەرۆکەکانیانەوە شتێکى زۆر بەهێزە، لەگەڵ سەرۆکەکانیان لە حاڵێکدا دەبن تەواو دەستبەردارى خۆیان دەبن، تاڵترین ژیان دەبەنەسەر و هەموو نەبوونى و کوێرەوەریەک دەچێژن، بەبێ ئەوەى وەرتەیەک لە دەمیانەوە بێت، ئەمانە بەوە ناسراون لەتەنگانەدا بەکۆڵ هەڵگرى و ئاوکێشى پارە پەیدا دەکەن، و دەیدەن بەسەرۆک و سەردارەکانیان تا پێى بژین، بەڕادەیەک بە سەرۆکەکانیانەوە پابەندن سامى ئاوارەیى و دەربەدەرى نایان ترسێنێ، بەرگەرى هەرچى هەژارى و نەبوونیەک دەگرن، بەبێ ئەوەى ئاخ و ئۆفێک دەرببڕن.
چیرۆک و پەیامى خۆش و بەپێز لاى ڕەفیق حیلمیە بۆ هاتنەوەى شێخ مەحمودى نەمر لە بەندیخانەى ئینگلیزەکان لە هیندستان، مەگەر هەر مامۆستا ڕەفیق حیلمى وێنەى بکێشێ کەچۆن، لەهەموو لایەکى کوردستانەوە پۆل پۆل و دەستە دەستە ئەهالى و عەشایەر بەپێیان و بەسوارى ڕێیان گرتبووەبەر ڕووە و بەغدا دەچوون تا دەورى کفرى و هەندێکیشیان تا نزیک بەغدا ڕۆیشتوون، ڕێگاوبان بەعەشایەرى پڕ چەک و سیلاح ڕازابۆوە، دەگێڕنەوە بیست هەزار سوارى کورد ڕژابوونە ئەو دەشتەوە، وەکو مانگى جەژن بۆ شێخ مەحمودیان دەڕوانى، کاتێک شێخیش گەیشتەوە ناو شارى سلێمانى لەلایەک گریانى خۆشى و هەلهەلەى شۆڕەژنانى مێخەک بەندلەمل و هەیاسە لەپشت، لەلایەکى تر گوڵباران و قریوەى کچۆڵە خنجیلانە و ئێسک سوکەکانى پەنجە خەناوى فرمێسکى شادى بەچاوانا دەهێنایە خوارەوە، هەزاران پیاو و ژن بەچەپڵەڕێزان و دەنگى هەربژى، هەزاران قوتابى کوڕ و کچ سروودى بەخێرهاتنەوەى دەخوێندەوە، ئەو ڕۆژە ڕۆژێک بوو سلێمانى ببوە مەحشەر.
ئەوەشمان بیستووە لەکاتى هاتنى سکۆى شکاک بۆ سلێمانى چۆن و بە چ شکۆ و ڕێزێکەوە پێشوازى لێ کراوە، هەندێکیشمان هێشتا ئاوارەیى خەڵکى کوردمان لەبیرە لەکاتى کۆتایى شۆڕشى ئەیلول دا بۆ ئێران و ئۆردوگاکانى پڕ مەینەت و دەردەسەرى ئاوارە بوون و تووشى چ سەرگەردانیەک بوون، مەگەر هەر لاپەڕەکانى مێژوو بینوسێتەوە، کەچى خەڵک گازندەیان لە سەرۆکەکانیان نەکرد، بەڵکو نەفرەتیان لە سیاسەتى نەگریس و چەپەڵى دوژمنان دەکرد، زۆربەشمان پێشوازى هاتنەوەى تەرمى خوالێ خۆش بووان مەلا مستەفا بارزانى و ئیدریس بارزانیمان لەبیرە کە چ قەرەباڵغى و ئاپۆراى خەڵک ڕاخزى بوو، نەک هەر ئەندام و لایەنگرانى پارتى و بارزانى، بەڵکو لەژێر ڕێنمایى مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى(ى.ن. ک) و لەژێر گوشار و پێداگرى بەڕێز مام جەلالى حەکیم و ئەندازیارى ئاشتى دا، ئەندام و لایەنگرانى یەکێتى لە دەروازەى پێنجوێنەوە بەزنجیرە وەستا بوون، بەشێوەیەک نە ئەندام و لایەنگرانى پارتى و نەبنەماڵەى بارزانیش بیریان لەوەها پێشهاتێک نەدەکردەوە. دیمەنە تراژیدیەکانى شۆڕشى نوێ (ى.ن.ک)ش چەندان چیرۆکى سەرنج ڕاکێشى تێدایە، ئەمانە و سەدان تابلۆى لەم شێوەیە هەمووى خۆشەویستى جەماوەرى کوردە بۆ سەرۆک و بەرپرسەکانى، لەلایەکى تریش کورد هێندە تینوى دەوڵەت و دەسەڵاتدارى بووە، لەمێژووى کورد دا ڕووى نەداوە لەنێو نەتەوەى کوردا لەهیچ سەردەمێکدا، کورد لە سەرۆک و دەسەڵاتى خۆى ڕاپەڕى بێت، بەسەرکردە ستەمکار و چاوچنۆکەکانیشەوە، کورد ڕەخنە و گازەندەکەى هێندە گەورە بووبێت، میرنشین یا دەسەڵاتى خۆماڵى کوردى ڕووخاندبێت، ئەدى چۆنە ئەمڕۆ خەڵکى کورد ئەوەندە لەسەرۆک و بەرپرسەکانى نیگەرانە و سەرۆک و بەرپرسەکانیش هێندە بێ خەم و نەکاران، گوێ بەنیگەرانیەکانى نەتەوەکەیان نادەن، ئایا ئەم هەموو دڵسۆزى و لەخۆبووردووییەى جەماوەرى کورد بۆ سەرۆک و بەپرسەکان بۆ ئەوە ناشێت بەخشش و پاداشتێکى هەبێت. سەرۆک و بەرپرسەکان دەبێ ئەوە بزانن جەماوەرەکەیان ئەوەندە نیگەرانە هیچ دوورنیە بەردەوامى ئەم دۆخە تووشى کارى هەڵەیان بکات، پێویستە بەدەنگیانەوە بێن و گوێ لەداواکانیان بگرن، واز لەناکۆکى و ململانێ بێنن، سوپاى بێگانە بکەنە دەرەوە و دەستى بێگانە لەم وڵاتە ببڕن، خوێندن گەشە پێ بدەن و وڵات پێش بخەن، موڵک و ماڵى خۆیان بفرۆشن هەتا مووچە و پێداویستى جەماوەر دابین بکەن، هەروەکو ئەو وەزیرە بیانیەى ماوەیەک لەمەوبەر ئەوەى کرد، گەورەترین شەرمەزاریە بۆ سەرۆک و بەپرسەکانى هەرێم و دەسەڵاتى کوردى ئەمڕۆ خۆى بخاتە ئەو بوارەوە، ئەوان یەکەم سەرۆک و بەرپرس بن جەماوەرى کوردستان لەجیاتى پاراستنیان هێندە لێیان نیگەران بن، لەدژیان ڕاپەڕن، یان هەرنەبێت هاوکارى دوژمنەکانیان بکەن بۆ ڕووخاندنیان، ئایا سەرکردەکانى کورد خۆیان شەرمەزارى مێژوو دەکەن؟!.