محه‌مه‌د به‌رزی: کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاو.
له دوای ڕاپه‌ڕین و له شه‌ڕه چه‌په‌ڵه‌که‌ی برا کوژیدا، کوڕێکی مام پیرۆت به یه‌ک فیشه‌کی دۆشکه کوژرا. له پاداشتی خوێنی کوڕه‌که‌یدا مام پیرۆتی ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵان کرا به فه‌ڕاش.. مام پیرۆت پیاوێکی هێمن و مه‌نگی به شه‌ره‌ف بوو. له به‌یانی زووه وه تا نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ له به‌رده‌می ژووره‌کانی فه‌رمانبه‌ره‌کاندا ده‌وه‌ستا و، چاوه‌ڕوانی ده‌نگی زه‌نگی سه‌ر ده‌رگای ژووره‌کانیان بوو. دوا به‌دوای ئه‌و ده‌نگانه ده‌چووه ژووره‌وه و ملکه‌چی جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی فه‌رمانبه‌ره‌کانبوو. خۆ له به‌ختی ڕه‌شی مام پیرۆتدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان له خانوی کرێدا بوو و، زوو زوو باریی ده‌کرد و هه‌موو جارێکیش زوربه‌ی هه‌ره زۆری دۆڵابە شکاوەکان و کورسی و مێزە شەقوشڕەکانی به شان و بازووی شه‌که‌ت و ماندووی مام پیرۆت ده‌گوێزرانه‌وه .
وه‌ی که دڵم به‌م پیاوه هه‌ژاره ده‌سووتا و له فرسه‌تێک ده‌گه‌ڕام شتێک ده‌رباره‌ی ژیانی بزانم. به‌یانییه‌کی زوو به‌ره‌و کاره‌که‌م ده‌چووم، مام پیرۆتم بینی چاوه‌ڕوانی پاسی ده‌کرد. هه‌ر زوو به زوو بۆی وه‌ستام، کاتێک منی ناسیوەوه له گه‌ڵمدا سه‌رکه‌وت. پاشان به فرسه‌تم زانی و چه‌ند پرسیارێکم ده‌باره‌ی خۆی و ژیانی لێکرد، ئه‌ویش به له بزێکی ئێجگار شیرین و خۆشه‌وه ووتی: کوڕی خۆم ده‌رده دڵ زۆره ، جا نازانم باسی کامیانت بۆ بکه‌م، من دانیشتووی گوندێکی ناوچه‌ی شارباژێڕ بووم، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی حکومه‌ته کافره‌که‌ی به‌عس گونده‌که‌مانی کاولکرد، خۆم و هاوسه‌ره‌که‌م و چوار کوڕ و دوو کچم سه‌رقاڵی جوتیاریی بووین و له سایه‌ی به‌رهه‌می زۆریی گه‌نم و جۆ و تووتن و میوه و شیر و ماست و په‌نیر و مه‌ڕ و بزن و گاوگۆتاڵدا ژیانێکی شاهانه ده‌ژیاین. دوای کاولکردنی گونده‌که‌مان به گیرفان و ده‌ستی به‌تاڵەوە له‌ناو جه‌رگه‌ی شاردا ئاواره بووین و که‌وتینه کرێکاری و نانکردنی ماڵان و تا ڕاپه‌ڕین ژیانێکی ئه‌وپه‌ڕی کولهمهرگیمان به‌سه‌ربرد و به‌رده‌وام خه‌ونمان به‌و ڕۆژه خۆشه‌وه ده‌بینی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ باوه‌شه گه‌رموگوڕه‌که‌ی گونده خنجیلانەکەی خۆمان و پڕ به سنگ و سینه‌مان هه‌وا پاکه‌که‌ی هه‌ڵمژین، که هه‌تا به پێوه بوو زه‌وییه به پیت و به‌ره‌که‌ته‌ی نه‌یهێشت ڕۆژێک له ڕۆژان ڕووت و برسیی و چاوبه‌ره‌وژێری خه‌ڵکی بین. دوای ڕاپه‌ڕین و نه‌مانی به‌عس، نه خۆمان ئه‌و توانایه‌مان هه‌بوو بچینه‌وه گونده‌که‌مان و نه حکومه‌تیش به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌بوو، هاوکات له‌به‌ر قاتوقڕیی، کرێکاریش له شاردا برەو و ڕەواجی نه‌ما و نه‌بوونی و ده‌ستکورتی زۆریان بۆ هێناین، بۆیه کوڕه گه‌وره‌که‌م بوو به پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نێک و له شه‌ڕیی برا کوژیدا به یه‌ک فیشه‌کی دۆشکه کوژرا.
به‌م قسه‌یه کسپه‌ی ئازارێک له ناخم هه‌ستاو مام پیرۆتیش تۆزێک بۆی وه‌ستا، جا بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێ خێرا پرسیارێکی که‌م ئهڕاستهکرد: ئه‌ی ئێستا مووچه‌که‌ت ژیانتان به‌ڕێوه ده‌بات؟. مام پیرۆت له وه‌ڵامدا ووتی: مووچه ، ئای ئه‌م مووچه نه‌گریسه چ دارێکی داوه به ڕۆحمدا، ئاخر هه‌ر مووچه‌یه بۆته به‌ربه‌ستێکی گه‌وره له ڕیگای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گوندنشینه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کاندا، خۆ هه‌ر من مووچه خۆرنیم، به‌ڵکو دوو کوڕم پۆلیسن و ئه‌وه‌ی تریشیان پێشمه‌رگه‌یه و کچه‌کانیشم یه‌کێکیان شوویکردووه و ئه‌وه‌ی تریشیان له رێکخراوێکدا خزمەتکارە و باری داراییمان باشه، به‌ڵام بەخوا کوڕی خۆم باری ده‌روونی خۆم خراپه و، هه‌میشه وا هه‌ستده‌که‌م کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاوم. ئاخر من زه‌وییه‌که‌م یه‌ک پارچه ئاڵتوون و گه‌وهه‌ر بێ، ئیتر که‌ی فهڕاشیی و پۆلیسیی ئیشی من و منداڵه‌کانمه..
ئنجا ووتم: ئه‌ی که‌وایه بۆ بیر له گه‌ڕاندنه‌وه ناکه‌یته‌وه؟. ئه‌مجاره‌ش مام پیرۆت به قوڕگێکی پڕ له ئازاره‌وه ووتی: بیر له چیی بکه‌مه‌وه ، له گوندێکی ڕوخاوی تاریکونوتەکی بێ قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و ڕێگا و بان، یان له به‌رهه‌می خۆماڵی خۆمان، که له به‌ر لێشاوی به‌رهه‌می ئێرانی و تورکی چیی بکه‌یت، ناتوانێت به‌شه خۆراکی یه‌ک ڕۆژی خێزانێکی دوو که‌سیی پێ دابین بکه‌یت، جگه له مانه‌ش مناڵه‌کانم فێریی مووچه‌ی بێ ئاره‌ق ڕشتن بوون و مه‌حاڵه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گوند.
ئای ئه‌م حکومه‌ته کوردییه‌ی خۆمان چ گورزێکی گه‌وره‌ی له جوتیار وه‌شاند. حکومه‌تی کوردیی ئه‌گه‌ر تۆزێک هۆشیی هه‌بوایه، ده‌بوو له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌ستی ئێمه‌مانانی بگرتایه و گونده‌کانی ئاوه‌دان بکردایه‌ته‌وه و ئاسانکاری ته‌واوی بکردایه و ڕێگای نه‌دایه جوتیار ببێته مووچه‌خۆری حکومه‌ت، بۆی نه‌بوایه زه‌وی و خانوو له شاره‌کاندا تاپۆ بکات، نه‌یهێشتایه منداڵه‌کانمان له قوتابخانه‌کانی شاردا وه‌ربگیرین و ڕێگایان له هێنانی به‌رهه‌می بێگانه‌ش بگرتایه، ئه‌وکاته هه‌موو شتێک ورده ورده ده‌گه‌ڕایه‌وه دۆخی جارانی خۆی و حکومه‌تیش به ده‌ست ئه‌و هه‌موو مووچه خۆره بێ ئیشه‌ی ئه‌مڕۆوه گیریی نه ده‌خوارد.
ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانمان تۆزێک هۆشیان هه‌بوایه، ده‌بوو په‌ڕۆیه‌ک له سه‌رکرده‌کانی جووله‌که دادڕن و وه‌ک ئه‌وانیان بکردایه‌و ئێستا حاڵمان حاڵێکی تر ده‌بوو، تۆ ته‌ماشاکه، سه‌رکرده دڵسۆزه‌کانی جوله‌که ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تێکیان بۆخۆیان دروستکرد و یه‌که‌م هه‌نگاویان جووله‌که‌ی دنیایان کۆکرده‌وه‌و بۆ لای خۆیانیان بردنه‌وه، جووله‌که‌کانی لای خۆشمان که زوربه‌ی هه‌ره‌زۆریان بازرگانی گه‌وره و سەنعاتکار و زێڕینگه‌ر بوون، وازیان له سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان هێناو و گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵێ به‌وپه‌ڕیی خۆشییه‌وه گه‌ڕانه‌وه، ده‌زانی کوڕی خۆم بۆ گه‌ڕانه‌وه، چونکه سه‌رکرده‌کانیان خه‌می گه‌له‌که‌یان له کۆڵ نابوو و به دڵ کاریان بۆ خۆشی و به‌خته‌وه‌ری ئه‌وان ده‌کرد، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ وڵاته‌که‌یان شان له شانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا ده‌دات و به‌رامبه‌ر یەک ملیار عەرەب وەک شاخە سەربەرزەکەی قەندیل وه‌ستاون، کەچی سەرکردەکانی لای خۆشمان لە جیاتی ئەوەی وەک ئەوان بناغەی دەوڵەتێکمان بۆ دابمەزرێنن و بیر لە هێنانەوەی کوردانی ئاوارەی هەندەران بکەنەوە، ئەوەتا هەتا ئێستاش ڕێچکەی کۆچبەرانمان بەردەوامە. لە بری ئەوەی ژێرخانی ئابوریمان بۆ ببوژێننەوە، ئەوەبوو سەرقاڵی ئاودیوکردنی شۆفڵ و ئاسن و مس و فافۆن و پارچەی بە کەڵکی کارگە و بەنداوەکان بوون.. ئەمڕۆش حاڵمان وای لێهاتووە کوردێکی ئاواره‌ی ئه‌وروپا، که له چێشتخانه‌یه‌کدا قاپ ده‌شوات، یان خزمه‌تی نه‌خۆش و په‌ککه‌وته‌یه‌ک ده‌کات، ئاماده نییه بگه‌ڕێته‌وه، ده‌زانی بۆ، چونکه هه‌تا ئیستا سه‌رکرده‌کانمان نه‌یانتوانیوه نان و کار و ئارامی و ئازادی بۆ خه‌ڵکی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن ، لە جیاتی ئەوەی سواڵ بۆ میللەت بکەن، ئەمڕۆ میللەتە کڵۆڵەکەمانیانکردووە بە سواڵکەر، ئه‌وه‌نده‌ی خولیای کورسی و پۆست و پاره و پاروو بوون، نیو ئه‌وه‌نده خولیای هێنانه‌دی ئاوات و خه‌ونی مێژینه‌ی کورد نه‌بوون و وه‌ک مڵه له‌سه‌ر سامانی زۆر و زه‌وه‌ندی میلله‌ت ده‌ژین و به ئه‌ندازه‌ی تاقه موویه‌ک خۆیان نه‌به‌ستۆته‌وه به نیشتمانه‌وه، ئاوێکی خراپی وایان ڕژاندووه خه‌ڵکی به‌جارێک له گیان و ژیانی خۆیان بێزارن، بۆیه هه‌تا ئێستاش هه‌زاران که‌س به منداڵه‌کانی منیشه‌وه خوا خوایانه ئه‌م دۆزه‌خه بهجێبهێڵن و ڕێگای هات و نه‌هات بگرنه به‌ر، چونکه ئازادی و ژیانی خۆش و به‌خته‌وه‌ری له هه‌نده‌راندا ده‌بینن. سیاسه‌تی چه‌وتی سه‌رکرده‌کانمان قوڕیی کردووه به‌سه‌ری خه‌ڵکی شار و هه‌زاران هه‌زارکه‌سی وه‌ک منیش‌دا و نه‌وه‌یه‌کی خراپی وا په‌روه‌رده ده‌که‌ن، که گره‌ویان له‌سه‌ر ناکرێت و دواڕۆژێکی ئێجگار تارێک چاوه‌ڕوانیان ده‌کات. جا کوڕی خۆم به‌لاشته‌وه سه‌یر نه‌بێ پێش ڕاپه‌ڕین زوربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م سه‌رکردانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سفره‌ی ئێمه‌مانان نانیان ده‌خواردو وه‌کو ئێستا ورگن و و درۆزن نه‌بوون و سەر و سمێڵیان لە بۆیە هەڵنەکێشرابوو.
بەڵێ ئەو کاتە قسه‌ی جوان جوانیان بۆ ده‌کردین و مژده‌ی دواڕۆژێکی خۆشیان ده‌خسته به‌رچاومان و به‌رده‌وام ده‌یانووت : ئێوه ڕاوه‌ستن با ڕزگارمان بێ ، جا بزانن چۆن چۆنی ئه‌م گوندانهتان بۆ ده‌که‌ین به باخێک له باخەکانی به‌هه‌شت و هه‌قی هه‌موو کاره‌سات و مەینەتییەکانتان بۆ ده‌که‌ینه‌وه، که به داخه‌وه ئه‌و قسانه‌یان ته‌نها درۆیه‌کی شاخداری گه‌وره و خۆڵکردنه چاو بوو، ته‌نانه‌ت سه‌لکه توورێکی قوڕاویشیان لیێ سه‌وز نه‌بوو.
لێره‌دا گه‌یشتینه به‌رده‌م ده‌رگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان و مام پیرۆت به هێواشی دابه‌زی. منیش واقم وڕمابوو خۆشم نهم ده‌زانی چۆن چۆنی له ناخی مام پیرۆتدا ئه‌و هه‌موو شتانه په‌نگی خواردۆته‌وه و ئه‌و هه‌موو قسه به نرخانه‌ی له کوێوه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت. وته جوانه‌کانی مام پیرۆت بوون به خه‌مێکی ئێجگار تاڵ و سه‌راپا ناخی گرتم و به دڵ خۆزگه‌م ده‌خوارد مام پیرۆتی نه‌خوێنده‌واری فه‌ڕاش، ڕاوێژکاریی سه‌رۆکی هه‌رێم، یان سه‌رۆکی حکومه‌ت بووایه، دڵنیام حـاڵـمـان لــه ئێستا زۆر بــاشـتـر ده‌بوو. له‌و ڕۆژه‌وه به ڕێزێکی زۆره‌وه ته‌ماشای ئه‌و مام پیرۆته جوتیاره مووچه خۆره ده‌که‌م، که له ماڵه‌که‌یاندا خۆی و سێ کوڕ و کچه‌که‌ی مووچه خۆرن و به نیوە مووچه‌کانیان نان و ئارد و گۆشت و مریشک و میوه و ماست و په‌نیری تورکی و ئێرانی پیێ ده‌کڕن و هێشتا چاویشیان له هه‌نده‌رانه. ئه‌و کاتانه‌شی به سیله‌ی چاو ته‌ماشایه‌کی چاوه کزه‌کانی ده‌که‌م، وا ده‌زانم کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاو ده‌بینم. کۆڵه‌که‌یه‌ک، که دوای ئه‌نفال به‌عسی فاشست گـونـدهکــهی وێران و کـاولـکـرد، دوای ڕاپه‌ڕینیش حکومه‌ته بێ به‌رنامه‌که‌ی خۆمان سەراپا خێزانه‌که‌ی ڕوخان و بە جارێ تەختوتاراجی بۆ هانییە خوارەوە.
- بابەتەکانی تری محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts