شەنگار سابیر: شتێکی کورت دەربارەی شانۆیی ” مارا ساد.

دەبێت سەرەتا بپرسین  لە کوێدا ئەکتەر دێتە دەرەوەی ” فینۆمینۆلۆژیا ” ؟
ئەم پرسیارە دەیان پرسیاریترمان لا دروست دەکات، دەیان پێشمەرجیتر دەروخێنێت و لەخزمەت ” کات “ـی بوونخوازانەی خۆیدا بەکاری دەباتەوە. وەختایەک لە کۆنتێکستە ئۆنتۆلۆژیەکەدا دەبینین و دەبیستین، تەماهی دەکەین و هاوتای هەبووەکانی تر دەگرین و پێدەکەنین، ئێمە لە فینۆمینۆلۆژیایی ” ئەوانیتر”ـی دەرەوەی کۆنتێکست جیابووینتەوە، بەرپرسیاریمان بەرپرسیاری چرکەساتی ” رەمزیە ” وە بەهەموو مانا ” کانت”ـیەکە ئێمە لەدەرەوەی خۆمانین و لەهەمان کاتیشدا لە ناو خۆمانی ئەوانیترداین.
لەم چرکەساتەوە ” کەینونەیترین ” پرسیارمان لادروست دەبێتەوە، ئایە ئەوانی کارەکتەر دەتوانن ببنە ئێمەی بینەر؟ یاخود بە پێچەوانەوە ؟ سەیرنیە گەر بڵێم هێزی ” شانۆ ” هێزە لە میتافۆڕەکانیدا، هێزە لە ویستی مانەوە و مەرگیدا، هێزە لە ئارکی تایپە جیاوازەکانیدا.
لێرەدا چەنێک تێکست گرنگی هەیە، هێندەش دەرهێنەر، هێندەش سەر لەنوێ بە سیناریۆ کردنەوەی و ئامادە کردنەوەی، هێندەش بوونی ئەکتەرانی سەر شانۆ. بەڵام دیسان دەپرسین، ئایە ئەوەی لەم شانۆیەدا بینیمان چ جۆرێک بوو لە فینۆمینۆلۆژیا؟ ئەگەر لای فیلۆسۆف ” ئیمانویڵ کانت ” فینۆمینۆلۆژیا وابەستەی دوو سەبک و شێواز بێت لە نێوان میتافیزیکیا و ستاتیکا، ئەوا هەنگاو بەرەوە شتەکانیتریش دەنێت. وەک جۆن چەنیک فینۆمینۆلۆژیایی ئەوانی ڕۆڵ بین ستاتیکی بوو، هێندەش ترس ئامێز بوو بۆ ” بنەڕەتە نۆمینۆلۆژیەکە”. چەنێک فینۆمینۆلۆژیایی دەق وابەستەی فینۆمینۆلۆژیایی رۆڵبینەکان بوو، هێندەش مەلەل بوو بۆ ” فینۆمینۆلۆژیا سەنتراڵەکە “. بۆیە دەبێت کەمێک لە بینینمان بترسین لە هەمبەر ئەم شانۆیە. دەبێت لەم قەلەقە فینۆمینۆلۆژیەدا چ شەهدێک بنۆشین ؟
شەهدی خراپی ئەکتەر ؟
یاخود شەهدی خراپی تێکست ؟
ئەمەش ترسە گەورەکەی منی بینەرە کە دەمەوێت بەجۆریک لە جۆرەکان، لە فینۆمینۆلۆژیایی ” من’ـەوە بچمە ناو نۆمینۆلۆژیایی ئەکتەرەکانەوە، لە فینۆمینۆلۆژیایی ” من ‘ ـەوە بێمە ناو نۆمینە ستاتیکیەکەی شانۆیی ” مارا ساد “.
ئێمە نەمان توانی ئەم دەرگیر بوونە بەدیبێنین، نەمان توانی شتەکان و بابەتاکان لە دەرەوەی فینۆمینۆلۆژیایی ئەکتەران و بینەرانە وە  بێنینەوە ناو نۆمینە ڕاستەقینەکە. ئەگەر چی کێشەی بنەڕەتی ئێمە کیشەی ” بوون بە پرسی چرکەساتەکەیە ” بەڵام هەر ئەم چرکەساتەش دەگوازینەوە بۆ ڕۆڵبینەکان و دەرهێنەر و تێکستەکە.
بە مانایەکیتر، هەمووان لە کۆنتێکستی فینۆمینۆی دیاریکراودا دەهاتن و دەچوون، بینەرانیش لە فینۆمینۆی خۆیانەوە دەیانڕوانی، بابەتاکن و شتەکان بەشێک بوون لەم کۆنتێکستە، بۆیە جرکەساتەکە چرکەساتێکی جدی نۆمینەیی نەبوو. چرکەساتە نەیدەتوانی ببێتە تەڵزگەی بابەتەکان و بینەر، ئەکتەران وبینەر.
شانۆیەکە تائەندازەیەکی زۆر خراپ بوو ، لەبەر ئەوەی باسمان کرد ، لەبەر ئەم غەمە گەورەیی کە هەمیشە دونیایی شانۆی خۆرهەڵات و ناچەکە لە ئێمەدا دروستی دەکات.
کارەساتەکەش لە جێگە زۆر سەتح و عەوامانکەدا، کارەستای ئەو فیگۆرە بەستەزمان و بێڕۆح و تێنەگەشتوانەیە لە نۆمیەنەکەی ناو خۆیان، نۆمینەی ناو تێکستەکە، ناو مانا بنەڕەتی و ستاتیکیەکانی سەر شانۆ .
سەر باری ئەم کێشە گەورەیە ، ئەم کێشە کەینونەیەی فەلسەفە و ماناکانی بوونی مرۆڤ لە سەر شانۆ و دەرەوەی شانۆ، ئەمە هەوڵێکی گرنگەو جێگەی ستایش و دەستخۆشیە. چەنێک دڵگران بووم، هێندەش دڵخۆش بووم بەم هەوڵە، بە ماندوو بوونی رۆڵبینەکان و دەرهێنەرەکە، بەوەی تێکستێکی باش لەناو ئەم جەنجاڵی و دونیا وێرانەدا نمایش دەکریت و بەردەوامی بەم  پشکۆیە دەدەن کە پشکۆی شانۆیە لە جیهانی شانۆی کوردیدا .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies