شە ماڵ عادل سەلیم: حکومەت جەستەو ناخمان دەسووتینیت.
25 ساڵە لە سایەی حكومەتی هەرێم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکانی کوردستانیان زەبەلاحتر دەبن و، وەک مۆتەکە تەنگ بە خەڵکی بێنازی هەرێم هەڵدەچنن و خەریکە خەفەو لەناویان دەبەن .
کێشەی نەبوونی کارەبا، خراپی کەرتی تەندروستی، نەبوونی ئاسایشی ئاو، خۆراك، نەبوونی سیاسەتی گونجاو بۆ ئابووری، باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەوت و وزە، سەقەتی سیستەمی پەروەردەو خوێندن و تەلقین دان، بێکاری و گرانی و گەندەڵی، قەیرانی داریی و بێ مووچەییش سەرباری هەموو کێشەکان وای لەخەڵک کردووە لەگیانی خۆی بێزار بێت و ئاوات بەمردن بخوازێت.
باش دێتەوە یادم لە مانگی 12ی ساڵی 2014 حکوومەتی هەرێمی بەتەمای خودا، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا فەرمانێکی دەرکرد بە ژمارە ( 8174 ،ریک لە 14/12/2014) کە لە بڕگەی سێ ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە غازی سرووشتی کار بکەن و پێویستە لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت و پێویستە وەزارەتی سامانەکانی سرووشتی ئەم کارە جێبەجێ بکات تا کۆتایی ساڵی 2016 ).
کەچی لەبەختی کەچمان نەک تەنها فەرمانی حکومەت جێ بەجێ نەکرا، بەڵکو هاتنی کارەبا بووە ئەوخەونەی کە هەموو تاکیکی ئەم هەرێمە بێ نازە خەونی پێ دەبینێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی لێ وەبکەم، کێشەی کارەبا و بەڵێنە پووچەکانی ( حکومەتی فاشیلی هەرێم ) و قەیرانی داریی و باری نالەباری دەروونی کوردستانیان نییە، بەقەدەر ئەوەی باسکردنە لە گیان لەدەستدانی خاتوونێکی دیکەی بێ نازانی هەرێم ( سەروینی قوتابی زانکۆی ئیشق ) کە بەسووتان گیانی لەدەست دا.
دوای دەنگدانەوەیەكی زۆر و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سووتاندنی ئەو خاتوونە بێ نازە لەهەرێمی تاریکستان لەلایەن باوکییەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سۆران دوێنی ڕایگەیاند (سەروین) ی جوانە مەرگ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە موەلیدەی ماڵەوەیان سووتاوە.
بەڵێ، لەهەردوو حالەتدا، ئەگەر سەروینی خێرلەخۆنەدیو، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە موەلیدەی ماڵەوەیان سووتابێت، یان لەلایەن باوكییەوە سووتنێندرابێت، ئەوا حکومەتی بێ خەمی کوردستان تاوانباری سەرەکییە لە زەبەلاح بوونی ئەو کێشانەی کە یەخەو بەرۆکی خەڵکی بی نازی هەرێمی گرتووە، ئاخر ئەگەر کارەبا هەبوایە، ( سەروین)ی جوانەمەرگ بۆ بەئاگری (موەلیدەی چینی) گیانی لەدەست دەدا ؟ ئەگەر یاسا سەروەر بوایە و، حکومەت پارێزەری گیانی هاووڵاتیان بوایە، ئەوا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کوشنتی ئافرەت لە هەرێمی تاریکستانی بەتەمای خودا لە زیادبوون دا نەدەبوو و، (سەروین و سەروین)ە نازدارەکانی دیکەش بەدڕندەترین شێوە نەدەسوتێنران.
زۆر بەکوردی و بەکورتی:
خوێنی (سەروین و سەروین)ە بێنازەکانی دیکە لەئەستۆی ئەو حکومەتە بێ خەمەیە کە وای کردووە خەلکی بینازی هەرێم، هیوا بە مردن بخوازن بۆ رزگار بوونیان لەم هەموو قەیرانە دروستکراوەی کە باجەکەی تەنها هاووڵاتییان دەیدەن.
هەربۆیە ئەمرۆ لەهەرێمی بەتەمای خودا، کە هاووڵاتییەکی بێناز گیانی لەدەست دەدات ، خەڵکی دەڵێن: ( خۆزگە بەخۆی ، لەم ژیانە بێ ژیانە ئیسراحەتی کرد ).
ئەوەی جێگای داخە، ئەو ئاوات وخۆزگە بەمردن خواستنەی خەلکی هەرێمی بەتەمای خودا، رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێت لەسایەی بێ پلانی و بێ خەمی حکومەتی فاشیلی حزبە خۆخۆرەکانی کوردستان، کە مرۆڤیان کردۆتە بێ نرخترین سەرمایە و خۆشەویستیشیان کردۆتە کالایەک، لەکالاکانی وڵاتی چین هەرزانترو بێ نرخترترو سەقەتترە.
لەکۆتایدا بە حکومەتە پۆشتەکەمان دەڵێم:
بەڵێنت دابوو هەرێممان بۆ بکەیتە (دووبەی عیراق)، بەڵام دوای 25 ساڵ لە حوکمی خۆماڵی نەک هەر هەریم نەبووە (دووبەی)، بەڵکو ئەمرۆ ( سەروین)ە بێنازەکانی ئەو دەڤەرە تینوو بەخوێنە لەتاریکستان و لەژێر یاسای جەنگەڵ ژیان دەگوزەرێنن.