کامەران چروستانی: کوردبوون و کوردنەبوون لە گشتپرسیدا.

ئەنجامدانی گشتپرسییەک لەبەر دەرگای هەرێمی کوردستاندایە، هاووڵاتی سادە و لایەنە ناوەکی و دەرەکییەکان بە بایەخەوە بەدوای گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی هەرێمەوەن، ئەگەرەکان ڕۆژانە لە گۆڕاندایە، بیروبۆچوونەکان جیاوازن و هەندێکیان دژ بە یەکترن، کاردانەوەی حیزبەکانی ناو وڵات لەنێوان قبوڵکردن و ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردندا یاری دەکات، وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و زلهێزەکانیش بە هەمان شێوە.
شەقامی کوردیش دابەش بووە بەسەر (بەڵێ)کان و (نەخێر)ەکاندا بە پلەی جیاواز، کە هەر یەکەیان بۆچوون و پاساو و تێڕوانینی خۆی هەیە و ئەمەش هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕوویەکی ئەرێنی کۆمەڵگاکە پێشان دەدات لە پرسە جیاوازەکاندا، کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە و هەر لایەنێکی سیاسی بۆی هەیە خاوەنی بۆچوون و تێڕوانین و بڕیاری خۆی بێت.
هەتا ئەم سنوورە هەموو شتەکان کاریان بەخێرە و کێشەمان لەگەڵیاندا نییە.
وەلێ لەگەڵ دەستنیشانکردنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەرزبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان سەبارەت بەو پرسە، لە هەردوو بەرەی بەڵێ یان نەخێر هەندێک کەس و لایەن هەڵوێستێکی زیاتر لە ڕەقیان لەم پرسەدا گرتۆتە بەر بەوەی لەنێوان دەنگدان و دەنگنەدان، پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوەدا کوردبوون و کوردنەبوونی هاووڵاتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بگرە پشتگیریکردنی ئەم بەرە یان ئەو بەرە بە کۆیلە، خیانەتکار، بەکرێگیراو و نەزان یەکتر ناوزەند دەکەن.
گشتپرسی یان ڕیفراندۆم لە خۆیدا مانا و ناوەڕۆکی خۆی نمایش دەکات، کە ئەویش بریتییە لە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵە خەڵکێک سەبارەت بە پرسێکی تایبەت. بێگومان هەموو پرسێکی ناو کۆمەڵگا ڕووبەڕووی هەردوو بەرەی پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوە دەبێتەوە، چونکە ناتوانرێت بەدوای کۆمەڵگایەکی نموونەییدا بگەڕێین، کە سەرجەمیان هەمان ئاراستە و بۆچوونیان هەبێت سەبارەت بەو پرسیارە یان پرسیارانەی کە لە ڕیفراندۆمەکەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەکرێتەوە.
کوردبوونمان وەک بەشێک لە مرۆڤبوونمان بە چەند مەرج و خەسڵەتێکی تایبەتییەوە بەستراوە کە قبوڵکردنی یەکتر و ڕا جیاوازەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان و هەر ئەوەشە دەبێتە یەکێک لە سیماکانی بەرەوپێشچوونمان و جێگیرکردنی ڕۆحی دیموکراسی لە ناخی تاک و کۆمەڵگادا. دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی جیاوازی ڕەش و سپی، دۆست و دوژمن، نیشتمانپەروەر و خیانەتکار لەسەر بنەمای دەنگدان بەم بەرە یان بەو بەرە هەڵەیەکی کوشندەیە و هەر هاندانێکی ڕێکخراو لەلایەن هەر حیزب و لایەنێکی سیاسییەوە بەو ئاراستەیەدا بریتییە لە خیانەتێکی گەورە کە لە تاکی کورد دەکرێت، چونکە هەر ئەو هاندانەیە چەکەرەی قبوڵنەکردن و تۆمەتبارکردنی لەناو کۆمەڵگادا دەڕوێنێت.
بەر لەوەی یەکتر تۆمەتبار بکەین، پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە هەر یەکێک لەو دوو بەرە جیاوازە و بە پلە جیاوازەکانیانەوە پاساو و تێڕوانین و بۆچوونی خۆی هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ڕیفراندۆم و هەر یەکەشیان لە ڕوانگەی خۆیەوە خۆی بە ڕاستتر دەبینێت، بەڵام خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ڕای بەرامبەر ئەگەر بە دروستیشی نەزانین، ئەوا نەخرێتە ناو قاڵبی کوردنەبوون و خیانەتکاری و کۆیلایەتی.
هەر لەو گۆشەنیگایەوە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشمان کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پێویستە وەڵامی خۆی پێ بێت: سەرباری هەموو کەموکورتییەکان، گەندەڵی و قۆرخکارییەکان، بردنی سامانی گشتی و نەبوونی دادپەروەریی ئایا منی هاووڵاتی پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتێک بکەم و پاشان لەناو دەوڵەتەکەی خۆمدا چارەسەری کێشەکان بکەم یاخود نەخێر؛ دەوڵەتێک لەسەر بنەمایەکی نادروست بنیات بنرێت هەر نادروست دەبێت و بەر لەوەی دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەم پێویستە ماڵی کوردی یەک بخرێت و ڕێک بخرێت.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنین و لە خۆمان بپرسین: چی ڕووی داوە و هۆکار چی بوو لە ماوەی دوانزە ساڵدا ڕێژەی دەنگدەرانی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2005 لە (98%)ەوە ڕکابەرێکی وەها توندی لە بەرەی (نەخێر) یان دەنگنەدان بۆ دروست ببێت؟ بێگومان زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بەر لە هەموو شتێک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بیست و شەش ساڵ قۆرخکاری و گەندەڵی، کە وەهای کردووە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردی متمانەی بە ئێستا و ئایندەی دەوڵەتێک نەبێت، کە لە ژێر دەستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستادا دروست دەبێت. بە واتایەکی تر: دەسەڵات خۆی متمانەی لەخۆی لەلای بەشێکی کۆمەڵگا سەندۆتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.
لێرەدا ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە، کە سەرجەم بەرە و ڕا جیاوازەکان لەگەڵ سەربەوخۆیی کوردستاندان، لەگەڵ دەوڵەتێکی ئازادن بەڵام ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی خۆیان دەکەنەوە ئەوەیە: ئایا کەی و چۆن؟ لەبەر ئەوە پێوەری کوردبوونمان بە ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ڕیفراندۆمەوە نەبەستراوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە قبوڵکردنی یەکتری بە هەموو ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازەکانەوە قوڵیی ڕەگی کوردبوونمان دەسەلمێنێت.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies