محەمەد هەریری: ئەو خوێن ڕشتنە بەناوی قوربانی ڕاگرن بەو شێوەیە سەرەتاییە!
ڕیفۆرمی ئایینی زۆربەی دینە بەناوبانگ و سەرەکیەکان تەمەنیان لە دوو هەزار ساڵ کەمتر نییە، ئیسلامیش هەزارو چوارسەد ساڵە تەمەنی، ئەو دەقانەی کە بەر لە هەزار و چوارسەد ساڵ ژیان و موعامەلات و عیباداتی خەڵکی دامەزراندوە، دەبێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا و گۆڕینی سەردەمدا چۆنیەتی بەرخورد کردن لەگەڵ ئەو دەقانەدا بگۆرێت. جارێ موعامەلات لە ڕێگای فیقهێکی واقیعیانە و سەردەمیانە دەبێت زۆر جاوی پیدا بخشێندرێتەوە، کەس کێشەی نییە لەو بارەیەوە، بەڵام کیشەکە لەوەیە ئایە لایەنی عیباداتیش پێویستی بە ریفۆرم هەیە؟!
بەڕای من بەڵێ. بۆ نمونە لە عیبادەتی ڕۆژوو گرتن، کاتێ یەک مانگی ڕەمەزانی تەواو دەکەوێتە ناو گەرما وتینی هاوین، ماوەی ڕۆژوو گرتنەکە دەگاتە 21 سەعات لە هەندێك شوێن و وڵات، باشە کەس دەتوانیت نکوڵی کاریگەری تەندروستی بکات لەسەر تەندروستی رۆژووگران؟! نەک هەر تەندروستی، کاریگەری ئیمانیشی هەیە، مرۆڤ بە 21 سەعات ڕۆژوەوە تووشی بیزاری و وشك بوون و مەلولی دێت، هەرچەندە لە شەرمی خەڵك دەریشی نەخست. کەوابوو دەبێت ڕۆژووگرتن لەو مانگە ڕیفۆرمی تێدا بکرێت ئەگەر ڕێکەوتی هاوینی کرد.
عیبادەتێکی تری وەکو قوربانی، باشە زانیمان چیرۆکی ئیبراهیم و ئیسماعیل لە قورئان هاتوە، پاش ئەوەی خودا فەرمانی بە ئیبراهیم کردوە ئیسماعیلی کوڕی سەربڕێ، کە لێی خۆش بووە بەرانێکی کردۆتە قوربانی وەک چیرۆکە کە هاتووە لە سورەتی الصافات لە ئایەتی ٨٣ بۆ ١١٣.
وَنَادَيْنَاهُ أَنْ يَا إِبْرَاهِيمُ* قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ* إِنَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلَاء الْمُبِينُ* وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ* وَتَرَكْنَا عَلَيْهِ فِي الْآخِرِينَ* سَلَامٌ عَلَى إِبْرَاهِيمَ* كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ* إِنَّهُ مِنْ عِبَادِنَا الْمُؤْمِنِينَ {الصافات:104 :111}.
وەك دەبینین هیچ ئاماژەیەك لەو ئایاتانە نییە داوا لە موسڵمانان بکات لە یەك ڕۆژدا خوێنی ملیۆنەها ئاژەڵ بڕژێنن وبیکاتە یەکێك لە شەعائیرەکانی ئیسلام! بیهێنە بەر چاوت، ئەگەر ئەو ملیۆنەها ئاژەڵە سەرنەبڕان لە یەك ڕۆژدا، و بەخێوکران و خزمەتکران بەپێی پێویست سوودیان لێ وەرگیرا باشتر نییە، هەتا نابێتە هۆی دابەزینی نرخی گۆشتیش کە لە وڵاتانی ئیسلامی هەردەم لەسەرەوەیە؟!
دەکرێت وەك پێغەمبەر یەك قوربانی دەکرد و دەیگووت ئەوە لە بۆ هەموو ئومەتی ئیسلام،
عن أبي رافع رضي الله عنه قال كان رسول الله عليه وسلم إذا ضحى اشترى كبشين سمينين أقرنين أملحين، فإذا صلى وخطب أتى بأحدهما وهو في مصلاه فذبحه، ثم قال: اللهم عن أمتي جميعاً من شهد لك بالتوحيد، وشهد لي بالبلاغ… ” رواه البزار وأحمد. قال الهيثمي: بإسناد حسن.
وعن أبي هريرة رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم ضحى بكبشين أملحين أقرنين، أحدهما عنه وعن أهل بيته، والآخر عنه وعمن لم يضح من أمته” رواه ابن ماجه والطبراني في الأوسط، قال الهيثمي: وإسناده حسن.
وەك دەردەکەوێت لەو حەدیسانە پێغەمبەر دوو بەرانی کردۆتە قوربانی یەک بۆخۆیی و خاو خێزانی، دووەم بۆ هەموو ئومەتەکەی ئەوەی باوەڕی بە یەکتاپەرستی خوا و پەیامی ئەو هەیە!
دەڵێن شای مەغریب یش، پەیڕەو لەو سونەتەی پێغەمبەر دەکات و داوای لە خەڵکەکە کردوە ئەو ملیۆنەها ئاژەڵە سەرنەبڕن، زیان لە سامانی ئاژەڵی نەدەن، و خۆی قوربانیەکی سەربریوە لە جیاتی هەموو میللەتی مەغریب.
زانایانی ئیسلام ڕێگا چارەیان زۆر لە پێشە، ئەگەر بیانەوێت ئەو ریچوەلە خوێناوییە بەرتەسك کەنەوە، وەك شای مەغریب کردوویەتی، یان بەلای کەمەوە تەنها بۆ حاجیانی بە جائیز بزانن، وەك هەنگاوێك بۆ بەرتەسک کردنەوەی! بەڵام هیچ شتێکی چاك ناکەن ئەو بەناو زانایانە، تا سەختگیری هەبێت، ئاسانگیری ناکەن، ئیلا مەگەر بە شەق پێیان بکەن!
کێشەکە هەر قوربانیکردنەکە نییە، بەڵکو زیاتر ئەو شیوازەیە ناسارستانیە و خوێناوییەیە کەو سەربڕینە بەڕێوە دەچێت! لەو ڕۆژە گەورە و بچوک دەبنە قەساب و دوای قوربانی دەکەون زۆر نەشارەزایانە و بێ ڕەحمانە و نائینسانانە!
ئینجا لە بیرمان نەچێت سەربڕینی ئەو هەموو ملیۆن ئاژەڵە لە ناو شارەکان و کوچە و کۆڵانەکان، وفڕێدانی پاشماوەی لاشەکانیان بەو شێوە پیس و ناشارستانیە دەبێت بیرێکی نوێی لێبکرێتەوە. باشە گوتمان سەربڕینی قوربانی لەسەر حاجی لە حەج واجیبە، ئەو هەموو ملیۆن موسلمانە بۆ لە ماڵی خۆیان دانیشتوون و خەریکی قوربانی کردنن؟!
جگە لەوەش وێنەی موسڵمانان زۆر دزێو دەبێت، کاتێ لە یەك ڕۆژدا خەریکی سەربرین و خوێن ڕشتنی ملیۆنەها ئاژەڵ دەبن، چونکە ئەو جۆرە قوربانیکردنە وخوێن ڕشتنە بە ڕووبار لە شەعائیری دیاناتی وەسەنی نزیکە.
پێویستە ئەو تەقسە خوێناوییە نەهێڵرێت ڕیفۆرمی تێدا بکرێت. چونکە کاریگەری خوێنڕشتن و سەربڕینی ئەو ئاژەڵانە لە کوچە و کۆڵانان، زۆر نێگەتیڤ دەبێت لەسەر منداڵان و لاوان، ڕایان دەهێنێت بە دیمەنی خوێن ڕشتن، نابینیت لەناو داعش لەسەر شێوەی ئاژەڵی قوربانی لە ڕۆژی جەژنی قوربان مرۆڤ وەك ئاژەڵ سەردەبڕن! ئەو منداڵانەی وا لە کۆڵان و جادەکان قوربانی لەبەرچاو سەردەبڕن قەت نابنە خاوەن دەروون و سایکۆلۆژیەتێکی تەندروست.