ئاکۆ برایم: سەرنجێک لەسەر خۆپشاندانەکەى شارى بانە.

ئەوەى کەلە بانە رویداوە، هەڵچوون و نارەِزایەتی یەکى خەڵکى توڕە و قین لەدڵى ئەو شارەیە، لەبەرامبەر کوشتن و سوکایەتى پێکردن بە کۆڵبەران و کاسپکاران. ئەوان رژاونەتە سەر شەقام تا رژێمى پەت و سێدارە ناچار بکەن تا دەستبەردارى ئەو تاوان و کوشت و بڕە بێت. بەکوردى و بەکورتى ناڕەزایى و خۆپیشاندانەکە خۆرسکە و دوورە لەهەموو هەڵچوون و کارێکى سیاسى، هیچ گروپ و حزب و لایەنێکى لەپشت نى یە، بۆیە هەقى خۆیەتى کە حزبەکانى دانیشتوى ئۆردوگا و ورگ زلەکانى ئۆپۆزسیۆن، نەیکەن بەهات و هاوار و بەیاننامە دەرکردن و پاڵپشتى کردن، میللەت فریو مەدەن و خەڵک بەکوشت مەدەن و ماڵو حاڵیان وێران مەکەن، لەبەر ئەوەى ئەو راپەڕینە دوور و نزیک پەیوەندى بەئێوەوە نى یە و، خۆشتان مەکەن بەخاوەنى، چونکە لەمێژە میللەت ئێوەى تەڵاقداوە، ئەزانێت چین و بایى چەندن، بۆیە تکا دەکەم بۆخاترى ناو و ناو بانگ و خۆدەرخستنتان رەوشەکە مەشڵە ژێنن، ( مەبەستم ئەوە نى یە کە من دژى راپەرین و سەرهەڵدانى جەماوەریم. نەخێر من لەهەر بستێکى ئەم کوردستانە ناڕەزایى هەبێت و لەدژى دوژمن میللەت رابێت، بەگیان و دڵ پشتیوانیانم) بەڵام ئەوەى کە دەیڵێم ئەوەیە کە ئەو پارتانە هیچیان پێناکرێت، لێچونەتەوە، تواناى بەرەنگارى و بەرخودانیان نى یە،ناتوانن پارێزگارى لەخۆشیان بکەن.

میللەت و خەڵکیشیان تەواو بى باوەڕکردووە، ماوەى چارەکە سەدەیەکە بچووکترین چالاکى یان لەهیچ شوێنێک نەکردوە، ئێستاش کە میللەت لەدژى زوڵم وستەم رابووە، خۆتان مەکەن بەسوورەى بەرلەشکر و مەبنە دەمڕاست و خاوەنى ئەو راپەڕینە، لەبەر ئەوەى ئێوە وەک پیشەى هەمیشەیتان هیچتان پێناکرێت، جگە لەوەى کە بیانوویەکى باش دەدەن بەرژێم تا زیاتر دەستکراوە بێت و، زۆرترین تاوان و سێدارە و زیندان دەرهەق بەومیللەتە بکات، ئێوە هیچ سەنگ و قورسایى تان لەو بەشە نى یە و هیچ پێگەو رێکخستنێکى جەماوەریتان نى یە، تا ببنە جێگەى متمانە و رەزامەندى خەڵک و،میللەت پێتان دڵخۆش بێت. بەو ئومێدە شەڕى مان و نەمان بکات هەرچى تایبەتیشە بە برادەرانى پەکەکەو یەرەکە و کۆدار کە بەپێى رۆژ و بەرژەوەندى لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەن، بەهوشیارى و زیرەکانە مامەڵە بکەن و نەیکەنە تەق و تۆق و یەک دوو رەبایە بگرن، چەند پاسدار و پۆلیسێک بکوژێت. پێى وابێت تۆڵەى کردۆتەوە ئێرانى تۆقاندوە، نا نەخێر ئەوە جگە لەوەى کە دۆخەکە زیاتر خراپ ئەکات، دەستى ئێرانیش کراوەتر ئەکات، تا باشتر و چاکتر پەلامار بدات،، هەموو نموونەى باکور (ئامەد و شیرناخ و ماردین و شارەکانى دیکەمان) لەبەر چاوە، کە چۆن باش چەندین مانگ هێرش و پەلامار، سەرەنجام رەوشەکە ئاسایى بویەوە، ئەوەى کە زیانى پێکەوت و ماڵ و لانەى لێ تێک چوو، هەر کوردە هەژار و داماوەکە بوو، کەبەشى زۆرى کوردى رەسەنى ئەو ناوچەیە لەتاو شەڕ و قات و قڕى کوردستانى جێهێشت و چووە قوڵایى شارەکانى تورکیە. بۆیە ئەگەر هەمان سیناریۆ و شەڕ لەو ناوچەیە دووبارە بێتەوە، بەدورى مەزانە کە رژێم لەتورکیا خراپ تر دەکات بەتایبەت بۆ ئێستا لە رقى ریفراندۆم و سەرکەشیەکانى باشور پەست و نیگەرانە. رەنگبێت تەواو کۆنترۆڵى سنور بکات و پشتێنەیەکى بەهیز و مەحکەم بکێشێت، کە زیانى بۆ هەموو لایەک هەیە.

گەر سەرنج بدەیت لە رەوش و گوزەرانى کوردانى باکور قوربانیانى شەڕو کوشتارەکانى پێشوو بۆ دەیان ساڵى تریش ناتوانن بێنەوە سەرخۆیان، ژیانێکى سادە و ساکار  و مەمرەو مەژى بەسەربەرن. بۆیە کورد ئەڵێ لەبابێت و لەباران بێت لەبەفر کەم دەبێتەوە. هەرچى بێت لەکۆتایدا هەر نەگبەتى و دەردى سەرییەکە بۆ ئەو خەڵکە دەبێت، کە رەنگە رژێم لەبەرامبەردا رەوشى ئاوارتە رابگەیەنێت و، قەدەغەى هاتوچۆ لەناو شارو گوندەکان بکات، میللەت بەرەو برسێتى و لەناوچوون بەرێت. ئەوەیان رەئى خۆمە و چۆن لێکى دەدەنەوە بەچى تاوانبارم دەکەن گەردنتان ئازاد بێت، بەڵام راستییەکە و نکوڵى لێ ناکرێت. ئەویش ئەوەیە هەرگیزاو هەرگیز رژێمێکى گەورە و زەبەلاحى وەک ئێران بە دووحزبى دەستەمۆ و دانیشتوى ناو ئۆردوگاى وەک (کۆمەڵە و دیموکرات )ناروخێت، بگرە هەر باکیشى پێان نى یە و حسابى نەبوویان بۆدەکات، هەتا پشتیوانى نێو دەوڵەتى مان نەێت، هەتا وەک رژێمى سەدام، ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکان نەبنە هاوپەیمان و پشتیوانى کوردو، گلۆپى سەوز بۆ روخاندنى رژێم هەڵنەکەن، هەموو جوڵانە و چالاکى و شۆڕشێک لەو چەندشارە کوردانەدا بێ ئاکامەوە. هەر بەنوشوست و ماڵوێرانى بۆکورد کۆتایى دێت.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies