میران محەمەد: کـوردە بـیـرێـك لـە حـاڵـی خـۆت بـکـەرەوە!
کەسنانێکی زۆر لە خۆماڵی و بێگانە، خۆیان ماندو کردوەو دەکەن، بۆ ریزکردنی دەیان هۆکاری دۆڕان و شکست و ئاش بەتاڵە جەرگبڕ و ماڵ ویێرانکەرە یەك لەدوایەکەکانی گەلەکەمان لە مێژوی دورو نزیکدا.
وەلی بە رای بەندە، دەتوانرێ هەمو ئەو هۆکارانە لە تاکە هۆکارێکی تاك و تەنهادا کۆبکرێنەوە!
ئەویش ئەوەیە کە لە راستیدا، ئێمەی کورد هاندەر و ئاراستەو ئامانجی شۆرشەکانمان ژیربەژێر لە پێناو بەرژەوەندی دوژمان و بێگانەدا بون، نەك گەل و نیشتمانەکەمان! بەواتایەکی تر، ئەتوانین بلێن شۆڕشمان بۆخۆمان نەکردوە! چونکە هەردەم دەستە و کەسانێکمان کردۆتە رابەرو پێشەنگ و هەڵگیرسینەری بەناو بزوتنەوە رزگاریخوازیەکانمان، کە زۆر جاران ژێربەژێر و هەندێ جاریش بە عالەمی ئاشکرا نۆکەرو داردەستو بەکرێگیراوی دەگاز هەواڵگریە خوێنمژە بەدناوەکانی رژێمی وڵاتانی دوژمن و بەرژەوەندخواز بون.
ئەو بانگەشەی کوردایەتی و خەباتە رزگاریخوازییەش کە بە ناوییەوە ئەو بەناو جوڵانەوانەیان ڕێك خستووەو بەرپایانکردون، تەنها بۆ چەواشەکردنی ئەو جەماوەرە دڵسۆزە بوە، کە تامەزرۆی ئازادی و سەرفرازی و ئامادەی بەخشینی سەرماڵ بون. وە لەو ڕێیەشدا هەزارانیان ماڵ وێران و جەرگ سوتاو و دەربەدەرو کەم ئەندام بون و لە زیندانەکاندا توندکران و بە شەهیدکردن چون!
بەداخەوە رۆژگار بۆی دەریخستین، ئەو بەناو شۆڕشانەمان کە بە گوێرەی پڕۆپاگەندەی سەرکردەکان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی گەل و نیشتمانەکەماندا بوە، تەنها بە فیت و بە فەرمانی دوژمنان بوەو، لە حەقیقەتو دونیای واقیعدا تەنها جێبەجێکردنی ویست و پلانی دوژمنان و هێنانەدی بەرژەوەندیەکانی ئەوان بوە، نەك بەرژەوەندیە نەتەوایەتیەکانی گەلەکەمان! هەر بۆیە وەك بینیمان و دەیبینین هەر کاتێ بەرژەوندیەکانی ئەوان بەدەست هاتبێ یان کەوتبێتە مەترسییەوە، دەمو دەست هەروەك چۆن لە غەفلەتێکا فریودراوین و پرچەك ڕاپەڕنراوین، هەر بەو چەشنەش لە ناخافڵێکدا پشتمان تێکراوە و سەرگەردان و سەر لێ شێواو لە گۆرەپانە کەدا بێ هێزو بێ تفاقی پێویستی شەڕ و بێ پشت و پەنا جێیهێڵراوین و بە گورگان خوارد دراوین!
هەرچی رەنج و ماندوبون و خەبات و فیداکاری و قوربانی ڕۆڵەکانی گەلەکەشمانە بەهەدەر چون و دۆزی رەوای گەل و نیشتمانەکەشمان هێنراوەتەوە سەر سفر!
هەرچی بەناو سەرکردەو پێشڕەوە ملهوڕەکانیش بون، بێ شەرمانە وەك هەمیشە هەڵهاتون و بە زەلیلی و سەرشۆڕی گەڕاونەتەوە باوەشی ئاغاکانیان و دابەستراونەتەوە بۆ گێمێکی تر لە چەواشەکاری و خیانەت و جاشایەتی کارو کاتی پێویستی دوژمنان!
بۆیە پێویستە ئەی کورد بیرێك لە حاڵی خۆت بکەیتەوەو متمانە بە سەرکردەگەلێك بدەیت کە شۆڕش بە ئەجێندای خۆت و بۆ بەژەوەندی خۆت بەرپادهکات، نەك بە ئەجێندای دوژمنان و بۆ بەرژەوەندی ئەوان! ئەوسا بێ شك ئاسۆی رونت لێ هەڵدێت و هەنگاوەکانت بەرەو سەرکەتن و مسۆگەرکردنی گەشتن بە ئازادی و سەفرازی دەبێت. وه ئەستەمە جارێکی تر، رەنج و قوربانی و فیداکاری رۆڵەکانت بەهەدەر بڕۆن و خەڵکەکەت گرفتاری نائومێدی ببنەوە!
- بابەتەکانی تری میران محەمەد
-
میران محەمەد: 138 پاڵاوگەی نایاسایی نەوت تەنها لە یەك پارێزگا!؟
- -
میران محەمەد: تکایە مەبنەوە مقاشی دەستی دوژمن؟
- -
میران محەمەد: جەنگی کۆرۆنا.
- All Posts