دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: پێوەندیی کورد و دەوڵەتی عێراق.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بریتانیا ساڵی 1921، بناغە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراقی دامەزراند. شا (فەیسەڵ 1883-1933)ی لە دەرەوە هێنا، ڕۆژی 23. 8. 1921، لەسەر تەختی شایەنشایی دانرا. پێش ئەوەی دەوڵەتی (عێراق) دامەزرێ، گەلی عەرەب دەوڵەتی هەبێ، گەلی کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بوو، باشووری (کوردستان)، بە کردەوە سەربەخۆبوو، وەک ئەو دەوڵەتەی (شێخ مەحموود) لە نێوان ساڵانی 1918-1924دایمەزراند و بە هیچ شێوەیە، پێوەندیی بە عێراقەوە نەبوو. بەڵام ڕۆژی 16. 11. 1925، ئینگلیزەکان ڕیفراندۆمێکیان سازکرد، لە ئەنجامدا باشووری کوردستانیان، بە دەوڵەتی نوێی عێراقەوە لکاند. ئیدی لە ئەو ڕۆژەوە تا ئەوڕۆ، خاکی کوردستان داگیرکراوە، گەلی کورد سەربەخۆیی لەدەسچووە و بە ژێردەسیی دەژی!
لەبەرئەوە، ئەوا ماوەی 83 ساڵە، عەرەبەکان بە چاوی هاونیشتمانیی پلە دوو، لە کورد دەڕوانن، لە هەموو مافە ڕەوا ڕاستینەکانی نەتەوەیی، ڕامیاریی، یاسایی و دەستووریی بێبەشکراوە. دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، هەمیشە هەوڵیانداوە، ناوی کوردستان لە بیر و هۆشی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا بسڕنەوە، تاوێ بە باکووری عێراق و تاوێکی دیکەش بە نێوچەی ئۆتۆنۆمیی ناویانبردووە. هەر بۆشیان لوابێ، بەشێکی زۆریان لە خاکی کوردستان دابڕیوە و بە نێوچەکانی عێراقی عەرەبییانەوە لکاندووە، تا توانیویانە، نیشتمانەکەیان عەرەباندووین، کوردیان لەسەر ماڵ و زیدی خۆی دەرکردووە، عەرەبی خێڵەکیی و دەشتەکییان، لە نێوچەکانی خوارووی عێراقەوە هێناوە و نیشتەجێیانکردوون. ئەم ڕەوشە نالەبار و نامرۆیانەیە، تا ئەوڕۆش هەر بەردەوامە.
دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، هەر لە سەرەتاوە تا ئەوڕۆ، بە 4 قۆناغی جیاوازدا تێپەڕبووە:
1. قۆناغی پاشایەتی (1921- 1958)
ئەم قۆناغە، بە قۆناغی فەرمانڕەوایی دوولایەنەی هاوبەشی نێوان هەردوو دەوڵەتی بریتانیا و عێراق دادەنرێ. هەر لە سەرەتاوە، دەنگی ئازادیی ڕۆڵەکانی گەلی کوردیان کپکردووە، زۆر بێبەزییانەش، هەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کوردیان خەڵتانی خوێن کردووە، وەک شۆڕشەکانی (شێخ مەحموود)، ڕاپەڕینەکەی (بەردەرکیسەرای سولەیمانیی 1930) و شۆڕشەکانی (بارزان 1931-1945). ئەم قۆناغەش 37 ساڵی خایاندووە.
2. قۆناغی کۆماریی (1958- 1963)
لە کۆدەتاکەی ڕۆژی 14. 7. 1958ەوە دەسپێدەکا و بە یەکەمین کۆدەتای (بەعس)ی ڕۆژی 8. 2. 1963 کۆتاییدێ. دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی (عێراق)، لە بیر و باوەڕ، گفت و بەڵێنەکانی خۆیان پەشیمانبوونەوە، گەلی کورد ناچاربوو، شۆڕشی 11. 9. 1961 بەرپاکا. هیزەکانی دوژمنی داگیرکەریش، دەسیان نەپاراستووە و خاکی نیشتمانەکەمانیان، بە بۆمبا و چەک کێڵاوە. ئەم قۆناغەش 5ساڵی خایاندووە.
3. قۆناغی دەسەڵاتدارانی ناسیۆنالیستەکانی عەرەب (1963- 2003)
لە ئەم قۆناغەدا، هەموو دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، لە سەردەمە جیاوازەکاندا، هەمان بیر و ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی شۆڤێنیستانە و ڕەگەزپەرستانەی عەرەبییان هەبووە. ئەم قۆناغە خراپترین قۆناغی پێوەندیی نێوان گەلی کورد و فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی عێراق بوو. هەر لە ئەم قۆناغەشدا، بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، بەعەرەبکردنی کوردستان دەسیپێکردووە، چەکی کیمیایی دژی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەکارهێنراوە، ئەنفالی سەر و ماڵی کوردیان کردووە. ئەم قۆناغەش، تا ڕۆژی 9. 4. 2003 ڕژێمی بەعس ڕوخا، هەر بەردەوامبووە و 40 ساڵی خایاندووە.
4. قۆناغی دەسەڵاتدارانی شیعەکانی عەرەب (2003- )
هێشتا زۆری ماوە، لە خاڵە ئەرێنیی و نەرێنییەکانی ئەم قۆناغە بدوێین. بەڵام وەک دەڵێن: مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە! چونکە وا 15 ساڵ بەسەر فەرمانڕەوایی شیعەکاندا تێپەڕبوو، هێشتا گەلی کورد، بە هەموو مافە ڕەواکانی خۆی نەگەیشتووە!