محەمەد بەرزی: تاجی نەمری و سەربەرزی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نەمریی بریتییە لە مانەوەی ناوی کەسانێکی پایەبەرزی ساداری مەزن ، چ زیندووبن، یان مردوو، بە شێوەیەکی هەتا هەتایی و بە بێ ئەوەی لەگەڵ بەسەرچوونی ڕۆژگار و هۆکاری جیاوازدا لە بیربچنەوە. جا هەیە لە ئەنجامی خزمەتی گەورە و هێژای سەرجەم مرۆڤایەتیدا، یان تەرخانکردنی هەموو ژیانی بۆ خەبات و تێکۆشان، لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانەی پڕاوپڕ لە بەختیاری میللەتەکەیدا، نەمری بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن، لە هەمان کاتدا هەشە هەر بە زیندووی دەمرێت و ناو و ناوبانگی بە کۆڵەکەی ئاشی لە بیرچوونەوەدا بەرەو ناخی دۆزەخ دەڕوات.
ئەوەی شایانی باسە، هەندێک لایان وایە بەهرەی بلیمەتی و سەرکردایەتی، لەگەڵ کەسەکەدا لە دایکدەبێت ، هەندێکی تریش لایان وایە، کەسەکە لە ڕێگای خۆماندووکردن و خوێندنەوە و پێداچوونەوەوە، پەرە بەو بەهرەیە دەدات و بە کار و کردەوەکانی کاردەکاتە سەر دەوروپشتی و دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، بۆ گەل و نیشتمانەکەی تێدەکۆشێت. جا بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئەم باسە و بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی لە دایکبوونی نیلسۆن ماندیلاوە، لێرەدا کورتە باسێکی ژیانی ئەو پیاوە نەمرە دەکەین بە هەوێنی باسەکەمان . ناوبراو لە ڕۆژی 18-07- 1918 دا لە باشوری ئەفەریقادا هاتۆتە دنیاوە، لەو سەردەمەدا ئەفەریقا لە لایەن ئیمپریالیزمەوە داگیرکراوە و کەمینەیەکی سپی پێست دەستیانگرتووە بەسەر هەموو مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵاتەکەدا و ڕادەی ڕەگەزپەرستی گەیشتۆتە لوتکەی تروپکی. ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی بزوتنەوەی سیاسی بۆ ڕزگاربوون لەو کۆیلایەتییە. ماندێلا لە ساڵی 1942 دا تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و پەیوەندی بە پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفەریقییەوە کردووە و چەندین جار بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی دەستگیرکراوە. پاشان لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی ڕژێمە سەرکوتکەرە ڕەگەزپەرستەکدا، کە ویستویەتی وڵات بەرەو کۆمارێکی سپی پێست ببات، ماندێلا بزوتنەوەیەکی چەکداری لە ژێر سەرپەرشتی خۆیدا و بە ناوی ( ڕمی نەتەوە ) وەدا دامەزراندووە و زەبری کوشندەیان لەو ڕژیمە سرەواندووە . لە ساڵی 1962 دا و بە تۆمەتی توندوتیژی لە زیندانیان پەستاوتووە و حوکمی هەتا هەتای بەسەردا سەپێنراوە، لەو ماوەیەدا داوای لێکراوە بەرامبەر بە ئازادبوونی، واز لە خەباتی چەکداری بهێنێت، بەڵام ئەو داوایەی ڕەتکردۆتەوە.
پاش زیاتر لە 27 ساڵ و بەبێ ئەوەی چۆکدابدات ئازاد کراوە. لە ساڵی 1994دا و لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بۆتە سەرۆکی کۆماری ئەفەریقای باشور، بەمەش دەبێت بە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەو وڵاتە. جا لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکەی لە قەرزدا نوقم بووە و یەک لەسەر پێنجی هەموو بودجەی ساڵانەی تەرخانکراوە بۆ دانەوەی قەرز، کۆمەڵگاکەشی لە بارودۆخێکی ئێجگار خراپدا بووە. بەڵام ئەو توانی بە سیاسەتی ژیرانەی، ئابوری وڵاتەکەی لە داڕوخان ڕزگار بکات و لە ماوەیەکی کەمدا بێکاری کەمبکاتەوە و کارەبا بۆ 2 ملیۆن هاوڵاتی دابینبکات و هێڵی تەلەفون بۆ 3 ملیۆن کەس ببەستێت، ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ 3 ملیۆن هاوڵاتی ڕابکێشێت، دەرگای خوێندن بە ڕووی یەک ملیۆن و نیو منداڵدا بکاتەوە و ( 750 ) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ3 ملیۆن هاوڵاتی دابینبکات، ئەمە سەرباری چەندین خزمەتگوزاری تری وەک بڕینەوەی مووچە بۆ باساڵاچووان و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر بۆ منداڵان و ژنانی دووگیان و… هتد. پاشان دەستورێکی تازەی داناوە و حکومەتێکی بەهێزی لەسەر بنەمای زۆرینە و پاراستنی مافی هەموو کەمە نەتەوەکان و ئازادی ڕا دەربڕین دامەزراندووە، وڵاتیکردووە بە وڵاتی هەمووان و چرایەکی بۆ بیری یەکسانی و تەبایی داگیرساندووە، کە دوای خۆشی نەکوژاوەتەوە.
ئەم پیاوە نەمرە بە کورسییەوە نە نووساوە و دوای تەواوبوونی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی، ئامادە نەبووە بۆ خولێکی تازە خۆی کاندیدبکاتەوە، دوای خۆشی نە خزمی، نە ژنی، نە خەسوی، نە زاوای، نە هاوەڵزاوای، نە پورزا و خاڵۆزای، خەبات و تێکۆشان و ناوبانگی ماندێلایان بەکارنەهێناوە بۆ قۆرخکردنی دەستەڵات و ماشینەوەی سەروەت و سامانی وڵات و داگیرکردنی هاوینەهەوار و شاخ و گرد و تەپۆڵکە و هەزارەها دۆنم زەوی و باخوباخات. ئەو لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی وڵات بووە، تەنها خاوەنی خانوویەکی پچووکبووە، کە تێیدا لە دایکبووە، ئەوەشی بەخشیوە بە گەلەکەی و کراوە بە مۆزەخانە و ڕۆژانە گەشتیاران سەردانی دەکەن. بەم هەڵویستە جوانەشی بوو بە هێمای خۆنەویستی و چووە ناو دڵودەروونی هەموو کەسێکی بەشەرەفەوە و هەتا هەتایە ناوی بە نەمریی دەمێنێتەوە، ئەوەتا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی لە دایکبوونی ماندێلای کردووە بە ڕۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، سەرباری ئەمەش سەدان خەڵاتی سەنگین و مەدالیای بەرزی پیێ بەخشراوە، وەک: خەڵاتی نۆبڵ، مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، خەڵاتی لێنین بۆ ئاشتی و دانانی پەیکەرێکی لە ناو باخی پەڕلەمانی بەریتانیادا و… هتد. ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی 1992 دا خەڵاتی ئەتاتۆرکی بۆ ئاشتی پیشکەشکراوە، بەڵام تورکیای بە پێشێلکاری مافی مرۆڤە داناوە، هەر بۆیە ئەو خەڵاتەی رەتکردۆتەوە و لاشی بوومایە دەستەکانیم ماچدەکرد.
ماندێلا نەک هەر تەنها بە هەڵویست و کارەکانی ناوبانگی دەرکردووە، بەڵکو وتە زێڕینەکانی، کە ئاوێنەیەکی باڵانمای ناخی پاکوبێگەردی خۆیەتی، بۆتە بەشێک لە سەنگ و قورسایی ناوبانگە مەزنەکەی، کە لێرەدا ئاماژە بۆ چەند نموونەیەکیان دەکەین:
1 – ئەگەر لە پاداشتی خەباتەکەمدا پارەم وەرگرت، ئەوا دەبم بە خەباتکەرێکی ئەڵقە لە گویێ.
2 – کاتێک داناکان بێدەنگ دەبن، گەمژەکان زۆرتر دەبن.
3 – لە جیهانێکی سەیردا دەژین، هەژارەکان چەندین میل دەبڕن، تا خواردنیان دەستبکەوێت، دەوڵەمەندەکانێش چەندین میل دەڕۆن تا هەرسی خواردنەکەیان بکەن.
4 – خوێندەواری بەهێزترین چەکە، کە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت.
5 – بە پێچەوانەی هەندێک سیاسییەوە، دەتوانم دان بە هەڵەکانمدا بنێم.
6 – سەرکردەی ڕاستەقینە، ئەوانەن، کە لە پێناوی گەلەکانیاندا ئامادەی هەموو قوربانییەکن.
7 – هەر گەندەڵ، داکۆکی لە گەندەڵدەکات. هەر ناپاک، داکۆکی لە ناپاکدەکات. هەر ئازادی خوازە، داکۆکی لە ئازادی دەکات. هەر کەسێک لە ئێمە دەزانێت داکۆکی لە چی دەکات.
8 – زۆر جار پەتای وابەستەبوون بە ڕابوردوو، شۆڕشگێرەکان دەکات بە کەسانی چاوبرسی و بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان دەست بۆ سامانی گشتی دەبەن .. ئەم وتەی دواییان رێک دەڵێی بۆ سەرکردەکانی ئەمڕۆی کورد وتراوە.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا، وڵاتەکەمان وەک گۆشتی قوربانی دابەشکراوە و دووچاری قڕکردن و ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئەنفال و مەرگی بە کۆمەڵی هەڵەبجە و هەزاران کارەساتی جەرگبڕی خوێناوی بۆتەوە، کە سەدەیەکە ئێسقانمان دەهاڕێت، کەچی هەتا ئێستا ، سەرکردەیەکی خۆڕاگر و تێکۆشەر و کۆڵنەدەری، وەک ماندێلا هەڵنەکەوت، تا کۆتایی ڕێگا بەردەوام بێت و تاجی نەمری و سەربەرزی بکاتە سەری و کۆتایی بە بازرگانەکانی کوردایەتی بهێنێت، کە ڕۆژی کوردیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە ناخۆشەی ئەمڕۆ و لە شکستێکەوە دەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر و بە خووووی لاوازترین سوپای دنیا، لاقێکیان کرد بە چوار و وەک با لە کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستان هەڵاتن و باکیشیان نەبوو.