سۆران محەمەد: گەمەی ڕەنگەکان و میتافۆڕی نوێ لای غەمگین بۆڵی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر مردم،
ئەم دێڕەی خوارەوە
لەسەر ئەدەبخانەکەمان بنووسن
” دەترسم جارێکی تریش بژیم؟”….
بنووسن
بە زیندوویی مردو
بە مردوویی ژیا(**)
مردن ئەو پرسیارە ئەبستمۆلۆژیەی لای زۆر فەیلەسوفان بووەتە گرێکوێرەی ژیان و ڕاڤەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، بەڵام ئەوەی جێی لێوردبوونەوەیە ئەوەیە کاتێك ترس لە مردن جۆرێك لە مردنی تر لای داهێنەران دەخولقێنێت و دەستو پێیان پێوەند دەکات و تەنانەت هەندێك جار پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن بۆ ڕزگار بوون لەم مۆتەکەیە. وەك ئێرنست هێمنگوای و ڕیچارد برۆتیگێن….و تاد. کاتێك لە ساڵی ١٩٥٤ ڕۆژنامەنووسێك پرسیارێك لە ئێرنیست هێمنگوای دەکات دەربارەی چۆنیەتی بوون بە نووسەر ئەو بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە:” با بڵێین ئەو دەبێت بچێتە دەرەوەو خۆی هەڵواسێت چونکە وای بینی کە گران و نا ڕێتێچووە بتوانێت باش بنووسێت. پاشان ئەو دەبێت لە بێ بەزەیێتی کەم بکاتەوە و لەلایەنی خودی خۆیەوە ناچاربکرێت کە بنووسێت هێندەی بتوانێت بە باشی بۆ سەرتاپای ژیانی، بەلانی کەم ئەو چیرۆکی خۆ هەڵواسینەکەی هەیە تا لێوەی دەستپێبکات”.لەوکاتەدا نەزانرا ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە خودی نووسەر لە ساڵی ١٩٦١دا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت پێی!
تازە لە دوا نهۆمی باڵکۆنەکانی خەیاڵ
خۆم فڕێ دەدەمە خوارخوارەوەی
خۆکوشتنێکی ئارام
تازە فێر نابم
لە فەلسەفەی مەلەکردنی کیسەڵێك
خۆم لە گوناهەکانی ماسی بسمیل بکەم
وەك کۆلارەیەك لە باوەشی ئاسمانێکی تووڕە
بیر لەو هەموو خۆکوشتنە بێنازەی تەنیایی
دەکەمەوە
تا : بەرمیلەکانی سەربانیش پڕ دەکەم لە
رەشبینی!!!(*)
کۆدو سیمبوڵی جیهانی میتافۆڕەکانی شاعیر لە خولگەیەکدا دەفڕنو پێکدادەچن کە چەندان مانای نوێ لە دالەکان هەڵدەهێنجرێت و دەتوانین دەقەکان و تەنانەت جیهانبینی شاعیریشی پێ مۆرکدار بکەین ( دوکەڵی جگەرە/ستیان/ ژیان و مردن/ خۆکوشتن/ ڕەنگی سپی و ڕەش و سوور/ ڕووت بوونەوە/ گڵۆپ و ژوورو پەنجەرەو دەرگا/ پێڵاو/ سەفەر/ تەنیایی).
ئەم مردنەشە کە لە زۆربەی شیعرەکاندا ئامادەیە کە لای شاعیر جارانێك چەمکێکە بۆ ژیان ، ئەمەشە وای لێ دەکات کە زۆرجار خۆی هەوڵی بۆ بدات، گەر نەمریی؛ ئادەم فریوخواردووی خواردنی بەری داری نەمریی بکات، گەر مرۆڤ لە کێشەدابێت لە نێوان ژیان و مردندا، هەر یەك بە جۆرێك تەعبیری لێبکات و هەوڵی بۆ بدات، بەوەی ژیانی ناو سکی دایك جیهانێکی بچوکەو ئەم ژیانە لەو گەورەترو درێژتر… ئەوا غەمگین وا تێدەگات خودی مردن کلیلی کردنەوەی ئەو جیهانە پڕ نهێنیەیەو ئەفسانەی ئەم ژیانە کە لای شاعیر بە مردن چووێنراوە دەپێچێتەوە. رەنگە ئاسوودەگی هەتاهەتایی گیانیی لێ فەراهەم بێت! ئەگەر ئاماری خۆکوشتنی ٢٣ مرۆڤ لە ڕەگەزی نێرینە لەشارێکداو لە ماوەی ساڵێکدا زەنگی مەترسی نەبێت لە لێکترازانی دەلاقەی کۆمەڵگەو تاك، ئەی دەبێت چی بێت؟ چەمکی باڵای بەختەوەری ئەو هەستە هەڵخەڵەتێنەیە زۆرجار خۆمان دروستی دەکەین بۆ مانەوە و نەترازان بەرەو خەمۆکی کە زۆر فاکتەری ناوەکی و دەرەکی وەبەریدێنن، بۆ ڕێگرتن لەمە و لە بری ئەوەی ژیان وەك کێشەو ململانێ تەماشا بکەین دەکرێت وەك یۆتۆپیایەكی ڕیالیتی لە ژیانماندا بە تەبایی مۆرکداری بکەین، بۆچی هەر دەبێت سالب و موجەب دژی یەك بن لە کاتێکدا بە هەردووکیان تەزووی کارەبا پێکدەهێنن، ئەی شەو و ڕۆژ کە زەمەن و تەمەنی لێ پێکدیت.. بەهای ڕووناکی لە بوونی تاریکیدایە، دوو دەستیش تەواوکەری یەکدین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە تەواوترین شێوە فەرمانەکانی ژیریی جێبەجێ دەکەن… بەداخەوە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا نێر کەمتر لە مێ ناچەوسێتەوە بەس بە شێوازی جیاوازتر، هەر ئەم بەرەنجامەشە ئەو ئامارەی مەترسیدارەی سەرەوەمان پێ دەدات.
ئەمەیە وا لە تۆماس هاردی دەکات پەیوەندی جەدەلیی نێوان خۆی و ژیان بەم شێوە سوتماکە وێنا بکات و بڵێت :-
ژیان بە ڕووە سووتاوە خەمبارەکەیەوە
من بە بێزاریەوە تەماشات دەکەم.(٤)
یاخود وا لە جۆن کلێر بکات بڵێت:
ژیان چیە؟ سەعاتێکی شووشە لە ڕاکردن،
تەمێك دەکشێتەوە لە سپێدەی خۆردا،
جەنجاڵ، بزۆك، هێشتا خەونەکان دووبارە دەکاتەوە.
درێژیەکەی، وەستانی خولەکێکە، ساتێکە لە ڕامان
و گوشادی بڵقێکە لەسەر شەپۆل،
ئەو بە کاری دەستبەسەراگرتن دەچێتەوەیەك بۆ هیچ.(٤)
ئەی ئەوە نیە شەکسپیر بە جۆرێکی تر تەعبیر بۆ ژیان دەکات و لە شتانێکدا خۆراکی بوون و هۆش و ناخ ، لە بەردەوامی و فەراهەمهێنانی بەختەوەریی وەردەگرێت و دەدۆزێتەوە، کاتێك لە سۆناتەی 75 دا دەڵێت:
تۆ بۆ هزرەکانم
وەك خۆراك وای بۆ ژیان (٤)
غەمگینیش ئاوها گەمە بە وشەکان دەکات و لە نێوان مەرگ و ژیاندا دەگیرسێتەوە تا ئەو کاتەی پەردەی شانۆ ڕیالیستیکەکە لا دەدرێت و بەشە نوێکانی دەستپێدەکەن، نەك دووبارە وەك ئێمە ڕۆژانە لە کۆنی شتەکان ورد دەبینەوە، بەڵام بۆ ئەو و هەموو ئەوەکان تکاکارم هەرگیز خۆیان شێوازی ئەو مردنە هەڵنەبژێرن کە لە خەونەکانیان دەکات و رەنگە نغرۆی جۆرێكی تر لە خەونی ناخۆشتریان بکات. تکاکارم.
ژیانم،
ڕەدووی تراویلکەکەنی مەرگ کەوتووە!
مەرگم،
بووەتە ئاورینگ بەسەر گەڵا سەرما بردووەکانی
ژیان!
***
تازە زانیومانە ڕێگەکەمان بازنەییە
هەموو رۆژێك،
لە شوێنی دوێنێ دەستپێدەکەینەوە! (*)
وێڕای ئەوەی لە زۆر لە دەقەکان پشکی ئیرۆسییان بەرکەوتووە، بەشێک لە توخم و پێکهاتەکانی کەسایەتی شاعیر وێنا دەکەن، لە هەمان کاتیشدا شێوازی ڕەخنەیی گاڵتەئامێز حزوری جۆربەجۆرییان هەیە، جارانێك وەك تەشقەڵەیەك بە ژیان و ڕووداوەکان، جارانێکیش وەك دەربڕینی هەستی کپکراوی ناخی شاعیر، جارانێکیش وەك هەناسەدانێکی کۆمیدیی یان وەك شاعیر گوتەنی (قسەی قۆڕ) لە جەنجاڵی ژیاندا بۆ خودی شاعیرو منی خوێنەریش، تا بتوانین پشوویەك بۆ گیانی ماندوو فەراهەم بێنین و ئەوەی لە بواری کردەیی ژیاندا ناتوانین بیگۆڕین لە دەقێکی قۆشمە ئامێزدا دڵی خۆمانی پێ دەدەینەوە، لە کاتێکدا خۆ لە مەسەلەگەلێکی گرنگ دەدەین بە گیانێکی وەرزشیەوە. لای ئینتیباعیەکان ژیان لەوە دەرناچێت ئینتیباعی ناخ و هزری کەسەکان بێت، لای عەبەسیەکانیش لە تراویلکەیەکی بێ مانا هیچی تر نیە.
شارەکەم شێتخانەیەکی گەورەیە
دوو تەلەفزیۆنی ڕەش و سپییان تێدا داناوە
***
یاسای عیشقی تۆ
لاستیکی بیجامەیە
***
هەمیشە بە پێوە دادەنیشێت!
دەچێتە ئەدەبخانەی مێژوو…(*)
ئەوەی نابێت لەم کورتە خویندنەوەیەدا لەیادی بکەین و کەمێك لەسەری بوەستین بریتیە لە لێکهەڵوەشانی هەندێك لە سیمبوڵ و ڕەمزە لێكدراوە دووبارەکان، تا وامان لێدەکەن تێگەشتنێکی نوێمان لا دروست بێت سەبارەت ئەو دەستەواژانە، کە نزیکەی (١٠)دانەن و پێشتر ئاماژەمان پێیاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی گەر یەك یەك لەسەریان بووەستین و هەڵیانوەشێنین و هاوکۆلکەکانیان ڕیز بکەین کاتێکی زۆر دەبات و زۆر دەکێشێت، بۆیە بڕیارمدا جگە لە گەمەی رەنگەکان کە پاشتر دێمە سەری، تەنیا لەسەر دەستەواژەی (پێڵاو)هەڵوێستەیەك بکەین کە بە شێوەیەکی دووبارە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دێتە پێشچاومان. (پێڵاو) ئەو زاراوەی لە کۆمەڵگاکەماندا زۆر کەمتر بۆ نموونە لە (پڵاو) بەکاردێت و لای زۆرێك وشەیەکی سوکە، بەڵام لای شاعیر بە گیانی لە خۆبووردنەوە و بە پێچەوانەوە دادەنرێت بە سیمبوڵ و هۆکاری گواستنەوەی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی هزرو ژیان.
گەر ژوور بە خودی بونیادی دەق و شاعیر لێکبدەینەوە، پەنجەرەش وەك دنیابینی و بەخشین وداهێنانەکانی شاعیر و دەرگاش وەك وەرگرتنی داتاکان، ئەی ئایا پێڵاو لای شاعیر چی دەگەیەنێت؟ بۆچی لەگەڵ پۆشاك لەبەرکردن جیاکراوەتەوە؟لە کاتێکدا بۆ چاکەت و پۆشاك و ئەوانی دی زیاتر گوتراوە دابکەندرێت، بەڵام بۆ پێڵاو بە پێچەوانەوە لە پێ بکرێت!!
لە هەموو جێکان پێڵاوەکان یان دڕاون، یان بێ گۆرەوین، یان قوڕاوین.. جارانێکیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یا ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دراوە کە پەیوەستە بە سەفەرکردنەوە؛ ئەم سەفەرکردنەش یان مەعنەویە یان مادی. بەڵام هەمیشە تێکشکانی ناخ و نائامادەگی و ناهەمواریی زەمینەسازیی ڕێگر بوون لە ئازاد بوونی پێڵاوەکان و دواتر هەنگاونان بەرەو دورگە نەدۆزراوەکانی مەعریفە و ئەو جێگا ماتریالانەی خەونەکانی شاعیری لێ گوللەباران ناکرێت، ئێدی لەبەر هەر هۆکارێکی زاتی و مەوزوعی بێت، پێش ئەوەی خۆی لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیەوە خلۆر بکاتەوە بۆ ناخی ئازارو ئاستە تێکشکاوەکانی تاكی کۆمەڵگایەك کە (شوێنکات)ێك بە لامەعقولیەت دەورەدراوە. تەنیا لە جێیەکدا پێڵاوەکان دەگۆڕدرێن بۆ پاپوجی سوور، ئەویش دەربڕینە لە کەسی دووەمی تاك.
سوور سوور هەڵگەڕا کافتریاکە
بە پاپوجێکی سوور
ڕۆشتن!(***)
وێڕای ئەوەی وەك هەوڵێکی تر بۆ گۆڕانکاری لە فۆرمی هۆنراوەدا ناونیشانەکانی ئەم چەند هۆنراوەیە لە کۆتایی دەقەکاندا نووسراون، کە لەم بارەشەوە بەر و دوا هەوڵی تر هەبووە لە ئەدەبی بێگانەدا و لای خۆشمان وەك سەباح ڕەنجدەرو چەندانێکی تر، سوزان پلێت(5) دەڵێت: “هۆنراوەی بێ ناو وەك منداڵی بی ناو وایە، گەر شاعیر نەزانێت ناوی هۆنراوەکەی چیە، چۆن خوێنەر لەو هۆنراوەیە تێبگات”. هەروەها ئەو 8 جۆر ناونیشانی جیاواز دەستنیشان دەکات، بەڵام دەبێت سەرەتای دەق کە بە ناونیشان دەستی پێکردبوو بکەوێتە دوماهیەوە چی بگەیەنێت لای غەمگین؟ ئەگەر کۆتایی سەرەتاکان نەبێت، لە چاوەڕوانی سەرەتایەکی نوێتردا ئەی دەبێ چی بێت؟ گەر سیمبوڵێك نەبێت بۆ مردن و ژیانەوە ئەی دەبێت چی بێت؟ گەر ڕامانێك نەدات بە خوێنەری هوشیار کە بڵێت دەکرێت جارانێك کرۆك و شتە گرنگەکان بکەونە کۆتاییەوەو سەرەتاکان بێ پێشەکی بین ئەی دەبێ چی بێت؟
جێی ئاماژە پێدانیشە ڕەنگی سوور لەگەڵ دوو ڕەنگە پێچەوانەکەی تردا(سپی و ڕەش) کە بە زەقی حزوریان هەیە لە دنیابینی شاعیردا جێی لێدوانێکی ترە ، جیا لە پێڵاوەکان. کە لە کۆتاییدا دێینە سەریان.
ئەو سەبارەت سەفەری ماددی جارانێك وشەی پێڵاو بەکار دەبات، هەر وەك وتمان بە بێ ئامادەگی و دواتر شکستخواردن لەو سەفەرە دوایی نەهاتووانە، کە ژیانی شاعیر هەمووی جۆرێکە لە سەفەر.
بۆ نموونە دەڵێت:
کە من پێڵاوی هەنگاوەکانم دڕابێت
چی لە گۆرەوی نوێی سەفەر بکەم؟
یان دەڵێت:
یەکەمین کۆڵانی ئەم شارە
لە ناو پێڵاوەکانمەوە…
دەست پێدەکات!(*)
بەڵام بۆ سەفەرە نابەرجەستەکان ئەو بە هەمان ڕیتمی نا ئامادەگی بەڵام بە جۆرێکی تری ناپەزیریی پێڵاوەوە بە ناخی خۆیدا ڕۆدەچێت و خەون دەبینێت و جێ دەمێنێت لەو سەفەرەی، دوودڵە لە کردنیداو لە خۆ ئامادەکردندا بۆی:
پێڵاوێکی کۆنم لەبەردەم نەینۆکدا،
قەیتانەکانی توند دەکردەوە
بەیانی گەڕامەوە،
شەوم لەسەفەر بزرکردبوو!؟
***
هەر ئەمشەو پێڵاوەکانم خۆیان بۆیاخ کرد
چوونەوە سەفەر…!
ئەو سەفەرەی پڕە لە پێڵاوی دڕاو!(*)
لە کۆتاییدا ئەمەویت ئەوە بڵێم وەك چۆن شاعیر ئازادە لە هەڵبژاردنی شتەکان لە بە سیمبوڵ کردنیان بۆ بونیادی ناوەوەی دەق، پاشتریش دوای لێکدانەوە دەبێتە کلیلێك بۆ تێگەشتنی زیاتر لە مانا شارراوەکان، ئەوا رەنگەکانیش کەرەستەیەکی باشن بۆ ئەفراندن، بە تایبەتی لە پێچەوانەکردنەوەی فەنتازیئامێزی میتافۆڕی رەنگەکان و تەوزیفکردنیان لە شوێنگای تردا، ئەوەی سەرنجمدا لە خوێندنەوەم بۆ هەندێك لە دەقەکانی بۆڵی ئەوە بوو سێ ڕەنگ بەزۆریی ئامادەییان هەیە و لە پێچوپەنای وشەکاندا نوێبوونەوەیەك دەبەخشن بە دەقەکان، ئەوانیش ڕەنگەکانی: ڕەش و سپی و سوورن.
ڕەش لە کاتێکدا لە کولتوری هەندێك میللەتدا بە سیمبوڵی مردن لێکئەدرێتەوە، بەڵام لای دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا وایان لێکداوەتەوە ڕەنگی ڕەش یەکێکە لە ڕەنگە باش و پەسەندەکان چونکە ڕەنگی خاکە و ژیان دەبەخشێت.
گەر وردتر بینەوە دەبینین ڕەش ڕەنگ نیە، بەڵکو حاڵەتی بزربوونی رەنگەکانە، کاتێك خەڵکی دەربارەی پێچەوانەکەی قسە دەکەن یەکسەر ڕەنگی سپی دێت بەسەر زمانیاندا کە نمایندەی هەردوو جەمسەرەکانی گۆی زەوی دەکات.(٦)
رەنگی ڕەش هەموو رووناکیەکانی تیا خامۆش دەبێت، لە کاتێکدا سپی دەردەکەوێت رەش دیار نامێنێت و دادەپۆشریت، کەواتە ڕەش مانای شاردنەوە دەگەیەنێت، زۆر جاریش بە ئەزمونی ترس و خراپیەوە بەستراوەتەوە بە نەزانراو و نابینراوان، هەر وەك چۆن شاعیریش جارانێك ئاماژەی بەمەداوە… لە کاتی ترس و نائارامیدا ڕەش وزەی هەڕەشەکردنی نەزانراو لەخۆ دەگرێت. لەبارە ئەرێنەییەکەیدا ڕەش بۆشاییەکی گوشادە بۆ هەموو ئەو شتانەی رەنگە دەربکەون و بزر ببنەوە،بۆ خۆ حەشاردان لە مەترسیەکان.هەروەها ڕەنگی ناڕوونیەو هەستی ئەگەر دەبەخشێت، ڕەش هەڵبژێرە گەر دەتەوێت دەرگا بە ڕووی نهێنیە شاردراوەکاندا بکەیتەوەو خۆت ئامادەبکەیت بۆ نەزانراو.
شاعیر بەڕووە عادەتیەکەی و تەفسیرە رۆژهەڵاتیەکەی بەکاری بردووەو بە ڕووە تازەکەی و پۆزەتیڤەکەیشدا لە سیاقی دەقە جوداکان و بە پێی (شوێنکات)ی گونجاو خستوویەتیە کار.
یەکەمیان؛ رووە عادەتیەکەی:-
تۆ ڕۆیشتی
کراسی ڕەشت بە نیشتمان پۆشی(*)
بەڵام کاتێك ڕەش دەبێتە سەرچاوەی ڕووناکی و مانایەکی تری لەخۆگرتنی ئەرێنی ژیان لێکدەداتەوە، ئالێرەوە شاعیر تەفسیرە عادەتیەکان جێدەهێڵێت و مانایەکی نوێ دەداتە ڕەنگی ڕەش، بەتایبەتی نەك پارادۆکس ، بەڵکو تەواوکاری یەکترو پێکەوە تەبابن لەگەڵ ڕەنگی سپی دا لە تێڕامانی شاعیردا:
خەونێکی سپی
خەیاڵی ڕەش دادەگیرسێنێت
***
تازە ڕووناکی درەنگی کردووە
دەبێت لە تاریکیدا،
ئەم داوە بخەیتە کونی دەرزییەوە!.(*)
ئەی ڕەنگی سپی؟ ئەویش بە هەمان جۆر جارانێك بە مانا کلاسیکیەکەی کەڵکی لێ وەرگیراوەو جارانێکیش بە پێچەوانەی لێکدانەوە عادەتیەکان دەبێتە ڕەمزی پیر بوون و بێهیوابوون و نسکۆ.
ئەگەر وای دابنێین ڕەنگی سپی دەلالەت لەسەر پاکێتی دەکات، بۆ نموونە بووك کاتێك لە زۆر وڵاتدا رەنگی سپی دەپۆشێت مانای ڤێرجینی دەبەخشێت، سپی گەر ڕەمزی وەفاو میهرەبانی بێت، نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە هەندێك وڵاتدا لە تازیەدا بەرگی سپی دەپۆشن لە بری ڕەش!
بەڵام لە راستیدا بە مانایەکی دەقاو دەق ڕەنگی سپی لە حەقیقەتدا بوونی نیە، بەڵکو مەودای ئامادەگی هەموو رەنگەکانە. وزەی تەواوی تیشکە- کەمال و تەواوێتی دەگەیەنێت، نمایندەی کردنەوەو ڕاستگۆییە. ڕەنگێکە لە جۆری سارد، دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ سڕینەوەی پارچە پەڵەکانی سەر ڕێگا، توانای ڕۆچوونی بە هەموو رەنگەکاندا هەیە، دڵنیابوونی هزرو دەستپێکردنی تازە دەگەیەنێت:
لە تەختە رەشەکەی قوتابخانەدا
نوقتەیەکم کرد:
(( ئەمە وێنەی پیاوێکە
لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا،
جگەرە دەکێشێت)).
***
ڕووناکیەك داگیرسێنە!
وەك نووسینێکی سپی(*)
هەر ئەوەندە نابات شاعیر پێمان دەڵێت جارانێك تەنانەت ڕەنگەکانیش چاوبەستمان لێدەکەن و لە خۆشباوەڕی ئێمەدا شانازی بە خۆیانەوە دەکەن و خۆیان بە بەرزترین مانا دەچوێنن، بەڵام رەنگە وا نەبێت، ئەی ئەوە نیە سپی ڕەمزی پیربوون و کفن و ڕەقبوونەوەو سڕینەوەیە لەبوون، ئەی ئەوە نیە خۆی بۆشاییەکەو هیچ ڕەنگێ نانوێنێت و دەکرێت ببێتە هەموو ڕەنگێك؟
پرچم
بەفرێکی توڕەی بەسەردا باریوە(****)
***
ئاسمانێك گازاندەی سپی سپی:
لەسەر تەرمی بەردەکان جێهێشتووە(****)

سوور؟ ڕەنگی گەرمی شاعیر! بە ڕووە نەرێنەکەی دەکرێت وەك هەڵچوون و تووڕەبوون لێكبدرێتەوە، کەچی بۆ نموونە لە وڵاتی چین بە رەنگی پەرەسەندن و شادی هێماکراوە، گوڵی سوور رەمزی خۆشەویستی سۆزدارە، هەروا سوور رەنگی مەریخە کە بە شەڕ ناسراوە، سووری ئاگرین بە گەرماوە پەیوەستە، هەروا دەکرێت بە مەترسی سووتان ڕاڤە بکرێت.
سوور ڕەنگی خوێنە، هەروا رەمزێکی بەهێزە بۆ ژیان و زیندوێتی، ئاماژە بە جەوهەری ژیان دەکات، جەختکردنەوەیە لەسەر مانەوە، وەك چۆن دەکرێت ببێتە ڕەنگی سۆزو شەهوەت.
شاعیریش نەك بە تەنیا بیانوی سوورو خەونی سووروملپێچی سوورو سوراوی سوور، دەکاتە کەرەسەی بونیادی دەقی ڕەنگاڵەو ڕەنگی پاپوج و ڕەنگی کافتریاو دڵ لە سووردا دەیانگەوزێنێت، بەڵکو هەموو ئەو شتانەش لە کافتریاکەدان بە سووردا دەڕوانن لە فەزایەکی ڕۆمانسی سوور سووردا کە دواتر دەبێتە ڕووەکەی تر و سوتماکانە دووکەڵ لە جگەرەکان بەردەدات، ئەمە ئەو گەمە سەیرەیە کە لە یەك کاتدا هەردوو ڕووە کلاسیکی و نوێخوازەکەی، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکەی رەنگی سوور وێناکراوە. ڕەنگە بیشیەوێت پێمان بڵێت جارانێك دەکرێت خۆشەویسیتی سوتێنەر بێت.
تۆ بەر لەوەی بێیت بۆ
کافتریا سوورەکە
من بیرم لە تاریکی ژیان دەکردەوە……….
دوای ماوەیەك سووتان وەك جگەرەکان
دوای ماوەیەك جگەرە وەك مرۆڤەکان
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە، سەیری جگەرەکانت کرد
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە، سەیری مرۆڤەکانت کرد
تۆ بە تیلەی چاوێکەوە،سەیری منت کرد(***)
هەروەها لە دووبارە بوونەوەی زۆری زاراوەی جگەرە دەتوانین ئەوە بڵێین دووکەڵی بۆری جگەرە، دەبێتە هەناسەیەك بۆ ئاهو نزولەی پەنگخواردووی ناخی شاعیر، ئیلهامبەخشی نووسینی شیعرە لای شاعیرانێك، لای هەندێکیش بە ڕەمزی وەفا دادەنرێت و دەڵێن: ئەو بۆمان دەسوتێت کە دوا پلەی عیشقی ڕاستەقینەیە، گەر کەرەسەیەک بێت بۆ چوونە دنیای خەیاڵ و پێداویستیەکی نووسینی شیعر بێت، ئەوا گەر بە پێودانگێکی لۆژیکی لێی بنواڕین هەر ئەویشە لە کۆتایدا ناپاکی دەکات و وەفاکە دەگۆڕێتەوە بە مەرگێکی تراژیدی..
لە کۆتایدا تەنیا ئەوە ماوە بڵێم ئەم چەند لایەنە شاراوەو نیمچە شاراوانەی هەڵهێنجراونو دۆزراونەتەوە لە بەرهەمەکانی بۆڵی دا تەنیا وەك سەرەقەڵەمێك بەسەریدا تێپەڕیوین، هێندەی مەودای نووسینەکە بواری پێداین بدوێین، چونکە هەر یەك لەم لایەنانە نووسینی سەربەخۆ هەڵدەگرێت، ئەمەش بە جێدێڵم بۆ ئەو بەڕێزانەی کە ماخۆلان و خولیای خۆدان لە قەرەی ئەو بابەتانە لە ناخیاندا لە خرۆشاندندایە، گەر نا بابەتەکەمان زۆر درێژتر دەبێتەوەو لە سنووری خوێندنەوەی بابەتێکی لێکۆڵینەوەییەوە تێپەڕ دەکات و ڕەنگە بەداخەوە زۆربەی خوێنەرانی ئەمرۆش تاقەتی خوێندنەوەی دوورو درێژو لەو جۆرەیان نەبێت، هەرچەندە دەوڵەمەند بێت بە ئاماژە و چەمکە جۆراوجۆرەکانی داهێنان.
————————-
ژێدەر و سەرچاوەکان:

1- holyjoe.org/poetry/whatis.
2- The Stranger.Albert Camus.Stuart Gilbert, Translator
3 – en.wikipedia.org/wiki/Literary_theory
(( تیۆری ڕەخنەی بونیاتگەرایی و سیمۆلۆژی: دیراسەی بونیادی بنەڕەتی جیهانی دەق دەکەن ، یەکە زمانەوانیەکان لە دەقداو چۆن دانەر توانیویەتی ماناکان لە ڕێگەی بونیاتەوە بگەیەنێت.. نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: فێرناندز سۆسێر، ڕۆمان جاکوبسۆن، ستاترۆس، ڕۆڵان بارت، میخائیل باختین، ج.لۆتمان.
تیۆری ڕەخنەی دوای بونیاتگەرایی: گرتنی هەموو زاراوە جۆربەجۆرەکانی نزیكردنەوە تیۆریەکان وەك [هەڵوەشاندن] کە مەرامەکانی بونیاتگەرایی جێدەهێڵێت بۆ بەدیهێنانی هێزی بیرکردنەوەی زانستی کەلتور لە ڕێگەی خوێندنەوەی نموونە زمانەوانیەکان بۆ فۆرمە ستاتیکی و گوتارەکانی دەق.. لە نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: ڕۆلان بارت، میشال فۆکۆ، جولیا کریستیڤا.
ڕەخنەی لێکدانەوەی دەروونی: ڕۆڵی ئاگایی و نا ئاگایی لە دەقدا وەدیار دەخات، لەوانە: دانەر، خوێنەر، زاراوەکانی ناو دەق.. لە نوێنەرانی ئەم قوتابخانەیە: سیگمۆند فرۆید، جاك لاکان، هارۆڵد بلوم، سلاڤۆی ژیژه‌ک، ڤیکتۆر تۆسك)).
-٤famouspoetsandpoems.com/poets/john_clare/
-٥utmostchristianwriters.com/articles/article5001
-٦crystal-cure.com/
(*)پەڕتووکی شیعریی: ڕووتبوونەوەی وشەکان، هەولێر- غەمگین بۆڵی- چاپی دووەم/ ٢٠١٢
(**) گۆڤاری هەنار ژمارە ٨٧- لاپەڕە ٦٠ – شیعری مننامە.
(***) هەفتەنامەی نسێ. ژمارە ٥٤- کافتریای سوور- ١٩/٨/٢٠١٣
(**** ) هەفتەنامەی هزرو هونەر – ژمارە ٣٥/ تۆمنبوون! – لاپەڕە ١٦- ١/٣/٢٠١٣