عوسمان عومەر: کلتورى کینەو ڕق.
ڕەنگبێ یەکێ لەدیاردە مرۆییە جێگیرەکان، کەپێویستى بەخوێندنەوەى قوڵ و زانینى هۆکارەکانى و ڕیگاگونجاوەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر کاریگەریە نەرێنی و تێکشێنەرەکان و، هەولدان بۆ کەمکردنەوەى ڕوودانى کەشوهەواى مرۆڤایەتى دیادرەى ڕق و کینەو دوژمنایەتى نێوان براکانە. یەکێکى تر لەدیاردە مرۆڤایەتیە باشەکان، گرتنە بەرى ڕێبازى گفتوگۆ و لێبوردەیی و مافەکانى مرۆڤە، لەبرى ئەوەى ئەو سیستەمە بێهێزو توانا بکرێ گەشەى پێ بدرێ. ئایا کارێکى سروشتیە جیاوازى ئایدۆڵوژى یا سیاسى هۆکارێک بێ بۆ دوژمنایەتى و ڕق وکینە و نەخوێندنەوەو حساب بۆنەکردن؟ یا هۆکارى ترى لەپشتەوەیە؟.بەراى من لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا زیاترین کات پێویستمان بەخوێندنەوەى بیروڕاکانى یەکترو، گوێ لە یەکتر گرتنە، نەک هەریەکە بەئاقارێک ڕوو لەلایەک بکەین لەسەرحسابى هەندێ هەندێکى تر پێشخەین. ئایا ئەوە دووبەرەکێ دروستکردن نییە؟ ئایا کۆمەلگا بەرەولێکترازان و هەلدێر نابات؟ کێ سودمەنددەبێ؟ کاتێ پشیوى و ئاڵۆزى لێکنەگەیشتن لەناو کۆمەلگادا تەشەنە بکات چ مەترسیەک ڕووبەروى گەلەکەمان دەبێتەوە؟
رەفتارو هەلسوکەوتى دوژمنکارانە بارودۆخێکى دەرونى نیگەتیڤە دژ بەیەک، دەتوانرێ رەت بکرێتەوە و قبولیش بکرێ کە قبولکرا لەدەروندا جێگیر دەبێ و کاریگەرى بەسەر پێگەو پلەو پایەو، بەرژەوەندىەکان بەرەو دوژمنکارانە دەبات. کەواتە هەڵسوکەوتى دوژمنکارانە بریتیە بیرو هۆش و سروشت(غریزە)ى دەرون جێبەکاریەکەى وێرانکرو بەتاڵکەرە لەواقیع دا بۆیە دەبینین لە چلەکانى سەدەى ڕابووردووەوە چالاکوانە ئیسلامیە سیاسیەکان و نوسەرەکانیان ریکلام بۆ کلتورى رق و کێنە دژى دەسەلات و، دژى هەندێ کەسایەتى و، تەنانەت دژى هەندی دەقى ئەدەبی بلاو دەکەنەوە. باشە بۆچى عیلمانیەکانیش هەندێکجار ئەو رێبازەى ئەوان پەیرەو دەکەن و لەسەرى دەرۆن، کە ڕەخنەیان لێدەگرن؟
خراپترین یا کارەساتبارترین کارێک کە کۆمەڵگاکان دووچارى دەبنەوە، زیانیانیان پێ دەگەیەنێ، کلتورى ڕق وکینەیە. کەشوهەواى رق و کینەیە دەبێتە دیلى دوژمنکارى و نێچیرى قسە فرێدان و، رەتکردنەوەى هەلبژاردەو، بەکەم زانینى بیرو، بۆچون و بەهەند وەرنەگرتنى. کەسانێ هەن بەناوى مرۆڤ پێکهاتەکەیان باش نییەو دەستدرێژى دەکەنە سەرمافى کەسانى ترو وەک توتى دروشمى بەتال دەڵێنەوە. ئەوانە باش ڕانەهێنراون، خراپتریش لەوە لەناو گەل دا بڵاو بێتەوە. شەپۆلى ڕقوکینە هیچ پاساوێکى بۆ نییە هەیەکە خۆى بەکەسێکى تایبەت دادەنێ و وادەزانێ کەسێکى بێ وێنەو نمونەییە! دونیا دەبێ هەر بۆخۆى بێ و لە درزێکى بچوکەوە دەروانێتە خەلکى لەچوارچیوەیەکى دیاریکراودا. ئەوە گریمانەیەکى رەشبینیمە سەبارەت هەندێ مرۆڤ کە هەستیان شەڕانگێزییە و، رێز لەبەرامبەرەکەیان ناگرن و، دیدیان بەوە خۆشحاڵ نییە کەسێ سەرکەوتوە بچین بۆلاى، کەچونە لاشى بۆ شکاندن و بێبەها کردنى کارەکانیەتى. ئەمرۆ کۆمەڵگاکەمان پێویستى بەگیان و کلتورى لێبوردەییە هاوشان و دژ بەکلتورى زۆردارى و خۆسەپاندن و لەگۆرنانى کلتورى رقوکینە.
چاکسازان و چاکەخوازان لەهەولى بەردەوامن بۆ هەمو خەلک لەناو ئەوانەش گەندەڵ و زۆردار و خۆسەپێنەکان و ڕۆژێک هەردێت بەخۆیان دا بچنەوە چونکە زیان بەخۆشیان گەلەکەشیان دەگەیەنن و هیچ کەس بەرگرییان لێ ناکات و دەکەونە بەر شەپۆلى نەفرەت و ڕادەمالدرین.