كەمال محەمەد: 25- 7 یادی كرانەوەیە بەڕووی ئومێددا یان نائومێدی؟
دە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 25- 7 دا بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، لەسەر هەڵوێست و كردەكانی دەسەڵات لە حكومڕانیدا، هاوڵاتیانی ناڕازی هەرێم كەوتنە گەڕان بە دوای حەقیقەتدا و ڕەتكردنەوەی تەواوی ئەو ناحەقی و چەوتییەی لە دەسەڵاتی كوردیدا هەبوو، بۆیە ئەم خواست و هەڵوێستەیان بو بە تۆكمەترین هەڵوێست و بەشدارییان لە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا كرد و توانیان هێزێكی خۆرسكی جەماوەری بەرفراوان بكەن بە بناغەی سەرمایەی ئەم بزوتنەوەیە. هەموان سور بوون لەسەر ئەوەی كە هەوڵدان بەدوای گۆڕانكاریدا پێویستە ببێت بە ئامانجی سەرەكی ژیانیان. ئەم فیكرە توانی وزەیەكی نوێ ببەخشێت بە یەكەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی لە بەرامبەر دۆخێكدا، كە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و رزگار بون لە دۆخی چەقبەستوی سیاسی و حكومڕانی هەنگاوی بێ ژمار هەڵبگرێت. زیاتر ئەوانەی مەیلی ریفۆڕم و گۆڕانكارییان هەبوو چ لە نوسەر و ڕۆژنامەنوس و كەسانی ئەكادیمی خوازیاری ئەوە بوون دۆخی بێ جوڵەیی سیاسەت درێژە نەكێشێت و بە دروستكردنی ڕەوتێكی نوێ بتوانن ئاماژەو هەوڵ بۆ پێشخستن و پێشكەوتنی سیاسەت بدەن بە پێی سەردەم و پێویستییە گشتییەكان.
لێرەدا وتەیەكی هانا ئارێنت بەبیردینمەوە، كە دەڵێت: لەهەركوێ جیاوازی هەبو واتە لەوێ سیاسەت هەیە، ئەمە بۆ سەردەمی دروستبونی گۆڕان پێویست بوو بۆ ئەوەی جیاوازی لە سیاسەتدا دروست بكات بە جوڵەكانی دەسەڵات بەئاگا بهێنێتەوە، گۆڕان توانی كۆی دەنگە ناڕازییەكان بكات بە سەرچاوەی هێز و بەهێز بونی خۆی و گەیشت بە پیگەیەی كە بو هێزێكی كاریگەری ناوخۆیی و ئیقلیمی، گۆڕان بەناوی بەرگریكردن لە خەڵك و بە ئازاد هێشتنەوەی خەڵكەوە دەستی كرد بە بانگەشەی بەرنامەكانی و توانی ببێتە درەوشاوەترین شێوەی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی. هەموان ئەوەی هەیانبوو پێشكەشی ئەو ڕێگایەیان كرد بۆ ئەوەی ساتێك زوتر خۆیان ببیننەوە و خەیاڵەكانیان لە یۆتۆپیاوە بكەن بە راستی و بتوانن بەهرە خەونەكانیان لە زەمینەیەكی كۆمەڵگابوندا بونیاد بنێن و هەمیشە توانای خۆنوێكردنەوەو نوێكردنەوەی هێزیان هەبێت بەپێی رۆژگار و سەردەم.
جوانكردن و بەواتاكردنی هەر هێزێكی سیاسی هەمیشە دەكەوێتە دوای پراكتیزەكردنی سیاسەت و پرەنسیبەكانی كە لە بنەرەتدا ئەمەیە پێناسە بۆ سیاسەت و هێزە سیاسییەكە ئەكات، كە ئایا ئەم هێزە هێمایەك بوە بۆ گەڕان بەدوای جوانییەكانی كۆمەڵگایەكی سیاسی یان ئەمیش دیسان بارێكی قورسی دیكەیە بەسەرشانی هاوڵاتیان و كۆمەڵگاوە. بۆیە پێویستە لەنێوان هەردو میتافیزیكی باش و خراپدا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێ و ڕادەی زۆرینەی بە بنەماو پیناسەی گشتی وەربگیردرێت. بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتای دروستبونی بە دژایەتیكردنی سیستەم و هەوڵدان بۆ ریفۆڕم دەست پێكرد. لەم چوارچێوەیەشدا بزوتنەوەكە توانی هێزی دەنگە ئیخوانی و لیبڕاڵ و نیشتمانی نەتەوەیی و ماركسییەكان لە خۆی كۆبكاتەوە، رەنگە ئەمەش هۆكاری سەرەكی بەهێز دەركەوتنی ئەم هێزە سیاسییە بێت، بەڵام سەرەڕای كۆكردنەوەی ئەمانەش بە هۆی نەبونی هیچ ئایدۆلۆژیاو پرەنسیبێكی سیاسی گشتگیری دورمەوداوە نەیتوانی چارەسەری لەسەر ئاستی سیستەم بە گشتی بدۆزێتەوەو سنور و ناوچەیەكی دیاریكراو تێپەڕێنێت و چارەسەرییەكی تەواو و بەرفراوان و قوڵ بە هەموو رەهەندەكانییەوە بخاتە گەڕ، رەنگە ئەمەش هۆكاریكی دیكەی ئەم بزوتنەوەیە بێت كە هەر زوو ببێتە نێچیرێكی ئاسان لەبەردەم سیستەمی دژبەریان و حیزبەكانی دەسەڵاتیشدا.
لەسەرەتادا ئومێدی هەموان و هەریەك لەوانەی دەنگیان بە گۆڕاندا بۆ ئەوە بوو كە ئامانجەكانیان نیشانی ئەم بزوتنەوەیە بدەن و ئەوەی پێ ڕابگەیەنن كە بەڵێ بونی ئەوان و دەنگەكانیان لەپێناو گەشتنە بە ئامانجەكانیان كە لێرەن، ئەگەر بە ڕێكەوت یان بۆ ماجەرایەكی دیكەی ژیانیان لێرە نین كە داهاتویان بە نادیاری بهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردێك لەنێوان بانگەشەو پرەنسیبەكانی سەرەتای گۆڕان و سیاسەتی ئەمڕۆكەی ئەو حیزبە بكەین ئەگەینە ئەوەی لە دۆخی ئێستادا هیچ ریفۆرمێك پێنەگەشتوەو ئەوەی وتراوە تەنها بانگەشەیەك بوە بۆیە حەقیقەت ئەمەیە كە ئەتوانین بەهەست و دەرك لێی بگەین كەو دەسەڵاتەی ئەوان بە خێڵەكی و تەورێس ناویان ئەبرد ئێستای بزوتنەوەكە خۆی تێیكەوتوە زۆرینەی بڕیارەكان لای كورەكانی نەوشیروان مستەفاوە دەردەچێت یان هیچ نەبێت رەزامەندی ئەوانی پێویستە بەو پێیەی ئەوان كوری كۆچ كردو بون و تەواوی مومتەلەكات ودارایی و موڵكەكان و تەنانەت راگەیاندنیش لای ئەوانە كەئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ ناوەندی بڕیارەكان.
ئاشكرایە ئومێدی هەموو لایەك بۆ گۆڕانكاری بوو ،كە هیوایان بەم بزوتنەوەیە هەڵچنیبوو بۆ ئەوەی بەرجەستەكردنی هەبونیان لە ناو سیستەمێكی دیموكراسیدا جددییەت و بەهای خۆی هەبێت، گۆڕان ئومێدی گەلێك بو بۆئەوەی دەسەڵات لەدەستی حیزب و بنەماڵەو كەسانێكی نێو بنەماڵە دەربهێنێت كەساڵانێكە هۆكاری شكستی حكومڕانی ئەم هەرێمەن بیگەڕێنێتەوە بۆخاوەن ماف خوراو راستینەییەكەی خۆی كە كۆمەڵگایە ئێستا ودوای دە ساڵ پڕۆژەكەی گۆڕان پێچەوانەی پرەنسیب و سیستەمی بەرێوەبەری ئێستای هەرێمەو جومگەكانی دەسەڵات بە گۆڕانكاریییەكی مەترسیدار لای پارت و بنەماڵەیەكی دیاریكراو مۆنۆپۆلكراوە، گۆڕان لەسەرەتادا كۆڵەكەی سەرەكی رەخنەكانی ئەوە بوو كەلەسەر بنەمای رەخنەكردن و پێشكەشكردنی ئەڵتەرناتیڤی سیاسیەوە ئەبنە چارەسەرییەك بۆ دۆخەكەو هێزە ڕكابەرەكانیشیان و هەمیشە بەهێنانە پێشەوەی خوێنی تازەو گەنج بە بێ گوێدانە مەنسوبییەت و مەحسوبییەت بەپێی میكانیزمێكی سیاسی توانستەكانیان بكەن بە بناغەی هێزی بونیادنانی گۆڕانكارییەكان بۆئەوەی توانای تێپەراندنی هێزەكانی دیكەیان هەبێت وەك هێزێكی سیاسی ڕیفۆرم خوازی مۆدێرن.
چارەسەرنەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان و لادان لەپرەنسیب و ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەم هێزە زیاتر باڵی نائومێدی كێشاوەتەوە سەرئەندامەكانی ناوخۆی ئەو حیزبەو بەتایبەت ئەوانەی كە خەمی راستینەییان گۆڕانكارییە، ئەمانە بۆناوخۆی بزوتنەوەكە بایەخێكی گەورەی هەیە پەیوەندیدارە بەو پرەنسیب و گۆڕانكارییەی كە خۆی لەسەری دامەزراوە، بەڵام كاتێك كە خۆی جێبەجێیان ناكات ئیدی چ ئومێدێكی چارەسەریان لێ ئەكرێت بۆ سیاسەت و سیستەمی گشتی حكومڕانی و ئەنجامدانی چاكسازی و ڕیفۆرم، ئێستاو دوای دە ساڵ گرنگە ئەوە بپرسین و بزانین كە هەڵوێست و مامەڵەی ئەم هێزە لەگەڵ دەنگەكان و هەوڵەكانیان هاوتەریبە لەگەڵ كۆمەڵگایەكی هاوچەرخ و ژیانێكی شاییستەو هەروەها بون مانەوەی وەك هێزێكی كاریگەری وەها كەهەمیشە دەسەڵات لەنێو ترسی لاچونی لەسەرتەخت هەبێت نەوەك هێزێك كە كۆڵەكەی مانەوەی حكومڕانەكانی 28 ساڵی ڕابردو بێت. بۆیە 25- 7 شۆڕشێكی جەماوەری بوو كە گۆڕان سەركردایەتی ئەو شۆڕشەی كرد، بەڵام دەرەنجامەكەی ئەوەی ویسترا لەلایەن ئازادیخوازان و ناڕازییەكانەوە نەبینرا. بەڵكو ئەوەی كە بینرا زیاتر بێ ئومێد بونی هاوڵاتی و بونە پایە و دەوڵەمەندكردنی هەڵپەرەستانی ئەم بزوتنەوەیە بوو لەگەڵ پێكهێنانی خێزانێكی سیاسی نوێ و درێژكردنەوەی ماوەی دەسەڵاتدارێتی حكومڕانەكانی ڕابردوو، كە دوور نییە كۆی ئەم ڕوداوانەش سیاسەتێك بێت لە پشت پەردەوە ئامادە كرابێت ئەگەر خوێندنەوەیەكی واقعییانەی بۆ بكەین.
- بابەتەکانی تری کەمال محەمەد
-
کەمال محەمەد: سۆسیۆلۆژیای سیاسی و ھەڵبژاردن.
- -
كەمال محەمەد: هێرشەكانی توركیا و كۆنسێپتی شەڕ.
- -
كەمال محەمەد: كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان.
- All Posts