عیماد عه‌لی: له‌م كاته‌دا هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رۆژ نیه‌ سه‌ركرده‌یه‌ك لێره‌ و ئه‌ویتر له‌وێ، باس له‌ وه‌زعی رۆژئاوای كوردستان و نه‌هامه‌تیه‌كه‌ی نه‌كات و هه‌ڵوێست به‌خه‌ڵك نه‌فرۆشێته‌وه‌ و، خۆی به‌ قاره‌مانی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی نه‌زانێت. كه‌چی وه‌كو هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ ئه‌م وه‌زعه،‌ ئه‌میش به‌ كرده‌وه‌ دۆشداماوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچی لێنابینرێت.
ئه‌وه‌تا له‌م كاته‌دا ئێوه‌ن كه‌ توانای تایبه‌تیتان له‌ هه‌مووبواره‌كاندا له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ده‌توان بجوڵێن و رای گشتی بوروژێنن و خه‌ڵك كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌ كرده‌وه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م بنێن، رێگه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و ده‌توانن به‌ ئاسانی و هه‌ر له‌ خاكی باشوری كوردستانه‌وه‌ بگه‌نه‌ به‌ره‌ی جه‌نگه‌كه‌. كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌تان نواند، به‌دوور له‌ قسه‌ و زمانلوسی:

یه‌كه‌م/ جوانترین مێژوو بۆ خۆتان تۆمارده‌كه‌ن.

دووه‌م/ بۆ خه‌ڵك ده‌یسه‌لمێنن هه‌ڵوێسته‌كانتان ته‌نها قسه‌ی رووت نیه‌ بۆ قسه‌ و به‌كاربردنی نێوخۆیی بێت به‌س. ئێستا كاتی به‌شداری كرده‌ییه‌ و ده‌كرێت ته‌نها به‌ رۆیشتن بۆ رۆژئاوا و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شداریی شه‌ره‌كه‌ش نه‌كه‌ن خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ییه‌كی بێ وێنه‌ ده‌نوێنن و وره‌ی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و یه‌كێتی كوردان ده‌سه‌لمێنن.
باسمان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ نیه‌ كه‌ كلكیان به‌ده‌ست توركیاوه‌یه‌… ئه‌گه‌ر بۆ موزایه‌ده‌ نیه‌، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی داوای یارمه‌تی و هاوكاری بۆ رۆژئاوا ده‌كه‌ن و مه‌یلی چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌، با وازهێنان له‌ حزبه‌كانیان بنوسن، ئه‌گه‌ر واده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ڵوێستی حزبه‌كانیان رێگه‌یان پێ نادات و له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ سزا ده‌درێن. با وه‌ك سه‌ركرده‌ی جه‌ماوه‌ریی بێ لایه‌ن لایه‌نگرانیان كۆبكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ كرده‌یی وه‌كو هه‌ڵوێستی كه‌سیی خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن، ئه‌وسا بزانن هه‌زاران كه‌س پشتگیریان ناكه‌ن و به‌دوایاندا ناكه‌ون بۆ رۆیشتن بۆ رۆژئاوای كوردستان و هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی مه‌ردانه‌ تۆمار ناكه‌ن؟
بۆیه‌ بانگه‌وازی راسته‌قینه‌ بۆ خه‌ڵك بكه‌ن با باری نائاسایی به‌ كرده‌وه‌ له‌ نێو خێزانه‌كاندا و له‌ لایه‌ن خودی خه‌ڵكه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت و هه‌ر خێزانه‌و رۆڵه‌یه‌كی بۆ گه‌لی كوردستان ره‌وانه‌ بكات و خه‌ڵكیش فیداكاره‌ و میژوو شایه‌تی ده‌دات. ئه‌م وه‌زعه‌ی تێداین قۆناغی هاتو نه‌هاته‌ و سه‌ره‌تای نسكۆی سه‌رجه‌م كوردستانه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا بێت یان سبه‌ی و سه‌ره‌تاكه‌ی له‌ رۆژئاواوه‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌گه‌ر به‌ری پێ نه‌گیرێت.
به‌سه‌ركه‌وتنی رۆژئاوای كوردستان له‌م میحنه‌ت و جه‌نگه‌ سه‌پێنراوه‌دا، كورد به‌ گشتی له‌جیهان سه‌رده‌كه‌وێت و قه‌ت له‌ناوناچێت و دووباره‌ پرسه‌كه‌ی خۆی ده‌سه‌پێنێت وزۆر زیاتر بۆ یێشه‌وه‌ ده‌چێت و سه‌رسه‌خترین دوژمن كه‌ هۆكاری یه‌كه‌می سه‌رجه‌م نسكۆكانه‌ لوتی ده‌شكیت.