باوان فەرەیدون: وڵاتێکی کوردی لەکلتوور و بەرگی بیانیدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەیکەری ئازادییمان ناوێت، پەیکەری شێخ مەحمودمان ھـــەیە.. قەڵای کرملین مان ناوێت، قەڵای ھەولێرمان ھەیە.. پردی لەندەمان ناوێت، پردی دەلالمان هەیە.. مایکڵ جاکسۆنمان ناوێت، کەریم کابانمان ھەیە.
قاتی ئیتاڵیمان ناوێت، شاڵی ھەورامیمان ھەیە.. پاتسا و پیتزا ناوێت، قەرەخەرمان و ترخێنەمان ھەیە. دۆنت و تۆستمان ناوێت، گەزۆی تۆفیقی حەڵواچی’مان ھەیـــە!
ھەمووان دەزانین مۆرک و ناسینەوەی ھەموو نەتەوەیەک و گەلانی دونیا لەڕێگەی(کلتوور، زمان، مێژوو، فەرەنگ، نەژاد، ئاین، شارستانی، بەرھەمی ئەدەب،شیعر و… ھتد)دەناسرێنەوە. گەلان و وڵاتان بەپێی داب و نەریتیت ھەڵسەکەوتت لەگەڵ ئەکەن، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەکەن ھەر گەلێک پارێزگاری لە “کلتووری ڕەسەنی” خۆی نەکرد، واتە ئەو گەلە لەمێژوودا بوونی نیە سڕاوەتەوە. وەک دەبین زۆرێک لە نەتەوەکان لەڕێگەی جەنگ و شەڕەوە ھەوڵیان داوە بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناســی یەکتر لەناوبەرن. وەک دەزانین ئەم ناوچەیە زیاتر لەھەموو شوێنک ڕووبەڕوی شەڕی سەخت و دژواری جەنگ بۆتەوە، بەتایبەت عێراق لەڕیگەی داگیرکەران چەندین جار کتێبە مێژوویەکانیان و نووسراوە گرنگەکانیان سوتێنراون و ھەڵدراونەتە ناو دەریاوە کە لەڕەنگی مرەکەبەکە شین بوون، بێگومان کوردستانیش بێ بەش نەبووە بەھەمان شێوە ھەوڵی سڕینەوەی زمانەکەشیان داوین، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا دەبینین لەلایەن ھەندێک لە خەڵکی بەناو ڕۆشنبیر و کەناڵ و میدیاکانمان خەریکی کاڵکردنەوەی کلتووری تۆخی ڕەسەنی کوردین، بەشێوازی ناتەندروست خەریکی کۆپیکردنی و چاندنی کلتووری ڕۆژئاوای و بیانین لەفکر و ھزری گەنجەکانی دواڕۆژماندا، ئەم جۆرە تێگەیشتنە کە ئەگەر کلتووری بیانیت تیادا نەبێت ئەوا ئێمە وڵاتەکەمان دواکەوتووە. تەواو ھەڵەیە کلتوور و مێژووی خۆمان بەکەم بزانین ئێمە لەبری ئەوەی بێن ھەموو خەڵک فێری خۆشەویستی و وەفا بۆ گەل و زمان و کلتووری کوردیکەن، فێری بێ ئەرزشکردنی کلتوور ئەدەن فێری خۆ بەکەمزانین لە بەرامبەر وڵاتان بەمایی ئەوەی کورد خاوەنی مێژوو و کلتووری خۆی نەبێت، لەکاتێکدا کورد لەسەرەتایی چاخەکانەوە خاوەنی شارستانیەتی خۆی بووە، پێویستە ئێمە کاربکەین بۆ ئەوەی ھەموو خەڵک بەتایبەت گەنجەکان ھەر لە جل و بەرگیان تا جۆری خۆراکەکەیان خۆماڵی بێت، ھەموو ھەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ ناساندنی کلتوور لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بگوازنەوە بۆ وڵاتان، بەڵام بەداخەوە نەک ھەوڵی ئەوەیان نەداوە، بەڵکو بەشایەنی خۆیانیان نەزانیووە خۆیان لێ بێ بەریکردوە. زۆریک لەگەنجان وەھا تێگەیشتوون کە کەسێک ببینن لەکۆمەڵگادا بەجلی قەشەنگ و جوانی کوردیەوە ڕێدەکات،بەجۆرێکی تر سەیری ئەکەن کە بە(گوندنشین)ناودەبەن!!کەئەمە بیرکردنەوەیەکی تەواو ناڕاستە.
بەداخەوە ھەندێک لە میدیاکانەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلتووری نەگونجاوی وڵات بۆ ئێمە پەخشدەکەن و پەیڕەوانیشیان بە پێشکەوتوو و ڕۆشنبیر ناوزەند دەکەن، زیانی گەورە دەگەیەنێت، بە “کۆمەڵگا تاریکردن” گەنجان دەگەوجێنن بە ناوی مۆدێل و دونیای سەردەم ڕەگی کوردایەتی ھەڵدەکێشن. وایان لێ دەکەن ئاینی خۆیان پشت گوێبەخەن. ئەوەی خۆیان دەیانەوێت بیکەن دونیای تەکنەلۆژیا بێ سنور بکەن، ھەرگیز دژی فێربوون و گەڕان بەدوای زانست و زانیاری نین، بەڵکو دەبێت بەشێوازێکی دروست مامەڵەبکەین. ھەر شتێک لەگەڵ کلتوور و داب ونەریتمان نەگونجا لەوێدا بووەستن. بەڵام ئەم کلتوورەی ئەمان بە بەمیدیا گەورەکانیان و بەرنامەی بۆدەکەن کۆمەڵگای پێ دەگەوجێنن، میلەتی ئاقڵ نابێت فریوویان بخوات دەبێت ھۆشیاربێت لەکاتێکدا تەواو پێچەوانەیە وڵات بە زانست و ئەدەب و زمان و داھێنانی خۆماڵی سەردەکەوێت نەک بە لاسایکردنەوە وڵاتان. بەڵکو شەرمە بۆ ھەرتاکێک خۆی بەکورد دەزانێت کلتوور ڕەسەنی خۆی پەیڕەونەکات، چونکە ئێمە لەلایەن وڵاتانی جیھان بە “کلتوور”ەکەمان دەناسرێینەوە، بەم کلتوورانە زیان بە ناسنامە و شوناســی نەتەوەکەمان زۆرێک لە سێکتەرەکان دەگەیەنین، بەتایبەت “کەرتی گەشت و گوزار”وڵاتان لەسەر بنەمای چەند خاڵێک کەدەبێت خاوەنی بین سەردانی وڵاتەکەمان دەکەن (کلتووری ڕەسەن، مێژوو، شارستانیەتی دێرین، شۆینی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری) سەرنج بدەن دوای ھەموو خاڵەکان گەشتیاران حەز بەشوێنی گەشتیاری دەکەن، گەر ھاتوو گەشتیاران سەردانیان کردین لەچەند وڵاتێکی بیانی جیاوازەوە، کەھاتن و بینیان کەلەڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کلتوورەوە ھیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ وڵاتەکەی خۆیدا؛ لەڕووی خۆراکەوە زۆرینەی ڕیستۆڕانت و چێشتخانەکانمان خواردنی بیانی پێشەکەش دەکەن، لەڕووی ھونەریەوە ئاواز و میلۆدی وڵاتانمان کۆپی کردوە، لەڕووی جلەوە لاسایی نیو ساتیل و مۆدێلی ئەوانمان کردۆتەوە، لەڕووی تابلۆ و کاری پەیکەریەوە کە لەمۆڵ و بازاڕ و ھۆتێلەکانمان پیشانیان دەدەین گوزارشت لەگەلانی تر بکات. ئەوە بەڕاستی ئایدگەلێک لەھزری گەشتیار دروست دەبێت ئەم وڵاتەی گەشتی بۆ کردوە، ھیچ خاوەنی کلتوور و ھونەر و داھێنانی خۆی نیە، بەرھەم و بەخششی خۆی بی بەھا بێ نەرخ کردوە، بۆیە گەشتیارەکە لەکاتی ڕۆیشنەوەیدا لەناو فڕۆکە و لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەماندا لە پەنجەرەکەوە دەڵێت:”وڵاتێکی کوردی لەکلتوور و بەرگی بیانیدا”
ئەوا ھەرگیز دووبارە بڕیاڕی گەشتی بۆ وڵاتی وەھاناکاتەوە. ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە زیندووکردنەوەی کلتوور کۆن ھەوڵی بوونیادێکی ھونەریانەی زانستانە ڕەسەنیەتی کوردی لەخۆماندا بەرجەستەبکەین.

چۆن کلتووری ڕۆحیەتی گەلەکەمان وێنابکەین بۆ گەلانی تر؟
پێویستە لەســەر ئەوەی کوردستان نشینە، سەرجەم ھەڵسوکەوت و مامەڵەیان ڕەنگدانەوەی تاکێکی کوردی خاوەن و کلتوور و زمان و ئاین و ئەدەبی ڕاستەقینەو خۆماڵی خۆمان بین، کاربکەین بۆ ئەوەی بەرھەم و کۆشش و سێبەر خۆمان زیادبکەین و بەکاربێنین، لەھەڵسوکەوتمان و ڕەفتارمان وەک داب و نەریتی کوردیبن، لەجل و بەرگماندا بەھەمەچەشن بین با زیاتر جلی کوردی بپۆشین، لەڕێستۆرانت و خواردنگەکانمانا خواردنی ڕەسەنی خۆمانیان پێ ئاشنا بکەین پێشەکەشی بەگەشتیار و میوانی ناخۆیی بکەین، لەسەر دیوار و شوێنەگشتیەکان لەبری نیگاری بیانی زەخرەفەی خۆماڵی بنەخشێنین کەگوزارشت لەنەتەوەکەمان بکات، ئێمە دەبێت دەستی کارئاسانی و ھاوکاری درێژبکەین بۆ بەھرەمەندان و کاری دەست ڕەنگینی خانمان و وێنەکێش و پەیکەرتاش و بەھرەدارانی ناخۆیی ھانیان بدەین بۆ کار و بەخششی زیاتر، بەڵام خەم ساردیەک و کەمتەرخەمی ئەبینین ھەم لە دەستەی گەشت و گوزار و بەڕێوبەرایەتیە گەشت و گوزاریەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشت گوزار، کەبەئەرکی خۆیان ھەڵنەستاون بۆ بۆ پەرەپێدانی زیاتر و پاراستنی شۆینە کلتوورییەکان وەک ڕەمزێک بمێنەوە لەشارەکان، ئەرکی حوکمەتە بۆ دابینکردنی و دروستنی “بازاڕێکی کلتووری نیشتیمانی”لەشوێن و گەڕەکە کۆنەکانی شاردا بۆ ساغکردنەوەی و فرۆشتنی ئەو بەرھەخۆماڵی و خۆکردانە، لەکاتێکدا حوکمەت بەئەرکی خۆی ھەڵناسێت پێویستە لەسەر ھۆتیل و شوێنەگەشتیارییەکانمان، کەدەبێت ھاوکاری بەھرەدارانی ناخۆبن لەبری تابلۆ و بەرھەمی وڵاتان بەرھەمی نەتەوەکەمان نمایشکەن، لەپێناو ئەوەی وزە و بەرھەم و داھێنانی ڕوو لەزیادبوون کەن لە کۆتایی پەیامێک بۆ گەنج ونەوەی داھاتووی ئەم کوردستانە: کلتوور و زمان و جل وبەرگ پۆشینی خۆماڵی جێ شەرم و داوکەتن نیە، بەڵکو شانازی و سەرکەوتنێکی گەورەیە.