خالید مەجید فەرەج: لیبرالیزم و دیموکراسی و عەلمانیەت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چەمکی دیموکراسی لەچوار رەگەز پێک دێت: عەلمانیەت، گرێبەستی کۆمەڵایەتی، رۆشنگەری (تەنویر) و لیبرالیزم.
عەلمانیەت، واتا جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. گرێبەستی کۆمەڵایەتی، واتا رێکەوتن لە نێوان مرۆڤدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک دور لە دەسەڵاتی ئاینی. رۆشنگەریی، واتا هیچ شتێک لەسەرو عەقلەوە نیە، تەنها ئەقڵ خۆی نەبێت. لیبرالیزمیش، واتا دەسەڵاتی تاک سەرو دەسەڵاتی کۆمەڵگەوەیە.
لیبرالیزم
دەتوانین زۆر بەکورتی بڵێین بیرۆکەی لیبرالیزم لەسەر ئازادی تاکە کەس وەکو ئازادی فکرو هەڵسوکەوت ورێزگرتن لەکەرامەتی ئینسان و جەخت کردن لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت هەقی بەسەر لە پەیوەندیە کۆمەڵایەکانەوە نییە، بەواتایەکی دیکە دەست ناخاتە ناو کاروباری گەل و هەقی ئەو ئەوچالاکیانەی نییە کەپێی هەڵدستێ، بەڵام کاتێک رۆڵی دەوڵەت دەردەکەوێت کە ئاو چالاکیانە کاربکەنە سەر بەرژوەندی تاکە کەس .
لیبرالیزم ووشەیەکی ئینگلیزیە لە لاتینیەوە وەرگیراوە لیبر بەواتای (ئازاد) دێت. دەڵێن: سەرهەڵدانی لیبرالیزم هاوشانە لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا، چونکە سەرمایەداری ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی مەبەست لە لیبرالیزم کە ئازادی تاکە کەسە. هەندێک بۆ چوون سەرهەڵدانی لیبرالیزم دەگێرێنەوە بۆ شەرە ئاینیەکانی هەردوو سەدەی شانزەهەم و حەڤدەهەم لە ئەوروپا، چونکە لێبوردەیی کە لە کرۆکی پێکهاتەکەیەتی بەرانبەر بوو بەو دەمار گیریەی کە هۆکاری ئەو شەڕە خوێناویانە بوو.

پەیرەوی فیکری لیبرالیزم دوو رەهەندی هەیە: رەهەندی مەعریفی، و رەهەندی ئینسانی
رەهەندی مەعریفی:
دەڵێ پاوان کردنی هەقیقەت یاساغە.
بۆهیچ کەس یان هیچ لایەنێک نییە بڵێ بەتەنها هەقیقەت لای منە و ئیدی ئەوانەی تر بەتاڵن. چونکە هەقیقەت لای هەموو مرۆڤ یەکسانە هیچ کەسێک لەوانیدیە زیاتر ناگات بە هەقیقەت، چونکە هەقیقەت رێژەییە واتا رەها نییە هەموو ئادەمیزاد دەتوانن بگەن بەشێک لەهەقیقەت نەک هەمووی، بۆیە کەس یان کۆمەڵێک بۆیان نییە بڵێن هەقیقەتی رەها لای ئێمەیە. بۆ نموونە موسڵمان دەڵێن هەقیقەت لای ئێمەیە، مەسیحیەکان هەروەها، پرۆتستانت و کاسۆلیک، شیعەو سونە.
دەکرێ وورد تر لەسەر ئەو مەسەلەیە بوەستین و بڵێین کەس ناتوانێ بگاتە هەقیقەتی موتلەق لەبەر دوو هۆکار:
هۆکاری یەکەم/ فرەیی سەرچاوەکانی مەعریفەت.
پێش سەد ساڵ سەرچاوەی مەعریفەت یەکێک بوو کە ئەویش ئاین و کتێبی پیرۆز بوو، بەڵام ئێستا سەرچاوەکانی زانست (مەعریفەت) جۆارو جۆرن و زیاد بوون. زانستە سروشتیەکان سەریان هەڵدا، زانستە مرۆییەکان وەکو دەرونناسی و کۆمەڵناسی و زانستەکانی دیکە گەشەیان کرد. کەواتە سەرچاوەکان فرەبوون بۆنمونە ئیماندار سەرچاوەیەکی هەیە، کۆمەڵناس سەرچاوەی خۆی هەیە، دەرونناس سەرچاوەی جیایە، کەواتە فرەیی سەرچاوەکان دەکاتە ئەوەی کە هەقیقەت پاوانی هیچ کەسێک نییە و هەر کەسێک یان کۆمەڵەیەک بەشێکی لایە و تەواو کەرەکەرەی لای خەڵکان یان کۆمەڵە و گەلانی ترە.

هۆکاری دووهەم/ لەدایک بوونی تیۆریەکان و گەشە سەندنیان
تیۆریەکی یەکلایی کەرەوەمان نییە، چەند شارستانی پێش بکەوێت ئەوەندەش ئاسۆکان بەڕووی ئەقڵی مرۆڤدا دەکرێنەوە و کەم و کوڕی تیۆریەکانی پێشومان بۆ دەردەکەوێت، کەواتە لەبەرئەوەی تیۆریەکان بەردەوام لە قۆناغی دروست بوون و گەشەسەندان واتا کامڵ نەبوون کەواتە مرۆڤ هەقیقەتێکی رەهای بەدەست نەهێناوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بناغەی یەکەمی فکری لیبرالی دەڵێ: هەقیقەتێکی رەها (موتلەق نییە).

بناغەی دووهەم/ بەهیچ شێوەیەک موقەدەس نییە.
فەیلەسوفی ئەڵمانی “کانت” و فەیلەسوفی بەریتانی “سبنسر” لە پێشەنگەکانی بیری لیبرالیزمن. کانت دەڵێ: ئازابە لە رەخنەگرتن لە موقەدەسەکان، هیچ شتێک لەبەردەمی خۆتا بە موقەدەس دامەنێ، رەخنە بگرە، جونکە ئەگەر شتێکت بە موقەدەست زانی و گوتت فڵان زانا موقەدەسە، لە ئەهلی تەحلیل (شیکاری) دەردەچیت و دەبی بە ئەهلی تەجلیل (بەرز راگرتن). ئەگەر لە ئەهلی شیکاری دەرچویت فکری خۆت دەبەستیتەوە، تۆ بەئازادی فکرەوە خولقاویت، ئازاد لەدایک بوویت، هەرشتێکت تەقدیس کرد ئازادی و ئەقڵی خۆت کۆت و زنجیر دەکەیت.
بناغەی سێهەم/ لەناو مرۆڤدا مەعسوم نییە.
هیچ ئینسانێک لە ئینسانێکی دیکە زیاتر نییە، کەواتە دەکرێ هەموو بخرێنە سەر مێزی توێژینەوە و رەخنە، ئەوەی کارەکانی باش بێت قبوڵ دەکرێت و ئەوەی خراپ بێت رەت دەکرێتەوە. بەواتایەکی دیکە کەس لە هەڵسەنگاندن و لێپێچینەوە بەدەر نییە.

بەشی دووهەم/ رەهەندی ئینسانی
بناغەی یەکەم/ باوەڕ کۆڵەکەیەک نییە لە ئینسانیەتی ئینسان.
بەدەر لەوەی کە چ عەقیدەیەکی هەیە مرۆڤ هەر مرۆڤە عەقیدە هیچ پەیوەندیەکی بە ئینسانیەتی ئینسانەوە نییە، بۆیە ئەگەر کەسێکی دیکە موخالیفی عەقیدەی من بوو، نابێ لە مرۆڤایەتیەکەی و مافە ئینسانیەکانی داباڵم. بەهەمان شێوە هەر کەسێک لەسەر هەر عەقیدەیەک بوو ئەگەر وازی لێهێنا یان گۆڕی، نابێ مافە ئینسانیەکانی لێبسەنرێتەوە. چونکە وەکو وتمان عەقیدە گۆشەیەک نیە لە گۆشەکانی ئینسانیەتی ئینسان، هەر لەبەر ئەوەیە کە فیکری لیبرازیم بانگەشەی فرەیی دەکا. نابێ کۆمەڵگەیەک زۆر لێبکرێت لەسەر ئاینێک یان بیرو رایەکی دیاری کراو بێت. دەبێ قبوڵی فرە ئاین و بیروباوەڕو جیاوازی مەزهەبەکان بکەین.
بناغەی دووهەم/ دەبێ روبەری مافەکان لەئەرکەکان زیاتر بێت.
فیکری لیبرالیزم دەڵێ بگەڕی بەدوای مافەکاندا نەک ئەرکەکان. من مرۆڤم مافەکانم چین.
بناغەی سێهەم/ بەستنەوەی باش یان (جوانی) بە تاقیکردنەوەوە نەک پێشتر پڕیار لەسەردان.
کێ بڕیار لەجوانی و ناشرینی شتێک یان کردەوەیەک دەدا، بەواتایەکی دیکە باشی و خراپی. ئەگەر شتێک تاقی نەکرابێتەوە چۆن بڕیار لەسەر باشی یان خراپی ئەو شتە دەدەیت. کەواتە دەبێ هەموو شتێک بخرێتە بەر تاقی کردنەوەی کۆمەڵایەتی یان بەوێدا تێپەر ببێت، ئەگەر نا ئەوە بڕیارێکە لەسەرەوە دەدرێ بەبێ ئەوەی کۆمەڵگە تاقی کردبێتەوە داخۆ باشە یان خراپ. چوونکە لەبری ئەو بریاری لەسەر دراوە ئەوەش پیجەوانەی پرنسپی ئازادیە کە لیبرالیزم بانگەشەی بۆ دەکات.

لیبرالیزم و دیموکراسی
پەیوەندی لە نێوان لیبرالیزم و دیموکراسیدا زۆر پتەوە سەرەتا لەکۆمەڵگەی ئەثینا بنەمای دیموکراسی پەیرەو دەکرا کە لەسەر دوو رەگەز وەستابوو، یەکسانی هەموو لەبەرانبەر یاسادا و ئازادی بیرو را. دەتوانین بڵێن کە یۆنانیەکان دیموکراسی و لیبرالیزمیان پێکەوە گرێ دابوو. بەڵام دیموکراسیەتەکەی یونان نوقسانیەکی گەورەی هەبوو، تەنها پیاوە ئازادەکان بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، ژن و کۆیلەکان و بیانیەکان ئەو مافەیان نەبوو.
شۆرشی ئینگلیزی کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا رووی دا کاریگەری دیاری هەبوو لەسەر زانستە سیاسیەکان، بۆ یەکەم جار مەفهومی ئازادی یان لیبرالیزمی لە هۆشی خەڵکدا چەسپاند، چونکە تا ئەو کاتە رۆشنبیری خەڵک دەرباری حوکمی ئیستیبدادی بوو واتا تەسەورێکیان بۆ حوکمێکی دیکە نەبوو کە گەل بڕیاری لسەر دابێ. هەروەها راگەیاندنی مافەکان لە ساڵی 1689 گواستنەوە بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەدە نوێکان.
ئەو فەیلەسوفەی کە بەردی بناغەی بەتیۆری کردنی لیبرالیزمی دانا جۆن لۆک بوو ئەو فەلسەفەی سیاسی لە قۆناغی لاهوتی مەسیحیەوە (یاسای ئیلاهی) گواستەوە بۆ قۆناغی یاسای سروشتی یان دانراو کە ئەقڵی مرۆڤ دروستی دەکات. ئەوەی کە جۆن لۆک جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو بەتەنها یاسای سروشتیی (یاسای دانراو لەلایەن خەڵکەوە لەبەرانبەر ئەوەدا یاسای ئیلاهیە کەلەکتێبە موقەدەسەکاندا هاتووە) دا نەهێنا، بەڵکو بە ئاراستەی لیبرالیزم و ئازادی کاکە کەسی بەکاریهێنا.
کاتێک کە راگەیاندنە بەناوبانگەکەی مافی مرۆڤ بڵاو کرایەوە ئیدی زەمانی ئیستیبداد و حوکمی رەهای پاشاکانی فەرنسا بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێهات، بۆ یەکەم جار لەمێژووی فەرەنسادا مافی ئیلاهی پادشاکان کۆتایی پێهات و خەڵک یەکسان بوون بەرانبەر بە یاسا. پێشتر لە فەرەنسا لە سەدەمی پاشایەتی کۆندا کۆمەڵگەی فەرەنسی کرابوون بە سێ چینی سەرەکیەوە: چینی ئۆرستوکراتی دەرەبەگ، چینی گەورە کەهەنوت و پیاوانی کەنیسە، عامەی گەل، کەدەکاتە جوتیار و پیشەگەرەکان، بەڵام لەدوای شۆڕش ئەم دابەشکردنە لەنێوان خەڵکدا کۆتایی پێهات ئیدی چینی ئۆروستوکرات ئەو ئیمتیازاتانەی پێشوویان نەما کە بەتەنها لەدایک بوون لە خێزانێکی دەرەبەگدا هۆکار بێ، بۆ بێ ئەوەی کار بکەیت و رەنج بکێشێت هەموو مافەکانت هەبێت. ئیدی بەهای ئینسان بە سەرکەوتن لەبوارێک لە بوارەکاندا و بە تواناکانی خۆی دیاری دەکرا نەک ئەو پێگەیەی کە بەمیرات بۆی ماوەتەوە.
دیاری ترین بیرمەند کە سیستمی لیبرالیزمی دیموکراسی تیۆریزە کرد کەسێک بوو بە ناوی توکفیل. لەکتێبەکیدا بەناوی (دیموکراسی لە ئەمەریکا) ساڵی 1835 ئیعجابی خۆی بەرانبەر بەو سیستمە کە باوکانی مەزن دایان مەزراند ( تۆماس جیفرسون و هاوەڵەکانی)، دەربڕیوە. بەرای ئەو ئەوە باشترین سیستمی حوکمرانیە، چونکە رای گەل بەنەزەری ئیعتیبار وەر دەگرێت.
بەڵام پەیوەندی یان گرێدانی نێوان دیموکراسی و لیبرالیزم ئاسان نەبوو . لەئینگلتەرا کە رەسەنترین دیموکراسیە! راستە هەموو سەدەی نۆزدەهەم و پێش ئەوەش لیبرالی بوو، بەڵام لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بە فیعلی بوو بەدیموکراسی. چوونکە مافی دەنگدان تەنها بۆ چینە بۆرجوا موڵکدارەکە بوو. دواتر هێشتیان کرێکارو جوتیارەکە کە فێری خوێندن و نووسین بوون دەنگبدەن. هەرەوەها لەفەرەنساش جەنەراڵ دیگۆل ساڵی 1945 رێگەی بۆ ژن کردەوە دەنگ بدەن.
هەرچۆنێک بێت، دەتوانین بڵێین کە ناوکۆیی هاوبەش لەنێوان ئەو بۆچوونانەدا ئەوەیە کە دەسەڵاتی تاک بەرزترە لە دەسەڵاتی کۆمەڵگە. هەر لەم تێروانینەوە دەتوانین بڵێین کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن ستیوارت باوکی رۆحیی لێبرالیزمە، لەکتێبە بەناو بانگەکەیدا بەناوی ( دەربارەی ئازادی) ـە باس لە پەیوەندی نیوان ئازادی و دەسەڵاتدا دەکات و سنورێک بۆ دەسەڵاتی کۆمەڵگە دادەنێت، بەشیوەیەک کە دەسەڵاتی تاک لەدەسەڵاتی کۆمەڵگە زیاتر بێت.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەکرێ دەسەڵاتی تاک باڵاترین بێت؟
دەکرێ وابێ، بەڵام دەبێ لە غیابی “ئیستیبدادی زۆرینەدا بێت” کاتێک کە ئەو تەرحە ئیستیبدادە حزوری دەبێت ئاسایی شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو رێکخراوە جەماوەریەکان ئیدی ئەرکی رای گشتی سنورد دانان دەبێت بۆ ئازادی تاک، لێرەدا پرسیاریکی دیکە قوت دەبێتەوە ئایا ئیستیبدادی زۆرینە چۆن رودەدات؟
بۆ نموونە لە حاڵەتی شۆرشی فەرەنسیدا کە دەرهاویشتەی عەقڵی تاکی متەنەویر بوو ، ئەو منەوەرەش ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی عەقڵ لای ئەو تەنها حوکمی عەقڵی خۆیەتی، نەوەک عەقڵی ئەو هێڵە سوورانەی کە کلتور کێشاونی و رێگرن لە گۆڕان و پێشکەوتن واتا دوای ئەو عەقڵە جەمعیە ناکەوێت کە کلتور خەمڵاندویەتی. ئەوپێناسەیە بۆ منەوەر (متنور) فەیلەسوفەکانیش دەگرێتەوە کە رێگەیان بۆ شۆرشی فەرەنسی خۆشکرد. دەگوترێ چینی بۆرجوازی شۆڕشی فەرەنسی دروست کرد، بەڵێ ئەوە راستە. بەڵام ئەگەر کەسە فەعالەکانی ناو ئەو چینە متنور نەبونایە هەرگیز ئەو شۆڕشە رووی نەدەدا. چونکە تەرحێکی دیکە لە بۆرجوا هەیە کە لەگەڵ خەتی ئاینیدا خۆی گونجاندوەو پێکەوە دژ بە رێرەوی شارستانی مرۆڤایەتی کاردەکەن. نمونەی میسر لە حەفتاکانی سەدەی رابردودا کە کۆمپانیاکانی تەوزیف کردنی پارە دروست بوون و لەگەڵ ئسوڵیەتی ئاینیدا یەکیان گرت ئیدی کەوتنە تەسفیەکردنی منەوەرەکان لەوانە بۆنمونە (فەرەج فۆدە).
لیبرالیزم فەلسەفەیەکی سیاسی و ئەخلاقیە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی لە بەرانبەر قانوندا دروست بووە ، بیروباوەڕەکانی لیبرالیەکان پشت بەتێگەشتنیان بۆ ئەو پرنسیپانە دەبەستێت و پشتگیری لەمافەکانی تاک و مافە مەدەنیەکان و مافی مرۆڤ و سەرمایەداری و بازاری ئازاد و دیموکراسی و عەلمانیەت و یەکسانی لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا و یەکسانی نەژادی و ئازادی بیرورا دەربڕین و رۆژنامەگەری و ئاین دەکەن. بەم شێوەیە دەتوانین جیاوازی لەنێوان لیبرالیزم و عەلمانیەتدا بکەین کە لیبرالیزم عەلمانیەت لەخۆ دەگرێت، کاتی پێویست بەدیار کەوت و هەوڵی دا بنەماکانی ئیمتیازاتی بۆماوە( ویراسەت) و ئاینی دەوڵەت و مەلەکیەتی رەهاو هەقی ئیلاهی پادشاکان بگۆرێت بە دیموکراسی و سەروەری یاسا ، لیبرالیەکانیش سیاسەتی مۆنۆپۆڵکردنیان کۆتایی پێ هێناو بازاری ئازادیان بەهێز کرد.

سەرانی شۆڕشەکانی فەرنسا وئەمەریکا ، لیبرالیزمیان وەک ئامرازێک بۆ لەناو بردنی جەوری سیستمە پادشاییەکان بەکار هێنا. فیکری لیبرالیزم وورد ووردە بڵاو دەبۆوە و گەشەی دەکرد، لەسەدی نۆزدەهەم دا حکومەتە لیبرالیزمەکان بەهەموو ئەوروپاو ئەمەریکای باشوردا بڵاو بۆوە، لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کاریگەری لیبرالیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەمەبەستی ئیسلاح و گۆران دەرکەوت. ئەوەش وای لە کۆمەڵگە دیکتاتۆریەکان کرد کە هەست بە قەیران وکێشی جدی بکەن بکەن. بەرهەڵستکارانی لیبرالیزم پێک هاتبوون لە شیوعیەکان و سۆسیالیستەکان و فاشیزم و مارکسیزمی لینینیزم . کاتێک کە کۆمەڵگە دیموکرسی ولیبرالیزمەکان لەنێوان هەردوو جەنگەکەدا لە بەرەی براوەدا خۆیان بینینیەوە ، ئیدی لیبرالیزم بوو بە داکۆکیکاری سەرەکی لە ئازدی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.
لەگەورە بیر مەندەکانی لیبرالیزم :
جۆن لۆک : کەلەساڵی 1632 لەدایک بووەو لە ساڵی 1704 مردووە هەر لەسی ساڵیەوە کەوتۆتە ناو کێشمەکێشی ژیانی سیاسیەوە لە ئینگلتەرا دواتر کە ناوباگی وەکو فەیلەسوێک بڵاو دەبێتە و دەگاتە ترۆپکی شۆرەت و دانراوەکانی بڵاو دەبنەوە، لەوانە (ووتارێک لە تێگەشتنی مرۆڤدا) لەفیکرە فەلسەفیەکەیدا زیاتر گرنگی بەو ژیانەدا کە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات بیگاتێ، بەستیشیەوە بەوەوە کە چۆن مرۆڤ بتوانێ هەموو شتێک بزانێت، ئەوەش پاڵی بە فیکری لیبرالیزمەوە دەنا کە پیش بکەوێت لە نوسینەکانیدا دەیگوت مرۆڤ بەسروشت ئاشی خوازە مافی ئەوەی هەیە کە بەئازادییەکی رەها لە بواری سیاسی وئابوریدا بژی.
ئادەم سمیث: کاتێک کەباس لەفکری لیبرالیزم و ئابوری سیاسی دەکرێت دەبێ ناوی فەیلەسوف ئادەم سمیث خاوەنی کتێبی ( سەروەتی نەتەوەکان) بهێنرێت، کەتیادا بنەما بنەرەتیەکانی ئابوری لیبرالیزمی سەربەستی دەست نیشان کردووە. ئەو بیرمەندە ئیستوکلەندەیە لەساڵی 1723 لەدایک بووە گرنگی زۆری بە ئەخلاق سیاسەت دا و ئەو لە فەلسەفەی وادەڕوانی کە گرنگە بۆشیکاری مەعریفەت، لەپاڵ ئەویشدا پەیرەوی زانستی لەتوێژینەوەدا، هەرزوو براوای بە گرنگی ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگە هەبوو. لەساڵی 1790 دا پاش ئەوەی کۆمەڵێک بنەمای گرنگ دەربارەی ئاراستە کردنی سیاسەت و ئابووی بۆ ئینگلتەرا پاش خۆی بەجێ دێلێت.

عەلمایەت
وا پێناسە دەکرێت کە ئایدۆلۆجیای رەتکردنەوەی ئیعتیبارە ئایینیەکانە لەناو دەوڵەتدا. بەواتای دوورخستنەوەی ئایینە لە چالاکیە کۆمەڵایەتیە مەدەنیەکان و دوورخستنەوەی رەمزە ئایینیەکانە لە ژیانی گشتی و بێلایەنی یان دوور وەستانی دەوڵەتە لەئایینەوە، وەکو فەلسەفەیەکیش، عەلمانیەت هەوڵ دەدات ژیان بەپێی دنیای مادی بەبێ پەنا بردن بۆ ئایین راڤە بکات. بەڵام لەرووی سیاسیەوە عەلمانیەت دەکاتە جیاکردنەوە لەنێوان دامەزراوە ئاینیەکان وحکومیەکاندا ، بەواتای ئەوەی کە حکومەت بێلایەن بێت بەنیسبەت ئاینەوە و رێ لەهێج مومارەسەیەکی ئاینی ئازاد نەگرێت، و هەڵبژاردنی ئاینی بەجێ بهێڵێت بۆ گەل، کەواتە عەلمانیە دەکاتە مافی ئازاد بوون لە حوکم و رێنوێنیەکانی ئایین ومومارەسەتەکانی لە کاروباری ژیاندا .
بیرمەندەکانی عەلمانیەت کە نەک هەر داوای دورخستنەوەی دینیان لەدەوڵەت کردووە بەڵکو پەریونەتەوە بۆ دروست کردنی جۆرە کۆمەڵگەیەک کەهەر شتێک پەیوەندی بەئاینەو وغەیبیات و هەبێت رەت بکاتەوە. ئەوان دەڵێن ئەخلاقی موجەرەد پەیوەندی بەخواوەندەوە نییە. لەدیاری ترین بیرمەندەکانی عەلمانیەت ماکیاڤیلی ئەو زیاتر لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت داوا دەکرد دژایەتی کەنیسەی دەکردو دەیگوت دەبێت ئاین بە موتلەق لەژێر دەستی میردا بێت . بەڵام دواتر کۆمەڵێک بیر مەندو فەیلەسوفی دیکە سەریان هەڵدا کە یرو راکانیان میانرەوتر بوون لەوانە:
سپینوزا:
باروخ سبینوزا لە 1632 لە هۆڵەندا لەخێزنێکی جولەکە لەدایک بوو بەڵام هەر زوو بیرو باوەڕی بەلاعەلمایەتدا وەرگەڕا، ئەو لەرووی فەلسەفیەوە رەخنەی ئاراستەی تەورات کردوو کەبەهۆیە تایەفەکەی خۆی حاشایان لێکرد و یەکێک لە توندرەوەکان ویستی بیکوژێت . سپینوزا ئەقڵی بردە ناو بیرکردنەوەی ئاینی و سیاسیەوە و داهێنەکانی ئینسانی لە ئاین جیاکردەوە. لەبەناوبانگترین کتێبەکانی نامەیەکی کورت دەرباری خوداو ئینسان و بەختەوریەکەی و نامەیەک سەبارەت بە ئیسلاحی ئەقڵ و کتێبی بنەماکانی فەلسەفەی رینیە دیکارت.
مونتسکیو
یەکێکە لە دیاریترین بیرمەندو فەیلەسوف کە بانگەوازی ئازادی و لێبوردەیی و حوکمی دەستوریان کردووە لەفەرنسا، لە دوژمنە سەر سەختەکانی ئیستیبداد بوو لە فەرەنسا ساڵی 1689 لەدایک بووەو ساڵی ١٧٥٥ مردووە وتارێکی سەبارەت بە سیاسەتی رۆمان لەسەر ئاین و تێبینیەکانی دەربارەی مەزنی رۆمانەکان و دواتر سەرەو نگووم بوونیان نووسیوە ، لەگرنگرتین دانراوەکانیشی رۆحی یاساکانە.

جیاوازی لەنێوان لیبرالیزم وعەلمانیەتدا
کاتێک کە باس لە جیاوازی نێوان لیبرالیزم وعەلمانیەت دەکرێت، دەبینرێت کە عەلمانیەت لەناو لیبرالیزمەوە سەری هەڵداوە ، بەواتای کە عەلمانیەت بەبێ لیبرالیزم بوونی مەحاڵە، بەڵام پێجەوانەکەی دەشێت. چوونکە لیبرالیزم فەلسەفەیەکی سیاسی فراوانە چەند رەگەز وبنەمایەک پێک دێت کە عەلمانیەت لە خۆ دەگرێت، ئەوەش دەکاتە بوونی بیرو بۆچوونی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە پشتگیری لە پێشکەوتن و ئیسلاح و دیموکراسی دەکات لەناو دەوڵەتدا لەگەڵ سەربەستی ئاینەکان، بەڵام عەلمانیەت بەهیچ جۆرێک واتا بە موتلەق نایەڵی ئاین قەرەی سیاسەت بکەوێت. بەجۆرێک کە دام ودەزگاکانی دەوڵەت بە سەربەخۆیەکی تەواوەوە ئیش دەکەن. بانگەشەی عەلمانیەت بناغەیەکی ئایدۆلۆجی و فەلسەفی سیاسی هەیە وەکو لیبرالیزم نییە
کە کۆمەڵەیەکی تەواو لە نموونەی بەرز وفەلسەفە کە تەرح دەکات کە زانست وهونەرە ئینسانیەکان لەروانگەی لیبرالیزمەوە گەشە پێ دەکات.
عەلمانیەت دەڵێ باوەڕی ئاینی کەسێک نابێ کار لەتواناکانی بکات بۆکارکردن وەکو ئەندامێک لە کۆمەڵگەکەدا، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بۆ جیاوازی گەورە لە نێوان لیبرالیزم و عەلمانیەت لەرووی تێڕوانینیان بۆ ئاین لەناو کۆمەڵگاکاندا ، پاساوی عەلمانیەت بۆ ترسە بەردەوامەکەی لەئاین لەرێگەی نموونەی واقعیەوە دەهێنێتەوە ، بۆنموونە چەوساندنەوەی ئەوانەی سەر بە ئاینی زۆربایەتی نیین لە هەر دەوڵەتیکدا، لەم گۆشەیەوە لیبرالیزم موتەفیقە لەگەڵ عەلمانیەتدا کە دژی جیاکردنەوە و لەگەڵ یەکسانی و مافەکانی تاکەکەسدایە .
لێرەوە دەکرێت بڵێین کە لیبرالیزم هەڵوێستە لەسەر مەسەلەی ئازادی، عەلمانیەت هەڵویستە دەرباری حوکم. ئەگەر لیبرالیزم ئازادی رەها بێت تائەو جێگەیەی کە زەرەر بەکەسی دیکە نەگەینێت، عەلمانیەت جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەتە .
بۆ زیاتر روونکردنەوە دەشێ ئەم پرسیارە بکرێت ، ئایا هەموو عەلمانیەک لیبرالیە، یان هەموو لیبرالیەک عەلمانیە؟ ، وەڵامی پرسیای یەکەم ئاسانە بەڵام دووهەم نەختێک ئاڵۆزە. بۆنموونە هیتلەرو ستالین و سەدام حسێن عەلمانی بوون چوونکە دینیان لەدەوڵەت جیاکردبۆوە بەڵام هەرگیز لیبرالی نەبوون چوونکە باوەڕیان بە پرنسپی ئازادی نەبوو.
بۆ وەڵامی پرسیاری دووهەم ئەگەر لەدەوڵەتێکی لیبرالیدا یاسایەک هەبوو کە بنچینەکەی ئاینی بوو، ئەو دەوڵەتە عەلمانی نییە . بەڵام ئایا هەر لیبرالیەک عەلمانیە بەڵێ وەکو پرنسیپ هەموو لیبرالیەک عەلمانیە چوونکە لیبرای باوەڕی بە ئازادی رەها هەیە .

1- David Farnell What is the difference between secularism and liberalism
2- الليبرالية أعلى مراحل العلمانية… مراد وهبة
3- حول اللیبرالية العلمانية ….خالد ترکی آل ترکي
4- مفهوم مصطلح اللیبرالية….موسوعة مصطلح الليبرالية
5- اسعد ابو خليل … نشأة الليبرالية العربية وعلاقتها بالغرب
6- غادة الحلايقة….. ما معنى ليبرالی
7- اللیبرالية نشأتها ومجالاتها… عبدالرحيم بن صمايل السلمي