مستەفا قایتەوەنی: ئەمەریکا بۆچی عێراقی لا مەبەستە!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەمەریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام هاوپەیمانیەکی گەورەی دروست کرد لەنێو هاوپەیمانەکانیشدا کە دروستی کردبوو دەنگی ناڕازی هەبوو پێیان وابوو کاتەکە بۆ گۆڕینی ڕژێمی بەعس لەبار نیە و ئایندەی عێراقیان بە ڕوونی نەدەبینی نمونەش فەڕەنسا بوو کە ئەوکات جاک شیراک سەرۆک کۆمار بوو هەڵوێستێکی توندی لە ڕوخانی سەدام هەبوو، تورکیاش کە ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی ناتۆ بوو هاوکات هاوپەیمانی ئەمەریکاش بوو کەچی ڕێسەکەی ئەمەریکای کردەوە بە خوری و پلانی سەربازی بە ئەمەریکا گۆڕی و ڕێگای نەدا خاکەکەی بەکار بهێنن بۆ ڕوخانی ڕژێمی بەعس، هەرچی ئێران و سوریاش بوو نەئەمەریکا داوای لێکردن نە ئەوانیش ئامادەیان تیا بوو هاوکاری ئەمەریکا بکەن هەرچەندە هەردوو وڵات ڕووخانی ڕژێمی سەدام یان پێ خۆش بوو.
ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی گورزی سەربازیان وەشاند و ڕژێم کەوت، ئەمەریکا وەک حاکمی مەدەنی و سەربازی بە دوو باڵەوە حوکمی عێراقی دەکرد، شیعە کەوتە تۆڵە سەندنەوەو سونە کەوتە هەڵهاتن و دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسی، و کوردیش بە ناتفاقی سیاسی و ناتەبایەوە ڕویکردەوە بەغدا و ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری بینی هەر لەنوسینەوەی دەستوور و بنیاتنانەوەی سوپاو دیبلۆماسیەتی عێراق بەڕوی دەرەوە زۆر بواری تریش.
هەندێ جار ئەمەریکا کوردی وەک بەڵانسی سیاسی لەعێراق بەکار دەهێنا، چونکە ئەمەریکا مەبەستی بوو عێراقێکی مۆدێرن و هاوچەرخ بە پیادەکردنی دیموکراسی نیشانی جیهان بدات هەوڵی زۆری چڕو پڕی بۆدا، بەڵام شەڕی تائیفی و مەزهەب گەرای ڕێسەکەی لەئەمەریکا کردەوە بەخوری، تا وای لێ هات سوپای ئەمەریکا لە زۆر شوێنی عێراق بوونە ئامانج چی لە ناوچە سوننە نشینەکان چی لە ناوچە شیعە نشینەکان سوپای ئەمەریکا بە قەناس و ئۆتۆمبێلی بۆمب ڕێژکراو و جۆرەها چەکی قورس و سوکیان بەرامبەر بەکار دەهێنرا و هەزاران سەبازی ئەمەریکا کوژران و برینداربون، سوننەکان سەربازە ئەمەریکیەکانیان لە فەلوجە هەڵواسی، شیعە کانیش ئەمەریکایان بە دوژمنی خوداو ئیمام وەسف دەکرد.
ئێران توانی ببێتە خاوەنی ڕاستەقینەی عێراق و توانی بەرێکەوتنێک سوپای ئەمەریکا لە عێراق بکاتە دەرەوە، چاودێرانی سیاسیش دەڵێن ئەمەریکا عێراقی هاوشێوەی سینیەکی پڕ لەشرینی ڕادەستی ئێران کرد تا گەیشتە ئەوەی ئێران توانی هیلالی شیعی لە تارانەوە بۆ دیمەشق بکێشێ کە سەدان ساڵ بوو خەونی پێوە دەبینی دوای ئیمپراتۆریەتی فارسی!
شەڕی دژ بەداعش و دروستکردنی حەشدی شەعبی بەفتوای مەرجعیەت ئەوەندەی تر پێگەی ئێرانی بەهێز تر کرد و دەستی کراوە تر کرد، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران گەیشتنە ئەو ڕاشکاویە سیاسیە لە میدیاکانەوە ڕاوێژکارێکی دیاری سەرۆک کۆماری ئێران بڵێ دیمەشق و سەنعاو بەیروت و بەغداد پایتەختی دووەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن!
لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو تا کوژرانی قاسم سلێمانی هیچ کابینەیەکی حکومەت لەعێراق بەبێ ڕەزامەندی تاران و ئایتووڵا خامانەی کە لەڕێگای قاسم سلێمانیەوە دروست نەدەبوو هەندێ جار تاران وەزیرەکانی کابینەکانی حکومەتی ڕەت دەکردەوە دەبوو کەسانی تر دابنرێن!
بۆیە ئەمەریکا لەدوای ئەو هەموو زیانە ماددی و مرۆیەیی سوپاکەی و نیگەرانی و ناڕەزای شەقامی ناوخۆی ئەمەریکا سیاسەتی سەرۆکی نوێیی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هاتنەوەی ئەمەریکابوو بۆ ناوچەکە بەتایبەتیش کەنداوی عەرەبی و گرێ بەستی سەدان ملیار دۆلاری چەک و تەقەمەنی لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی، ئیدارەی ترامپ بە گەرم و گوڕ تر تر گرنگیدا بە ئامادەبونی ئەمەریکادا لەعێراق تا گەیشتە هەلکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل بە لێدانی بنکەو بارەگاکانی گروپ و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و کوشتنی قاسم سلێمانی لەبەغدا کە پەیامێکی ڕوونی ئەمەریکابوو بۆ ئێران.
ئەمەریکا بۆچی عێراقی لامەبەستە! بە دەرچونەوەی دۆناڵد ترامپ پێ دەچێ ئەمەریکا جۆرێکی تر مامەڵە بکات لەناوچەکە و پلانی تری هەیە و واشنتۆن عێراق بۆ کەس بەجێ ناهێڵێ و وەبەرهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عێراقەوە دەست پێ دەکاتەوە، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاش وەڵامی زۆر پرسیارمان دەداتەوە.