مستەفا قایتەوەنی:کورد لە نێوان سەد ساڵی حوکمڕانی لە عبد الرحمن گەیلانی بۆمستەفا کازمی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌سه‌رده‌می عبدالرحمن گه‌یلانی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌وكات حوكمی عێراق پاشایه‌تی بوو تا ئه‌مڕۆ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه،‌ كورد له‌م سه‌د ساڵه‌دا له‌ده‌سه‌ڵات بو بێت یان لەده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئۆپۆزسوێن بووه‌ و هه‌ندێ جاریش به‌یاسا ده‌رچوو یان تێكده‌ر یانیش به‌كرێگیراو له‌قه‌ڵه‌م دراوە!.
هه‌شتا و سێ ساڵ له‌و سه‌د ساڵه‌ كورد هه‌میشه‌ یاخیه‌كی قه‌رزار به‌یاسا بووه،‌ به‌ڵام دروست 17 ساڵه‌ و له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی عێراق به‌بێ پشتیوانی و ڕازی بونی كورد نه‌یتوانی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دابنیشێ. به‌ڵام هه‌ركه‌سێ بوبێت بە سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای به‌جێ هێشتنی كورسیه‌كه‌ی كورد وه‌ك دوژمن سه‌یری كردووه‌ له‌وانه‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، ئەیاد عەلاوی، مالیكی، عه‌بادی، دوا سه‌رۆك وه‌زیر عادل عبدالمهدی بوو، کە نزیك ترین دۆستی كوردیش بوو به‌ ڕاگرتنی موچه‌ی فەرمانبەرانی كوردستان کورسی دەسەڵاتی به‌جێی هێشت. ئێستاش له‌سەد ڕۆژەی دەست بەکار بونی مسته‌فا كازمیداین، له‌م سه‌د ساڵه‌دا كورد 47 سه‌رۆك وه‌زیری به‌ڕێكردووه‌ هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانەكانی عێراق یان دۆستی كورد بون یان هاوسۆز یان له‌كورد نزیك بوون. به‌ڵام له‌كۆتایا كورد هه‌موویانی بەیەک چاو سەیر کردووە ( ئەیاد عەلاوی و عادل عبدالمهدی) دوو کەسایەتی دیاری ناوگۆڕەپانی سیاسی عێراق بون و زۆریش نزیک و دۆستی کورد بون ئەشێ ئەوەندەیان پێ کرا بێت کە کردیان. بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە سیاسیەکانی ئێمە بابەتەکان لەچاوی شەخس و کەس و لایەنێکدا دەبینن کەلەڕاستیدا ئەو بیرکردنەوەیە نەک هەڵەیە، بەڵکو زۆریش نا تەندروستە، چونکە دۆخی عێراقی ئێستا لەگەڵ ساڵێک پێشتر بەراورد ناکرێ نەوەک بمانەوێ بەسەردەمێک بەراوردی بکەین کەکورد هێزو پێگەی هەبوو!
لەئێستادا پێگەی کوردلە عێراقدا زۆر لاوازو کەم هێزە بەغداش ئەو ڕاستیە دەزانێ وخۆشمان ددانمان پێدا ناوە کەڕۆژ دوای ڕۆژ لەپاشەکشەدا داین ئەو هەموو پاشەکەشەیەش یەک ڕەهەندی نیە، بەڵکو ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و ڕەنگە بەشێکیشی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمی بێت لەدەرەوەی دەسەڵاتی کوردیشدا بێت! بەڵام لایەنە کوردی و کوردستانیەکان دەتوانن هەندێ لەو ڕێسانە بکەنەوە بە خوری و گوڕو تینێ بدەنەوە وەبەر کوردو پێگە سیاسیەلاوازەکەی لەبەغدا بەهێز بکەنەوە، ئێمە دەبێ ڕاشکاوانە ددان بەوەودا بنێین کورد خاوەنی ناوماڵێکی بڵاو و داپشکاوی سیاسیە و ئەو یەکگرتوی و یەک گووتاری سیاسیەی جارانمان نەماوە هەولێر ناتوانێ کاریگەریەکەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر بەغدا دروست بکاتەوە، بەڵکو ئەوە بەغدایە بووەتە دەم سپی و کاریگەری لەسەر هەولێرو سلێمانیش دورست کردوە!!
عەرەبی سوننەوشیعەی عێراق وەک دوو دوژمنی هەزاروچوار سەد ساڵە سەیری یەک دەکەن، بەڵام کە دێتە سەر پرسی کورد هەمویان عەرەبن و بەیەک چاو سەیری کوردستان دەکەن بێ جیاوازی!
کێشەی کوردیش ئەوەیە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی یەککڕیزی لە سەر شانۆی سیاسی نابینرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ پشتگیری حزبەکان بەرامبەر بەغدا وەستاوە و هەر حزبەو بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ئەسپی خۆی تاو دەدا!!
هەرێمی کوردستان لەبەردەم تەحەدیاتی گەورەدایە کە بۆی بوەتە دوو ڕیانێک هەڵبژاردنی هەریەکێک لەو ڕێگایانە کوردستان لەقاڵب دەدا یەکەمیان ڕادەست کردنەوەی هەموو شتە بە بەغدا ، دووەم بەرگە گرتنە لەبەردەم فشارەکانی بەغدا و هەرێمایەتی و ئەم برسێتی و بێ موچەیەی ئێستایە!
پێم وایە هەردوو بژاردەکە هەریەکەیان مەترسی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر بە لۆژیک لێکی بدەینەوە بژاردەی یەکەم لەپێناو موچەو ئیمتیاز کوردستان خۆی ڕادەستی بەغدا بکات خەبات و قوربانی سەد ساڵی ڕابردوومان دەبێتە چیرۆکێکی ساردو سڕی بێ ئەنجامی بەر ئاگردان و لەناو عێراقی بوندا دەتوێینەوە!
هەرچی بژاردەی دووەمە، پێویستی بە یەککڕیزی نیشتیمانی و پێکەوەی و تەبای هەیە بۆ بەرگە گرتنی فشارەکان کە پێم وایە ئەوەیان بژاردەیەکی دروست ترە ، بەڵام بەو مەرجەی پارتی کە دەسەڵاتی زیاتری لایە و یەکێتیش هێزی دووەمە لەکوردستان و دوای ئەوانیش بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی تریش بەپێی پێگەو قورسای خۆیان شان بدەنە بەر بەرپرسیارەتی مێژووی، بەتایبەتیش بەرپرسیارەتی پلە یەک لەسەر پارتی و یەکێتیە، چونکە دوو لایەنی خاوەن هێزو ئیمکانیەتی زەبەلاحن فەرموو بەشێ لە داهاتەکانتان بخەنە خزمەتی موچە خۆران و خەڵکی کوردستان دڵنیام ئەگەر ئەو هەنگاوانە بنێن هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوانتان دەبێ و ئیرادەی میلی و شەقام لە هەموو پشتیوانیەکی دەرەکی بەهێزترە!!
هیچ هێزێکی دەرەکی و هەرێمی ناتوانێ ئیرادەی گەلان بشکێنێ، خەڵکی کوردستانیش قوربانی زۆری داوە لەبەرز ڕاگرتنی کەرامەت و هەڵگرتنی ناسنامەی کورد بووندا ، ئەو هەموو شەهید و قوربانی و ماڵ وێرانی و ئەنفال و جینۆسایدو کیمیا بارانە لەپێناو ڕاگرتنی شکۆی کورد بون و کەرامەتدا بوو!
لە47 سەرۆک وەزیری عێراق لە عبدالرحمن گەیلانی بۆ مستەفا کازمی کورد لە نەهامەتی و ماڵ وێرانی زیاتر هیچی نەچنیەوە ئێستا کاتی ئەوەیە بەیەککڕیزی و تەبای بەرەنگاری فشارەکان ببنەوە، حکومەتیش پلانێکی تۆکمەی هەبێ بەرامبەر نەوت غاز و پشت بە کەرتی کشتوکاڵ ببەستێ و بەروبومی خۆماڵی بەکار بهێنێ و سود لەئەزمونی ولاتانی ئابڵوقدراو ببینین ، کوردستانیش ناوچەیەکی دەوڵەمەندو بەپیتە و کەش و هەوایەکی لەباریشی هەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سروشتێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە بۆ رێخستنەوەی کەرتی گەشتیاری و خاکەکشمان پڕە لە کانزای بەنرخ هاوشێوەی نەوت و گاز ، تەنها حزب و لایەنە کان پشتیوانی حکومەت بن و واز لە ئەجندای حزبی بهێنن.
شەپۆلەکانی دەریا مەترسی گەورەن بۆ سەر ئەو کەشتیەی ناوی کوردستانە ئەگەر ژێر ئاو کەوت کەسمان سەلامەت دەرناچین و ئۆقیانوسیش بەمەلەوانی نابڕدرێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت