محەمەد بەرزی: هەر ماڵێکی ئەمەریکی منداڵی تێدا بێت مەحاڵە ئەو ماڵە کتێبی نەبێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆ زیاتر گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ شاعیر و نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان به‌ڕێز ئه‌ندازیار (محه‌مه‌د به‌رزی) ئه‌نجامبده‌ین.
محه‌مه‌د قادر محێدین ناسراو به‌ (محه‌مه‌د به‌رزی) له‌ 20/7/1946 له‌ گه‌ڕه‌كی (گۆیژه‌)ی شاری سلێمانی له‌ دایك بووه‌. له‌ ساڵی 1971دا (به‌شی كاره‌با) ی له‌ كۆلیژی ئه‌ندازیاری زانكۆی ته‌كنه‌لۆژیای به‌غداد ته‌واو كردووه‌.
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1970 دا هۆنراوه‌یه‌كی به‌ناوی (هه‌ڵۆی كورد) له‌ ژماره‌ (41)ی ڕۆژنامه‌ی هاوكاری بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. تا ئێستا حه‌وت كتێبی به‌ چاپگه‌یاندووه‌، كه‌ پێنجیان تایبه‌تن به‌ منداڵان.
سازدانی‌: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: دەستپێکی ئاشنا بوونت بە دونیای جوانیی و ڕەنگاڵەیی منداڵان و سەرەتای نووسینت بۆ زارۆکان کەی بوو، وە بە (شیعر یان چیرۆک) دەستتپێکرد؟
وه‌ڵام: لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مامۆستای پایەبەرز کاک (رەزا شوان) دا بە درێژیی باسی هۆکار و سەرەتای ئاشنابوونم بە ئەدەبی منداڵانەوە کردووە، وا لێرەشدا بە کورتیی ئاماژە بە هۆکارەکەی دەکەمەوە. لە سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکانەوە دەستم بە نووسین کردووە، کە هیچ پەیوەندییەکییان بە ئەدەبی منداڵانەوە نەبووە، بیریشم لەوە نەکردبۆوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لا لەو ئەو ئەدەبە زۆر جوانە بکەمەوە. ساڵی 1996 بۆ ئەمەریکا کۆچ دەکەم، بۆ سۆراخی کتێبی کوردیی سەردانی کتێبخانەی ئەو شارەدەکەم، کە تێیدا نیشتەجێبووین. هۆڵی ڕازاوە و دەوڵەمەندی منداڵان و زۆری دایکان و باوکان و سەرقاڵییان بە منداڵەکانییانەوە، بەتەواوی سەرسامم دەکەن و هەستێکی ئێجگار سەیر لە ناخمدا دروستدەکەن و دەگەمە ئەو باوه‌ڕەی، کە سەرچاوەی مەزنیی و گەورەیی ئەمەریکا ئەو جۆرە هۆڵ و پەرۆشی دایک و باوکانەیە. لە هەمان کاتدا هەست بە کەمتەرخەمییەکی زۆری خۆشم دەکەم، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان منداڵاکانم ئاشنای کتێب و گۆڤار و کتێبخانەی منداڵان نەکردووە. هەرلەوێدا دیمەنی ئەو هۆڵە، کە ناتوانم بە تەواوی گوزارشتی لێ بکەم، دەبێتە یەکەم تیشک و بەر ڕۆحم دەکەوێت. جا بۆ داپۆشینی ئەو کەمتەرخەمییەی خۆشم، ڕۆژی دوایی دەگەڕێمەوە هەمان کتێبخانە و نزیکەی دە کتێب و گۆڤار وەردەگرم و هەر زۆر بە خێرایی 27 چیرۆک دەکەم بە کوردیی، ئەمەش دەژمێررێت بە یەکەم ئاوڕدانەوەم لە ئەدەبی منداڵان، کە بەو چیرۆکانە دەستییانپێکردووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.

پرسیار: ساڵی چەند یەکەم نووسینت بۆ منداڵان بڵاوکردەوە، وە لە کوێ بڵاوت کردەوە، چ هەستێکت بۆ دروست بوو، کە یەکەم نووسینی بڵاوکراوەی خۆت بینی؟
وه‌ڵام: ئەو 27 چیرۆکەم ناردەوە بۆ سلێمانی و لە ساڵی 2000 دا بوو بە کتێبی (ناسک و ورچەکە). خۆ کاتێکیش کتێبەکەم پێگەیشت، شنەی شادییەکی بێ سنوور لە ناخمدا هەڵیکرد. دیارە نابێ ئەوەش لە یاد بکەم، لە ساڵی 1988 دا منداڵێکم لە قوتابخانەی سەرەتایی باسی سودەکانی خۆرییان بۆ کردبوو، جا منیش بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو بابەتە، باسی چەند لایەنێکی چاکەی خۆرم بۆ کرد بە دوو چیرۆک، بە ناوەکانی (خۆر) و (ئاوڕشێن)ـەوە. خۆرەکەیانم نارد بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری و لە ژمارە ( 946 ) ی ڕۆژی 4 / 2 / 1988 دا بڵاوکراوەتەوە. بێگومان ئەو چیرۆکانە دا نانێم بە مێژووی ئاشنابوونم بە ئەدەبی منداڵان، چونکە ئەوە کارێکی ڕاگوزاریی بووە و لەوکاتەدا بیرم لای ئەدەبی منداڵان نەبووە.

پرسیار: تا ئێستا چەند کتێب بە چاپگەیاندووە، وە چەندیان تایبەتن بە منداڵان، ئەگەر ئاماژە بە ناوەکانیان بکەی؟
وه‌ڵام: کتێبە چاپکراوەکانم بریتیین لە حەوت کتێب، کە دووانیان دەربارەی زانستن، پێنج دانەشیان تایبەتن بە منداڵان. ناوەکانیشییان ئەمانەن: (ناسک و ورچەکە، بازن، مریەم، خۆزگە, بەرخەکەی لانە).

پرسیار: چۆن توانیوتە نووسینەکانت بگەیەنیتە بەر چاوی منداڵان، بۆ ئەوەی چێژ و سوودی لێببینن، لە ڕێگەی کتێب و گۆڤارەکانەوە، یان ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، یاخود لە ڕێی هەموویانەوە.
وه‌ڵام: لە ڕێگای هەموویانەوە.

پرسیار: بە بۆچوون و تێڕوانینی تۆ، گرنگیی و سوود و بایەخی ئەدەب بۆ منداڵان چییە؟
وه‌ڵام: بە گشتی, گرنگیی و سوود و قازانجی ئەدەب بۆ منداڵان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- منداڵ فێری وشە و دەستەواژەی نوێ دەکات، لە هەمانکاتدا فێری چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەو وشانەی دەکات, چ لە نووسین و داڕشتنی ڕستەدا، چ لە قسەکردندا.
2- توانای قسەکردنی باشتر دەکات.
3- زمانێکی پاراو و پوختی فێردەکات.
4- ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتردەکات. باشتر دەتوانێت بیربکاتەوە، لە هەمان کاتدا ڕادەی بیرچوونەوەی کەمدەکاتەوە.
5- خەیاڵی فراوان دەکات، کە بێگومان فراوانبوونی خەیاڵ، یەکێکە لە هۆکارەکانی داهێنان.
6- هۆکارێکە منداڵ باوەڕی بە خۆی هەبێت.
7- دەربارەی دەورووبەر زانیاريی لا دروست دەبێت.
8- ئاسانتر فێری خوێندنەوە دەبێت.
9- منداڵ لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت لە تەمەنی گەورەییشدا هۆگری خوێندنەوە بێت.
10- لەو منداڵانە زیرەکتر دەبێت، کە ناخوێننەوە.
11- هۆکارێکە بۆ پشوودان.
12- تۆوی بڕوا لە دڵیاندا دەچێنێ و فێری خۆشەویستيی و ڕێزگرتنیان دەکات.

پرسیار: لە نووسینەکانت بۆ منداڵان، پەیام و مەبەستت چیەو دەتەوێ چی بڵێی، یاخود چ بابەتێکت زیاتر لا گرنگە، کە منداڵانی پێ ئاشنا بکەی؟
وه‌ڵام: منـداڵان سامان و سەرمایەی بەنـرخی نەتـەوەن، یەکـەم چـینی کۆمەڵگـان، کە دواڕۆژیان لەسەر بنیات دەنرێ، جا بۆ ئەوەی چینێکی پتە و و نەوەیەکی چاوکراوەی دانا و زیـت و زیـرەک بن، ئەوا بە کورتيی پەیـامەکـانم بریتین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- لە رێگای لەبەرکردنی هۆنراوەکانەوە، منداڵان بتوانن فـێری زمانی شیرینی کوردیی ببن بە جـوانیی قسەی ڕەوانی پێبکەن، فـێری نـووسین و هـۆگـری خوێندنەوەی ببن.
2- برەو بە بـەهـرە و تـوانا و گەشـە بە زەیـن و هـۆش و فـراوانکـردنی خـەیـاڵ و بیـرکـردنەوەیـان بـدەن.
3- راهـێنانیان لەسـەر خۆشـەویسـتيی خـێزان و نیـشـتمان و دەوروبـەر، بـە ژینـگە و ئاژەڵ و باڵندەشەوە. بە دڵێکی فراوانیشەوە و رێـز لە را و بۆچوونی جیاواز بگرن و رەخـنەش قـبووڵ بکەن.
4- هەسـتی منـداڵان بجووڵێنن، پرسیاریان لا دروست بکەن. دەربارەی مانـای وشە و بیـرۆکەی هـۆنـراوەکـان، چـاوکـراوەبـن، بـێ دوودڵـی پرسـیار لە گەورەکـان بکـەن و بێ شەرم و ترسیش ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن.
بێگومان ئەو بابەتانەشم لا گرنگە کە بریتیین لە: پەروەردە، فێرکاريی، نیشتمانيی و کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ، خۆشيی و شاديی و ئاراميی.

پرسیار: تایبەتمەندی شیعری منداڵان چییە و دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێ؟
وه‌ڵام: بە گشتی ئەدەبی منداڵان، جۆرێکە لەو ئەدەبانەی، کە یارمەتی وروژاندنی هەست و سۆزی منداڵان دەدات. نووسەریش هەوێنی ئەو وروژاندنەیە، لە کاتێکدا بە ورديی و شیوازێکی سوک و ئاسان نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت.. تایبەتمەندییە سەرەکییەکانیشی بریتیین لە سێ شت: کورت بێت، سەرواداربێت و شادی بەخش بیت. سەرباری ئەمانەش هەڵگری چیرۆکی کورتی واتاداربێت و بتوانێت هەست و سۆزی منداڵان بجوڵینێت و ئاسۆی خەیاڵیان فراوانبکات.. پێویستە نووسەر پێشەکی ئامانجەکانی بزانێت، هۆنراوەکانی لەبەر ڕۆشنایی خواستەکانی منداڵاندا بنووسێت. دێڕەکانی کورت بن، تا بکرێت کەمترین وشە بگرنە خۆیان، وشەکان سەر بە فەرهەنگی منداڵان بن، وێنەی شیعری بگرنە خۆیان و دووربن لە زمانی توند و زبر، مۆسیقاداربن، کێش و ترپەیان تەواوبێت، سەروایان هاوئاهەنگ بن و وێنەیان لەگەڵدا بێت.
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت نووسەر ژیانی منداڵی خۆی بکات بە هەوێنی هۆنراوەکانی وەک: چ شتێک لە کاتی خۆیدا سەرسامیکردووە، حەز و ئارەزووی لە چیی بووە، لە چیی ترساوە، چ جۆرە یارییەکیی کردووە و… هتد.

پرسیار: هەندێ منداڵی بەهرەمەند دەتوانن شیعر و چیرۆک بە زمانی خۆیان بنووسن، چۆن دەڕوانیتە قەڵەمەکانیان؟
وه‌ڵام: کاتێک لە گۆڤارەکاندا بەرهەمی ئەو منداڵانە دەبینم، زۆر خۆشحاڵ دەبم، کە دیارە دیاردەیەکی هیوا بەخشە و نیشانەیە ئەو منداڵانە زیرەکن و توانای بیرکردنەوەیان هەیە. جا ئەگەر لە لایەن خێزان و قوتابخانە و بڵاوکراوەکانەوە گرنگییان پیێبدرێن، ئەوا دڵنیام دواڕۆژێکی زۆر ڕووناکیان لە بەردەمدایە، بە کورتی ئەوانە تروسکاییەکن و چاوی ئومێدییان لەسەرە، تا زیاتر لێیان نزیک بکەوینەوە و باوەشیان بۆ بکەینەوە، زیاتر گەشدەبنەوە.

پرسیار: ئەدەبی منداڵانی کورد لە ئیستادا چۆن دەبینی، ئایا بە ڕای تۆ بایی ئەوەندە دەبێ کــە بڵیین جێگەی ئـومێد و خۆشحاڵیمانە؟
وه‌ڵام: بەراورد بە ساڵانی پێش ڕاپەڕین، کاری زۆر کراوە. لەگەڵ ئەو بارە نا لەبارەی وڵاتەکەماندا، کۆمەڵێک نووسەری بەڕێز و دڵسۆز بە بەردەواميی لایان لە ئەدەبی منداڵان کردۆتەوە و توانیوییانە بەرهەمی جوان و ناوازە پێشکەش بە منداڵان بکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگای ئومێد و خۆشحاڵییە. بەڵام چەند هۆکارێکیش بوونەتە بەربەست لە بەردەمی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەو ئەدەبەدا، کە بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەم، وەک:
1- گرنگی نەدانی دەوڵەت بەو بوارە گرنگە و نەبوونی گۆڤار و بڵاوکراوەی پێویست.
2- نەبوونی کۆمەک و لا لێنەکردنەوە لە نووسەران بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانییان.
3- بە گشتی کۆمەڵگای کوردیی هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستێکی پێویست بۆ ڕاهێنانی منداڵەکانیان لەسەر خوێندنەوەی بابەتی منداڵان، بەڵگەش بۆ ئەمە ئاماری زۆر کەمیی ئەو کتێبانەیە، کە دەفرۆشرێن.
4- ڕۆڵی زۆر سستی ڕەخنە لە ئاستی ئەو هەموو بەرهەمانەی بڵاودەکرێنەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر دروستبوونی ئەدەبێکی بێ خەوش دروستکردووە، کە لە ئاستی حەز و خەون و خولیای منداڵاندا بێت.

پرسیار: دەگوترێ وەک پێویست لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەدەبی منداڵانی کوردەوە نەکراوە، یاخود ڕەخنەگرمان نیە لەو بوارە، بە ڕای تۆ وایە، ئەگەر وایە, بۆچی؟
وه‌ڵام: ئەدەبی منداڵان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، هەلێکە بۆ گەشەکردنی بیرکردنەوە و زیرەکيی و توانای داهێنانی منداڵان و ئامرازێکیشە بۆ پێشکەوتن و تێگەیشتن لە دەورووبەری خۆی. ئەو ماددەیەکی خاوە و چیی بۆ بنووسرێت ئەوە وەردەگرێت، توانای جیاکردنەوەی ‌چاک و خراپی نییە، هەر بۆیە بوونی ڕەخنە زۆر گرنگە و ڕەخنەگر دەتوانێ وەک فلتەرێک چاک و خراپ لە یەک جیابکاتەوە. پاشان ئێمە ڕەخنەگرمان هەیە، بەڵام ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ڕەخنە ئەوە بێت هێشتا ئاستی ئەو ئەدەبە نەگەیشتبێتە ئاستی ئەدەبی گەورەکان. خۆ ئەگەر ئەم پرسیارە ئاڕاستەی ڕەخنەگرە بەڕێزەکان بکرێتەوە، ئەوا باشتر هۆکارەکانمان بۆ دەردەکەوێت.

پرسیار: تا چەند وەرگێڕانی ئەدەبی منداڵانی گەلانی دیکە بە پێویست دەزانی بۆ سەر زمانی کوردیی، یان بایی ئەوەندە کاری بۆ کراوە؟
وه‌ڵام: بە گشتی وەرگێڕان جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەدەب و مەسەلەیەکی ژیارییە. بریتییە لە سەرلەنوێ نووسینەوەی بابەتێکی زمانی بێگانە بە زمانی خۆمان. وەرگێڕان سود و قازانجی زۆرە. ئاشنامان دەکات بە ئەدەبی بێگانە و بیرۆکەی نوێ. تێگەیشتن لە دنیای دەرەوە، کە بەردەوام لە پێشکەوتندایە. یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ تێگەیشتن لە ئەدەبی بێگانە و شێوازی نووسین و جۆری بیرکردنەوەیان، هەر بۆیە بە وەرگێڕان شارایەکی تر دەچێتە سەر خەرمانی ئەدەبەکەمان، کە دیارە ئەمەش بە سود و قازانج بۆمان دەگەڕێتەوە و ئاسۆی بیرکردنەوەمان فراوانتردەکات و گۆڕانکاريی لە شێوازی نووسینەکانماندا دەکات. ئەوەی شایانی باسیشە و ئەوەندەی من بزانم، لە بواری وەرگێڕاندا کاری زۆر بۆ منداڵانمان نەکراوە.

پرسیار: تا ئێستا کەس هەبووە، شیعر و چیرۆکی منداڵانەی کوردیی وەربگیرێتە سەر زمانی دی، یان بەڕێزت بەو پێیەی کە زمانی دیکە دەزانی، بیرت لەوە نەکردۆتەوە کارێکی وابکەی، بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کوردمان بە گەلانی تر ئاشنا بکەی؟
وه‌ڵام: هەتا ئێستا کەسم نەبینیوە.. بەشبەحاڵی خۆشم ئەو کارەم نەکردووە. هیوادارم لە دواڕۆژدا بتوانم کارێکی وا بکەم.

پرسیار: بەو پێیەی بەڕێزت لە ئەمەریکا دەژیت و نیشتەجیی ئەو وڵاتەی، ئایا ئەدەبیاتی منداڵان لە ئەمەریکا لە چ ئاستێکدایە، یان دەتوانی نموونەیەکی سەرنج ڕاکێش بۆ خوێنەران باس بکەی؟
وه‌ڵام: لە ئەمەریکادا بابەتی ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستێکی ئێجگار بەرزدایە، چ وەک ناوەرۆک، چ وەک شێوازی چاپکردن و جۆری کاغەز و بەرگ و وێنەکانی ناوی. پاشان پڕۆسەی خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵان لە دایەنگەوە دەستپێدەکات. ڕۆژانە دادەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کتێبییان بۆ دەخوێننەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لە ناو خێزانیشدا خوێندنەوە بەردەوامی هەیە. ئەتوانم بڵێم هەر ماڵێکی ئەمەریکایی، منداڵی تێدا بێت، ئەوا مەحاڵە ئەو ماڵە کتێبی تێدا نەبێت. پاشان ئەوەی زۆر سەرنجیشی ڕاکێشاوم، ئافرەتی دووگیانم بە چاوەکانی خۆم بینیوە، کتێبی بۆ کۆرپەلەکەی ناو سکی خوێندۆتەوە. ئەمڕۆش شێوازی ئەو خوێندنەوەیە لە برەودایە. چونکە بە پێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، ئەو منداڵەی لە سکی دایکیدا کتێبی بۆ خوێنرابێتەوە، لەو منداڵانە زیرەک و ئارام و کراوەتر دەبن، کە کتێبییان بۆ نەخوێنراوەتەوە.

پرسیار: هەرچەندە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەیەتییەکان، پێشکەوتنێکی بەرچاویان بە خۆوە دیوە و بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانیان بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، وە منداڵانیش بێبەش نین لە بەکارهێنانیان، بەڵام هێندەی بەڕێزت ئاگاداربی کتێب و نامیلکە و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان لە ئەمەریکادا چۆن دەبینی؟
وه‌ڵام: ڕاستە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان پێشکەوتنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینییوە، بەڵام هێشتا کتێب و بابەتی منداڵان ڕەواجی خۆی هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هۆشیاريی خێزانەکان، کە کتێب و بابەتی منداڵان بە سەرچاوەیەکی گرنگی پەروەردەی دەزانن، چ لەناو ماڵدا و چ لە خوێندنگاکاندا.

پرسیار: بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورد، چی بە باش دەزانی، یان چی پێویستە بکرێ بۆ ئەوەی ئەم ژانرە ئاوڕی زیاتری لێبدرێتەوە، یاخود پێت چۆنە ئەنجومەنێکی تایبەت بە شاعیر و نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد هەبێ؟
وه‌ڵام: لە چاوپێکەوتنێکدا بە کورتی هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانم باسکردووە. جا لەبەر گرنگی پرسیارەکە، حەزدەکەم لێرەشدا هەمان وەڵام وەک خۆی بنووسمەوە:
1- بوونی دەزگایەکی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی کەسانی شارەزای هەموو بوارەکانی ئەدەبی منداڵاندا، بۆ ڕەخنە و چاپکردن و بڵاوکردنەوە و کۆمەکی نووسەران. بتوانێت تەکنەلۆژیای دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ بەکاربهێنیت، خاوەنی سایتێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی بێت، تا دەنگ و بەرهەم و جموجۆڵەکانی بگاتە هەموو شوێنیکی دنیا و نووسەرانی دەرەوەی وڵاتیش بتوانن بەشداری و کۆمەک و هاوکاری بکەن.
2- بڵاوکراوەکان ڕەنگاوڕەنگی وێنەدار بن، چونکە وێنە یەکێکە لە هۆکارە هەرە کاریگەرییەکانی سەرنج ڕاکێشانی منداڵان و زیاتریش هانی خوێندنەوە و تێگەیشتنیان دەدات.
3- باشترین بابەت چاپ بکرێت، هەڵگری پەیام بێت، چێژ و خۆشی بدات بە منداڵان، نابێ درێژ و وەڕسکەر بێت، بەڵکو نەخت و پوخت، تا منداڵان تاقەتییان لە خوێندنەوەی نەچێت.
4- هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە یارییە ئەلکترۆنییەکان و سەرقاڵکردنییان بە کتێب و گۆڤارەوە.
5- خێزان بگاتە ئەو باوەڕەی، کە ئەدەبی منداڵان سەرچاوەی زیرەکيی و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی منداڵانە. هانی منداڵەکانییان بدەن بۆ خوێندنەوە و گوێیان لێبگرن، گەورەکانیش بۆ ئەوانی بخوێننەوە.
6- گرنگیدان بە شانۆی منداڵان، زیادکردنی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکاندا، گۆڕینی بابەتە ناوازە جیهانییەکان، لە لایەن دەزگای ناوبراوەوە.
7- چەند پەیوەندی نێوان باخچەکانی منداڵان و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان پتەو بێت، ئەوا چاکتر ئەو ئەدەبە ڕۆڵی گرنگی خۆی دەبینێت و باشتر گەشە دەکات و زیاتر بڵاودەبیتەوە.
8- پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری گرنگی تەواو بدات بە ئەدەبی منداڵان، هەروەها زۆر پێویستە بنکەی ڕووناکبیریی گەڵاوێژیش ساڵانە بە چاوی ئەدەبی گەورەکانەوە سەیری ئەدەبی منداڵان بکات و هەڵسەنگاندن و دەستنیشانی باشترین بەرهەم و نووسەرەکەی بکات. ئەمەش گوڕ و تینێکی زیاتر دەدات بە خاوەنەکەی. پاشان بۆ نووسینی بەرهەمی ناوازەش، جۆرێک کێبڕکێ لە نێوان نووسەراندا دروستدەکات.
لە دواجارێشدا دەربارەی ئەنجومەنێک، یان یەکێتییەک بۆ نووسەرانی منداڵان، کارێکی چاکە، بە مەرجێک دووربێت لە هەژموون و دەست تێوەردانی هەموو حیزبەکانەوە.
لە کۆتایی ئەم دیدارەشدا زۆر سوپاسی دڵسۆزیی بەڕێزتان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.