هاوڕێ جبار: دەسەڵات چۆن کۆمەڵگە بە مێگەل دەکات.

یەکەم کاری دەسەڵات کە بیکات لەدژی کۆمەڵگە بۆ ئامادەکردنی بۆ هەر چەوسانەوە و فشار و زوڵم وستەم لێکردنێکی، ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە سیاسەت بێ بەش بکات هیچ ڕێگایەک وەک ئەمە مەترسیدارنیە، ئەمەش کاریگەرترین ڕێگایە بۆ لاوازکردن و بێ ڕۆڵ کردنی کۆمەڵگە، چونکە سیاسەتی کۆمەڵگە ئۆرگانی هەرە ژیانی گفتوگۆکردن و بڕیار وەرگرتنە لە بارەی پێویستیە ماددی و مەعنەوییە بنەڕەتیەکان و هەبوونی خۆی.
دیارە کە دەڵێین سیاسەت مەبەستمان ئەو جۆرە لەسیاسەت کردنەی دەسەڵاتداران بەتایبەت تر سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی نیە کە بە درۆ و فرت و فێڵ و دزی و هەڵخەڵەتاندن ناوزەند کراوە، سیاسەت لە مانا حەقیقیەکەی خۆی واتا هونەری بەڕێوەبردنە.
هەرچی ڕۆڵی سیاسەتە لە ناوەڕۆکی خۆیدا فەراهەمکردنی ڕێسا ئەخلاقیەکانی پێویست بە کۆمەڵگەیە هەروەها گفتوگۆی بەردەوام بەڕێوەدەبات بۆ دۆزینەوەی پەیڕەو و ڕێگاکانی دابینکردنی پێداویستیە زیهنی و ماددییە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگە و گەیاندنێتی بە ئاستی بڕیار، لەسەر بنەمای ئەم ڕاستیانە سیاسەتی کۆمەڵگە بەردەوام هێزی گفتوگۆ و بڕیار وەرگرتن بەرەو پێشەوە دەبات و کۆمەڵگە بە زیندووی دەهێڵێتەوەو دەیکات بەخاوەن بۆچوونێکی کراوە، بە بەهرەو توانای خۆبەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروبارەکانی دەگەیەنێت، واتا سەرەکیترین بواری هەبوونی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت. دەتوانین بڵێینکۆمەڵگەی بێ سیاسەت وەک مریشکی سەربڕاو وایە کۆمەڵگەیەک بەر لە گیان دەرچوون خۆی بەلای ڕاست و چەپدا دەدات.
لە ناو کوردەوارییدا چەمکی سیاسەت بۆ کەسی زیرەک و لێهاتوو بەکار هاتووە، کەسێک زیرەک و لێهاتوو بوایەو هەڵ نەخەڵەتێنرایە ئەوا پێیان دەگووت کەسێکی (سیاسەت بازە) واتا کەسێکی سیاسیە، بۆیە دەسەڵات لەیەکەم هەنگاوی خۆیدا دەیەوێت ئەو هۆشیاری و لێهاتووییە لە کۆمەڵگە زەوت بکات و بەشێوەیەکی زۆر ناشرین و قێزەون نیشانی بداتەوە، زۆرجار لە زاری دەسەڵاتدارانەوە گوێبستی بووین کە دەڵێن سیاسەت واتا درۆ و فرت و فێڵ ئەمەشیان بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگە لەو زانایی و هۆشیارییە خۆ دووربگرن و تەنها بۆخۆیان سیاسەت بکەن، بێگومان سیاسەتی خۆشیان سیاسەتێکی چەوتە و دوورە لە هەموو بەها و پێوانێکی ئەخلاقی و مرۆیی.
بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتداران لەیەکەم هەنگاویاندا یاسایان لە جێگەی ئەخلاقی کۆمەڵگە داناوە دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشان لە جێگەی سیاسەتەکەی جێگیر کردووە، بەربەستکردنی هێزی سیاسی و ئەخلاق کە ڕۆڵی ستراتیژی هەبوونی کۆمەڵگە دەبینن، هەروەها دانانی یاسا و بەرێوەبەرایەتی حکومڕان لە جێگایاندا لە هەموو قۆناغێکدا ئەرکی سەرەکی دەوڵەت و دەسەڵاتە، ئەم دوو ئەرکە نەبن کەڵەکەبوونی سەرمایە و پاوانەکانی چەوسانەوە بوونیان نابێت. ئەم هەنگاوەی دەسەڵات بە جۆرێک مەترسیدارە کۆمەڵگە دەگەیەنێتە ئاستی مێگەل بوون کە ئیدی ڕاست و چەپی خۆی ناناسێت و دەسەڵات چۆنی بوێت بەو شێوەیە ئاراستەی دەکات و هیچ هێزێک لە پێشی نامێنێت و ئاستەنگ بێت بۆی.
ئەگەر ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات بەرامبەر بە کۆمەڵگە کە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەمان پێکرد پەیوەندی داری بکەین بە دەسەڵاتی کوردی، ئەوا دەگەینە ئەو بڕواییەی کە دەسەڵاتی کوردیش هەر لەیەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونی ئەم هەنگاوانەی گرتۆتەبەر و زۆر بەجدی و بەبەرنامە کاری لەسەر کردووە،ئەو دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەی باشوری کوردستانی تێکەوتووە ئەنجامی ئەو هەوڵدانانەی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگەیان گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار کە ئامادەیی قبوڵ کردنی هەموو جۆرە زوڵم و ستەم و برسێتی و ناعەدالەتیەکی هەیە. بە جۆرێک کۆمەڵگە بێ سیاسەت کراوە دەسەڵات چۆنی بوێت بەو جۆرە ئاراستەی دەکات و ڕۆژەڤی بۆ دروست دەکات و سەقاڵی دەکات، کۆمەڵگە وای لێ هاتووە لەناو هەمان بازنەی دەسەڵات دا سیاسەت دەکات و بیردەکاتەوە بۆیە ناتوانێت ڕێگە ڕاستەکە بدۆزێتەوە و خۆی ڕزگاربکات.
چارەسەری ئەم دۆخەش تەنها خودی کۆمەڵگە خۆیەتی یەکەم کار کە کۆمەڵگە ئەنجامی بدات دەرچوونێتی لە ناو ئەو هاوکێشەو بازنەیەی دەسەڵات، سیاسەت و ئەخلاق بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە و ببێت بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و ئەخلاقی ئەوکات هێزی چارەسەری لای خۆی دەبێت، لە کۆمەڵگەیەکی مێگەلەوە دەبێت بە کۆمەڵگەیەکی ئافرێنەر و بونیانتەر و بەرهەمهێن.

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 60 seconds