ناودار زیاد: تاک یان کۆمەڵگە، کامیان؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ قسەکردن لەسەر هەر دیاردە و بابەت و کێشەیەک هەمیشە گەڕانەوە بۆ تێڕوانینی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ورد و باوەڕپێکراوترە، کەواتە بۆ تەماشاکردنی خەسڵەت و سیماتەکانی تاک و کۆمەڵگە فەیلەسوف و دەروونناس و مرۆناس و کۆمەڵناسان باشترینن، لەم سۆنگەیەوە ئەگەر بەشێک لەوان مرۆڤ بە کائینێکی کۆمەڵایەتی بەناو بکەن و بە کۆمەڵگەوە گرێی بدەن، بەشێکی دیکەیان پەراوێزێکی زۆر بۆ تاک و بوارێک بۆ سەربەخۆخوازیی و تاکگەرایى بە پێویست دەزانن، لەناو سەرگوزەشتەی هزریی مرۆییدا نموونەگەلی بێشوومار هەن لە هەڵگرانی مەشخەڵی بەرگریکردن لە تاک و باوەڕەکانیی، کە زۆربەیان تا ئاستی گیانفیدایی و خۆکردنە قوربانی ڕۆیشتوون. سەرباری ئەوەی مێژوو ناوی زۆربەیانی تۆمار نەکردووە، هاوکات ئەوەی لە ڕابردووەوە بە ئێمە دەگات مشتێکە لە خەرمانێک ئەگەر کەمتر نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تاکو ئەم ڕابردووە دوورتر بێت تۆمارەکانیی کەمتر و چیرۆک و بەسەرهاتەکانیی تەمومژاویتر دەبێت. ئەی ئێمە تا چەند ئامادەین کات بۆ کونجکۆڵی و کەشفکردنی مرۆڤ و شارستانییەت و مێژوو تەرخان بکەین!؟ لەگەڵ ئەوەى ئێمە بۆ مەبەستی ناسین و شارەزایی و درککردن و هەڵسەنگاندن میکانیزمی گەڕان و خوێندنەوە و بەدواداچوونمان لەبەردەستە، بەڵام ئەمە ڕزگارمان ناکات لەو کێشەیەیەی کە تاکو لەگەڵ خودى کەسێک و لەناو کۆمەڵگەیەکدا نەژین ناتوانین دروست و وەک خۆی درکی پێ بکەین.
نموونەی ئەو کەسانەی کە قوربانیانداوە و گیانى خۆیان لە پێناوی ئەو شتانەی باوەڕیان پێی هەبووە و ئەو شێوەژیانەی خۆیان هەڵیانبژاردووە بەختکردووە زۆروزەوەندن، لەوانە: (سۆکرات) لەبەرئەوەى ئامادە نییە لە بەردەم دادگادا لە باوەڕەکانیى پاشگەزبێتەوە ناچارە ژەهرى مەرگ بنۆشێت، (دیۆجین) تەماح و کۆکردنەوەی سامان فەرامۆش دەکات و حیسابی پووشێک بۆ پێوەرەکانی کۆمەڵگە و شێوەژیانی باو ناکات، (مەنسوری حەللاج) لە دار دەدرێت، (جیۆردانۆ برۆنۆ) بەهۆی پێداگریکردن لەسەر بۆچوونە پێچەوانەکانی دژى کەنیسەی مەسیحیى سزای سووتاندن تا مردن قبوڵ دەکات، (فەرەج فۆدە) لەسەر وتنى هەندێک حەقیقەتى مێژوویى دەربارەى ئایینى ئیسلام تیرۆر دەکرێت، (عەبدولکەریم سروش) لێى لە هەڵا دەدەن و وڵات بەدەرى دەکەن، (میرزا مەنگوڕیی) چونکە هەندێک ڕاستى زانستى خستۆتە سەر کاغەز هەر لەبەرئەوەى دانیشتووانى شار لێى بێئاگابوون و پێیان هەزم نەکراوە بەردباران و شار بەدەرى دەکەن. خۆ ئەگەر ئەم لیستە درێژ بکەینەوە ئەوا ناوی هەزاران کەسی دێتە پاڵ و تەمەنێک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەوێت. بۆیە لێرەدا ڕادەوەستین. بەڵام ئەگەر چاوێک بە مێژووی فیکر و فەلسەفەدا بخشێنین ئەوا فەیلەسوفانێک بەدى دەکەین کە بەرگری لە کۆمەڵگە و بەهاکانیی دەکەن – دەکرێت (هیگڵ) وەک پێشەنگى ئەم گروپە دابنرێت – هاوکات فەیلەسوفانێکی دی داکۆکی لە تاک و ئازادییەکانیی – (کیرکگارد) نموونەى دیارى ئەم ڕێچکەیەیە – لەنێو گروپی دووەمدا فەیلەسوفێکی وەکو (فریدریک شیللەر) هەیە کە دەڵێت “ڕەسەنایەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا نییە، بەڵکو مرۆڤ کەسە”. ئەم کەسە لای (شیللەر) ترانسێندێنتاڵ و باڵایە. لە خۆ دا دەردەکەوێت نەک لە ئەواندا. خۆ لەپێش کۆ وەیە. لەکاتێکدا نابێت ئەمە وەک خۆپەرستی و ئەنانییەت لێکبدرێتەوە، چونکە تاکگەرایی و جیاوازبوون ناکۆک و دژوێژ نییە بە ڕۆحی هاریکاری و هەماهەنگی، بەڵکو ئەمە بەواتای سوککردنی باری قورسی کۆمەڵگەیە بەسەر تاکەوە. کۆمەڵگە وەک یەکەیەک کە گشت و بەهێز و کۆگیرە و نەریتی گەلەکۆمەی هەیە، تا ئەو ڕاددەیەی لە هەر ئان و ساتێکدا ئیمکانى هەیە گوشار و زەبروزەنگ لەسەر تاک پەیڕەو بکات. بەجۆرێک لە کۆمەڵگە داخراو و ستەمگەر و دواکەوتووەکانی لە نموونەی کۆمەڵگەی کوردیدا تاک لەژێر باری کۆمەڵگەدا پڵیشاوەتەوە و بە ئاستەم نوززەی دێت.
لەو گۆشەنیگایەوەی کۆمەڵگە و ئەوانی تر مافی ئەوەیان نییە لەبری هیچ تاکێک بیربکەنەوە و بڕیار بدەن بۆیە کۆمەڵگە و ئەوانی تر پاساو نین بۆ ئەوەی تاکەکەس هەموو تێگەیشتن و ڕوانینەکانی لەگەڵ تێگەیشتن و ڕوانینەکانی کۆمەڵگەدا هاوتەریب بکات، بەڵکو تاک کاتێک پێگەیەکى قایم و پتەو بۆ خۆی بونیاد دەنێت کە پارێزگاریی لە جیاوازی و سەربەخۆیی و تایبەتمەندییەکانی خۆی بکات. ئاشکرایە هەر لادان و پێچەوانە ڕۆیشتنێک دژى باو تاک دەخاتە بەرەی نەیار و پەراوێزخراوی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەوە. لەکاتێکدا ڕێزگردن لە ماف و تایبەتمەندییەکانی تاک ڕێگا لەپێش ڕزگاری تاکدا دەکاتەوە و نموونەیەکى جوانی کۆمەڵگەش لەدایک دەبێت وەک چۆن لە خۆرئاوادا بەرکەماڵ بووە. بە هەمان شێوە، ئێمەی خۆرهەڵاتی وەک چۆن چەندین سەدەیە شت لە خۆرئاواوە فێردەبین، دەشێت بۆ بونیادنانی تاکێکى ئازاد و سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی ساغڵەم کۆمەک و یارمەتى لە خۆرئاواوە وەربگرین.
هەرچەندە هەموو کۆمەڵ و گروپ و قەڕەباڵغییەک جۆرێک لە فاشیزم و ستەمیان لەخۆیاندا هەڵگرتووە، بەتایبەت ئەگەر ئەو کۆمەڵ و گروپانە لەسەر بنەمای شەخسپەرستی، ئایین، نەتەوە، عەشیرەت، حیزب، ڕەگەز، زمان و… تاد، دەروێشانە و دەمارگیرانە خۆیان بەڕێکخستن کردبێت، بەجۆرێک ئینتیما و دڵبەندییان بۆ ئایین و نەتەوە و عەشیرەت و حیزب و ڕەگەز و ناوچەکەیان زیاتر بێت لە ئینتیما و دڵبەندییان بۆ حکومەت و یاسا و پۆلیس و دادگا و بەها و ئاکارە مرۆیی و هاوبەشەکان. وێڕای ئەوەش، لێکەوتە نەرێنییە ڕاستەوخۆکان لەسەر تاک لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک کەسێک ڕێگا بە خۆی بدات بەناوی گشت و هەمووانەوە قسە بکات یاخود مامەڵەی ئەوانی تری پێ بکات، چونکە لەم حاڵەتەدا تاک خۆی لە بەرانبەر سوپایەکدا دەبینێتەوە کە بەرگریکردن لە خۆی ئاسان نابێت.
لە سۆنگەی تێڕوانینەکەی (شیللەر)ەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەشێوەیەکى دیار و بەرچاو پیوار و غیابی کەس هەست پێدەکەین و، لە بەرانبەردا هەژموونی کۆمەڵگە دەبینین. کەس کاتێک دروست دەبێت کە جیاوازتر لەوانی تر بیریکردەوە و هەڵسوکەوتی کرد، مەرجە ئەویش ئەوانی دیکەى قبوڵ بێت و تەحەمولیان بکات. ئەم کەسە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەی کوردیدا دروست نەبووە. ئەمە بەو واتایە نایەت تاکەکەس بەرەو ئایدیالی و تیۆرییبوون بڕوات و لە واقیع و ژیانی ڕۆژانە و چالاکی گشتی دووربکەوێتەوە، هەرچەندە فەیلەسوفێکی وەک (جۆن لۆک) وتوویەتی “مرۆڤ تاکو ڕوانینی بۆ دونیا گرێدراوی پڕەنیسپ و بەهاکان بێت ئەوا زیاتر لە واقیع دووردەکەوێتەوە”. بەڵام تاک کەوتن و جیابوونەوە و هەڵکردنی ئاڵای خۆت بەواتای خۆ-گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستن و ڕیزپەڕیی نییە، بەڵکو ئەوەی کە تۆ ڕێچکە و ڕێباز و شێوەژیانێکی جیاواز لەوانی تر پەیڕەو دەکەیت و، پێوەر و بەهاکانت لەوانی تر جودایە نابێت ئەوانی تر وای ببینن ئەمە لە دژیانە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هاتوو ئەو شتانەی ئەوانی تر پەیڕەوی دەکەن دڵخواز و خواستراوی تۆ نەبێت یاخود ئەو کەلەپور و میراتەی بۆت ماوەتەوە ستەمگەر و چەوت و نزم بێت ناکرێت لەپێناوی واقیعیبوون و پڕاگماتیبووندا تەڤلی بیت یاخود تەسلیمیان بیت. ئەمە هیچ لەو لۆژیکە ناگۆڕێت کە حەقیقەت نە بە تەنها لاى کەس و گروپێکە، وە نە ڕەها و کۆتایی و بنبڕانەیە، بەڵام تاکى کۆمەڵگەى کوردى تا ئێستاش مامەڵە بەم لۆژیکە ناکات. لەکاتێکدا ئەگەر لەو باوەڕەی (داڤید هیۆم) ی فەیلەسوف تێبگەین کە پێیوایە “لە هیچ بوارێکدا یەقین و دڵنیایی و تەواویی نییە، جگە لە ماتماتیک”. ئەوا هیچ کاتێک وا بیرناکەینەوە کە حەقیقەتى ڕەها و بێ چەندوچوون لای ئێمەیە، چونکە لێڕوانین و مامەڵەکردنی واقیع بژاردەیەکی گریمانەییە و بەرئەنجامی وادانان و ئەگەرەکانی تاکە کە لە عەقڵ و هەستەکانەوە هەڵقوڵاوە. هەر بۆیە دەبینین کەسێک پارتێکی سیاسی پارێزگار پەسەند دەکات و یەکێکی تر نوێخواز، یەکێک ئایینی و یەکێکی تر عەلمانی، یەکێک بڕوای بە ئەخلاقیاتی دینی هەیە و یەکێکی تر نا، کەسێک ناسیۆنالیستە یەکێکی تر دژی ناسیۆنالیزم، کەسێک لە ڕوانگەی تەسکی ناوچەگەرییەوە دەڕوانێت و یەکێکی تر فراوانتر، یەکێک لیبڕالیزم پەسەند دەکات و کەسێکی تر سۆسیالیزم…تاد. بەمجۆرە بەهۆى ئەمانەوەیە تاکەکان شیاوى دەستنیشانکردن و ناسینەوەن، چونکە لەلایەکەوە لە کۆمەڵگەی پارچە پارچە و دابەشبووی ئەمڕۆدا هیچ کەسێک نییە پێناسە نەکرێت و شوناسێک وەرنەگرێت، هەمووان چ بە خواستی خۆیان بێت یاخود بێ ویستی خۆیان بەشێوەی جۆراوجۆر ڕیزبەندیی و پۆڵینبەندیی دەکرێن. لەکاتێکدا کۆمەڵگەیەکیش نادۆزینەوە یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکجۆر بێت، مەگەر تەنها بە زەبری هێز و ستەم و سەرکوتکردن نەبێت، چونکە سروشتی تاک و کۆمەڵگە لەگەڵ فرەدەنگی و هەمەڕەنگی و هەمەجۆریدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت