بەهرۆز جەعفەر: داکشانی ئابوریی تورکیا؛ ئایا لیرەی تورکی دابەزینی زیاتر تۆمار ئەکات؟.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەگەڵ توندتربونی میکانیزمەکانی بانکی ناوەندی تورکیا بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی بەهای دراوی ووڵاتەکەو، ڕێگری لە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، بەڵام دابەزینی ئاستی لیرە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی لە نیوەی دووەمی (2020) دا بەردەوامە؟. ئەمڕۆ 28 ی ئۆکتۆبەری 2020 ئاستی بەهاکە گەیشتە ئەوەی (820 T.L) لیرە بە (100$) دۆلار بێت. ئەمەش مانای وایە دراوی تورکی لەماوەی ساڵەکەدا (35٪) بەهاکەی خۆی بەرانبەر دۆلار لە دەستداوە.
دابەزینی لیرە لە تورکیا، چوار هۆکاری سەرەکی هەیە:
یەکەم/ هۆکاری هەرە سەرەکی بریتی یە لە ترسی وەبەرهێنەرە بیانیەکان و وەبەرهێنانی بیانی لە تورکیا لە پرۆژەو کارەکانیان، ئەمەش وائەکات ڕێژەی دراوە بیانیەکان بەگشتی و دۆلار ($) لەناوخۆی تورکیادا کەم بێتەوە، دۆلار بەتایبەتی چونکە زیاتر لە (85٪) مامەڵەی بازاڕە داراییەکانی جیهان بە دۆلارە، هەروەها دراوە بیانیەکان بەگشتی کەم ئەبێتەوە لە تورکیا، لە بەرئەوەی سەرمایەگوزارە بیانییەکان سەرمایەکانیان ئەکشێننەوە لە تورکیا!. بۆ؟.
دووەم/ وەبەرهێنەرە بیانییەکان سەرمایەکانیان و تەنانەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا ئەپچڕێنن، بەهۆی بەردەوامی و درێژخایەن بونی کێشەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست – مێدیتریانەـMediterranean بەتایبەت هەڕەشەو کێشەکانی تورکیا لەگەڵ یۆنان و قوبرس وایکردوە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپی سزای تورکیا بدەن و سزاکانیان قورستر بکەنەوە.
سێهەم/ خستنەڕووی لیرەی تورکی بە ڕێژەیەکی زۆر ، وە لەبەرانبەردا بانکی مەرکەزی لەماوەی سەرەتای ساڵی (2019) نزیکەی (110) سەتو دە ملیار دۆلاری کڕیوە لە ترسی کەمبونەوەی دۆلار لە وڵاتەکەی… بە بڕوای مامۆستای ئابوری و بازاڕە داراییەکان «مەتین ئیرۆل» لە زانکۆی «ئورتکلۆ» ی تورکیا، سیاسەتی «مەرکەزی» لە زیاد خستنە بازاڕی دراوی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکان و دروستبونی هەڵاوسان هۆکاری سروشتی دابەزینی بەهای لیرەی تورکیە لە بەرانبەر ئەو دراوانەی کە بەهاکەیان سەقامگیرو جێگیرە وەکو دۆلارو یۆرۆ. ئیرۆڵ لایوایە دەوڵەت بۆیە لیرەی زۆر خستۆتە بازاڕەوە چونکە ئەیەوێ نرخی قازانجی سەتی – فائیدە (سعر الفائدة) دابگرێت، ئەوەش بۆ پاڵپشتی کردنی ئابورییەکەی لە مەودایەکی نزیکدا، بەڵام ئەوە خراپتری لێکەوتۆتەوە ئەوەتا بەهای دراوی وڵاتەکەی بۆ نزمترین ئاست داگرتوە. بەتایبەتی لەسەردەمێکدا کە پەتای کۆرۆنا هەر بۆخۆی بوەتە هەڕەشەیەکی گشتی لەسەر هەموو ئاستەکان.
چوارەم/ کەمبونەوەی یەدەگی بانکی مەرکەزی تورکیا، نیشانی ئەدا بەهای دراوی تورکی و ئابورییەکەی ترسناکە بۆ وڵاتەکە، بۆ نمونە لەساڵی (2013) ەدا کۆی یەدەگ بە دراوی بیانی لە بانکی مەرکەزی 115 ملیارو 144 ملیۆن دۆلار بوە. بەڵام لە ئۆکتۆبەری (2020) یەدەگ بە دۆلار لە بانکی مەرکەزی بوە بە (37.1) سی و حەوت ملیارو سەت ملیۆن دۆلار!. هاوشانی ئەمە کەڵەگەتر بونی قەرزەکانی تورکیایە گەیشتۆتە (434) چوارسەت و سی و چوار ملیار دۆلار، (174) ملیار لەو بڕە قەرزی ئەمساڵە و واتە لەم (2020) ەدا قەرزی کردوە.
بەهۆی ڕاڕایی و ترسی وەبەرهێنەرو وەبەرهێنانی بیانی یەوە (أسعار الفائدة-Interest Rate) تەگەرەی تێکەوتوە، فائیدە یانی ڕێژەی سەتی (النسبة المئوي) لە ساڵێکدا، یان بەشێوەیەکی سادە ڕێژەیەکی سەدی بڕیار لێدراوە لەسەر بنەمای بڕ و کات و تێکڕای قازانج. نرخ لە سەر قازانج یان (الأسعار الفائدة) ئەو نرخەیە کە بانکی مەرکەزی وڵاتێک دای ئەنێت لەسەر ئیداعاتی بانکە بازرگانییەکان، ئیتر بۆ نمونە کۆمپانیایەکی بیانی و بازرگانی بڕێک پارە دائەنات لە وڵاتەکە ئەو فائیدەیەی لە وەبەرهێناندا ئەچێتە سەری بۆ شەوێک لە بانکە بمێنێتەوە یان بۆ مانگێک یان زیاتر…دەوڵەتی تورکیا پێش دابەزینی نرخی لیرە فائیدەکەی لەسەر ئەو بانکانە بە (7.5٪) دانابو، ئێستا مشتومڕ و گفتۆگۆ هەیە بیکاتە (15٪). چونکە داگرتن و کەمکردنەوەی فائیدەی بانکە بازرگانییەکان ئەبێتە هۆی بەرزبونەوە یان هاوسەنگی بەهای دراوی هەر وڵاتێک..
گرنگە ئەوەش سەربار و سەرباس بکرێت کە ئەم داکشانە ئابورییەی لە (2020) دا تورکیای گرتەوە وڵاتەکەی لە ڕیزبەندی تایپی (A) ەوە گۆڕیوە بۆ (B) ، واتە متمانەی بانکیی تورکیای لە ئاستی نێودەوڵەتی دا کەمتر کردۆتەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، کە هێشتا ئابوری تورکیا دراو و پێدراوێکی قورسە، کە پشت ئەبەستێت بە گەشتوگوزار، فڕۆکەوانی، عەقارات. لە ساڵی (2019) داهاتی گەشتوگوزار (34) ملیار دۆلاربوە، فڕۆکەوانی (13) ملیار، هەروەها بیناکاری و خانوبەرە (10٪) ئابوری تورکیا پێک ئەهێنێت. بەڵام پەتای کۆرۆنا تا ئەوپەڕی ئاستی ئەم داهاتانەی لە تورکیا نزمکردەوە.
بەگشتی، تورکیا پۆستێکی گرنگ و گەورەیە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوروپا، بۆ ئەمریکا، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بۆ ناو ڕێچکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان گرنگە، هەروەها ئەزمونی زۆری لە هەڵمژینی لە ناکاوی قەیرانەکان هەیە، لە پڕ لەنگەرشکانی ئابوری و سیاسی زۆر بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە پڕیش پەیدابونەوەو گەشەکردنەوەی سەرسوڕهێنەری بینوە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە تا ساڵی (2002) وڵاتەکە شەکەت بو بو بەدەست کودەتای سیاسی و قەیرانی دارایی و بانکی و قاتوقڕییەوە، کە ئاکپارتی هاتن بۆ دەستەڵات لە (3 ی نۆڤەمبەری 2002) وڵاتەکە نقومی قەرز بو، (432) ملیار دۆلار قەرزار بو. بەڵام تا ئەوەی قەرزەکەیان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دایەوەو کەوتنە ناو ڕیزبەندی دە یەکەمەکەی ئابوری جیهان. لە دوای بەهاری عەرەبیەوەو هەروەها دوای هەڵکشانی کێشەکانی تورکیا لە دەوروبەری خۆی، قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکیەکانی تورکیاش بەردەوام لە هەڵاوسان و هەڵکشاندان.
سەرەنجام، ئەو چوار هۆکارەی دەستنیشانمان کرد فاکتەری سەرەکی دابەزینی ئاستی ئابوریی- دارایی تورکیاو کەڵەگەتربونی قەرزەکانیەتی، بۆ ئەوەی تورکیا قەیرانە نێوخۆییەکەی چاکتر بکات، پێویستە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی بەگشتی (کێشەی مووشەکی S-400) لە نێوان ڕووسیاو ئەمریکادا بەلایەکدا بخات. هەروەهق ڕەفتارە دوژمنکارییەکانی لە دەریای سپی و لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بەگشتی بەرەو ئاستێکی باشتر ببات.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان