لاوک کونجرینی: سیاسەت لەلای ئێمە!

سمبولی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆسەر بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێشتا لە جێگاکەی ڕاست نەبۆتەوە، یەکەم دەم هەڵبڕینی زمانە لە سیاسەت و بەڕاست و چەپدا بێ ئاگایانە شیکاریی بۆ ناوچەکەو جیهان دەکات. بەڵام لەوە نەگات لەم جیهانە ئەو سینارۆیەی ئەو شیکاریی بۆ دەکات، هێندە ئاڵۆزە و ئەستەمە، سیاسییەکانی لەمەڕ ئێمەش سەریی لێدەرکەن. ئەمە لۆژیکی نەزانینی تاکی کوردە.

سەرت نەسوڕمێ و سەیر بکە:

1-  لە ڕاپەڕینە گەورەکەی گەلەکەمان سەرکردایەتی کورد گەر لە بانی مەقان کۆتاییان بە ڕاپەڕین بهێنایە، ئەوسا شکستی ڕاپەڕینمان نەدەبینی.

2-  بڕیاری سەپاندنی تیرۆریست بەسەر پەکەکەو سەرکردەکانیان بە تیرۆریستی جیهانی، لە ئاستی توانای دەسەڵاتی تورکیادا نییە، نموونەش: خۆ هەموو دنیا ئێستا ئاڵۆزن لە گەڵ تورکیا، کەچی وشەی تیرۆریست بەسەر پەکەکەدا سەپێنراوەو وەک خۆی ماوە.

3- هەموو شۆڕشەکانی کورد، لە سنوورەکان و لەناوجەرگە و بە پشتیوانی دووژمنەکانمان دامەزراون، لەکاتێکدا دووژمنەکانمان ئەوە دەزانن: هەر شۆڕشێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، دەبێتە بەربەست بۆ ئاسایشی نیشتمانیان، لەولاشەوە تارماییە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان، خاوەن بڕیارن لە هەڵگیرساندن و کۆتایی هاتنی شۆڕشەکانی کوردی و ئاڵۆزییەکان و هێورکردنەوەی نێوان داگیرکەرانی کوردستان.

4- ماڵی بەرزانی و هەموو دەسەڵاتەکانی هاوشێوەیان لەناوچەکە، نە بیرکردنەوەو نە پچووکترین هەنگاویان بە لۆژیکی خۆیان نییە، بەڵکوو زەمەنی بەژەوەندییەکان و خاڵی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژئاوا وەک دایناون، هەر ئەوانیش دەتوانن کۆتاییان پێ بهێنن، لەبەر ئەوەی گەلانی ناوچەکە خاوەن ئیرادەو توانای گۆڕینی دەسەڵاتەکانیان نییە. لەهەر گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی مافییەکانی جیهان لەسەر هەرێم، ماڵی بەرزانی لە چرکەساتێکدا بە تراژیدیا دەگۆڕێن و خۆشیان دەبنە فریادرەسمان.

5-  لە دوای پنتاگۆن، بنکەی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتی قەتەرە، قەتەریشی لانکەی ئیخوان و قاعیدەو تاڵیبان و کەسایەتییە ئیسلامییە توندڕەوەکانە. سعودیەو ئیمارات و وڵاتانی کەنداو، بە کۆنتڕۆڵی ( سی ئای ئەی) دەجوڵێن، کەچی سینارۆیەکی ئاڵۆزی نێوان قەتەر و وڵاتانی کەنداو، تورکیایان کرد بە بەبەشێک لە تەنگەشە دروستکراوەکە. ئامانج تا ئێستا دیار نییە، بەڵام هەرهەموویان کۆیلەی ئەمریکا و لانکە سیاسیە لێزانەکەی بەریتانیان و بۆ مەبەست خاڵی ناکۆکیان بۆ دادەنێن.

6- لە نێوان تایوان و چیندا، 140.4 کیلۆ مەترە، بە پێی ئیستحقاقەکانی ئەم دوو دەوڵەتە لە دەریا 60کیلۆ مەترە، بەڵام چین تا ئێستا 50 کیلۆمەتری نێوان ئەم دوو وڵاتەی نەبەزاندووە لە ترسی ئەمریکا. لە کاتێکدا فەرهەنگی ئەمریکا سەرکردایەتیکردنی سەرمایەدارییەو، لەو لاشەوە بە لۆژیکە سەقەتەکانی سیاسی و ئابوری لە کوردستان و هەندێک لە گەلانی ناوچەکە، چین دادەنێن بە پێشبڕکی لەبەرامبەر ئەمریکا. وا دەزانن ئەمریکا قۆچەقانی پێیەو ئەتۆمەکانی بۆ ژێر جێگا داناوەو، هێندە مرۆڤ دۆستە لە بیرکردنەوەیدا نییە کاتێک ویستی هەموو مرۆڤایەتی ناکات بە قوربانی پەلەپیتکەی چرکاندنیان.

7- هەندێک بیرکردنەوەی سەقەتی ئیسلامی سیاسی، باس لەوە دەکەن داهاتووی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئیسلامە، یان بۆ ئیسلامی سیاسییە. بەڵام لەوە ناگەن ئەوان پێش ئەوەی کەسایەتیەکی هەڵگری دینی ئیسلام، بگاتە وڵاتانی ڕۆژئاوا، خاڵی کۆتاییان بۆ هاتنی هەڵگرانی دینی ئیسلام داناوەو، لەهەر لەرەیەکی سیاسی لە ئایدیایاندا، هەر هەموومان، واتە بە ملیۆنان کەسمان بەسەریەکدا دەچرێنن لە کەشتییەکداو بەرەو کەنارێکی نادیار ڕەوانەمان دەکەن. دەپرسم کێ لەسەرمان هەڵدەداتێت، کێ مێژووی ناشرینی جەنگ و کوشت و کوشتاری ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوایان سڕیوەتە لە پەرتووکە مێژووەکاندا تا ئەمڕۆ وا بەئاسانی خاک و ئاو و ژیانیان بۆ ئێمە خۆش بکەن و ئێمەش خەیاڵپڵاوانە لەسەری دابنیشین؟.

8- نەفەسی کۆمۆنیستیەت ماوە لە جیهان و کوردستان، بەڵام بەخەیاڵی سەرابیانە دەڕواننە داهاتوو. ئەو هێزانەی هەڵگری بیری کۆمۆنیستن دەبێت ئەوە بزانن بە سۆڤیەتی ڕابردوو لەگەڵ چینی گەورە هێز، نەک نەیانتوانی لەرە بە بلۆکی سەرمایەدار بخەن، بەڵکوو خۆشیان پاشەکشێیان کرد، بوونە سەماکەریی سەرمایەداریی. ئێستا بەتامی چین، وەکوو ئەوە وایە سیاسەت بە دەستی بەتاڵ و مایەپوچی بکەن.

سەر ئەنجام/ تێگەیشتن لە ئایدیا، هاوتایە بە تێگەیشتن بە خوودی مرۆڤەکان، مەرجیش نییە تێگەیشتنەکە ڕاست بێت. بەڵام خوێندنەوەی ئایدیای فاکت نامان گەیەنێت بە ئەنجام، ئەگەر ڕاستییەکانی پشت سینارۆکان وەک خۆی نەخوێنینەوە. دەبێت لەوە بگەین، هەر سینارۆیەک بەئاسانی خوینرایەوە، گومانی تیا نییە سیاسییەکی سەقەت و کەم مەودا لە دەسەڵات دایناوە.

ئەورپاییەکان بە لیزانانە سیاسەت دەکەن و سینارۆ دادەڕێژن، بۆیە هەمیشە بە لەحزەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات سینارۆکانیان ڕووەو ئامانجگیر پەل دەکێشێت، کاتیک سیاسی و کەسایەتییە بە ناو ئاگاکانی لەمەڕ ئێمـە خوێندنەوەیان بۆ سیاسەت و سینارۆکانی ڕۆژئاوا هەبوو، ئەوە ئەو لەحزە نەبووەیە، کە ئیفلاسی ئەورپاو ڕۆژئاوا بەدیی دەکەین.

دەبێت لەوە بگەین، سیاسەت بە هێزی سەربازی  و تەکنەلۆژیاو ئابووری بەهێز دەکڕێت، کە ئێستاو داهاتوویەکی نادیار هەر هەمووی لەدەست ڕۆژئاوادایە.