عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: نابێ هێندەش خۆشباوەڕ و خەیاڵپڵاوبین.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لەوەتەی کورد هەیەو ئێستاشی لەگەڵدابێت، خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەمیشەیی و سەیرین لە وێنەی پیاهەڵدان، خۆشباوەڕی و خەیاڵپڵاوی کە هیچ پەندێکیشمان لێوەرنەگرتوە و نەشمانکردۆتە وانەیەک بۆتێگەیشتن و تێڕوانینەکانمان لەمێژووی دوورو نزیکماندا.
لەو ساتەوەختەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجامی نافەرمی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایان ئاشکرا کرد بەسەرکەوتنی جۆزیف بایدن و کەوتنی دۆناڵدترەمپ، ئیتر بووە کێبڕکێیەکی گەڕم و گوڕو بێ وێنەو شەڕە تویت و پۆستکردنی وێنە بۆ پیرۆزبایکردن لەبایدن و دیموکراتەکانی ئەمریکا. لەتویتەکاندا هێندە وشەی کریستاڵی و ئاڵتونی بەدیدەکرا کەبایدن بەخوێندنەوەیان شاگەشکەدەبێت لەخۆشیاندا .
سەیرە پێمان وابێت کە لەبەرئەوەی پێشتر بایدن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت یاخود چەندجارێک سەرکردەو بەرپرسەکوردەکانی بینیبێت ئیترپێت وابێت کورد چی بوێت و خواستی چی بێت ئیتربایدن و ستافەکەی ئۆکەی تەواوت بۆدەکەن، بێ ئاگالەوەی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا وڵاتێکی دامەزراوەییەو بڕیارو ڕاسپاردەکان بەکەسێک و دوان و سیان نادرێێت.
لەبایدن و ترەمپ و پوتین و ماکرۆن و…. هتد، گرنگتر بۆ کورد پاراستنی یەکڕیزی نێوخۆیی و دروستکردنی یەکێتیەکی نەتەوەیی ڕاست و دروستە لەوسنورە جوگرافیەی کەتێیکەوتوەو، چواردەوری بەدوژمنی هەمەچەشن تەنراوە.
تۆخۆت بویتە هەزار پارت و پارچەو ڕۆژانە لەبۆسەدان بۆیەکدی و سەرقاڵی پلان و پیلانی هەمەجۆرو نالۆژیکین بۆبچوکردنەوەو سڕینەوەی یەکتری، ئیتر دەبێت چ چاوەڕوانیەکت لە وڵاتەزلهێزەکان و لەنێویشیاندا ئەمریکا هەبێت تاکو خواست و داواکارییەکانت بۆ جێبەجێبکات.
ئێمەی کورد میللەتێکی بێ یادەوەری و دووربین نین ئەمەش حەقیقەتێکی تاڵەوناکرێت نکوڵی لێبکرێت.
ڕاستە بایدن هاتۆتەهەرێم، ئەوەش ڕاستەکەهەندێ لەسەرکردەکوردەکانیشی بینیوە و تەنانەت وتوشیەتی کورد تەنها شاخەکان پشتیوانی نین و ئێمەش پشتیوانیانین. بەڵام چ کاتێک ئەو قسانەکراون؟ لەچ پۆست و بەرپرسیارێتیەکدابووە کەوایوتوە؟ ئایا لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لەسەرەتای ساڵی ( 2021 )دا هەمان بۆچون و تێڕوانینی دەبێت؟ کە ئەوە خاڵەگرنگەکەیە.
لێرەدا بەنمونەیەک باسی سەرکردە عێراقیەکان دەکەم کەنەک تەنها سەردانی هەرێمیان کردوەو هاوڕێی گیانی بەگیانی و تەمەنی سەرکردەکوردستانیەکان بوون، بگرە هەندێکیان هەر لەم هەرێمی کوردستانەوە بونە سەرکردە، خاوەنی حیزب، پارێزران، لەدانیشتوانەکەی خۆی زۆر پۆشتەو تێروپڕ تربوون، پاسەوانیانکرا و، تەنانەت بونە خاوەن ماڵ و لەخاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆیشی ڕێزلێگیراوتر بوون. هەندێکیشیان زەوی نیشتەجێبونیشیان پێدرا، کەچی هەر لەگەڵ پڕۆسەی ئازادی عێراق و گەڕانەوەیان بۆ خوارو ناوەڕاستی عێراق و چنگیان لەپۆست گیربوو، چونە سەر کورسی فەرمانڕەوایی لەزۆرێک لەکاتەگرنگ و پێویستەکاندا کەوتنە دژایەتیکردنی خواست و داواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەر لەوێستگەی نوسینەوەی دەستور، و بودجە، ناوچەکێشەلەسەرەکان تادەگاتە ئەو ساتەی ئاڵای کوردستان لەکەرکوکدا هەڵکرا تابەئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە. تەنانەت هەندێ لەو سەرکردە عێراقیانەی کەزۆر دژایەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیان لەکەرکوکدا دەکرد، هەر لەو ساتەوەختەدا ماڵ و حاڵیان لەپایتەختی هەرێمدا شاهانە ژیانیان دەگوزەراندو، ئاپۆراو کەژاوەی ئوتومبێلەکانیشیان پایتەختیان تەنی بوو.
بۆیە هەڵوێستی دروست و ڕێک و ڕەوان لەزەمەنی بەرپرسیارێتی و هەبوونی دەسەڵاتی تەواودا دەنوێنرێت. باشتریشە لەبری چاوەڕوانیکردن لەنواندنی مەرحەمەتی ئەم و ئەو، با بیر لەدروستکردنەوەی یەکڕیزی کوردان بکەینەوەو کۆتایی بەم پەرش و بڵاوی و ناتەباییە بهێنین کەهیچ کات و ساتێک کورد هێندە پەرتەوازەو پچڕپچڕو پەرش نەبووە. بەم بارودۆخەشەوە چەند پشتیوانی گەورەو زلهێزیشت هەبێت تاسەر نابێت، چونکە تۆخۆت خۆت پەرت پەرت کەیت ئەو چیت لێبکات و چۆن هاوکار و پشتیوانت بێت.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان