سەرکەوت شەمسەدین: لە بەغداد چی رویدا و بۆ رویدا؟

شۆڤێنیزمی عەرەبی یان حەماقەتی تاقمەکەی کوردایەتی؟
دوێنێ شەو لایەنە شیعەکان پێشنیازێکیان هێنا کە تێیدا داوایان دەکرد حکومەتی هەرێم بری 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بەغداد دەفرۆشێ و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکانیش لە بەرامبەر:
1- عێراق تێچوی دەرهێنانی نەوت ئەگرێتە ئەستۆی خۆی.
2- عێراق بۆ ئەم سێ مانگەی ماوە 2.28 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.
بەپێی ئەم رێکەوتنە هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و فرۆشتنی نەوت و غازی ناوخۆی بۆ دەمایەوە کە پێکەوە مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری دەکرد کە بەمە دەگەراینەوە بۆ ساڵی 012 و 2013 و هیچ کێشەی موچە نە ئەما.
ئەم پێشنیارە لەلایەن حکومەتی هەرێم بە تەلفۆن رەتکرایەوە. پاشان گروپی پانزە پێشنیارما کرد و لەگەڵ حەلبوسی و بەشێک لەلایەنە شیعەکان رێکەوتین کە پرسی موچەی هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی مالی عێراق چارەسەر بکرێت کە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی خۆیان ئەتوانن رێکەوتن بکەن چەند بۆ هەرێم بنێرن.
سەرەتا پارتی (حکومەتی هەرێم بە تەلەفۆن) رەزامەندی پیشاندا بەڵام دواتر پەشیمان بونەوە و ئەمپێشنیارەیان کرد:
“بۆ ئەم سێ مانگە رێکەوتنی پێشتری حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بەردەوام بێت بەڵام حکومەتی هەرێم بەڵێن ئەدات کە لە 01- 01- 2021 ەوە لەرێگەی سۆمۆوە نەوت هەناردە دەکات لە بەرامبەر وەرگرتنی پشکی خۆی لە میزانییەی 2021.”
ئەمە پێشنیارێکی قبوڵکراو بوو لای سەرۆک کوتلەکان بەڵام ئەندامانی پەرلەمان وتیان ئێمە هێچ متمانەیەکمان بە بەڵێنی حکومەتی هەرێمنەماوە و رازی نابین.
هەتا سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوە کرد کە ئەگەر سێ مانگی رابردوو هەرێم مانگی ٥٠ هەار بەرمیلی لەرێگەی سۆمۆوە هەناردە بکردایە دەتوانرا ئێستا ئەو پێشنیارەی سەرەوە رازی ببین بەڵام متمانە نەماوە.
پاشان دانیشتنی پەرلەمان لە کاتژمێر 12 ی نیوەرۆ رۆژی چوارشەممە دەستتپێکرد و ئەو برگەیەی تایبەت بوو بە یاسای قەرز دواخرا تا ئەوەی کورد سیغەیەک ئامادە بکات پێی رازی بێت.
بەڵام هیچ شاندێکی حکومەتی هەرێم نەهاتن بۆ بەغداد، کارەکان بە تەلەفۆن و تەلەفۆن کاری بوو.
دانیشتن زیاتر دواکەوت تا کاتژمێر 10 شەو. بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامی نەبوو، پاشان بریاردرا کاتژمێر 12 شەو دانیشتن دەستپێبکاتەوە و تەنیا ئەو برگەیەی تایبەت بوو بە هەرێم کێشەی لەسەر بوو، بەڵام
تا کاتژمێر ٥ دانیشتن نەبوو وە نیسابیش نەبوو.
لایەنە شیعەکان زۆر نیگەران بوون لە بێ باکی حکومەتی هەرێم و ئیستغلالکردنیان، بەرپرسێکی کورد یش نەزانانە پێشنیاری کردبوو کورد نیساب تەواو نەکات ئەوەش گەورەترین هەڵە بوو.
بێزاری و تورەیی زیادی کرد تا ئەوەی لایەنە سونە و شیعەکان توانییان بێ کورد نیساب بەدەستبێنن و دواتر کورد چونە ژورەوە کە ئەمە کاردانەوەی سلبی هەبوو وە تورەیی و شەڕ و دەنگە دەنگی لێکەوتەوە .
بەڵام ئیتر یاساکە مادە مادە دەنگی لەسەر ئەدرا و تا گەشتە ئەو برگەیەی تایبەت بوو بەهەرێم و بە دەنگی زۆرینە یەکلایی کرایەوە.
ئێستاش ئەگەر هەرێم نەوت بدات بە عێراق دەتوانرێت کێشەی موچە بەتەوای چارەسەر بکرێت بێ دواکەوتن و لێ برین.

سەرکەوت شەمسەدین/ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق