یوسف عزەدین لەهەڤپەیڤینێکی تایبەت بە یەشار کەمال.

 یەشار کەمال؛ یەکێکە لەو نووسەرە جیهانییانەی خوێنەری کورد وەک زۆربەی خوێنەرانی دنیا، بەخوێندنەوەی کتێبەکانی سەرسامەو لەبەر ئەوەی کەکوردیشە هێندەی تر لای ئێمە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە، هەر بۆیە دەبوو لەڕێی شارەزایەکی زمانی تورکی و کەسێکی ئەدیبەوە، هەوڵی دۆزینەوەی کۆمەڵێک وەڵام و زانینی کۆمەڵێک نهێنی ئەو نووسەرە بدەین، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ ڕۆماننووس و لێکۆڵەر یوسف عزەدین سازکرد

سازدانی: وریا باقر

* چۆن دەڕواننە ئەو نووسەرانەی توانیویانە بەزمانێکی تری بێجگە لەزمانی دایک، بنووسن و لەوڕێیەشەوە خێراتر لەدنیادا بناسرێن؛ وەک یەشار کەمال ؟
یوسف عزەدین: وتەیەکی ئەمیل سیۆران هەیە کەدەڵێت: (مرۆڤ لەوڵاتدا نیشتەجێ نییە؛ بەڵکو لەزماندا نیشتەجێیەو هەر ئەویشە وڵاتمان و بێجگە لەوەش هیچ شتێکی ترمان نییە!) بەڵام هەر خودی ئەم نووسەرەی زمان دەکاتە جوگرافیایەک بۆ نیشتەجێ بوونمان! هەر خۆشیەتی کەتوانیویەتی دەستبەرداری زمانی زگماکی خۆی، لەنووسیندا ببێت و بەزمانی فەڕەنسی، واتە بەزمانی دووەم زۆر شارەزایانە باشترین و کاریگەرترین کتێبەکانی خۆی بنووسێتەوە!؟ لێرەشەوە ئەو ئیشکالە دروست دەبێت، ئاخۆ ئەوەی نووسیویەتی لەبەر ئەوەی خۆی بەڕەگەز خەڵکی ڕۆمانیایە، دەستکەوتێکە بۆ کلتوور و ئەدەبیاتی ڕۆمانی، یان وەک هەر نووسەرێکی فەڕەنسی ئەوەی نووسیویەتی لەخزمەت کلتوور و ئەدەبیاتی فەڕەنسیدایە؟ یاخود هیچیان نییەو زمان تەنها هۆکارێکە و مەبەستی سەرەکی لەنووسین، تەنها گەیاندنی نووسراوە بەخوێنەرانی زمانی نووسراو و لێرەشەوە وەرگێڕان دەبێتە ئەو پردەی کەپێوەندی لەنێوان سەرجەم مەعریفەو کلتوور و تێفکرین و ئاڵوگۆڕە فەلسەفییە جیاوازەکاندا دروست دەکات!

* ئەی سەبارەت بەیەشار کەمال ڕاتان چۆنە؟
یوسف عزەدین: ئەو کێشمانکێشە کرتیکییەی ئەمیل سیۆران و هاوشێوەکانی دەگرێتەوە، سەلیم بەرەکات و جان دۆست و یەشار کەمال-یش دەگرێتەوە، چونکە هەم کوردن و هەم بەزمانی دووەمیش نووسیویانە!؟ بەشی هەرە زۆری ناوبانگ و ناسینیشیان، دەگەڕێتەوە بۆ خوێنەرانی زمانی دووەم کەوەک غەوارە تێی نەڕوانیوون و بەڵکو باوەشیشی بۆ کردوونەتەوە! هەروەها زمانی دووەم وەک پردی پەڕینەوەی تێکستەکانیان، لەمیانی وەرگێڕانەوە بەرەو خوێنەرانی زمانەکانی دیکە ڕۆڵێکی سەرەکی بینیووە ؟!

* ئێوە پێتان وایە؛ نەدەبوو یەشار کەمال بەزمانی دووەم بنووسێت؟
یوسف عزەدین: کاتێک لەپەنجاکانی سەدەی پێشوودا بەزنجیرە چەند بەشێکی ڕۆمانی “ئینجە مەمەد – حەمەدۆک” لەڕۆژنامەی جمهورییەتدا بڵاودەبێتەوە، لەسەروو تایتڵی ڕۆمانەکە و ناوی یەشار کەمال-ەوە نووسراوە؛ (حیکایەتی تورکی) و یەشار-یش، هیچ کاتێک نەیوتووە ئەوەی نووسیوویەتی کەم تا زۆر لەبەسەرهات و داستان و گێڕانەوە کوردییەکانەوە هەڵیهێنجاوە.. لەکاتێکدا نکووڵی لەکاریگەری زمان و ئەدەبیات و داستان و ئەفسانەی تورکی و میللەتان و گروپە ئیتنیکییەکانی تری ناوچەکەی نەکردووە، بەڵام بەبێ ئەوەی باڵابوونێک بەئەدەبیاتی کرمانجیی دەڤەرەکەی خۆی بدات!؟ دەشێت بۆ ئیستیهلاکی مەحەلی و لەپێش وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لەئەڵمانیا، یان پێش بڵاوکردنەوەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانی و چوونی بەپیر بانگهێشت و مەحفەل و کۆڕ و سیمینارە کاریگەرە جیهانییە تایبەتەکان؛ بەبارودۆخی دیموکراسی تورکیا، باس و خواسێکی سەبارەت بەدۆزی کورد وروژاندبێت؟! بەڵام بەئاشکرا لەپرۆگرامی (Aklın Yolu) کەپێشکەشکارەکەی ئاشناو هاوڕێی نزیکی یەشار کەمال بووەو دیارە لەدنیای میدیاتیکی تورکیدا( زولفو لیوانلو) هونەرمەند و نووسەرو پێشکەشکاری سەنگینی پرۆگرامەو کەسێکی ناسراوەو ماوەیەک لەپارتی جەهەبەو لەگەڵ “دەنیز بایكاڵ” کاری کردووە!؟ جا یەشار کەمال لەیەکێک لەپرۆگرامەکانی ئەو پرۆگرامە کلتوورییەدا بەئاشکرا دەڵێت: ( وڵاتێک حەزرەتی مستەفا کەمال پاشا” ئەتاتوورک”ی هەبێت، بەئاسانی ناڕووخێت…!؟) و هەر لەهەمان پرۆگرامدا ئەسڵی باوانی لەباوکەوە دەباتەوە بۆ تورکمەنی “تەرەکەمە” و گوایە لەقەفقاسیاوە هاتوونەتە بوڕسا و پاشان هاتوونەتە ڤان و لەوێش لەڕێی ژنخواستنەوە تێکەڵ بەکورد بوون و ئیتر ئەو سولالەیەی لێ دروست بووە کەدواجار باوکی و خانەوادەکەی پێش لەدایک بوونی یەشار، پاش هێرشەکانی سپای تزاری ڕوسیا بۆ سەر ناوچەکەو بەتایبەتیش ڤان، لەگەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەمانیش هەڵدێن و یەکێک لەدیمەنە کاریگەرەکانیش کەدواتر دوای لەدایک بوونی یەشار کەمال و گەورەبوونی تا ڕادەی فامکردن بۆی دەگێڕنەوە، بەسەرهاتی تراژیدیانەی باوکی بووە کەبەدرێژایی سەفەرە دوورو درێژەکەیان، تا گوندی حەمیدی ناوچەی چقورئۆوا زۆربەی کات دایکی بەکۆڵهەڵگرتووە.. هەر ئەمەشە دواتر لای یەشار کەمال ئەو دیمەنە کاریگەرەی نێو ڕۆمانی کاریتەی لێ دروست دەبێت.

* ئەم وەڵامەتان خوێنەر تووشی شۆک دەکات!؟ بەتایبەت ئەوەی لەو پرۆگرامەدا وتوویەتی، چونکە لای خوێنەری خۆمان بەجۆرێکی تر ناسراوە؟
یوسف عزەدین: ڕاستییەکەی دەبێت لەوە بگەین، چۆن یەشار کەمال توانی ئەو هاوکێشە جێگیرەی نێو دنیای نووسینی پێشووتری تورکی هەڵگێڕێتەوە، بەتایبەتیش لەبواری نێرێتیڤ و ڕۆمانووسیندا! چونکە پێشتر زۆربەی ئەو نووسەرانەی هەبوون لەئەسڵ و فەسڵێکی ئۆرۆستۆکراتی و خوێنەواری زمانزانی نێو ئیستانبووڵ و شارە سەرەکییەکان دەهاتنە نێو دنیای نووسینەوەو هەر ئەوانیش بوون جارێکی تر لەنووسینەکانیاندا ڕووداو و بەسەرهات و واقیعی ژیانی گوندنشینەکانیان دەکردە بابەتی گێڕانەوەکانیان؛ بۆ نمونە ڕۆماننووس کەمال تاهیر لەئیستانبووڵ لەدایک بووەو هەر لەوێشدا وەفاتی کردووە، بەڵام زۆربەی بابەتەکانی باسی ڕووداو و بەسەرهاتی گوند و گوندنشینەکان دەکات!؟ یەشار کەمال ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوەو لەقووڵایی داستان و ئەفسانەو گێڕانەوە و حیکایەتەکانی گوندەکانی ئەنادۆڵەوە دێتەدەرو بۆ یەکەمجار کەسێکی گوندی لەزاری خۆیەوە کارەسات و بەسەرهاتی بنیادەمانی گوندو گوندنشینان دەگێڕێتەوەو بەپێی هەلومەرجی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیا لەو کاتەدا ئەو دەرکەوتنەی یەشار کەمال لەپەنجاکانەوەو بەتایبەتیش کاتێک ڕۆمانی (حەمە دۆک) لەنێوەڕاستی دەیەی شەشەمی سەدەی پێشوودا وەک کتێب بڵاودەکاتەوەو پاشان لەلایەن (Yarlık dergisi) بەکۆی دەنگی حەوت کەسی لیژنەکە لەکۆی نۆ دەنگ خەڵات دەکرێت. جێگەی باسیشە لەئەندامانی لیژنەکە لەوانەی دەنگ بەخەڵاتکردنی دەدەن؛ ڕووناکبیران و نووسەرانی وەک یاقوب قەدری و سەلاحەددین باتۆ و یەشار گولتەکین-یان تێدا بووە!؟
یەشار کەمال هەر بەمنداڵی دوو کارەسات، شوێنجێگەیەکی قووڵ لەدەروونیدا جێ دەهێڵن، یەکێکیان کاتێک تەمەنی سێ ساڵ و نیو بووە؛ وەختایەک ڕوانیوویەتە سەربڕینی ئاژەڵێک و دوور و نزیک، ویستویەتی لەبابەتەکە بگات و بەجۆرێک لەجۆرەکان تێیدا بەشدار ببێت. بەپێی جیاوازیی گێڕانەوەکان، هەن دەڵێن چەقۆکە، لەدەستی باوکی.. یاخود دەوترێت لەدەستی مێردی پوورێکی، چاوی ڕاستی دەکاتە نیشان.. ئیدی هەن دەڵێن تێی دەچەقێت و هەن دەڵێن بەری دەکەوێت!؟
بەڵام بەهەر جۆرو شێوازێک بووبێت، لەو ساتەوەختە زۆر هەستیارەی تەمەنییەوە چاوی ڕاستی کوێر دەبێت.
بەسەرهاتی دووەمیش پاش ساڵێک یان ساڵ و نیوێک لەڕووداوی یەکەم بەبەرچاوی خۆیەوە لەمزگەفتدا؛ هەر دوا بەدوای ئەوەی باوکی نوێژ تەواو دەکات.. بکوژ بروسکەئاسا لەناکاو بەخەنجەر سادق-ی باوکی یەشار دەکوژێت و هەڵدێت.. دوا دەنگێک کەلەباوکییەوە دەیبیستێت، هاواری کوژراوێکە دەڵێت؛ کوڕینە منیان کوشت…!؟ تا بەیانی بەکۆڵی دایکییەوە هاواری کردووەو گریاوەو کاتێکیش ڕۆژ بۆتەوە، زانیویەتی کەئیتر لاڵ بووەو ئەم لاڵ بوونەشی حەوت هەشت ساڵ دەخایەنێت و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراویش، بەستران وتن و بەستەبێژی دێتەوە نێو دنیای ئاخافتن!

* بۆ ئەوەی لای خوێنەر ڕوون بێت، مەبەستتان چییە کەدەڵێن بەبەستەبێژی دێتەوە نێو دنیای ئاخافتن؟
یوسف عزەدین: ناوچەی ئەنادۆڵ بەگشتی و بەبێ جیاوازی جۆری ڕەگەز و مەزهەب و درەنگ و زووی ئەو خەڵکانەی تێیدا نیشتەجێبوون، هەر هەموویان وەک خۆیان خاوەن چەندین داستان و سەرگوزشتەو بەسەرهات و گێڕانەوەو هۆزان و بەستەو سترانن.. تا دەگاتە ئەو میللەتانەی لەڕێی جینۆسایدو ڕاگوازتنەوە خاکی لەمێژینەی خۆیانیان پێ چۆڵکرا وەک ئەرمەنەکان؟! ئەمە جگە لەو هەموو قەومانەی بەدرێژایی شەڕو شۆڕەکان هەر لەسەردەمی مەغۆلەکانەوە، لەتاو گیانی خۆیان لەشوێنانی ترەوە بەرەو ئەنادۆڵ هاتوون، خانەوادەی مەولانای ڕۆمی، یەکێکن لەو نمونە دیارانەی کەلەترسی هێرشەکانی مەغۆل؛ گەیشتوونەتە ئەو ناوچەیە. هەروەها بەدرێژایی مێژوو، بەپێی بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان؛ چەندین نەتەوەو ئایین و مەزهەبی جودای تێدا جێ بۆتەوە.. وەک ئەبخازیی و چەرکەس و لاز و گورجی و یەهودییە هەڵهاتووەکان لەئیسپانیاو دەیان و سەدان چیچانی و ئۆزبەکی و داغستانی و قرغزی و تەنانەت ئۆروپایی هەڵهاتووش، یان بەدیل گیراو لەجەنگەکاندا، لەجوگرافیای ئەنادۆڵدا جێی خۆیان کردەوەو ئەمەش جۆرە مۆزایکێکی بێ وێنەی لەتێکەڵە کلتوور و داب و نەریت و ئەدەبیاتی ئۆرێنتاڵ و گێڕانەوەو داستان و ئەفسانەکانی ئەو پانتاییە جوگرافیەدا دروستکردووە.. هاوکات ناشبێت شارستانییەتی گریکی و ڕۆمانی و میدیی و میتانی و زیلانی و هەخامەنشی و پاشان بێزەنتییە ئەرسەزۆکس مەزهەبەکانی ناوچەکەش لەبیربکەین! ناکرێت هۆمیرۆس- ی نابینا و ئەلیادەو ئۆدیسەکەشی بەفەرامۆشی بسپێرین؛ بۆیە بەخۆڕا بە یەشار کەمال-یان نەدەوت هۆمیرۆسی سەدەی بیستەم!
هەر لەسەرەتاوە ساڵانی بێدەنگی و لاڵێتیەکەی لەکۆکردنەوەو سەیڤکردنی چەندین داستان و بەندو بەستەی دێرینی ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت و کاتێکیش دەنگی لێوە دێت، بەشیعری ئیرتیجالی و سازژەنین و ستران بێژی دەست پێدەکات. یەکێک لەو سترانبێژە بەناوبانگانەی ئەو سەردەمەی.. یەشار تێیدا پانزە شانزە ساڵان بووە، کەسێک بووە لەناوچەی یاپۆزی مەراشەوە، بەناوی عاشق ڕەحمی هاتۆتە ناوچەی چقورئۆواوو شەوێک تا بەیانی لەگەڵ یەشار کەمال بەوتنەوەی داستانە شیعرییە کۆنەکان و گۆرانییە میللییەکان دەباتەسەر.. کاتێکیش ڕۆژ دەبێتەوە، عاشق ڕەحمی سازەکەی خۆی پێشکەش بەیەشار دەکات و داوای لێدەکات پێکەوە گوند بەگوند بگەڕێن و کەسایەتی داستان بێژ و شاعیری میللی، قەرەجەئۆغڵانی نیمچە ئەفسانەیی پێکەوە زیندوو بکەنەوە. پێش ئەوەی ئەم زاتەش بناسێت، لەگەڵ بەستەبێژی میللی، ئاشق کەمال ناو، گوند بەگوندی چقورئۆوا دەگەڕێت و بەدیداری داستان بێژی وەک “مورتەزا ئەمە” و ” کوچک مەمەد” و “گویلەمەن ئەحمەد” دەگات و لەسەر دەستی “گویلەمەن ئەحمەد”ی داستان بێژی گوندی قەزمەجا، داستانی کوێر ئۆغڵی بەتەواویی فێر دەبێت و تەنانەت لەتەمەنی حەڤدەساڵیدا توانیویەتی بەستایلێکی جیاوازتر سەرلەبەری بڵێتەوە.

* ئەی چۆن لەم ستران بێژییەوە دەچێتە ناو دنیای نووسینەوە؟
یوسف عزەدین: لێرەوە ڕۆڵی عابیدین دینۆ، گەورە ئەنتەلەکتوێل و سیناریست و دەرهێنەری سینەمایی و هونەرمەندی شێوەکاری؛ هاوڕێی نازم حیکمەت و تریستان تزاراو پاپلۆ بیکاسۆ و سێرگی ئایزنشتاین و ئەندرێ مارلۆ،…. دەست پێدەکات. ئەم و نازم حیکمەت بەگەنجی و لەگەرمەی شەڕەکانی ئەتاتورکدا لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی سەر خاکی ئەنادۆڵ، ئەتاتوورک دەبینین و ئەویش پێیان دەڵێت، دەبێت بۆ میللەت بنووسن و کاتێکێش نازم حیکمەت پێی دەڵێت؛ پاشام مەبەستتان چییە؟ ئەتاتوورک دەڵێت وەک مایکۆفسکی بن!؟ ئیتر هەر ئەمەیە ئەو سەرەتایەی ئەو دوانە دەگەیەنێتە سۆڤێتی جاران و هەردووکیشیان بەپێی ناونانی سەردەمەکەیان دەبنە دوو کەسی چەپخواز و ڕادیکاڵ، ئیتر نازم حیکمەت بەساڵانێکی دوور و درێژی زیندان باجەکەی دەدات و لەمابەینی چل و پەنجاکانی سەدەی پێشووشدا، ئابیدین دینۆ و عاریفی برا گەورەی و گوزین دینۆی هاوسەریشی بەدوور خستنەوەیان بۆ شاری ئەدەنە لەزیندانکردن ڕزگاریان دەبێت و لەوێ کەمال سادق کەدواتر لەنووسیندا بۆ چەواشەکردنی پۆلیس ناوی خۆی دەنێت یەشار کەمال، دەناسن و خودی یەشار کەمال-یش لەبارەی هەردوو برا؛ عابیدین دینۆ و عاریف دینۆ-وە وتویەتی:
( دوو مرۆڤی ڕۆح مەزن؛ سەبارەت بەفیکرو دنیابینیشیان پێشەنگی پێشکەوتنخوازەکانی ئەو سەردەمە بوون.. من یەکێک بووم لەکەسە ڕەش و ڕووتەکانی گەل، بەڵکو لەخراپترین بارودۆخی کۆمەڵگەدا، بەمیراوی و کشتکارییەوە خەریک بووم.. لەکاتێکدا ئەوان باڵاترین ڕۆشنفکر و بیرمەند بوون.. منیان گرتەخۆ و گۆشیان کردم، بەرەو فیکر و ئەدەبی جیهانی ڕەهبەرییان کردم و دۆن کیخۆتەو مارکس و ئەنگڵز و لینین و گۆرکی-یان پێناساندم…).
دواتریش هەر خودی عابیدین دینۆ، وا لە یەشار کەمال دەکات بەیەکجارەکی ئیستانبووڵ بکاتە شوێنی نیشتەجێ بوونی و لەهەمووشی گرنگتر دەبێتە هۆکاری وەرگرتنی وەک ڕۆژنامەنووس لەڕۆژنامەی جمهورییەتی تورکی و ئیتر سەرەتای کارە جدییەکانی یەشار کەمال، لەو ڕیپۆرتاژانەدا ڕەنگ دەداتەوە کەسەبارەت بەکێشەی خەڵکانی زەحمەتکێش و لانەوازانی ناوچەی چقورۆئوواو قاچاخچییەکانی سنوور و زۆر بابەتی کاریگەر؛ بەو زمانە سەرنج ڕاکێشەی خۆی دەنووسێتەوە.

* وەک هەر خوێنەرێکی کورد ئاگاداری ئەوەین یەشار کەمال، دەرفەتێکی وای لەقۆناغەکانی خوێندنی فەرمیدا بۆ نەڕەخساوەو مەگەر هەر قۆناغەکانی سەرەتایی تەواو کردبێت؟ بەڵام ئاشکرایە ئەو ڕۆشنبیرانەی ناوتان هێنان، توانیویانە دڵسۆزانە گۆشی بکەن!
یوسف عزەدین: بەڵێ خۆی مایەی ئیعجابە، کاتێک زانکۆی ئەدەنە، بەو پەڕی شانازییەوە دکتۆرای فەخری دا بەیەشار کەمال و بەحەقیقەتیش شایانیەتی. ئەم جۆرە کەسە بللیمەتانەی وەک یەشار کەمال، هیچ کات پێویستیان بەتەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی فەرمی و تەقلیدی نییە! لەدەرەوەی ئەو دنیا داخراوەوە دەتوانن شتانێک بکەن، بەهەموو خاوەن بڕوانامەکانی بەشە جیاجیاکانی ئەدەبیات نەکرێت!؟ بێجگە لەوەی بەدڵنیاییەوە ئەو چەند ساڵ خوێندنە فەرمییەی یەشار کەمال لەو زەمەنە ڕابردووەی گوندێکدا، بەشی ئەوە فێری خوێندنەوەو نووسینی کردووە، کەبتوانێت لەبەردەم مزگەوتێکی ئەدەنەدا ببێتە عەرزوحاڵچی و تەنانەت یەکێک لەو حاڵەتە دەگمەنانەی کەبەتووشییەوە دەبێت، هاتنی کەسێکە بۆ لای بەناوی ئەحمەد دۆغان تا عەریزەیەکی بۆ بنووسێت. بەڵام هێندە بەسەرهاتی کەسەکە کاریگەر و سەرنج ڕاکیش دەبێت، کابرا لەگەڵ خۆی دەباتە ماڵەوەو لەوێ بەدوورودرێژی بەسەرهاتی ئەحمەد دۆغان دەنووسێتەوەو لەماوەی پانزە ڕۆژیشدا دەستنووسەکەی دەبێتە پێنج سەد لاپەڕەو بەتاسەوە پیشانی عابیدین دینۆی دەدات و پێی دەڵێت؛ دەمەوێت ئەم بابەتە بکەمە ڕۆمان.. بەڵام کاتێک عابیدین دینۆ دەیخوێنێتەوە، بەسەرسامییەوە پێی دەڵێت؛ چی دەکەیتە ڕۆمان، خودی ئەوەی نووسیوتە ڕۆمانە!؟

* پێمان باشە زیاتر خوێنەران بەسەرەتاکانی ئەو گۆشکردن و ئاڕاستەکردنە فیکری و ئەدەبیانەی یەشار کەمال ئاشنا بکەیت؟
یوسف عزەدین: حەتمەن هەموو شتێک لەبارەی جۆر و شێوەی ئەو گۆشکردنەوەوە نەزانراوەو بەشە هەرە زۆرەکەی شاراوەو پەنهانە.. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە هەر لەسەرەتای ئەو ناسینەی نێوانیانەوە، عاریف دینۆی برای عابیدین دینۆ گوێنییەک کتێب دەداتە یەشار کەمال و پێی دەڵێت؛ بیبەو بیخوێنەرەوە، ئەویش کاتێک دەگاتە ماڵەوەو گوێنییەکە هەڵدەڕژێت، دەبینێت پێنج نووسخە لەڕۆمانی دۆن کیخۆتە-ی تێدایەو پێدەچێت وای زانیبێت، بەهەڵە پێنج نوسخەیان داوەتێ، یان لەوانەیە تاقی بکەنەوە!؟ ئیتر هەرچۆنێک بێت، چوار نوسخەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ عاریف دینۆو پێی دەڵێت؛ بەهەڵە پێنج نوسخەتان لەم ڕۆمانە بۆ دانابووم!؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی دەڵێت؛ نەخێر بەهەڵە دامنەناوە، چونکە ئەگەر لەداهاتوودا مەبەستتان بێت، ببنە نووسەر، بەردەوام پێویستان بەخوێندنەوەی دۆن کیخۆتە دەبێت! تۆ بڕوانە ئەو کاتەی ئەوان یەشار کەمال لەئەدەنە دەدۆزنەوە، دەبینین گەنجێکی شاعیرو بەستە بێژە، وەک هەر شاعیرێکی میللی ئیریتجالی، توانای شەڕەشیعری درێژخایەنی لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا هەبووە، هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا لەگەڵ یەکێک لەناسراوەکانی ناوچەی یاپوزی شاری مەراش توانیویەتی تا بەیانی بێ وەستان پێکەوە ببنە تەواوکەری یەکتر، واتە ئەو جۆرە کەسە میللیانەی کەناچارن ڕاستەوخۆ بەبەرچاو خەڵکەوە بەستەو داستان و ڕووداوەکان لەچوارچێوەیەکی شیعریی و بەگۆرانی بڵێنەوە، ئەو جۆرە کەسانە توانایەکی بێ سنووری ئیمەیجنەیشین و داهێنانی گێڕانەوەی نوێیان هەیە.. هەر ئەمەشە وا لەنووسینەکانی داهاتووی یەشار کەمال دەکات، هاوشێوەی کەم بێت لەتوانای وەسفی و ئیرتیجالییەتی بەدواداچوونی ڕووداوەکاندا.

* باشە ئەو شیعرە ئیرتیجالی و گۆرانییە میللیانەی کەلەگەنجیدا وتوونی، بەچ زمانێک بووە؟
یوسف عزەدین: دەتوانین لەم پرسیارەوە، بچینە نێو زۆر وردەکاری دنیای یەشار کەمال-ەوە، لەئەسڵدا ناوی کەمال سادق گۆێکچەلی-یەو دایکیشی نێوی نیگار-ەو یەشار لەگوندی حەمیدی تورکمەن نشین، هەر لەمنداڵییەوە لەدەرەوەی ماڵەوە بەتورکی قسەی کردووەو لەماڵیشەوە بەکوردی و وەک خۆشی دەیگێڕێتەوە، کاتێک لەقسەکردنی نێو ماڵەوەیاندا یەک وشەی تورکی لەدەم دەرچووە، دایکی بەشەپازلەیەک تەختی عەرزی کردووەو هەر ئەمەشە وا لەیەشار کەمال دەکات، هەرگیز کوردی لەبیر نەچێتەوەو پاش ساڵانێکی دوور و درێژ لەئاخافتن و بیرکردنەوەو نووسین بەزمانی تورکی، کەچی هەر زمانی دایکی لەبیر بمێنێت!؟
ئەوەندەی ئاگاداریشین یەکێک لەشیعرە کۆنەکانی یەشار کەمال، کاتێک هەڤدەساڵان بووە، بەزمانی تورکی نووسیویەتی و شیعرێکی ئەنتۆلۆژیی جوانیشە؛ باس لەبوونی تەنهایانەی خۆی دەکات.. دیمەنی کاریگەری تێدایە، چۆن بەچیایەکدا هەڵدەزنێ و ئارەق دەکاتەوە.. ماندوو شەکەت دەگاتە ئەو بەرزییەی هەورەکانی لێ وەدیاردەکەوێت و لەکۆتایی شیعرەکەشیدا داوا لەخوا دەکات؛ تەنهایی لەو چەشنەی ئەو بەکەس نەدەدات!؟ ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە زمانی تورکی لەنووسیندا بەکارهێناوەو جا مەسەلەیەکی تریش هەیە، هەر خودی یەشار کەمال لەزۆر شوێندا ئاماژەی بەوەداوە؛ ئەمان تاکە ماڵیکی کورد بوون، لەو گوندە تورکمەن نشینەی ناوچەی چقوورئۆوای سەر بەئەدەنەی پێنجەم شاری گەورەی تورکیا لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە جێی خۆیان کردۆتەوەو تەنانەت لەهەموو ئاخافتن و ئاماژەپێدانەکانیشدا، بەڕێزەوە باسی خەڵکی گوندەکەی بەتایبەتی و ناوچەی چقورئۆواشی بەگشتی کردووەو بەدرێژایی تەمەنیشی هێندەی دەرفەتی هەبایە ساڵانە سەردانی دەکردن و ئەوانیش وەک کەسێکی ئەزیزو بگرە وەک پاڵەوانێک پێشوازییان لێدەکرد؟! ناشێت ئەو دەمەی دەستی داوەتە بەستەوتن، بەکوردی گۆرانی بۆ خەڵکە تورکمەنەکەی ئەو ناوچەیەو دەوروبەری وتبێت.. بۆیە دەبێت بەدوور لەو نەخشە پۆلەتیکەی دەخرێتە پێش چاومان؛ لەقووڵایی قسەو باسەکانی خودی نووسەر و هاوڕێکانییەوە، شتگەلێکی نوێ هەڵبهێنجین!؟ لەزاری نووسەرەوە بەسەرهاتی داستان ئامێزانەی کوێرئۆغڵو داستانێکی تورکییەو هەروەها بەسەرهاتی حەمەدۆک و زۆر بابەتی تریشی؟! بەڵام جێگەی باسە کاتێک لەمەراسیمی مەرگی، مەمەد ئوزون-دا دەڵێت؛ بەتەما بووین پێکەوە داستانی کۆنی کوردی، مەمۆئالان بنووسینەوە، بەڵام مردنی ڕێی نەدا ئەم پرۆژەیەمان سەربگرێت؟! ئەم یەکێکە لەئاماژەئیجابییەکانی یەشار کەمال بەبوونی کولتوورییانەی کورد لەئەنادۆڵدا، بەڵام نەنووسینەوەی دواتری ئەو داستانە لەلایەن خودی ئەو نووسەرەوە، جێگەی پرسیارەو لەوەش گرنگتر ئەو پرسیارەیە کەلام دروست دەبێت؛ ئاخۆ ئەگەر مەمەد ئوزون نەمردایە، یەشار کەمال ناوی خۆی دەخستەپاڵ ئەو و وەک بەشدارێک لەنووسینەوەی هەمان داستاندا، کتێبێکی هاوبەشیان بڵاودەکردەوە؟! پێناچێت و بەڕای من هەر بۆ ئیستیهلاکی محەلی و ڕاکێشانی خوێنەرانی کورد، قسەوباسێکی لەو جۆرەی وروژاندووە.. چونکە هێندەی کەسێکی کارێزمایی شارەزاو قاڵبوو لەدنیای سیاسەتدا، شارەزاو بەڵەد بوو، لەڕێی عابیدین دینۆ-ەوە نەک هەر تێکەڵ بەدنیای ئەدەبیات و کەڵچەڕی جیهانی بووە، بەڵکو تێکەڵ بەفیکر و ئایدیۆلۆژیای چەپخوازانەی سەردەمەکەشی بووەو هەر لەسەرەتای دەستپێکیشییەوە، بەگەنجی لەئەدەنە دەگیرێت… لەڕووی ڕێکخستن و پێشڕەوێتی جەماوەری زەحمەتکێشەوە، کەسێکی کردەو بەتوانا بووە لەجووڵاندنی شەقامدا. هەمیشە خاوەن جموجۆڵ و چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووەو ئیتر کاروکردەوەکانی چەندی هەڵقووڵاووی ڕاستەقینانەی ناخی خۆی بوون و چەندیشی گەمەو نمایشێک بوون کردوونی، ئەوە مەسەلەیەکی ترەو ڕەنگە لێرەدا ساغکردنەوەی ئاسان نەبێت!؟

* باشە نووسەران بەگشتی، جۆرێک لەتەکتیک و سیاسەتیان نییە بۆ ڕاکێشانی خوێنەران!؟
یوسف عزەدین: دروستە، بەڵام دەبێت بپرسین.. چ جۆرە تەکتیک و سیاسەتێکە؛ دۆستۆیڤسکی بۆ ڕاکێشانی خوێنەر دەیکات، کەسێکە دەبرێتە بەردەم لیژنەی گوللەبارانکردن و پاشان لەپڕ بەلێبووردنێک لەمەرگ دەگەڕێتەوە! کەسێکە کاتێک قەرزدار دەبوو، پێشوەخت بڕە پارەیەکی لەخانەی چاپکردنێک وەردەگرت و بەڵێنی دەدا لەماوەیەکی کەمدا ڕۆمانێکی ئەوەندە لاپەڕەییان بخاتەبەردەست و بەحەقیقەتیش بەچەشنێک کەجێگەی سەرسامییە، لەو ماوە دیاریکراوەدا، بۆ نمونە توانی لەماوەی پانزە ڕۆژدا یەکێک لەڕۆمانە باشەکانی خۆی تەواو بکات؟! یان چ جۆرە سیاسەتێکە؛ کافکا بۆ ڕاکێشانی خوێنەر دەیکات، پیاوێکە بەبێدەنگی دەژی و بەگەنجی دەمرێت! گەورەترین داهێنان لەبواری نووسینی نۆڤێللا و ڕۆماندا دەکات. چ جۆرە سیاسەتێکە؛ وا لەنابیانەیەکی وەک بۆرخیس دەکات، لەپێناو بەردەوامی لەداهێنان و جدیەتی نووسیندا، ناچار بێت لەتەمەنێکی هەڵکشاوی ژیانیدا بەوتنەوەی موحازەرەو داهاتی کتێبەکانی بژی؟!
لەکاتێکدا گابریل گارسیا مارکیز، دەبێتە هاوڕێی چەند دیکاتۆرێکی وەک عومەر تۆریخۆس و فیدڵ کاسترۆ و هەروەها لەبەردانی کۆمەڵێک بارمتەی ئەمریکی لەلوبنان، لەهەشتاکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت؟!
حەتمەن نووسەران دابڕاو نین، لەهەموو ئەو جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کەشەقام دەورووژێنێت، بەڵام جۆری بەشداربوون و ئامانجی سەرەکی بەشداربوونەکە گرنگە. بۆ نمونە لەئان و ساتێکی مێژوویدا گۆنتەر گراس، ددان بەوەدا دەنێت بەگەنجی و لەساڵانی جەنگی جیهانی دووەمدا، سەر بەهێزەکانی بروسکەیSSی نازییەکان بووە. هەرچەند سەرپێی وادێتەپێشچاو وەک کەسێکی ئاشق بەشوهرەت و بەمەبەستی ڕاکێشانی زیاتری خوێنەران، ئەمەی وتبێت!؟ بەڵام بەوپێیەی ئەم ئیعتیرافەی پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ و لەتەمەنێکی هەڵکشاویدا بوو، پێناچێت بەمەبەستی ڕاکێشانی زیاتری خوێنەران بووبێت؟!
زۆربەی ئەم بگرەو بەردەیەش کەژمارەیەکی زۆری نووسەرانی دنیای ناشرین کردووە، دەرئەنجامی ئەو کردەی بەبازاڕکردنی کتێبەیە.. تۆ نووسەرێکت هەیە نووسین بۆتە پیشەیی و ناچارە بنووسێت تا بژی!؟ کەواتە ناچارە ئەوە بنووسێت کەبازاڕی کتێب لێی داوا دەکات؟! ناکرێت شتێکی موخالیف بنووسێت، بەوەی تەوژمەکە دەیخوازێت، چونکە بۆی بڵاوناکرێتەوە.. یان بەدەگمەن شوێنێکی دەستدەکەوێت، بۆی بڵاوبکاتەوە.. بۆیە سەردەمانی پێش داهێنانی چاپکردن! کاتێک نووسین دەستخەت بوو، نەساخەکان دەیاننووسییەوەو وەک گەوهەرێکی گرانبەها نرخ و بەها بۆ نووسین دادەنرا، ئەو دەمە نووسین خۆی بوو، وەک خۆی، دەربڕی ئەوە بوو، دانەرەکەی دەیویست!؟

* کێن ئەو نووسەرە جیهانی و تورکانەی کاریان کردۆتە سەر نووسینەکانی یەشار کەمال؟
یوسف عزەدین: ئەم پرسیارەتان ئەو پرسیارەی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی گالیمار-ی فەڕەنسیم بیر دەخاتەوە! بەڕێوەبەری گالیمار لەڕێ و ڕەسمی خەڵاتکردنی یەشار کەمال-دا، ڕووی تێدەکات و پێی دەڵێت: دەبێت منەتباری ئەو دوو خانمە بیت؟
ئەو خانمانە یەکێکیان خاتوو منەوەر، هاوسەری پێشووی نازم حیکمەت بووەو وەرگێڕی نزیکەی بیست ڕۆمانی یەشار کەمال-ە بۆ فەڕەنسی. دووەمیشیان یەکەمین هاوسەری یەشار کەمال-ە خاتوو تیڵدا-ی بەڕەگەز جولەکەی زمانزان و ئەنتەلکتوێل و نەوەی یەکێکە لەپزیشکە تایبەتەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدو ناوبراو نزیکەی هەڤدە ڕۆمانی یەشاری کردۆتە ئینگلیزی و جگە لەوەی هەر ئەویش بووە یەشار کەمالی لەنوسەرێکی لۆکاڵییەوە کردە جیهانی!؟ جێگەی باسە کاتێک تیڵدا، پێش مردنی بۆ ماوەی حەوت ساڵێک نەخۆش و دەردەدار دەبێت، یەشار کەمال بەپارەش کەسی دەست ناکەوێت، ڕۆمانەکانی بگاتە ئینگلیزی! ؟ چونکە ئەو هێندە بەتورکییەکی تایبەت و تاڕاددەیەک کۆن و جار جارەش، داهێنراو و جیاواز دەنووسێت، لەگەڵ ئەو هەموو ناوە نەبیستراوە دەگمەنانەی سەبارەت بەناوهێنانی گوڵ و گوڵزار و ڕووەکە کێویلییەکان بەکاریان دەهێنێت، وایکردووە نووسەرێکی وەک عەلی پسکولئۆغڵو، فەرهەنگێکی تایبەتی، تورکی تورکی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی یەشار دابنێت، تا خوێنەری تورک لەکاتی خوێندنەوەیاندا لەتێنەگەیشتنی هەندێک وشەو دەستەواژەو زاراوەدا دۆش دانەمێنن. بابچینەوە بچینەوە سەر باسەکەمان، کاتێک بەڕێوەبەری گالیمار، بەیەشار کەمال دەڵێت:
(دەبێت منەتباری ئەو دوو خانمە بیت؟!) بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، لەگەڵ ئەوەی هەردوو خانمەکە بەرانبەری دانیشتوون، یەشار کەمال لەوەڵامدا دەڵێت: ( من مەمنوونی هیچ کامێکیان نیم و نابێت مەمنوونیان بم؟! چونکە من مەمنونی یونس ئیمرەو قەرەجەئۆغڵان و چیخەف و چاڕڵی چاپڵنم…) دیارە بەمەش وەفاداری خۆی بەرانبەر بەو هەموو ماندووبوونەی ئەو دوو خانمە دەردەبڕێت و چاکەی ماندوبوون و شەونخوونی و شەکەتبوونی ساڵانێکیان دەداتەوە!؟

* کەواتە یەشار کەمال، وەفای بۆ ئەو دوو خانمە وەرگێڕە نەبووە، باشە هەر هیچ نەبێت هاوسەرەکەی بێ هیچ بەرانبەرێک و لەخۆشەویستییەوە بەدرێژایی تەمەنی ڕۆمانەکانی وەرگێڕاوە؟
یوسف عزەدین: جا شتێکی تریش هەیە، خۆ دەکرا هەرهیچ نەبێت. لەپاڵ ناوی یونس ئیمرەو قەرەجە ئۆغڵاندا، ناوی ئەحمەدی خانی-یشی لەڕیزی ئەو ناوانەدا هێنابا.. لەکاتێکدا شایانی ناو بردنەو مەم و زین-یش تێکستێکی ناسراو و وەرگێڕدراوە بۆ زمانە ئۆروپاییەکان.. هەرچەند ئینکاری توانای یونس ئیمرە ناکرێت، وەک شاعیرێکی قووڵ لەدنیای تێڕامان و تەسەووفدا؛ ئێمە وەک خۆمان، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە کاریگەریی و جدییەتی دەقە، ئیتر هەر کەسێکی سەر بەکامە ڕەگەز نووسیبێتی، مەسەلەیەک نییە.. بەڵام ئەمەی یەشار مەسەلەیەکی ترەو کۆمەڵێکی مەحروم لەبەکارهێنانی زمانی خۆی، چاوەڕێی دەمی نووسەرێکە کەقەولە کورد بێت، ئەمە جگە لەخودی ئاماژەدانەکەی بەدوو ناسراوی دنیای ئەدەبیاتی ئۆرێنتاڵی تورکی، لەکاتێکدا کەسێکی خاوەن تێکستێکی نووسراوی وەک مەم و زین، پشتگوێ دەخات.. هەروەها مەلای جزیری-ش یەکێکە لەناوە دیارەکانی دنیای نووسین. لەهەمووشی سەیرتر دواتر لەکەناڵە ناوخۆییەکانی تورکیادا لەپاڵ ئەدەبیاتی ڕەنگاوڕەنگی جوگرافیای دەوڵەتی تورکیادا، لەژێر لێوەوە ناوی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیریش دەهێنێت، بەڵام حەتمەن وتنی ئەو ناوانە لەشوێنێکی کلتووری و هەستیاری وەک گالیماردا شتێکی تر بوو، دەیتوانی لەمیانی کەمترین ئاماژەپێدانییەوە، دنیایەک پرسیار و مەراقی ئامادەبووانی ئەو مەراسیمە بەلای کلتووری کوردیدا ڕابکێشێت!؟

* بەڵام لەمیدیای کوردیدا، بەجۆرێکی تر یەشار کەمال-مان پێ ناسێنراوەو زیاتریش وەک داکۆکیکار لەکلتووری میللەتێک ناسیومانە؟
یوسف عزەدین: لەپرۆگرامی32günی پێشکەشکاری ناوداری تورک؛ مەمەد عەلی بیراند-دا، کاتێک بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی لەئەڵمانیا، لەیەشار کەمال دەپرسێت؛ ئەوەی ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە، یەشار کەمال-ی کوردە یان یەشار کەمال-ی تورک؟ لەوەڵامدا یەشار کەمال پێدەکەنێت و دەڵێت کوردی چی؟ من لەهەموو ژیانمدا یەک ڕستە کوردیم نەنووسیوە؟ من هەموو نووسینەکانم بەتورکییەو چەند مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی نووسەرێکی تورکە، منیش ئەوەندە کوردم.. لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵیت، مەولانا لەلوتکەی ئەدەبیاتی فارسیدایەو نووسەرێکی فارسە.. مەبەستی ئەوەیە مادام بەفارسی نووسیوویەتی کەواتە فارسە، بەو پێیەش ئەم بەتورکی نووسیوویەتی، کەواتە تورکەو ڕاستە لەدرێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کەدەبێت شەڕ لەگەڵ کورد ڕابگیرێت و درێژەی پێ نەدرێت و هۆکارەکەشی دەباتەوە بۆ ئەوەی نایەوێت بەهیچ شێوەیەک تورکیا دابەش بکرێت و هەوڵەکانی ئەو بۆ مانەوەی سانتڕالیزمی دەوڵەتی تورکییە؟ خۆی لەڕاستیدا یەکێک لەنووسەرو ڕۆماننووسەکانی تورک کەناوی سەعید فایەقەو یەشار بەئوستادی خۆی لەڕۆمانووسیندا وەسفی دەکات، هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی یەشار کەمالەوە، لەبارەیەوە وتوویەتی: ( یەشار کەمال؛ تورکترین کوردو کوردترین تورکە!؟)

لەکتێبە چاپکراوەکانی نووسەر:
١- ئەودیوی حیکایەتە نەنووسراوەکان/نۆڤێللا/شڤان-سلێمانی ٢٠٠٦
٢- پێخەفێک لەخوێن/ نێرێتیڤ /ئاراس٢٠٠٨
٣- تەنها ڕۆژێکی سارد/نۆڤێللا/موکریان ٢٠٠٩
٤- ماجەراکانی سەلمانی فارسی/نۆڤێللا/یاد-سلێمانی٢٠٠٩
٥- وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/نۆڤێللا/ شڤان-سلێمانی٢٠٠٩
٦- وەهم و شوناس/ دیالۆگ و وتار/ یاد-سلێمانی ٢٠١٢
٧- ئەنفارار-کۆتایی/ نێرێتیڤ / خانەی کەبەدانی/مەغریب٢٠١٥
٨- هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی/دیالۆگ و وتار و وەرگێڕان/ کارۆ-سلێمانی٢٠٢٠
٩- نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا/ نۆڤێللاو نێرێتیڤ/ کارۆ- سلێمانی٢٠٢٠