ئیبراهیم عەباس: هێرشەکانی سەر نەوشیروان مستەفا.

بە پێچەوانەی ساتی ماڵئاوایی کردنی کاک نەوشیروان مستەفا، تەنانەت بە پێچەوانەی ساڵی یەکەمی دوای وەفاتی، تادێت بازنەی دەنگی ناڕازی بۆ دژایەتی کردنی خۆی و مێژووی گۆڕان و پاشماوەی بزوتنەوەکەی فراوان دەبێت، بێگومان مەبەستم لەدەنگی ناڕازی تەنها ئەو کەسانەیە کە لە بزوتنەوەی گۆڕان و خەباتی کاک نەوشیروان بۆ گۆڕانکاری بێ هیوابوون، نەک ئەو دەنگانەی لەناو یەکیتی و پارتی و شیوعی و کۆمنیستەکان هەر هەبوون و بەردەوامن.
تا ئەو جێگایەی کەسێک بەهۆی زەرەرمەندبوونی لەگۆڕان دەنگی بەرزکردبێتەوە، بەتایبەت کە بازنەیەکی باڵادەستی گۆڕان موستەفیدن، رەخنەکانیان بە ئاسایی دەبینرێت، کەسانێکیش کە خراپی ئەدای سیاسی گۆڕان نائومێدی کردبێتن، ئەویش ئاساییە، بەڵام هەڵوێستی هیچ کامێک لەمانە کە ئەگاتە سوکایەتی کردن، بە کەسایەتی، گۆڕو ئارامگەی، مێژووی کەسی کاک نەوشیروان، ئاسایی نین و ئەشێت نارازیترین کەس لە سیاسەتی گۆڕان، کاک نەوشیروان لە قسە پێ وتنی توندو نابەجێ بپارێزێت و رەخنە لەسەرکردە باڵاو هەڵسوڕاوە دیارەکانیان بگرێت. ئاخر هەر کەسێک لە معادەلەی سیاسی باش تێ بگات ئەزانێت کە نەخۆشییە سەختەکەی کاک نەوشیروان و لە دونیا دەرچوونی، گەورەترین زەڕبەیان لە سیاسەت و حوکمڕانی کوردستاندا و دوای وەفاتی ئەوو مام جەلال ڤاڵیۆو بەها بۆ سیاسەت، حوکمڕانی، دامەزراوە باڵاکان، کار ڕۆژنامەگاری و میدیا، رەوشی مافەکانی مرۆڤ…. و دەیان بواری تر، نەماو رۆژ بۆ رۆژ بێ بەهاتر دەبن.
ئەم وتارەم لە پەرۆشی خەباتی نەوشیروان مستەفایە بۆ گۆڕانکاری نووسیووە، نەک هیچی تر، راستییەکەی بەلای خۆمەوە بەوپەڕی بێلایەنی و بابەتی بوونەوە وشەکانم ریزکردوون، زۆریش پێم حەیفە گەندەخۆری چەند سەرکردەو هەڵسوڕاوێکی گۆڕان، بەکاربهێنرێت بۆ سوکایەتی کردن بە گەورە پیاوێکی خەباتی مەدەنی، گەر خۆی تەمەنی بەشی چەند دەیەیەکی تر بکردایە، هەرگیز دۆخی بزوتنەوەکەی و حوکمڕانی کوردستان بەم خراپیە نەدەگەیشت.
هەرچی لایەنی باشەی بونیاتنانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لە دوای روخانی بەعسەوە کاک نەوشیروان رۆڵی گەورەی تێیادا گێڕاوە، جەمسەرێکی گەورەبووە، بۆ ئەوەی ئازادی سیاسی و رۆژنامەوانی بەیاسا و عورف بپارێزرێن، تەکانێکی گەورەی بە خەباتی ئۆپۆزسیۆندا، بەڵام کاتێک هەلومەرجی جەنگی داعش معادەلاتی گۆڕی، هەر کەسێک لەجێگای ئەو بووایە هەر ئەوەندەی لەدەست دەهات کەکرا.
رەخنەکار و ناڕازیان پێویستە لە جیاتی دادگایکردنی کاک نەوشیروان، روی ئەو پیاو چەند روانەی بازنەی دەوری کاک نەوشیروان هەڵماڵن، کە سەرئەنجام بێ مقابل گۆڕانیان بردە باوەشی پارتی و خۆیان و نزیکەکانیان پۆست و پلەو پارەیان پێ وەرگرت!

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies