خالید مەجید فەرەج: موعتەزیلە.. شۆرە سوارانی ئەقڵ.

دەڵێن موعتەزیلە فیرقەیەک یان دەستەیەکی کەلامی بوون لەسەرەتای سەدەی دووی هیجریدا دەرکەوتن، بۆ دارشتنی عەقیدەکەیان پشتیان بەئەقڵ بەستووە، ئەم فیرقەیە باوەڕیان وایە ئەقڵ و فیترەتی سەلیم خۆیان لەخۆیانەوە دەتوانن جیاوای لە نێوان حەڵاڵ و حەرامدا بکەن.
هەر دەوترێ ناو لێنانیشیان بە موعتەزیلە دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆ:
یەکەم/ ئەو وازهێنانە (دانیشتنە) سیاسیە( اعتزال) بوو کە دەستەیەک لە سەحابە پێی هەڵسان لەو کێشەیەی کە لەنێوان ئیمای عەلی و معاویەدا روویدا، واتا بێلایەنی خۆیان لە کوشتاری موسڵمان موسڵمان راگەیاند.
دووهەم/ تەریک بوو ن(اعتزال) ی واصل ی کوری عطا لە شێخەکەی و ئوستادەکەی حسن البصری لە هەندێک مەسەلەی فیقهیدا کە دواتر نەختێک بەدرێژی دێینە سەری.
بەڵام قازی الهمذانی مێژونووسی ئەلموعتەزیلە. وای بۆ ناچێت کە ئیعتزال مەزهەب یان پەیڕەوێکی تازە یان فیرقەیەکی دروست کراوی نوێ بێت، بەڵکو درێژ پێدراوی ئەو پەیرەوەیە کە پێغمبەر (د.خ) و سەحابەکانی لەسەری رۆیشتون، ئەو ناوەشیان بۆیە پێدراوە، چوونکە لەشەڕ (خراپە) دوور کەوتونەتەوە (اعتزالهم الشر).لەسەر فەرمودەی پێغمبەر(د.خ) کەدەڵێت: ( من اعتزل الشر سقط في الخير) ئەوەی لەشەر (خراپە) دورکەوتەوە دەکەوێتە چاکەوە ( خێرەوە).
رایەکی تر دەڵێت: سەرهەڵدانی ئیعتزال بەرهەمی پێشکەوتنی مێژوویی بنەماگەلێکی فیکری و عەقیدەیی بوو کاتێک بەئەقڵێکی پەتیەوە لە دەقە ئاینیەکانیان دەڕوانی، ئەوەش لەئاکامی کەوتنە بەر کاریگەری فەلسەفەی یۆنانی و هیندی و عقیدەکانی جولەکە و نەسرانیەکان بوو.
پێش دەرکەوتنی موعتەزیلە بزوتنەوەیەکی فیکری لەسەر دەستی واصل ی کوڕی عطا، جەدەلێکی ئاینی فیکری هەبوو بە وتە گەلێکی جەدەلی دەستی پێکرد کە بوون بە بناغەی فکری موعتەزیلە وبریتی بوون لەمانە:
* وتەی (مقولة) مرۆڤ ئازادی رەهای هەیە لە هەڵبژاردنی کردەوەکانی خۆی دا. ئەوە قسەی (معبد الجهمی)ـەکاتێک کەلەگەڵ عبدالرحمن کوڕی الأشعث.. لە عبدالملک کوری مەروان یاخی بون حەجاج ساڵی 80 ی هیجری دەیکوژێت. هەروەها(غیلان الدمشقی)یش لەسەردەمی عمر کورێ عبدالعزيزدا هەمان وتە دوبارە دەکاتەوە و هشام کوڕی عبدالملک دەیکوژێت.
* وتەی خەلقی قورئان و رەتدکردنەوەی سیفات، قسەی (الجهم کوڕی صفوان)ـە سلم بن احوز لە مرو ساڵی 128 ی هیجری دەیکوژێت.
* هەروەها الجعد بن درهم سیفاتی خودای رەت دەکردەوە، بەدەستی خالیدی کوری القسری والی کوفە دەکوژرێت.
مێژوی ئیسلام زۆر رەوتی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە دیاریترینیان بە ( موعتەزیلە) بەناوبانگە کەپەیرەوانیان بەوە ناسرابون عەقڵیان پێش نەقڵ دەخست
بابزانین فکری موعتەزیلە چییە و کاریگەری لەسەر مێژووی سیاسی و کۆمەڵاتی موسڵمانان چی بووە.
بۆچی واصل ی کوری عطا حەسەنی ی مامۆستای بەجێ دەهێڵێت ( واتا تەرکی مەجلیسەکەی دەکات)؟. ئایا جیاوازی لەنێوان هەردوو قوتابخانەی نەقڵ و عەقڵ رەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە؟.
لێرەدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، بێگومان مێژوی ئیسلام هیچ کاتێک بێبەش نەبووە لە جەدەلی فیقهی دەربارەی دەرچوون لە تاعەتی حاکمی زاڵم یان سازش کردن لەگەڵی و تا رادەی تاعەتکردنی کوێرانە. هەروەها ئەوەی کەپەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکەوە هەیە و پەیوەندیەکی بەتینی لەگەڵ ئاییندا لە سێبەری حکومی خەلیفەی موسڵماناندا هەیە. ئەو جیاوازیە (خیلاف)ـە لەم دواییانەشدا لەنێوان پیاوانی ئایینی موسڵمان و بانگخوازان تادەگاتە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە کاتێک کە لە دیاردە ئیسلامیەکان دەکۆڵرایەوە کە تەقدیسی نەقڵیان دەکرد و ئەقڵیان ئاودیو دەکرد دەبینرا،
شاری بەسرە لە سەردەمی ئەمەویەکاندا لە ئۆردوگایەکەوە بۆ سوپاکانی ئیسلام بوو بە ئاوەدانیەکی کلتوری بۆ وڵاتە عەرەبیەکان کە لە فراوانبووندا بوون، مزگەوتەکەی بوو بە یەکەم دانشگا کە قوتابیەکانی (فقه) و توێژەرەوانی عەقیدەکان و زانستەکانی زمان و ئەدەب و شیعرو هەموو دەرگاکانی دیکەی مەعریفەت کە ئەودەمانە بەردەست و بڵاوبوون لێی فێر دەبوون.
واصل ی کوری عطا لەمەدینەوە دێت بۆ بەسرە بۆئەوەی ئاوێتەی ئەو کەشە فیکری و رۆشنبیریەی بێت و بە ئەفکاری هەموو ئەو ئۆمەتانە ئاشنا بێت کە ئیسلام نین و شارەزای باوەڕەکانیان بێت، بەتایبەتیش ثەنەوی( Dualism) کە باوەریان بەدوو خواوەند هەبوو تاریک و رون خێر و شەڕ بەرانبەر بەوە (Monism) ئەهلی تەوحید یەکتایی کە یەک خواوەند دەپەرستن هەروەها لە مەسیحیەکانیشەوە ئاگاداری فیکری یۆحەنای دیمەشقی بوو کە بە موناقشە و کتێب و نوسراوەکانی داکۆکی لە عەقیدە مەسیحیەکەی خۆی دەکرد.
ئەو قەشەیە لە خێزانێکی عەرەبی مەسیحیدا پەروەردە ببوو چەندین پۆستی گرنگی لەبیلاتی ئەمەوەیەکاندا پێدرابوو، ئەو باسی لە پرنسپی ئیختیار ( هەڵبژاردن) دەکرد، ئەو دەیگوت مرۆڤ موخەیەرە لەکردەوەکانیا نەک موسەیەر، واتا خۆی کارەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت نەک بەسەریا سەپێندرابێ یان بۆی دیاریکرابێت کەدەبێ ئەوەبکات یان ئەوە نەکات. نزیک بوونەوە لەوانە و لە رێگەی چڕبوونەوە لەسەر یەکتایی زاتی ئیلاهی، لە پێنج بنەماکەدا( الأصول الخمسة) دەردەکەوێت کە پەیرەوی ئەهلی عەدل و تەوحیدی لەسەر بنیاتنراو بە موعتەزیلە ناوبانگیان دەرکرد.

واصل خۆی لێدابڕاندین ( لقد اعتزلنا واصل)
واصل ی قوتابی زۆر سەراسیمە بوو بە زیرەکی مامۆستاکەی و فراوانی مەعریفەتەکەی و ئاگابوونی لە دۆزە فیقهیەکان کە بەجۆرێک بوو وای لە خەلیفە عومەر کوری خەتاب کردبوو بیکاتە دادوەری بەسرە، بەڵام ئەو خیلافەی کە زۆری نەبرد لە نێوان قوتابی و ئوستادەکەی کە سەری هەڵدا لە مەسەلەیەکدا کە جێگەی جەدەلێکی فراوان بوو لە نێوەندە ئاینیەکاندا و بەمەسەلەی(مرتکب الکبيرة)، واتا کردنی تاوانی هەرە گەورە ناو دەبرا. کە مەبەست لێی ئەوکەسەی بە ئانقەست (عمدا) ئەو گوناهە دەکات و لەژیاندا سزای حەدی بۆ دانراوە و هەرەشەی ئاخیرەتیشی لەسەرە، بۆنموونە شەریک بۆ خودا پەیداکردن، یان کوشتنی بەناهەق یان نوێژ تەرک کردن لە گوناهە هەرە گەورەکانە.
خیلافەکە لەوەوە دەستی پێکرد کاتێک کە لەحەسەنی بەسری دەپرسن ئایا بکەری گوناهی هەرە گەورە ئیماندارە یان کافر؟ ئەو دەڵێ ئیماندارێکی عاسیە(یاخیە). واصل دەڵی ئەوە راست نییە بکەری گوناهی گەورە نە ئیماندارەوە نە عاسی. ئیدی مەجلیسەکەی حەسەنی بەسری جێدەهێڵێت. حەسەن دەڵێت: ( لقداعتزلنا واصل) واتا واصل تەرکی ئێمەی کرد لێرەوە خۆی و شوێنکەوتوەکانی بە موعتەزیلە ناوزەندە دەکرێن. بەڵام خۆیان بەخۆیان دەگوت ( اصحاب العدل و التوحيد) واتا ” لایەنگیرانی عەدالەت و یەکتایی”
واصل ی کوری عطا مەجلیسێکی سەربەخۆی بۆ خۆی لە مزگەوتەکە پێکهێنا لەوێوە پەیرەوە فیکریەکەی خۆی کە لەسەر بنچینەی زاڵکردنی عەقڵ بەسەر نەقڵ دا دامەزرابوو، لە مەسەلە ئاینیەکاندا بە موریدەکانی دەگوتەوە، لە کاتێکدا کە رای حەسەنی بەسری زاڵکردنی نەقڵ بوو بەسەر عەقڵدا.
ئەمە دەستپێکی یەکەمین قوتابخانەی عەقڵانی ئیسلامی بوو کە هێندەی نەبرد رۆڵێکی زۆر کاریگەری لە ژیانی فیکری و عەقیدەیی لە کۆڵگەی ئیسلامدا بینی و لەپشت ئەوەی کە پێی دەڵێن ( میحنەتی خەلقی قورئان)ـە وە بوو واتا بوو بەهۆی کە لەسەردەمی مەئموندا سەری هەڵدا. موعتەزیلە دەڵێن قسەی خودا خەلقی خودای گەورەیە، واتا دانراوە و بەشێک نییە لەزاتی خۆی تا بەکۆنی خۆی کۆن بێت. لە کاتێکدا ئەشعەریەکان و غەیری ئەوانیش دەڵێن کەلامی خودا سیفەتکی زاتی خودایە. موعتەزیلە وای دەبینین کە سیفەتی کاری خودابێت ( صفة فعل للە)، واتا کەلامێکی خەلق کرد یان دایهێنا.
بەواتایەکی تر موعتەزیلە دەڵێن قورئان کەلامی خودایە مەخلوقە نەک کۆن (قەدیم)، چوونکە ئەگەر بوترێ قورئان بە کۆنی خودا کۆنە دەمانباتەوە بۆ شوبهەی دوانەیی و شوێن کەوتنی عەقیدەی مەسیحی کە دەڵێت: ( ووشە) کۆنە لەم جۆرە دوانەییەدا کە دەوترێ قورئان کۆنە واتا شتێک هەبووە لە تەک زاتی ئیلاهیدا ئەوەش لەگەڵ تاک وتەنیای خودای گەرەدا نایەتەوە.
دەڵێن ئەشعەری هەڵوێستێکی نێوەندی لەنێوان ئەو دوو هەڵوێستەدا وەرگرتووە ئەو دەڵێت: قورئان لەهەمانکاتدا مەخلوقە کۆنیشە (قدیم)، کۆنە لەبەر ئەوەی واتاکەی پەیوەستە بەزاتی خوداوە. دروست کراویشە بە واتای ئەوەی کە لەفزو پیتەکانی و دەنگەکانێتی کەخودا لەسەر زمانی جبریل دایبەزاندووە. ئەو بەو شێوەیە توانی چارەسەێکی مامناوەندی روون بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە و هەردوو بۆ چوونەکە لێک نزیک بکاتەوە. دەڵێن یوحەنای دیمەشقی ئەشەعریەکانی وابەستەی کۆن بوونی مەسیح و ئەزەلیەتی کردووە کە کەلامی خودایە ئاراستەی مریەمی کردووە.

ئایا دەرچوون لە تاعەتی حاکم جائیزە؟
مەسەلەی بکەری تاوانی گەورە ( مرتکب الکبیرة) تەنها دەسپێکێک بوو بۆ بڵاو کردنەوەی پەیرەوی عەقڵانی لە مەسەلە ئاینیەکاندا و دواتر ئەوەی کە لێوەی دێتە بەرهەم لە ئاکامە کۆمەڵایەتی و سیاسەکاندا. چونکە بوونی ناکۆکی نێوان لایەنگیرانی پەیرەوی عەقڵی و پارێزگارانی زاڵکردنی نەقل بەسەر ئەقڵدا، رەهەند گەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی وا لەخۆ دەگرێت کە میحوەرەکەی هەڵوێستە لە فەرمانرەوای زاڵم ئایا جائیزە بەرەنگاری ببنەوە یان بێدەنگ بن لێی و مل کەچی بن.
رای واصل و ئەوانەی کە لەدوای ئەوەوە هاتن لەڕابەرانی موعتەزیلە ئەوەبوو کە دەبێ بەرەنگاری حاکمی زاڵم ببنەوە ئەوکاتانەش مەبەست لە حاکم حوکمی ئەمەویی بوو. بەڵام رای حەسەنی ئەلبەسری ئەوە بوو کە دەبێ سەمع و تاعەتمان بۆ حاکم هەبێ با زوڵم وزۆریشی لە رادەبەدەر بووبێت پاساوەکەیشی ئەوە بوو کە ئەوان بەهێزن و ئۆپۆزسیۆن ناتوانێ بەرەنگاریان ببێتەوە خوێنێکی زۆر بەبێ هودە دەرژێ.

پەیرەی ئیعتزال لەسەر پێنج بنەما هەڵدەستێت:
یەکتایی ( التوحيد): ئیسپات کردنی یەکتایی خودا و رەت دانەوەی سیفات لێی و بەدوورگرتنی لە بەتەنکردن و جەوهەر بوونی، بەواتا لە سیفاتی وجودی بۆئەوەی لەگەڵ ئینسان و مەخلوقاتدا لەسیفەتێکدا لەو سیفەتانەی کە دەدرێ بەوان بەشدار نەبێ، ئەوان دەڵێن: ( خودا یەکێکە هیچ شتێک لەوێنەی نییە، نە تەنە نە تارمایی نەجەستەیە نەوێنەیە نەخوێنە نەگۆشتە نەکەسە نەبۆنی هەیە نەتام، نەشوێن دەوری داوە نەزەمان بەسەریدا تێپەر دەبێت نەدەچێتە شوێنێکەوە نەتەنیایە بەهیچ سیفاتێک لەسیفاتی خەلق وەسف ناکرێت. نە بەحەواس دەیگەینێ و نە بە خەڵک پێوانە دەکرێت بەهیچ شێوەیک لەخەلق ناچێت و بەچاویش ناتوانرێ ببینرێت و… هتد.

دادوەری ( العدل):
بەوە لێکدەدەنەوە کە حوکمەکانی خودا دەبێ بەپێی هاتنەوە لەگەڵ ئەقڵ و حیکمەتدا بێت، مرۆڤ سەربەستە لە کردەوەکانیدا. بەوپێەش هەندێک شتیان رەت کردەوە و هەندێکی تریشیان کرد بە واجب، ئەوان رەتیان کردەوە کە خودا کاری عەبدەکانی دەست نیشان کردبێ ( پێشتر بریاری لێدابێت چی بکەن و چی نەکەن) ئەوان وتیان عەبد خۆی خولقێنەری کارەکانی خۆیەتی ئەگەر خێر بێت یان شەڕ. ئەمەیش پێچەوانەی جەبریەکان بوو کە باوەڕیان وایە کارەکان لای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوەو بەشەر مەجبورە بیان کات. جەبر لێرەدا لای لایەنگیرانی رەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی لێدەکەوێتەوە، چونکە جۆرێکە لە بانگەشە بۆ بێ دەنگ بوون لە حاکمی زاڵم بە پاساوی ئەوەی ئەو زوڵمەی کە دەیکات لە ئەزەڵەوە بۆی نوسراوە بیکات ( بەدەست خۆی نییە) و ناشتوانرێ هیچ لەگەڵ ئەوەی خودا رازی لەسەرە بکرێت.

مەنزلێک لەنێوان دوو مەنزڵدا ( المنزلة بین المنزلتيین):
ئەوان وایان دەبینی کە فاسق لە دنیادا بەهیچ جۆرێک نە بەکافر لەقەڵەم دەردرێ و نە بەئیماندار، بەڵکو دۆخی ئەو مەنزڵێکە لەنێوان هەردوو مەنزڵەکدا، ئەگەر تۆبەی کرد دەگەرێتەوە سەر ئیمانی خۆی ئەگەر بە مکوری لەسەر فسقەکەی خۆی مرد ئەوا بۆهەتا هەتایە لەئاگردا دەسوتێ.
بەڵێن و هەرەشە ( الوعد والوعيد): مەبەست لێی بەدیهێنانی هەرەشەیە لە ئاخیرەتدا بەسەر ئەوانی کە گوناهی گەورەیان کردووە (اصحاب الکبائر)، خودا شەفاعەتیان بۆ قبوڵ ناکات و کەسیان لە ئاگر دەرناهێنێت. ئەو ئیماندارەی کە لەدنیا بەتاعەت و تۆبەوە دەردەچێت شایەنی پاداشت و قەرەبووە. ئەگەریش بێ تۆبەکردن لە گوناهی گەورە لەدنیا دەرچوو شایەنی سوتانی هەتا هەتاییە لەجەهەنەمدا. بەڵام سزاکەی لەسزای کافرەکان سوکتر دەبێ، ئەو تەرحە مامەڵەیان ناو نا وعد و وعید ( بەڵێن و هەرەشە یان ترساندن).

فەرمانکردن بەچاکەو دژ بە خراپە وەستانەوە ( الأمر بالمعروف والنهی عن المنکر):
ئەم بنەمایە هەڵوێستی موعتەزیلەی بەرانبەر بە وانەی کە خاوەنی گوناهی گەورەن (الکبائر) روون کردەوە ئەگەر حاکم بن یان مەحکوم. ئەوان ئەمر کردن بە مەعروف و وەستانەوە دژی خراپە یان کرد بەواجب بەرەچاو کردنی توانا، بەزمان یان دەست یان شمشێر هەر چۆنێک دەست بدات بۆ ئەوکەسە، ئەوان وای دەبینن کە دەبێت شەڕی سەرانی زوڵم ئەگەر فاسق بوون بکرێت، دەبێت بەرنگاریان ببنەوە ئەگەر لەتوانا دا هەبوو یان وا مەزەندە کرا کەدەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن و ئەو خراپە یان خراپەکارە لابەرن.
موعتەزیلەکان پشتگیری بەنی عەباسیان دەکرد کاتێک کە دوای بەنی ئومەیە خیلافەت کەوتە دەستیان. لەسەردەمی مەئموندا پایەیان بەرز بوو و کاتێک کە مەسەلەی خەلق کردنی قورئان بەئاکارێکی سیاسیدا چوو، دوان لە شێخەکانی موعتەزیلە بە خەلیفە مەئمون دەڵێن کە باوڕە هێنان بە خەلقی قورئان بکات بە عەقیدەی رەسمی دەوڵەت، هەر کەسێکیش بەرەنگاری ئەوە بۆوە سزاکەی کوشتن یان بەندکردن یان رزق بڕین بێت.
مەئمون ئەم رێگەیەی پەیرەو کرد ئەو دەمەش بە ( میحنەتی خەلق کردنی قورئان ناسرا بوو) هەرەدیاریترین کەس کە توشی لێپێچینەوە هات لەبەر ئەوەی ئەو گوتەیەی رەت دەکردەوە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بوو. ئەم میحنەتە لە سەردەمی هەردو خەلیفە (موعتەسەم و واثق) یشدا هەر بەردەوام بوو تاوەکو موتەوەکیل هات و سنورێکی بۆ هەژمونی موعتەزیلەکان دانا.
ئیدی لەوکاتەوە رەوتە فیکریەکەی موعتەزیلە بەرە و داچوون دەچوو بەجۆرێک کە خەریک بوو لەناو بچێت، هەتا لەسەردەمی نوێدا بەشیوەیەکی کەم دەرکەوتەوە، لە بەناوبانگترین ئەو بیرمەندانەی سەردەمی نوێ کە دەتوانین بڵێین کەوتونەتە بەر کاریگەری فیکری موعتەزیلەی کۆن: رفاعة الطهطاوی، جمال الدین الأفغانی، محمد عبدة، محمد رشید رضا، احمد امین و خەڵکی دیکەش.
ئەمانە بە موعتەزیلە نوێکان یان عەقڵانیە نوێکان ناو دەبرێت نوسەری ئەڵمانی توماس هیلدبرايت دەڵێت: چەمکی موعتەزیلە نوێکان یان ئەقڵانیە نوێکان ئاماژە نییە بۆ رەوتیکی فیکری دیاری کراو یان لایەنێک کە بتوانرێت ئەو ناوەی لێبنرێت، بەڵکو چەند پێوەرێک هەیە بۆئەوەی حوکم بدەیت بەسەر بیرمەندێکدا کە ئینتیمای هەیە بۆ ئەو رەوتە لەوانە:
گرنگی پێدانی نووسەر بەنوسین دەربارەی موعتەزیلە یان پشتگیری کردنی هەندێک لە بیرو بۆ چوونەکانیان یان قسە لەسەرکردنیان بەشێویەکی ئەرێنی. لەوانە احمد امین و فاطمة میرنسی و… هتد.
هەندێک نووسەر باس لە ئازادی مرۆڤ دەکەن و ئەقڵ و هەندێک چەمکی نزیک لە فکری موعتەزیلە پێش دەخەن لەوانە: محمد کامل حسین سید قطب و مەودودی.
نووسەر هەن باوەڕیان بە فکری موعرەزیلە هەیە، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکاری تەکتیکی بەئاشکرا دەری نابڕن، بەڵام ئەوانە کەمن وەکو احمد خان، حسن حنفي.
دەوترێت هەندێک لێکۆڵەر هەتا ئەوانەشی کە لایەنگیری بیرۆکەی ئیعتزالن، زۆر قورسە لایان جیاوازی بکەن لە نێوان ئاراستەی عەلمانی و کەوتنە بەرکاریگەری رۆژئاوا و پەسەند کردنی حوکمی عەقلانی، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نوسەرەکان ئاگاداری پلەبەندی پێشکەوتنی مێژووی فکری موعتەزیلە نین.

سەرچاوەکان
الملل والنحل ….. الشهرستانی.
القاضي عبدالجبار الهمداني … د.عبدالکريم عثمان
المعتزلة بين القديم والحديث ..محمد عمارة وطارق عبدالحليم
الفرق بین الفرق للبغدادی