ئارپاك سه‌رگه‌تی: له‌ ئیسلامی ڕادیكاڵه‌وه‌ بۆ لیبرالیزمی ئیسلامی.

زۆرجار پرسیار ده‌كرێت كه‌‌ له‌ گوزه‌ر و هه‌نگاونان به‌رەو دیمۆكراسیه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئایا ئاین و شرۆڤه‌و ته‌فسیری ئاینی، ڕۆڵی پۆزه‌تیڤ و ئه‌رێنی بینیووه‌ یان وه‌كوو كۆسپ و به‌ربه‌ستێك وایه‌ له‌ به‌رده‌م دیمۆكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا؟. له‌ وڵامدا، ئه‌م گریمانه‌یه‌ ده‌خرێته‌‌ ڕوو كه‌ ئیسلام وه‌كوو ئاینی باڵاده‌ست له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ پێی ڕوانین و بۆچوونی جیاواز و بڕێك جاریش دژ به‌یه‌ك، ڕۆڵێكی دووفاقی و جیاوازی بینیووه‌ له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا. ئه‌م دوو بۆچوون و شرۆڤه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ ئیسلامێكی ڕادیكاڵ یان توندڕه‌و، وه‌ ئیسلامێكی لیبراڵ یان میانڕه‌و. به‌م پێیه‌ ده‌توانین بڵێین،كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ڕوانین و شرۆڤه‌یه‌كی میانڕه‌وانه‌ی له‌ ئیسلام هه‌یه‌ و ئه‌م بۆچوونه‌ حاكمه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌، نه‌ك كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی له‌سه‌ر ڕیگای گه‌یشتن به‌ دیمۆكراسیه‌ت درووست نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو له‌به‌رانبه‌ردا وه‌كوو هۆكارێكی یه‌كپارچه‌یی و ڕه‌وانی پرۆسه‌ی تێپه‌ڕبوونی كۆمه‌ڵگایه‌، به‌ره‌و دیمۆكراسیه‌ت و بگره‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ئاسانتر كردووه‌.
بۆیه‌ ئه‌حزابی ئیسلامی به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتی توركیا، له‌ ژێر ڕۆشنایی ئیسلامگرایی میانڕه‌و، توانیویانه‌ ئاشتیه‌كی تاڕاده‌یه‌ك پته‌و و ئارام مسۆگه‌ر كه‌ن و سه‌رنجی زۆرینه‌یه‌ك له‌ جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵگا به‌لای خۆیاندا ڕابكێشن.
میانڕه‌وترین شرۆڤه‌ له‌ ئیسلام له‌ وڵاتی توركیا بووه‌ و زۆربه‌ی ئه‌حزابی ئیسلامی كه‌ تامه‌زرۆی ده‌سه‌ڵاتن، به‌كردار شوێنه‌كه‌وتووی ئه‌م رێبازه‌ن. بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بینین‌ كه‌ ئه‌حزابی ئیسلامی له‌ هه‌وڵی گۆڕانكاریدان و رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ خوێندنه‌وه‌ و شرۆڤه‌ی ڕادیكاڵی ئیسلامیانه‌ی خۆیان، دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌. هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌ شرۆڤه‌كردنێكی میانڕه‌وانه‌ له‌ ده‌ق و تێكسته‌كانی ئیسلامی، خۆیان مودێرن و سه‌رده‌میانه‌ كه‌ن.
ئه‌م خۆگو‌نجاندنه‌، زیاتر له ‌هێما و ئاڵاو درووشم و نیشانه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. بۆیه‌ پێم وایه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ هه‌ریمی كوردستان، له‌ ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێ، هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و فراوان كردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی داخراوی حیزبێكی ئیسلامی، به‌ دیدێكی واقعیانه‌ بۆ گۆڕانكاریه‌كان له‌ ناوخۆو ناوچه‌دا، له‌ هه‌وڵی گۆڕانكاری قووڵ و بنه‌ڕه‌تیدایه‌، به‌ڵام داهاتوو دیاری ده‌كات كه‌ ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ما و پرنسیپه‌كانیدا ده‌گونجێت و سه‌ركه‌توو ده‌بن له‌م رێبازه‌…

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies