دلێر محەمەد نوری: مەملەکەتی هێڵە سورەکان!

گوزارشتی (هێڵی سور) مێژوویەکی هەیە لە سیاسەتدا. بۆ یەکەم جار ئەم گوزارشتە لە نێوان سەرۆکی ڕوسی خرۆشۆف و سەرۆکی ئەمریکی جۆن کەنەدی لە ساڵی 1963دا بەکارهات. هێڵی سور بەو ئامێری (تلکس)ە دەوترا کە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دامەزرا بۆ پەیوەندی کت و پڕ و بڕیاری خێرا لە مەڕ ئالینگاری و کێشمە کێشە کت و پڕەکان، لە پێناو ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی.
بەڵام ئەو هێڵی‌ سورەی ئەمڕۆ لە هەموو سێکتەر و ئاستەکاندا و لە نێو کۆمەڵگا جیاوازەکان ناوی دەهێنرێ زۆر جیاوازە لەو هێڵە سوورەی نێوان ڕوسیا و ئەمریکای ساڵی 1963. هەڵبەتە ئەم گوزارشتە بە تەواوی مانا بنچینەییەکەی لە دەست داوە و بۆ مانایەکی دیکەی جیاواز بەکاردێت.
ئەو هێڵی سورەی ئەمڕۆ کە دونیای سیاسەت هێنایە ئاراوە. دواتر پەلی کێشا بۆ دونیای ئایین و تەنانەت تاکی نێو کۆمەڵگاکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەکاری دەهێنن. ئەو هێڵە هێڵێکی نوێیە کە مەرج نیە لە زەویدا بوونی هەبێت، زیاتر هێڵێکی گریمانەییە و دەکێشرێ بە دەوری هەندێ بەها و هەندێک پیرۆزی کە بۆ خاوەن هێڵ پیرۆزە و پێی وایە کە نابێت ببەزێنرێت. بەڵام مەرج نیە بۆ کەسانی دیکەی هەمان کۆمەڵگا پیرۆز بن و ڕەنگە لەمپەریش بن کە پێویست بکات قسەیان لە سەر بکرێت یان هەڵبگیرێن.
کێشەی جەوهەری لە دانانی هێڵە سورەکان ئەوەیە کێ دیارییان دەکات و کێ بڕیار لەوە دەدات ئەم شتانە هێڵی سورن یاخود نا؟ ئەگەر هەر کەس و لایەن و ئایین و کۆمەڵە و رێکخراوێک کۆمەڵێک هێڵی سور بە دەوری پیرۆزییەکانی خۆیاندا بکێشن، بێ گومان ئەم هەموو هێڵە سوورە دواجار یەکتر ئەبڕن. کاتێکیش هێڵەکان یەکتریان بڕی ئیتر کۆمەڵگا دابەش ئەبێت بەسەر کۆمەڵەی بچووک بچووک لە نێو بازنەی سوری بچووک بچووکدا. بە جۆرێک بچووکترین جوڵە هێڵێک لە هێڵەکانت پێ ئەبەزێنێ و تووشی کێشە و تەنانەت دەست دانەیەخەی یەکتری و خوێنڕشتنیشی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ نموونە گەر تۆ یاسایەک لە پارلەمانەوە بڕیار لێ بدەی بەوەی سزایەک بۆ هەر کەسێک دانێی کە قسە لە سەر ڕەمزە نەتەوییەکان بکات. بەمە تۆ هێڵێکی سوری گەورەت دانا. بۆیە گرنگە لە وەها هەنگاوێک بپرسیت سیمبولی نەتەوەیی کێیه و چیە لێرەدا و دەبێت شی بکرێتەوە؟ بۆ ئەوەیش کە هێڵی سور بۆ تەواوی کۆمەڵگا دابنێی پێویستە دەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی لە سەر بێت و لە گەڵ پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕا دەربڕین یەک بگرنەوە. ناکرێ تۆ کۆمەڵگایەکی فرە ئایین بیت و خوا و پەیامبەر و سەرکردە و پیاوانی ئاینی سەردەست بە هێڵی سور دەور بگری و لەولاشەوە ڕۆژ نەبێت لە کەناڵی جیاوازەوە قسە و تانە و تەنانەت تۆمەت و گاڵتەجاڕی بە خوا و پەیامبەر و کەسایەتی نێو ئایینەکانی دیکە نەکرێت. کەواتە یان دەبێت پیرۆزییەکانی هەموو ئایینەکان هێڵی سور بن یاخود دبێت قسەکردن لە سەر خواکان و ئایینەکان بچنە خانەی ئازادییەوە.
بۆیە لێرە گرنگە کە ڕێکەوتنێکی نشتیمانی بێتە ئاراوە کە هێڵی سور چیە و کێیە؟ سەرکردەیە؟ سەرۆکە؟ حزبە؟ بۆنە نشتیمانی و حزبییەکانە؟ ئاڵای کوردستانە؟ ئایینەکانە؟ خواکانە؟ پەیامبەرەکانە؟ یاخود ئازادی تاک و مافی تاک و قووتی تاک و تەندروستی تاک و بەرژەوەندی گشتی هێڵی سورن؟
ئاخر ناکرێت لە سەر ڕەخنە لە گەندەڵی ڕۆژنامەنووس بە تیرۆریست بکوژرێ و زیندان بکرێت و مافی ڕەخنەگرتنی لێ زەوت بکرێت، هێڵی سورت نەبێت بۆ ئەمە. لەولاشەوە لە بەر تیشکی هەتاو نەوت بە قاچاخ بەریت و دەرمانی ئێکس پایەر بێنیت و بازاڕ قۆرخ بکەی بۆ حزب و قسەکردن لە سەریان هێڵی سور بێت!!
دواجار ناشکرێ خەڵکی لە سەر گومان خستنە سەر سەرۆک پڕ فیشەک و شەق بکەیت یان بوتڵ بگریتە پارلەمانتار بە تۆمەتی ناوهێنانی سەرۆک و پرسیار کردن لە کردەوەی نایاسایی سەرۆک. تۆ لێرەدا بێیت و بڵێی سەرۆک هێڵی سورە و نابێ ناوی بهێنرێت، لەولاشەوە سەرۆکێک بە ئاشکرا خیانەتی نشتیمانی بکات و یەکێکی دیکەش تاوانباری جەنگ ئازاد بکات و هیچ هێڵێکی سوریان بۆ نەکێشیت!!
ناشکرێ بێین رێگە بە مەلا و بانگخواز بدەین و هێڵێکی سوری بۆ دانەنێین. ئەو بێت پڕ بەزاری بڵندگۆکان و لە سۆشیال میدیا و لە سەتەلایتەکاندا لە ژێر پەردەی ئاییندا قسەی نەشیاو بە ژنی سفور و بە مەیخۆر و بە هونەرمەند بدات. لەولاشەوە یەکێ بڵێ سەلاحەدین جێ شانازیم نیە یان خەلیفە خواروخێچ بوو، قیامەت هەستێ چونکە هێڵی سوری ئایینی دەست ڕۆشتوو بەزێنراوە.
ئەگەر بە تەنها دەسەڵات و ئایین و کلتور هێڵی سور بن ئەوە بەمە تۆ بەشێکی گرنگی ئازادی ڕەخنەکردن و قسە لە سەر مێژووکردن و دەست خستنە سەر‌برینەکان و سیحری گومان کردنت کووشت. ئەوجا هەموو ئەم قسانە لە فەزای ئازادەوە ئەچنە نێو خەباتی ژێر زەمینی یان سۆشیال میدیای بێ دەرگاوان، یاخود دیواری ناو تەوالێت و کوچە و کۆڵان. هەر بۆیە لە دانانی هێڵی سور گرنگە کەسانی شارەزا و بە ئەزموون و ئازادیخواز و یاساناسی نێودەوڵەتی پێناسەی پیرۆزییەکان بکەن و لە یەکدییان جیا بکەنەوە. ئەمە ئەگەر بە نیازی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات بین، دەنا بە ئاسانی هێڵێکی سوری گەورە بە دەوری تەواوی کۆمەڵگا بکێشە و باسی ئازادیش هەر مەکە و بە ئازادی و لە بەرژەوەندی خۆت یاری بە یاسا و ڕێسای دەسەڵات پارێزی هێڵە سورەکان بکە.
ئەگەر بێین ئێمە لە نزیکەوە تەماشای وڵاتێکی ئەسکەندەنافی وەکو نەرویج بکەین، کە بەڕاستی لە سەر بنەمای ئازادی تاک و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و جیاکردنەوەی ئایین لە کایەی بەڕێوەبردن دامەزراوە. دەبینین کە هێڵە سورەکانی ئەم کۆمەڵگایە چڕبۆتەوە لە تاک نەک کۆمەڵ و گروپ!!
لێرە ئازادی تاک هێڵی سورە وناکرێ بیبەزێنیت، نەک حزب و ئایین و دەوڵەت. لێرە یاسا وەکو یەک هێڵی سورە بۆ ژێردەست و سەردەست، بۆ ئایینزا و بێ ئایین. تۆ هەرچیت هەیە بە حزبی بڵێ، بە ئایینی بڵێ، بە پێغەمبەرانی بڵێ، بە دەوڵەتی بڵێ، بەڵام کەس بۆی نیە ئازادی ڕادەربڕین زەوت بکات لە کەس. مرۆڤەکان هەر لە مناڵییەوە ئازادی ڕادەربڕینیان لە هەڵکشاندایە.
پلە بە پلە. ئەوان لە تەمەنی 18 ساڵیدا ئیتر ئازادی ڕەهای خۆیان هەیە. ئەوانی دیکەش وەکو تۆ هەمان مافیان هەیە. بە واتایەکی دیکەش تۆ بۆت هەیە بەرانبەر بە کەسێک بوەستیت و پێی بڵێی ئایینەکەت خوارە! خوداکەت ستەمکارە! حزبەکەت گەندەڵی کردووە! سەرۆکەکەت خیانەتی کردووە! …هتد. ئەمانە هیچیان هێڵی سور نین بەڵام بۆت نیە ئیهانەی خودی خۆی و خێزانی بکەیت، لێرەدا هێڵی سوری ئەو دانراوە.
بۆ نموونە جارێکیان ڕاستڕەوەکان لە شارێکی نەرویج خۆپیشاندانیان کرد دژ بە موسوڵمانان، یەکێ لە ڕاستڕەوەکان لە سەر لافیتەیەک نووسی بووی بە پیتی لاتینی (اللە تیرۆریستە) هەر دوو مەتر بەرانبەریان موسوڵمانەکان و نەرویجییە ئاکتیڤیستە ئازادیخوازەکان وەستابوون کە ئەیانقیژاند ئێرە نەرویجە جێگەی ڕەگەزپەرستی تیا نابێتەوە…دەبینین لێرەدا نە ڕەگەزپەرستەکان بۆیان هەیە ڕاستەوخۆ بە لەچک بەسەرەکان بڵێن ئێۆە تیرۆرستن و نە موسوڵمانەکانیش بۆیان هەیە ڕاستەوخۆ بڵێن ئێوە ڕەگەزپەرستن.
هەر ئەمەشە کە گرفت بۆ موسوڵمانان دروست ئەکات لە کۆمەڵگاکانی ژۆژئاوا کاتێ قسە دێتە سەر ئایین و پەیامبەری ئیسلام. هەم موسوڵمان و هەم ڕۆژئاواییەکەش تووشی شۆک ئەبن لە کاردانەوەی یەکتری. نەرویجییەک هێچ هێڵێکی سوری لە بەردەم دانەنراوە بۆ پیرۆز ڕاگرتنی خودا و پەیامبەر و ئایینەکان، بە هۆی ئەوەش کە مناڵەکانم لە باخچەی مناڵانەوە لێرە خوێندوویانە ئاگاداری فەلسەفەی پەروەردەیانم، لە وانەی ئاییندا هەموو ئایینەکان دەخوێنن بە بێ جیاوازی و دەرگای ڕەخنە و گومانیش بە کراوەیی بۆ قوتابی بەجێ دەهێڵن. هەر ئەمەشە مرۆڤەکان لێرە دەستکراوەن لە بە کۆمێدی یان بە کاریکاتێر نیشاندانی پەیامبەران و وەکو پەیڕەوکردنی ئازادی ڕادەربڕینی خۆیان تەماشای دەکەن نەک ئیهانەی موسوڵمانان. کاتێکیش کاردانەوەی توندی موسوڵمانان ئەبینن شۆک ئەبن لەوان کە ئەوانیش پێشتر شۆک بوون لەوەی دەست بۆ پیرۆزییەک براوە کە لەوە و پێش لە وڵاتی دایک کەس دەستی بۆ نەبردوون چاویان بە بینینی دیمەنی وەها ڕانەهاتووە. ئەو وەکو مناڵێکی ئەوروپی وێنەی مەریەمی عەزرای نەبینیوە چاولە خەڵکی دابگرێ، یان حەزرەتی عیسا بە گاڵتەجاڕی کێشرابێت.
بە شێوەیەکی گشتی جۆری هێڵە سورەکان بەهەشت و دۆزەخ بۆ مرۆڤەکان دادەمەزرێنن. بە جۆرێک گەر هێڵی سور بۆ بە پیرۆز ڕاگرتنی خودا و پەیامبەران و پیاوانی ئایینی و سەرۆک و سەرکردە وحزب و مێژوو و …هتد دابنرێت ئەوا دۆزەخ و نائارامی بۆ مرۆڤەکان دادەمەزرێت و جووڵە و هەنگاوەکانیان کەم ئەکاتەوە و دەنگیان کپ ئەکات و کارێکیان پێ ئەکات کە بۆ هەر هەڵوێستێک و هەنگاوێک هەزار لێکدانەوە بکەن نەبا پێیان بخەنە ئەودیو هێڵە سورەکانەوە و تووشی بەرپرسیارێتی ببن و بکەونە بەر تانەی پیاوانی ئایین و کۆمەڵگا و سەرۆک و سەرکردە و حزب. لەولاشەوە پیاوانی ئایینی و سەرۆک و حزب و دەسەڵاتدارانیش دەبن بە داپڵۆسێنەر و چاودێر بەسەر جووڵە و دەنگ و چپەی زۆرینەی ڕەهای خەڵک. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر هێلە سورەکان لە دەوری تاک و بەرژەوەندی گشتی و یاسا و سروشت و مافەکاندا بکێشرێت ئەوا نەخێر و گومانی مرۆڤەکان هەڵدەکشێن و دەنگییان زوڵاڵتر ئەبیسترێ و جووڵە و هەنگاوەکانیشیان فراوانتر و ئازادتر ئەبێت. لەولاشەوە پیاوانی ئایینی و سەرۆک و حزب و دەسەڵاتدارانیش بە وریاییەوە مامەڵە لە گەڵ کۆمەڵگا وتاکەکان ئەکەن و دستکراوە نابن لە مامەڵەی نادروست و خۆسەپێن و گەندەڵکار دەرهەق بە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی.
بە گشتی دانانی هێڵی سور بە لایەنی پۆزێتیڤ بەهەشتی ئازادی ئەبەخشێتە زۆرینەی خەڵکی و بەرپرسیارێتی یاسایی و ویژدانی ئەخاتە ئەستۆی پلە باڵاکانی کۆمەڵگا، دانانی ئەو هێڵە سورانەش بە دیوە نێگەتیڤانەکەشی زۆرینە ئەخاتە قەفەسی تاوانەوە و کەمینەی باڵاش دەکات بە دیکتاتۆر و خۆسەپێن.
لە سەر تیشکی ئەوەی ڕاگوزەر، گەر تەماشای دۆخی ئەمڕۆی کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان بووە بە مەملەکەتی هێڵە سورەکان. بە جۆرێک گەر تۆ مرۆڤێکی ئازاد بیت لە بیرکردنەوە لە کوردستان، ئایینی نەبیت و حزبی نەبیت و سیاسی نەبیت و سەر بە چینی دەسەڵات نەبیت، دەبێت دەست بە کڵاوەکەی خۆتەوە بگریت توند، نەبا هێڵێک لە هێڵە سورەکان ببەزێنیت و کڵاوت با بیبات و سەری خۆشتی لە سەر دابنێی. چونکە دواجار‌ بە تەنها تۆی مرۆڤی ئاسایی هێڵی سورت نیە و هێڵی سوری ئەوانی دیکە هەمووی بەرانبەر بە تۆ کێشراوە. کە هێڵە سورەکانیش هێندە زۆربن، وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە پێت لە یەکێ لەو هێڵانە هەر ئەگیرێت. ئەمڕۆ مرۆڤی لەو جۆرەی خاوەن هەست و سۆز و بیر و باوەڕی تایبەتی، دوور لە تەوژمی ئایین و حزب، یان دەبێت بێدەنگی هەڵبژێرێت یاخود ڕێگە دادگاکان و زیندان یان گۆڕستان هەڵبژێرێت. چونکە ئێرە کوردستانە، مەملەکەتی هێڵە سورەکانە نەک ئازادی. بڕینی ئەو هێڵە سورانەش لە هەندێ دۆخدا بەخشینی خوێنی سورە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies