كەمال محەمەد: هاوڵاتی لە نێوان دیموكراسیەت و سیستەمی دیسپۆتیزمیدا.

دیموكراسی وەك دەستەواژەیەكی كۆنی یۆنانی سەدەی پێنجەمی پێش زاینییە، دیموكراسی واتە رەخساندنی بواری لێبوردەیی و فرەلایەنی و پێكەوە ژیان بە پێی بنەما دیموكراسییەكان. دیموكراسی واتە پاراستنی ماف و ئازادییەكانی تاك و كۆ لەژێر سایەی دەسەڵاتی یاسادا. لەدیموكراسی و فەرمانڕەوای گەلدا هەمو بارودۆخە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان لەبەرچاو دەگیرێت تاكو چارەنوس و مافەكانی خۆیان تێدا بەرقەرار بچەسپێنن.
دیموكراسی واتە هێنانە كایەی یەكسانی گشتی لە ڕێگەی یاسا بەسزادان و ڕای گشتیش بەلێپێچینەوە بەمەرجێك یاساكان هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە كەسی و گشتییەكاندا دروست بكات لە پێناو ئەوەی ماف و بەرپرسیارێتی وون نەبێت و بەرژەوەندی دەسەڵات لەگەڵ بەرژەوەندی تاكەكەس و گەلدا بگونجێت. لەسیستەمی دیموكراسی كۆمەڵگای سیاسی رێكخراوتر ئەبێت و، مرۆڤ و هێزە مەعنەوییەكانی بەرەو ئاستێكی یەكسان و باڵاتر ئەبات و، كۆمەڵگاش لەچاوچنۆكی ئێرادە تایبەتییەكانی پارێزراوتر ئەكات. ئەمەش وادەكات دەسەڵات لە سیستەمە دیموكراسییەكەدا دوچاریی هەڵە نەبێت و سەرچاوەی خۆی لەگەلەوە وەربگرێت و لەروی پێناسەو ناوەرۆكیشەوە تەنها مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بێت.
لەسیستەمی دیسپۆتیزمیدا كەسەرچاوەكەی بۆ دوهەزار ساڵ پێشتر ئەگەرێتەوە، دەسەڵاتەكان لەدەست چەند كەسانێكدایەو كە بەرژەوەندییەكانیان وای خواستوە كە گەل پابەندی ئەو یاسایانە بكەن كە خۆیان دای ئەڕێژن و، هەر خۆشیان لەسەرو ئەو یاسانەوە بڕیاری لەسەر ئەدەن. واتە لە سیستەمی دیسپۆتیزمیدا هێزی جێبەجێكردن و بریار لەسەر كارپێكردنی یاساكان لەگەڵ ئیرادەی گشتیدا یەكناگرێتەوە.
لەهەرێمی كوردستان سیستەمی دیسپۆتیزمی وای كردوە كە بابەتی یاسا گشتی نەبێت و دور نەبێت لە خواستی حیزب و بنەماڵەكان، ئەمەش وایكردوە چەمكی چاكەو یەكسانی و خۆشگوزەرانی نەهێنێتە نێو كۆمەڵگاو سیستەمێكی دیموكراسی،كە ئەركی بریتی بێت لە مافە سروشتی و یاساییەكان. لەم هەرێمەی ئێمە تاهەنوكە دەرفەت بە تاك و كۆمەڵگا نەدراوە تاوەكو لەپرۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردندا بەر بەم فشارو سیستەمە مەترسیدارەدا بگرێت كە وایكردوە یاساكان تەعبیر نەبێت لە ئیرادەی گشتی. لەم سیستەمە دیسپۆتیزمییەی لێرەدا هەیە دادگاو دادوەرەكان بون بە ئامرازێك بۆ بەرەنگاربونەوەی ئازادی و دادپەروەری هاوڵاتیان نەوەك بەرەنگاربونەوەی ئەو ستەمكاری و قۆرخكارییەی كە حیزب و بنەماڵەكان دروستیان كردوە.
یەكێك لە هۆكارەكانی بەردەوامی سیستەمە دیسپۆتیزمییەكە نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامەو خاوەن مۆڕاڵی سیاسییە كاتێك بەشداریكردنی هاوڵاتیان لەپرۆسەی دەنگدانی گشتیدا ئەكەنە ئامرازێك بۆ بەشداریكردن لەدەسەڵاتی گشتی، بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمە دیسپۆتیزمییەكە ئەمەش لەڕێگەی گۆڕینەوەی ماف و ئازادییەكانی كۆمەڵگا بە دەسەڵات، بۆیە گەشەنەكردنی عەقل و فیكری ئێمە هاوكاتە بۆ بەردەوامی ئەم سیستەمە دیسپۆتیزمییەو و ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆنانەی كە بەردەوام ڕێیان لە گۆڕانكاری و بواری مومارەسەكردنی ئازادییە راستییەكانیان گرتوەو نەیانتوانیوە ببنە دەسەڵاتێك كە سنور بۆ ئەم سیستەم و دەسەڵاتە دابنێن.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies