دلێر محەمەد نوری: ڕەنجەدەرانی تاراوگە و کونەمشکی بەرپرسان.

ئەمڕۆ دونیای فیس بووک و سۆشیال میدیا، زەمینەی خەباتێکی بۆ کوردانی هەندەران ڕەخساندووە، کە دە هێندی خەباتی پێشمەرگایەتی شاخ و ریکخستنی شار‌، بۆ ئازادی و ماف و دیموکراسی تاکی کورد کاریگەرترە. بەڵام داخەکەم جیاوازی ئەم خەباتە لەوەدایە بۆ ستەم لێکراوی کوردە دژ بە ستەمکاری کورد، نەک عەرەب و تورک یان فارس. ڕەنگە هیچ شتێک هێندەی ئەوە ستەمی بێگانەت بیر نەباتەوە، کاتێ ستەمی خودی کوردت زۆر زیاتر لە سەر بێت. بۆ وا ئەزانن لە بۆشەوەیە واریسی ئەنفالکراوێک، بەرکەوتەی کیمیابارانێک، زیندانێکی سیاسی یان باوکی شەهیدێک بڵێ سەدد ڕەحمەت لە کفن دز(سەددام)!؟
هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە نەوە لە دوای نەوە چاوەکانیان بڕی بووە ئەوروپا و هەڵاتن لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و فشە کوردایەتی. هەندێک بە هۆکاری گەندەڵی و پیسخۆری بەرپرسان و کێشەی ئابوری و هەندێکیش بە هۆکاری سیاسی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان و ئیفلیج کردنی دیموکراسی. زۆرێکیش بە هۆکاری ئەمنی و شەڕی خۆکوژی و پاشهاتەکانی. کەواتا زۆرینەی ڕەوەندی کوردی بە وێنایەکی ناشرینەوە بۆ دەسەڵاتی خۆیی ڕووی کردە ئەوروپا. کاتێکیش تێکەڵ بە سیستمی ئەوروپی بوو، جا تێگەیی کە مانای ڕاستەقینەی ئازادی و دیوکراسی و مافی گشتی و مافی تاک و بەها ڕۆژئاواییەکان چیە. لێرەشەوە چاوێکی لەوە بوو هەرچی لەو ئەوروپایەی کە دیویە بیگوازێتەوە بۆ ناوخۆ و هەوڵی گۆڕانکاری لە هزر و فیکری ناوخۆی وڵات بدات.
ڕەوەندی کوردی ئەگەر چی پەناگەیەکی ئارامی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەچنگ کەوتووە، بەڵام هەمیشە دڵی لە لای دۆخی خراپی وڵاتە و پێ بە پێ لە گەڵ ڕێرەوی ڕوداوەکان دەڕوا و لە گەڵ ئازارەکانیشیاندا ئەتلێتەوە. هەر بۆیە لە سەرەتای دروست بوونی جۆرێک لە جالییەی کوردی، لە نێو ئەوروپادا، نوخبەیەک پەیابوون کە هەمیشە خەریکی چالاکی و دامەزراندنی رێکخراو و فیدراسیۆن و دامودەزگای مرۆیی و گەشەپێدانی فیکری و داکۆکی کار لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بوون لە دەرەوە. هەموو ئەمانەش لە پێناو کاریگەری دانان و کارکردن لە سەر ناوەوەی وڵات. لە نموونەی ئەم رێکخراوانەش رێکخراوی چاک و رێکخراوی 17ی شوبات و فیدراسیۆنی پەنابەری و … هتد بوون. کە من بە داخەوە نە هەموویان دەناسم و ئاگاداری چالاکی لە پێشتریشیانم، تا یەکە یەکە ناویان بێنم. ئەم نوخبەیە لە چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری سۆشیال میدیا بە دەیان جۆر خەباتی خۆیان گەشە پێداوە، هەر لە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و پەیوەندی گرتن بە سیاسیە ڕۆژئاواییەکان و تا دەگاتە وشیارکردنەوەی خەڵکی و شەو و ڕۆژ خستنە سەر یەک لە پێناو بەدواداچوونی کەیسە مرۆیی و سیاسی و ئەمنی و ئابورییە سکانداڵەکانی‌ دەسەڵات و سەرکردە سیاسی و حزبییەکاندا بوون. ئێستا ڕەوەندی کوردی خاوەنی گەلێک پێگە و پەیج و ئەکاونتی ئەلکترۆنین، کە کاریگەری‌ و جەماوەرییان گەلێک لەو دەزگا و ڕاگەیاندنە حزبییانەی ناوخۆ زیاترە کە ملیارەها دۆلاری دزراویان لێ سەرف ئەکرێت. گەر بۆ نموونە هەندێک ناو لەو سەربازە ونانە بخەینە ڕوو کە ئێستا بوون بە مایەی سەرێشەی گەورە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە نموونەی ڕەوانشاد مستەفای حەسەن گەورە و بەڕێز‌ قادر‌ نادر‌و بەڕێز مەکی ئامێدی و پۆلێک ئەستێرەی ‌دیکەی ئەم بوارەن. بەو بەڕێزەشەوە کە ناوی ڕەنجدەر گڕاوییە و کە بەم دواییە بە خۆپیشاندانێک چووە بەردەم قافڵەی مەسروور‌ بارزانی و هاوەڵەکانی لە بەلجیکا و چەند کاتژمێرێکیش لە لایەن پۆلیسی بەلجیکیەوە ڕاگیرا. هەر‌ئەمانیش بوون لە کەیسی زیندانیانی بادینان دونیای دەرەوە و پارلەمان و ناوەندە بڕیار‌ بە دەستەکانی ئەوروپایان وروژاند بۆ زۆرهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم تا بڕیارە سکانداڵەکانی دادگا حزبییەکەیان بگۆڕن. تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوون لە فشار هێنان بۆ دەسەڵات، دەنا لە گاڵتە نیە تەنگەنەفەسیی دادگاکانی هەرێم کە رێکخراوێکی وەک 17ی شوباتی مەدەنی بە تیروۆریست و تێکدەر بشوبهێنێت.
شایەنی وتنە ئەم سەرکردە حزبییانەی کورد ئەگەر جاران بیانتوانییایە بە بێ حیمایە و پاسەوان، سلفێکیان لە ئۆتۆمبیلەکەیان بدایە و ڕوویان لە چاخانەی مەچکۆی هەولێر یاخود شەعبی سلێمانی بکردایە و چایەکیان لەگەڵ خەڵکە عەوامەکە بخواردایەتەوە. ئەوا ئێستا بە بێ پشکنین و پاساوان و درع و بڵاوکردنەوەی دەزگای ئەمنی و سڕکردنی ئەو جێگانە لە جووڵە، ئەستەمە کارێکی وەهایان لە خەویشدا بۆ بلوێ. جاران ئەوان بە بێ پاسەوان ئەچوونە پیاسەی سەرچنار‌و باخە گشتییەکانی هەولێر. ئەمەش هی ئەوە بوو جارێ جەولەی تازەی شەڕی خۆکوژییان هەڵنەگیرساندبوو، هی ئەوە بوو جارێ دەستیان بە خوێنی سیاسی و ڕۆژنامەنووس‌ و نەیارانی‌ حزب‌ سور نەبووبوو، فێری‌ گەندەڵی و پیسخۆری‌ نەبووبوون. هەر بۆیە ئازاد بوون لە گەڕان بە نێو خەڵک و قەیسەری شارەکاندا. وەلی ئەمڕۆ نەک هەر خۆیان بگرە نەوەی سێیەم و چوارەمیشیان بوون بە گەندەڵ و پیس خۆر و شەقاوە و ستەمکار. هەربۆیە وردە وردە کار گەیشتووە بەوەی لە ڕوناکی شار بترسن و تاکە شوێنێک تیا بحەوێنەوە ئەو کونە مشکانەن کە لە سەر گرد و تەپۆڵکە و چیاکان دروستیان کردووە و بە کامێرای چاودێری و پاسەوانی تێر و کەتە دەورەدراون. ئەوان ناوماڵ و سەر مێزی خوردن و پەنا ژووری نوستنەکانیشییان پڕ پڕن لە پاسەوان و سکرتێری قەڵەو و تێر.
کورد کە ڕک لە یەکێک هەڵئەگرێ و دوای ئەکەوێت، ئەڵێت (کونە مشکت لێ ئەکەم بە قەیسەری) واتا وەک ئەو مشکەی لە بەر گەندەڵییەکانی لەچێشتخانەی ماڵاندا و لە تاو پیاکێشان خۆی لە کون ئەخزێنێت. ڕۆژێکیش دێت ئەم میللەتە هەموو ئەو کونە بەرپرسانە بکات بە قەیسەری!!
جاران خەڵک دەرهەق بە بەرپرسەکان ئەیانووت:- جا ئەمانە دەربەست نایەن، پارەی خۆیان لە بانکەکانی ئەوروپا قایم کردووە و پەساپۆرت وا لە باخەڵیاندا. هەرکاتێک لێرە لێیان قەوما ڕوو ئەکەنە ئەوروپا وەکو پاشا نەوەی نەوەکانیشیان ئەحەسێنەوە.
منیش ئەڵێم جیهان لەوە بچووکتر بووەتەوە ئەمانەی بۆ بشاردرێتەوە، بە تایبەتیش ئەو چالاکوان و ئازادیخوازانەی ئەوروپا کون بە کون بە دوایانەوەن. ئەوەتانێ بەوەفدی ڕەسمی دێن کەچی ئەم کونەی ئەوروپاشیان لێ کردوون بە قەیسەری. بۆیە باشتروایە چەر لە هەڵهاتن ڕوونەکەنە ڕۆژئاوا، بەڵکو گفتێک لە ئاغاکان وەرگرن تا کونەمشکێکیان لای خۆیان بۆ حازر بکەن. چونکە ڕەنجدەرەکان، چالاکوانانی مەدەنی، سەربازانی ونی خەباتی مەدەنی سوێندیان خواردووە ئەوروپاتان لێ حەرام بکەن.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies