بەختیار نامیق: کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرەو کوێ؟

بزوتنەوەی گۆڕان تەنها حیزبێک نیە لە چوارچێوەی ڕێکخستنێک و چەند ئۆرگانێکدا بێت، بەڵکۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب ئەو سکەی شەمەندەفەرەیە کە شەمەندەفەرەکە پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانیە و لەسەر سکەی گۆران دەڕوا، بە مانایەکی تر دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک ژورێکی نەشتەرگەری یان مەتبەخێکی سیاسیە تا هەرێم لە قۆناغێکی چەقبەستوی غەرق بوی ناو کۆمەڵێک قەیران بباتە قۆناغیکی تر و نەشتەرگەری بۆ قەوارەی هەرێم بکات، ئەمەش پێداویستی قۆناغەکەیە و گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی چاکسازی نیشتمانی دەبێتە تاکە ڕیگای دەوڵەتداری و قۆناغەکانی گواستنەوە، ئەگەر چی ئەم پرۆسەی گشتگیری نیشتمانیە تا ئێستاش دژایەتی زۆری دەکرێ بە شێوەیەک هەرێم دابەشبوە بەسەر دو سەنگەردا، هەمو حیزبەکان سەنگەرێک و گۆڕان سەنگەرێک کە داوا دەکات پرۆسەی چاکسازی و ڕیفۆرمی گشتی بە پێ ی پاکێجەکانی کاری لەسەر بکرێت، لێرەوە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا هێرشێکی بەربڵاوی گەورە کراوەتە سەر گۆڕان بە ماکینەیەکی گەورەی ڕاگەیاندنەوە تا ئەو ئاستەی هەمو گوناهەکان بخەنە ئەستۆی گۆڕان بۆ مانەوەی هەرێم لە دۆخێکی گەندەڵی گشتیدا، گۆڕان تاکە هێزە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی لە ئەستۆدایە بە نەفەسێکی درێژ و بەهێواشی و پلە بەندی کار لەسەر چاکسازی و پاکێجەکانی دەکات لە ناو دەستەڵاتەوە.
گۆڕان وەک یەکەم حیزبی مەدەنی بێ چەک و خاوەن پڕۆژەی نیشتمانی و دەرکەوتنی سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و بێ خوێن و بێ چەک خاوەن دسپلین و هەیکەلێکی ڕێکخراوەیی خۆیەتی کە لە کڵێشە و دابەشبونی دەستەڵاتەکاندا تەواو جیاوازە لە حیزبەکانی تر و دەستەڵاتی سێگۆشەیی و مەکتەب سیاسی لە لوتکەی سێگۆشەکەدا نیە، بەڵکو خاوەنی پێکهاتەیەکە لە ڕێکخستن و دابەشبونی دەستەڵاتەکان کە جیاوازتر لە ئسلوبە تەقلیدییەی کە پێشتر باو بوە، گۆڕان تەشکیلاتی بە شێوەی لاکێشەیی و بە شێوەی پەرلەمانی بڕیارەکان دەدرێن واتا جڤاتی نیشتمانی پەرلەمانەکەیەتی و جڤاتی گشتی ڕاوێژکاری و ژورەکان پلانی زانستی و سەرپەرشتی کردنی دۆسیەکانی تایبەت بە خۆیان، خانەی ڕاپەڕاندن کاری تەنها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانە واتا جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی نیشتمانیش نوێنەرایەتی بازنە و ڕایەڵە و پشتوان دەکەن بە پێ ی دەنگدان.
لە ئێستادا دوای مەرگی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان کار لەسەر خۆ نوێکردنەوە و کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکاتەوە، ئەگەر چی دەبو لە کاتی یاسایی خۆیدا کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرایە، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک هەل ومەرجی تایبەتەوە نەتوانرا لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێت بەدەر لە خانەی ڕاپەڕاندن کە شەرعیەتی ماوە هیچ یەکێک لە ئۆرگانەکان شەرعیەتی دەستوریان نەما بو، لە ئێستادا گۆڕان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپڕێ کە دەکرێ کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بتوانێت ئەم قۆناغە سەختانە تێپەڕێنی و شەرعیەتی دەستوری بدات بە هەمو ئۆرگانەکانی، لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەتوانێت:
1- چێکینی کادرەکانی خۆی بکات و ئەو کات لە ڕێی ژوری سەرچاوە مرۆییەکانەوە دەبێت بە خاوەن داتایەکی هەقیقی و دەتوانێت لە ڕێی پەروەردەکردنەوە کار لەسەر تواناکانی کادرەکانی ناو رێکخستنی بکات.
2- دەبێتە هۆی کار کردن لەسەر چۆنایەتی کادر و دەتوانێت ببێتە بناغەیەک بۆ کاری ڕێکخستن و پتەوکردنی توانا فکریەکانی.
3- پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردن بە پێوەری دەنگدەرەکانی گۆڕان دەڕوا و ئەوەی ئامادەی هەیە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیدا بمێنێتەوە و کار بکات دەتوانیت بە پێ ی تۆماری ناوەکان نوێنەری خۆی بۆ پۆستەکانی ئۆرگانەکان هەڵبژێرێ یان خۆی هەڵبژێرێ.
4- هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ دەبێتە ئەو فلتەرەی کە کادر و ئەندامی چالاک و ناچالاک لە یەکتر جیا بکاتەوە.
5- کۆنفرانسی نیشتمانی دەبێتە پێداچونەوە بە هەیکەلی ڕێکخستن و دەستەڵاتەکانی ئەنجومەنەکان و دیاری کردنی ئاراستەی گشتی سیاستی بزوتنەوەی گۆران.
6- هاتنە پێشەوەی خوێنی تازە و هێزی نوێ.
کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان وەک، وەڵام دانەوەیەک بۆ ئەوەی دەگوترا گۆڕان ناتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجام بدات، لە ئێستەوە ئەم پرۆسەیە دەبێتە هێزێک بۆ گۆڕان تا کار لەسەر پڕۆژە نیشتمانیەکانی بکات.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies